سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەموو شوناسێک و ھەموو نەوەیەکی شیعری، بەرمەبنای قۆناغێکی دیاریکراوی ژیاری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و شیعرییە، نەک مێژوو بیۆگرافیای کەسی نەوەکە. بەو مانایەی ئەو شوناسە ئەدەبییە لە پەراوێزی ئەزموونە شیعرییەکەوە دەناسرێتەوە و مانایەکی شیعری دەگەیەنێت. بێگومان ھیچ ئەزموونێکی شیعریش نییە، بەرمەبنای چرکەساتێکی دیاریکراو بێت. ئەزموون لە ھەر بوارێکەوە بێت، دەرەنجامی کەَلەکەبوونێکی زۆر و کارکردنێکی بەردەوامە لە پانتایی دەقدا. ئەزموونی شیعری، دەرەنجامی کارکردنێکی بەردەوامە لە نێو فەزای شیعردا، تاکو دواجار شاعیرێک ماکەکانی ئەو ئەزموونە بونیاد دەنێت. ئەگەر سەرنج لە ئەزموونی شیعری شاعیران بدەین، دەبینین ھیچ کام لەم شاعیرانە، شوناسە شیعریەکانییان بەرھەمی زەمەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەزموون و قۆناغێکی درێژکراوەی شیعرییە. ئەزموونی شێرکۆ بێکەس لە تریفەی ھەڵبەستدا، وەک خاچ و مار نییە. ئەزموونی گۆران لە سەرەتاکانی شیعریدا، وەک ئەو قۆناغە نییە کە چەند ساڵێک بەر لە مردنی شیعری تێدا نووسیوە. بۆیە ھیچ نەوەیەک ناتوانێت لە چرکەساتێکی دیاریکراودا، ئەزموونێک بخوڵقێنێت ئەگەر ئەو پەڕی توانا و داھێنانی خۆشی بخاتە گەڕ. چونکە ئەزموون، چەمکێکە خۆی لە خۆیدا پێناسە و شوناسی دیارە، کە بە مانای تاقیکردنەوە و کارکردنی بەردەوام دێت.
ئەزموونی شیعری، بەشێکە لە کۆی ئەو ڕەگەزە ھونەرییانەی بونیادی دەقی شیعری شاعیرێک لەسەر ئاستی زمان و دنیابینی و گوتارو فۆڕمەوە پێکدێنێت. ھیچ ئەزموونێکی شیعری جیاواز ناکەوێتەوە، ئەگەر بە کۆی بنەما ھونەرییەکانەوە لە ئاستی ئەزموونێکی دیکەدا جیاواز نەکەوێتەوە. بە تەنھا زمان و دنیابینی، ناوەڕۆک و گوتاری شیعری، ئاماژەیەک نین بۆ جیاواز کەوتنەوە، بەڵکو فۆڕم و ستایلی نووسینی شیعریش، بەشێکی سەرەکی جیاکردنەوەی دەقن، کە لە پەراوێزییەوە دەبنە خاسیەتێکی جیاکەرەوەی ھونەری بۆ ناسینەوەی شیعری شاعیرێک. بۆیە جیاواز کەوتنەوە و ئەزموونی جیاوازی شیعری، بەرەنجامی یەک ڕەگەزی شیعری نییە، بەڵکو کۆی ڕەگەزەکان بە سەر یەکەوە، دەلالەت لەو ئەزموونە دەکەن. بە گشتی لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، ھاونزیکییەکی زۆر لە سەر ئاستی فۆڕم و دنیابینی شاعیران بەدی دەکرێت، تا ئەو ئاستەی ئەزموون و شوناسە شیعرییەکەیان، بە ئەندازەیەک ھارمۆنی دەبێت، ناسینەوەیان ئەستەم دەبێت. تەنانەت زۆر جار وا ھەست دەکەین شیعری شاعیرێکە بە تەنھا. بۆ نموونە: لە ئەزموونی سالم ونالیدا، ھەندێک دەق و غەزەلی شیعری ھەن، بە جۆرێک لە یەکتری دەچن، کە خوێنەر وا ھەست دەکات، ھەموویان شیعری شاعیرێکن، ئەمە لە شیعری کلاسیک و لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی کلاسیکدا باوە. دنیابینی شاعیرانی نیوەی دووەمی ھەفتاکان، واتا قۆناغی دوای ھەڕەسی شۆڕش، بە جۆرێک ھاوشێوەیە، کە ھەندێک جار بچووکترین ڕایەڵەی جیاواز کەوتنەوەی شیعری لە نێوانیاندا نەمێنێت. بۆیە ناتوانین لەو قۆناغەدا، بە دیاریکراوی شوناسێکی تایبەتی و ئەزموونێکی شیعری تایبەت ببینین و بیناسینەوە. ڕەنگە شاعیرانێک ( بۆ نموونە وەک لەتیف ھەڵمەت) بانگەشەی ئەوە بکەن، کە ئەوان ئەزموونی جیاوازی نیوەی دووەمی ھەفتاکانی شیعرین، بەڵام کاتێ لە سەر دەقەکانی ئەو شاعیرە لەو قۆناغە ودواتریش دەوەستین، ھەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەین لەگەڵ گوتاری شیعری سەردەمەکەی خۆی بە گشتی. چونکە ھەموو ئەزموونێکی نوێی شیعری، بێگومان لە بەر کەوتن دا ئەبێت لەگەڵ ئەزموونی باودا. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەزموونێکی شیعری نوێ نییە بە ناوی نوێ، ئەگەر زمان و فۆڕم و دنیابینی نوێی شیعری بوونی نەبێت. چونکە ئەوەی دواجار ئەزموونە نوێیەکە بونیاد دەنێت ئەو ڕەگەزانەن. شیعر ناتوانێت جیاواز بکەوێتەوە، ئەگەر ڕەگەزە ھونەرییەکانی جیاواز نەبن. بۆچی بە (گۆران) دەگوترێت داھێنەر و نوێکەرەوەی شیعری کوردی؟ چونکە زمان و فۆڕمێکی جیاوازی لە ئەزموونی شیعری کلاسیک ھێنا ئاراوە. بۆیە ھیچ ئەزموونێکی جیاواز بوونی نییە، ئەگەر شاعیری جیاواز و دنیابینی جیاواز بوونی نەبێت. بێگومان دەشێ شاعیرێک لە کۆی ئەزموونی شیعری خۆیدا، بە ستایلی جیاواز شیعر بنووسێت، بەڵام ئەوەی دواجار ناگۆڕدرێت، کۆی ئەزموونە شیعریەکەیە. چونکە ستایلی شیعری، بەشێکە لە کۆی ئەزموونە شیعرییەکە، ئەوەی شوناسی ناسینەوەی ئەو ئەزموونەش پێک دەھێنێت، لە ڕاستیدا کۆی ئەزموونەکەیە بە سەر یەکەوە، وەک یەکەیەکی گرێدراوی بابەتی و شیعری. لێرەوەش ئەزموونی شاعیرێک جیا دەکرێتەوە لە ئەزموونی شاعیرێکی دیکە.
بە بڕوای من لە شیعری کوردیدا، ستایل و ئەزموون بە ئەندازەیەک ھارمۆنی بوون، کە جیاکردنەوەیان ئەستەمە. بۆیە کاتێ شاعیرێک بە ستایلێکی جیاواز دەنووسێت، ئەزموونە شیعرییەکەشی دەگۆڕدرێت. ئەم گۆڕانە لە گوتار و دنیابینی، گەلێک جار ھەستێک لای خوێنەری دروست دەکات، کە وا بزانێت لە بەردەم ئەزموونێکی دیکەی شاعیر دایە. لێرەوە دەکرێ نموونەیەکی بەرجەستە بێنینەوە. بە درێژایی ئەزموونی شێرکۆ بێکەس، لە ڕووبەری شیعری ئەو شاعیرەدا، ڕوحێکی نەتەوەییانە و بەرگریکارانە و شۆڕشگێڕییانە بوونی ھەبووە، کە بەرگری لە شوناسی نەتەوە دەکات و مێژووی نەتەوە لە شیعردا ھەڵدەگرێت. گوتاری شیعری ئەم شاعیرە، گوتاری تراژیدیا و گوازرشتە لە ڕوحێکی زامداری نەتەوەیی، کە بەردەوام لەلایەن دوژمنەکانییەوە ھەوڵی لە نێوبردن و سڕینەوەی دراوە. بۆیە گەلێک جار بەم شاعیرە دەگوترێت، شاعیری نەتەوە و نیشتمان. ئەم گوتارە لە شیعری ئەم شاعیرەدا، ئامادەیەکی قووڵ و ھەمیشەیی ھەیە. بەڵام کاتێ ھەردوو دەقی (کورسی و ئێستا کچێک نیشتمانە) دەخوێنینەوە، ھەست دەکەین دنیابینی و ئەزموونی ئەم شاعیرە، تەواو جیاوازە لە ئەزموونی پێشووی. تەنانەت لە ئێستا کچێک نیشتمانە، ڕوانگەی ئەم شاعیرە لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا بۆ نیشتمان، گۆڕانی بنەڕەتی بە سەردادێت. ھەرخودی ناونیشانی کۆمەڵە شیعرەکە، گوزارشتێکی بنچینەییە بۆ ئەو گۆڕانە. دەکرێ بڵێین لێرەدا لە بەردەم ئەزموونی شاعیرێک داین، کە لەگەڵ ستایلی شیعری، ئەزموونەکەش لە ئاستی دنیابینی و گوتاردا، تا ڕادەی جیاواز کەوتنەوەیەکی زۆر دەگۆڕێت. واتا لەگەڵ ستایلە شیعرییە نوێیەکە، ئەزموونە شیعریەکەش دەگۆڕێت، وەک ئەوەی لە بەردەم دوو ئەزموون و دوو دنیابینی جیاوازی شیعری دابین. بەڵام ئەمە لە ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەردا، وەک ئەزموونێکی تایبەتی و جیاواز لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی تر بە گشتی جیاوازە. لە شیعری ئەم شاعیرەدا، ستایل دەگۆڕێت، بەڵام ئەزموونە شیعرییەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە خوێنەر بەریدەکەوێت (بە تایبەتی ئەوانەی کۆنتاکییان لەگەڵ شیعری ئەو شاعیرە ھەیە) دەزانێت ئەمە ئەزموونی ڕەنجدەرە وەک شاعیرێک. ھەرسێ دەقی (گۆڕپان بێ ناونیشانی جەنگەکان) و( خاڵبەندی) و(دەستنووسێکی تازە دۆزراوی بابەتاھیری ھەمەدانی) ، سێ دەقی تازەی ئەو شاعیرەن، کە ستایلێکی جیاوازە لە ئەزموونی شیعری ئەودا. بە تایبەتیش دەقی خاڵبەندی، کە ئەوەندەی ئاگاییم لە بارەی مێژووی شیعری کوردییەوە ھەبێت، یەکەم شیعرە لە بارەی خاڵبەندییەوە دەنووسرێت. کە تیایدا شاعیر، خاڵبەندی وەک ڕێسایەکی زمانەوانی و ڕێزمانی، دەکاتە تیمەیەکی شیعریی. بەڵام پێویستە لێرەدا ئەوە بگوترێت، خاڵبەندی لە پاڵ مانای زمانەوانی خۆی، ڕەھەندێکی دیکەی واتاییشی ھەیە، کە بەشێکە لە مانای شیعری. بەو دەربڕینەی کاتێ شاعیر باسی (یەک خاڵ و دووخاڵ و سێ خاڵ) دەکات، ئەمانە ھەر تەنھا ئاماژەیەک نین بۆ ناسینەوەی ڕێسای ڕێزمانی، بەڵکو دەلالەتی دیکەشیان ھەیە. یەک خاڵ ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە وشە ھەیە لە زمانی کوردیدا، یەک خاڵی ھەیە. وەک:_( خاڵ/ خاک) (خەو/ خەم) (خۆر/خوێ) وشە ھەیە دووخاڵی ھەیە وەک:_( شیرین/تاڵ) (گریان/ پێکەنین) وشەش ھەیە سێ خاڵی ھەیە وەک:_( دژوار، ڤاڵا، تۆپ، شەو) بێگومان نموونەی دیکەی لەو شێوەیەش زۆرن. ئەگەر سەرنج لەم وشانە بدەین، دەبینین لە پاڵ ئەوەی خاڵ نیشانەیەکە بۆ ناسینەوە و لێک جیاکردنەوەی وشەکان لە ڕووی ڕێزمانییەوە، ھاوکات ئاماژەیەکیشە بۆ گۆڕینی واتای بنەڕەتی وشە، بە ئاراستەی مانای جیاواز. بەو دەربڕینەی یەک خاڵ دەتوانێت، کۆی واتای وشەیەک بگۆڕێت و بە گۆڕینی واتاش مانا دەگۆڕێت. لە شیعری دەستنووسێکی تازە دۆزارەوەی بابەتاھیردا، کە لە شێوەی چوارینە نووسراوە، تۆپۆگرافیای دەق لە شێوەیەکی ستوونییەوە دەبێتە ئاسۆیی. واتا ئەم شیعرە پێچەوانەی شیعرەکانی دیکەی ڕەنجدەر، ڕووبەری دەق ئاسۆیی و بە ئاراستەی ھاو سەروا و ھاوسەنگی وشەیە. ئەم شیعرە، ئەگەرچی ھاوشێوەی دەقێکی چوارینەیە، بەڵام کاتێ بە وردی سەرنج لە دەقەکە دەدەین، دەبینین گوتاری شیعرەکە بە ئاراستەی شیعری ئازادە، نەک فۆڕمی جێگیری چوارینە وەک ئەوەی لە شیعری کلاسیکدا دەبینرێت. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، لە ئاستی زمان، وشە و دەربڕین، ھەمان زمان و گوتاری ئەو ئەزموونەیە کە شیعری ڕەنجدەری پێ دەناسرێتەوە. ئەم سێ ستایلە جیاوازە لە شیعردا، لە فۆڕمێکی جێگیردا یەکدەگرنەوە. بە بڕوای من، لەھەشتاکانەوە تاکو ئێستا، ئەزموونی ھیچ شاعیرێک وەک ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر، لە ڕێگەی فۆڕم و زمانی شیعرییەوە ناناسرێتەوە. بگرە کاتێ کەسانێک ھەوڵی نووسین بەو فۆڕم و گوتارە دەدەن وەک (ژیار ئەسوەد و سروشت نەوزاد) ، ئیدی خوێنەر بە ئاسانی کاریگەریەتی ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر، بە سەر ئەزموونی شیعری ئەوانیتر دەناسێتەوە. بەڵام لێرەدا، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین، ھیچ دەقێک نابێتە دەقێکی جیاواز و تازە، ئەگەر سنوورەکانی کاریگەریەتی و ھەناسەی شیعری شاعیرێک تێ نەپەڕێنێت. لاساییکردنەوەی ئەزموونی شیعری، ھەر تەنھا ئەوە نییە کت و مت وشە و دەربڕین و پەڕەگرافی شیعری کۆپی بکەیتەوە. بەڵکو نووسین بەو فۆڕم وستایلەش، بە ھەمان دنیابینی، جۆرێکە لەلاساییکردنەوە و کاریگەریەتی. بە تایبەتی کاتێ شاعیرێک شوناسێکی جیاواز و تایبەتی بە ئەزموونی شیعری خۆی دەدات، ئیدی ناسینەوەی ئەو شوناسە لە نێو شوناسی باوی شیعردا، پرۆسەیەکی ئاسانە.
لێرەوەش بۆ من وەک خوێنەرێک، زۆر بە ئاسانی شوناسی شیعری سەباح ڕەنجدەر و ھەموو ئەو دەنگە نوێیانەش دەناسمەوە، کە لاسایی ئەو شاعیرە دەکەنەوە، یاخود ھەوڵدەدەن وەک ئەو بنووسن. چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد، زمان و دنیابینی و فۆڕمی شیعری سەباح ڕەنجدەر، تایبەت و جیاوازە. ناسینەوەی ستایلی شیعری، دەکرێ بچیوێنین بە ناسینەوەی گۆرانی لە ڕێگەی دەنگەوە. بۆ نموونە: دەنگی (سەید عەلی ئەسغەڕی) لە مێژووی ھونەری کوردیدا تایبەتە. لە ھەر شوێنێک گوێبیستی ئەو دەنگە بین، دەزانین ئەءە دەنگی ئەسغەڕییە. تەنانەت ئێستا یەکێک لە نەوەکانی دەنگێکی ھەیە، نزیک لە دەنگی ئەو. کاتێ حەسەن حەیران، حەیران دەڵێت، ناسینەوەی دەنگی ئەم حەیران بێژە، لە نێو سەدان حەیران بێژی دیکەدا، ئاسانە. ئەم پەیوەندی بە ستایلی تایبەتی خودی ھونەرمەندەکەوە ھەیە. کاتێ شاعیرێکیش شوناسێکی تایبەتی شیعری وەردەگرێت، ئیدی ستایلەکانی نووسین گەر جیاوازیش بن، دواجار لەو کۆنسێپتەدا یەک دەگرنەوە، کە شوناس و ئەزموونەکەیە. بۆیە ئەم سێ دەقەی سەباح ڕەنجدەر، ئەگەرچی بە سێ ستایلی جیاوازی شیعرییەوە نووسراون، بەڵام دواجار، یەک گوتار، یەک شوناس و دنیابینییان ھەیە، ئەویش شوناسی شیعری ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر خۆیەتی.
• ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە(١٢٤٠) ی ڕۆژی ٦/ ٤/ ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.