بەشی دووەم:
کۆڵەکەی ئابوری کوردستان لەدێر زەمانەوە لەسەر دوو کۆڵەکە وەستا بوو ئەوانیش:
١.ئاژەڵداری
٢.کشتوکاڵ
لە ئێستایا ئەم دوو کۆڵەکەیە نەک بەڕاگیری نەماونەتەوە بەڵکو بەهۆی هاوردەی بەروبومی کشتوکاڵی و مەڕ وماڵاتی دەرەکییەوە بنکۆڵیش بوون، بەجۆرێک کە نرخی ئەو بەروبوومانەی هاوردە ئەکرێت هێندە نزمن کە بەرهەمی ناوخۆ بەرگەی ڕکابەرایەتیان ناگرێت، کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ جۆری کواڵێتی خراپی ئەو بەرهەمە هاوردەکراوانە کە ئەبێت وەبەرهێنی ناوخۆو هاوڵاتی و حکومەتیش باجەکەی بەن، بەواتایەکیتر هەموو لایەک لێی زەرەمەندن، تاکە سودمەند کەسی بازەگانە، بەڵام بازرگانییەک کە لە هیچ شوێنێکا کە یاسا و موئەسەسات هەبێ رێیپێنایرێ لەبەر ئەم هۆکارانە:
١.وەبەرهێنی ناوخۆ زەرەمەند ئەبێ، چونکوم ئەو بەرهەمەی پاش ماندووبوونێکی زۆر و کاتێکی زۆر ئەیهێنێتە بەرهەم ناتوانێ بیفرۆشێتەوە و لێی سودمەندبێ تاوەکو ببێتە هاندەرێک کە لە داهاتووا بەرهەمەکەی زیاد بکات و لەو ڕێگەیەوە هەلی کارێش بۆ خەڵکانیتریش دروست بکات، پێچەوانەکەشی ڕاستە.
٢.هاوڵاتی زەرەمەندئەبێت، ئەو بەرهەم و بەرووبوومانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان ئەکرێن خراپترین جۆرو بگرە بەشێکی زۆریشیان یان کاتی بەکارهێنانیان تێپەڕیووە یان تەنانەت لە وڵاتی خۆشیان ڕێگە بەبەکارهێنانیان نایرێت، خراپی ئەو کاڵایانە کێشەی تەندروستی دروست ئەکات و ئەبێتە هەڕەشە بۆ تەندروستی کەسی بەکاربەر.
٣.حکومەت زەرەرمەند ئەبێت:
آ. کاتێک هاوڵاتی کێشەی تەندروستی بۆ دروست ئەبێت ڕوو لە نەخۆشخانە و کەرتی تەندروستی ئەکات ئەمەش ئەبێتە مەسرەفێکی زۆر بۆ دەڵەت.
ب. بەهۆی هاوردەی دەرەکیەوە بێکاری دروست ئەبێت کە ئەمشیان هەر ئەبێتە بارگرانی بۆ دەوڵەت.
ج. بەهۆی هاوردەی دەرەکیەوە گوندنشینەکان بێکارئەبن و ڕوو لە شار ئەکەن، ئەمەش نەک تەنها ئەبێت هەلی کاری بۆدەستەبەر بکرێت بەڵکو ئەبێتە هۆی پکانەوەی کەلەپوری نەتەوایەتیمان کە بەشێکی زۆری لە لادێکان ئەپارێزرێن.
د. بەهۆی هاوردەی دەرەکیەوە وەبەرهێنانی ناوخۆی جۆراوجۆر ڕوو لە دابەزین و سفر بوون ئەبێت و سەرەنجام داهاتی ناوخۆ کەم ئەبێت و بڕە پارەیەکی کەمتر ئەچێتە گیرفانی حکومەتەوە.
ئەنفال و ئابوری نیشتمانی:
تا ئێستاش واباوە کە تاکە مەبەستی پشتی پرۆسەی ئەنفال پاکتاوی ڕەگەزی و بە عەرەب کردنی ناوچە کوردستانییەکان بوو، بەڵام لە ڕاستییا شتێکی زۆر لەوە گەورەتر و نهێنی لەپشتەوە بوو، ئەویش “هەرەس پێهێنانی ئابوری نیشتمانی ناوچە کوردستانییەکان” بوو کە ڕژێمی بەعس ساڵی ١٩٨٨ دوا قۆناغی ئەو پرۆسەیەی لەڕیی ڕاگوازتن و کاولکردنی ئەو ناوچانەوە جێبەجێکرد بەجۆرێک کە “تاکی کوردی لە وەبەرهێنەوە گۆڕی بۆ بەرخۆر” بیرمەندی کورد نەوشیروان مستەفا وائەڵێ.
دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ٣٠ ساڵی تەمەنیا کارێکی وای نەکردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە کە لادێکان ئاوەیان بکرێنەوە، یان لە هەوڵێکا تاکی کوردی گوندنشین دووبارە لە بەرخۆرەوە بکاتەوە بە بەرهەمهێن و لەو ڕێگەیەوە “ئابوری نیشتمانی” بپوژێنێتەوانێ و پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی سەرلەنوێ بخاتەوە سەر ڕێچکەی باوی خۆی.
هەرێم و ناوەند و پرسی بودجە:
وەک لە پێشتر ڕوونکراوەتەوە لە سەرەتای دروسی بوونی ئەو وڵاتەوە کە ناوی ئێراقە گرژی ئاڵۆزی بەردەوام هەبووە و هەر ئەشمێنێ، نمونەی ١٨ ساڵ دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ڕۆژ بەڕۆژ گڕی ناکۆپکییەکان زیاتر پەرەئەسێنێ.
ئاشکرایە لە ناکۆکی و ململانێی ئاین، و مەزهەب و نەتەوایەتیتا هەمیشە وڵات بەرەو وێران بوون ئەچێت بەپێچەوانەی ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فەلسەفی کە وائەکات بیرمەند و توانستی گونجاو بێنە پێشی و بیر لە ئاوەدانی بکەنەوە هەڵبەتە ئەگەر سیستمی وڵات دیموکراسی بێت.
بەداخەوە ئەو ململانێیەی کە لە ئێراقا بوونی هەبووە و تا ئێستاش بەردەوامە لە هەرە جۆرە خراپ و نەگونجاوەکەیەتی ،کە خۆی لە “ئاین، مەزهەب، نەتەوە، خاک، خاوەندارێتی، مێژوو، جوگرافیا، ئتنیک و دیمۆگرافیا” ئەبینێتەوانێ.
هەموو ئەو چەمکانەی ململانێی لەسەرە بەردەوام تێکەڵ بە سیاسەت و دەوڵەت و کارگێڕی کراوەو و لەم دواییەشا ئابوریشی گرتۆتەوە.
کورد نەیشاردۆتەوانێ ئەگەر هەر دەرفەتێکی بۆ ڕێکەوێ هەوڵی سەربەخۆی ئەیا و ئەو هەڵە مێژوویە ڕاستئەکاتەوە کە بەزۆر و بێ پرسی خۆی خاکەکەی خراوەتە سەر ئێراق.
بۆ جێکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم دانیشتوانی هەرێم بەگشتی وە بەتایبەتی مووچەخۆران تووشی دڵەڕاوکێەکی ناپێویست و پەستانێکی ناجۆری ئابوری ئەبنەوە، بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغا ناگەنە ڕێکەوتن.
ئەگەر پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی ئەمساڵیشا جێی بکرێتەوە ئەوا لەبەر ڕۆشنای ئەو ململانێ سیاسیەی لە نێوان “کورد-عەرەب، سونە-شیعە، سونە-کورد، سوننە-سوننە، شیعە-شیعە و کورد-کورد” بەردەوام بەشە بودجەی هەرێم لەژێر نەشتەر و چەقۆیا ئەبێت، بۆیە تاکە چارەی کورد وازهێنانە لە گەندەڵی و هەڵوەشانەوەی ئەو کۆمپانیا حیزبیانەیە کە کە بوونەتە مخۆرکەی نێو باخەڵی هەر تاکێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و خێروبەرەکەت بۆ چەند کەسێک کە لە پەنجەکانی جەستەی تاکە مرۆڤێک تێپەڕناکەن.
ئەبێ کورد بژێوی خۆی دابین بکات:
هەوڵی مێژووی کورد هەمیشە بۆ سەربەخۆی بووە لە ڕووکەشا ئەگەرچی لەناوەرۆکا کەم تا زۆر بەپێچەوانەی ئەوەوە کاریان کردوەو وە تەنانەت کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی لە شوێنێکا ئەڵێ “بەندە هەرگیز کارم بۆ سەربەخۆی کوردستان نەکردووە” بەڵکو کاری ئەو بۆ مافی چارەی خۆنوس بووە لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقا.
لە سەد ساڵی ڕابردووا کورد لە باشوری کوردستان هەلێکی زۆر ناوازەو تایبەتی بۆ ڕێکەوت، تا ئاستێکی زۆر خۆی بڕیاردەرو جێبەجێکەربوو بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغا، بەڵام لەژێر دروشمی سەربەخۆییا لەڕێگەی ڕاپرسی “ڕفرەندم”وە %٥١ی خاکەکەی لەدەستدا، بە عێراقیشی ئەوت دراوسێ!
وەک گریمانە باوا دایبنێین کە کورد بەنیازنییە دەستبەرداری خەونە مێژوویەکەی بێت!
ماوەی چەند ساڵێکە پرسی مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان بووە بە پرسێکی سیاسی و هەردوو دەسەڵاتی هەرێم و بەغا یەکتری تاوانبارئەکەن، ئێمە لێرەیا باسی ئەوە ناکەین کامیان تاونبارترن چونکە خەڵکی هۆشیارە و باش لەگەمەکە تێئەگات.
کاتێک پرسێکی یاسای و مافی سەرەتای مرۆڤ “ئەرک بەرامبەر ماف” کارکردن بەرامبەر مووچە لە وڵاتیكا ئەبێت بە سیاسی، ئیتر ئەبێ لەوە تێبگەین کە چیتر مرۆڤ بوون سەنتەر نیە بەڵکو بەرژەوەندی سیاسی جێگەی پڕکردۆتەوە.
ساڵانێکە خەڵکی هەرێم بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی بە بێ مووچەی، پاشەکەوت، لێبڕین، هات و نەهاتەوە ژیان ئەگوزەرێنن بەئومێدی ئەوەی کە هەرێم و بەغا ڕێکەون، کە لەڕاستیا ئەگەر ڕیکیش بکەون ئەوا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن ئەبێ و هەموو ساڵێک لەکاتی پەسەند کردنی بودجەیا دوورنیە هەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوانێ، بۆیە گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبری ئەوەی بەبێ هێزی درگا وقاپی بەغا بگرن گرنگە بیر لە بنبڕکردن و چارەسەری ئەو کێشەیە بۆ هەمیشە بکەنەوە لەڕێی:
١.پشت بەستن بەهێزی کاری ناوخۆ.
٢.ئاوەدانکردنەوەی گوند و لادێکان.
٣.بوژانەوەی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
٤.دروستکردنی کارگە و بوژانەوەی کەرتی پیشەسازی.
٥.کارکردن بۆ زمانێکی کوردی ستاندارد لایەنی کەم بۆ نوسین و لەپاڵیشیا گرنگیدان بەزمانی ئنگلیزی.
٦.گرنگییان بە هەناردە کردن تاوەکو لەبری ئەوەی پارەی ناوخۆ بچێتە دەرەوە بەپێچەوانەوە پارەی دەرەکی بێتە ناوەوە.
٧.دروستکردنی چەندین بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو کە لە داهاتووا سودی سیاسی و ئابوری بەرچاوی ئەبێ.
٨.لەبری گرێبەست لەبواری نەوتا کە پارەیەکی زۆرو بێ شوماری پێویستە و بەرهەمەکەشی کاتییە، گرێبەست لەگەڵ شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ئاژەڵداریا بکرێت کە تێچویەکی کەم و داهاتێکی زۆرو هەلی کاری زۆریش دابین ئەکا.
٩.بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی چونکە سودی زۆری تەندروستی و ئابوری ئەگەیەنێ و داهاتێکی زۆر ئەگێڕێتەوانێ.
١٠.بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری، لەڕێی بەستەنەوەی ناوچەکان بەیەکەوە.
کورد ئەگەر مەبەستێتی ڕۆژێک لە ڕۆژان خودمختار بێت و خۆی دەسەڵاتدار و خاوەن دەوڵەتبێت ئەوا زۆر گرنگە سود لەم هەلەی ئێستا وەرگیرێ و هەوڵبدرێ واز لە گاگۆڵکێ کردن بهێنرێ و ئازایانە هەستێتە سەرپێ لەسەر قاچەکانی خۆی توندوتۆڵ ڕاوەستێ و هەنگاویان پێهەڵهێنێ بەرەو پێشەوە.
لەبری ئەوەی هەر ماوە ماوە شاند ڕەوانەی بەغا بکەن و وەک یاری مارو پەیژە جارێک لەسەرەوەو جارێک بگەڕێنەوە خواریخوارەوە ،ئەوا باشترە چەندین شاندی تەکنۆکرات پێکبهێنڕێ ڕەوانەی ئەو وڵاتانە بکرێن کە چۆن لەدوای جەنگ و ماڵ وێرانیەوە وڵاتیان بنیان ناوەتەوە و بوون بەیەکێک لە گەورەترین ئابورییەکانی جیهان، یان ئەو وڵاتانەی لەناو خاشاک و پیسی و هەژارییا گیریانخواردبوو، بەڵام پشت بەست بەهێزی خۆیان ئێستا یەکێکن لە وڵاتە گەورە پیشەسازی و بازرگانی و خاوەن ئابورییە زەبەلاحەکان. بەسە گاگۆڵکێ کاتی وەستان لەسەر پێ و هەناگاونانە.
سامانی وەستا بەکر
٣٠-٣-٢٠٢١
سوید-ستۆکهۆڵم