خاتوو سوهه‌یلا مێهه‌می یه‌كێكه له ژنه شاعیره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، ئێستا له سنه ده‌ژی. كۆمه‌ڵێ پرسیارمان ئاراسته كرد و ویستمان رازه‌كانی سه‌باره‌ت به شیعر و شاعیرێتی بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بدركێنێ. به سوپاسه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه، له رێی وه‌ڵامه‌كانییه‌وه تێده‌گه‌ین باكگراوندێكی رۆشنبیریی باشی هه‌یه سه‌باره‌ت به شیعر و دنیای ئه‌ده‌ب به‌گشتی، خۆشحاڵین كه له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌وه سوهه‌یلا مێهه‌می به خوێنه‌ران و ئه‌ده‌بدۆستان ئاشنا بكه‌ین. ئه‌وه‌ش به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانین ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه به كراوه‌یی بهێڵینه‌وه به تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئه‌دیبه گه‌نجانه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كی روانینیان نییه و ده‌یانه‌وێ لێره‌وه به‌سه‌ر خوێنه‌راندا بڕوانن و رازه‌كانی ئه‌زموونی خۆیان و دنیای ئه‌ده‌بیان بۆ ئاشكرا بكه‌ن.
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
2-2
*به‌تایبه‌تی لای ئێرانییه‌كان ناڵێن شاعیر شیعر ده‌نووسێت، ده‌ڵێن شیعر ده‌ڵێت، ده‌شێ وا لێك بدرێته‌وه كه پێویسته شاعیر به جوانترین ریتم و جوانترین نواندن و ئاماژه شیعره‌كه‌ی بخوێنێته‌وه، تۆ تاچه‌ند له‌م بواره‌دا راهێنانت كردووه و ده‌توانی به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش شیعری خۆت بخوێنیته‌وه؟
–له‌ڕاستییدا كاتێك ده‌قێك ده‌نووسم كات هه‌یه چه‌ندین جار وشه‌كان ده‌گۆڕم و تا ئه‌م كاته به وه‌سواسه‌وه ده‌قه‌كانم چه‌ندین جار ده‌ستكاری كردووه وه‌كو گۆڕانكاری له وشه‌یه‌كدا و دێڕێكدا، پێداچوونه‌وه بۆ شیعره‌كانم ده‌كه‌م و كاتی بۆ داده‌نێم و فایلی سه‌وتی لێ به‌رهه‌م دێنم و خۆم گوێ له خۆم ده‌گرم و دیسان بڕیار ده‌ده‌م چه‌ند جارێكی دیكه‌یش به شێوازگه‌لێكی جۆرواجۆر بیخوێنمه‌وه و تا شێوازێكم به دڵ ده‌بێت. چۆن ئه‌وه شیعره بڕیار ده‌دا چۆن بیخوێنیته‌وه و ریتمی بۆ به ده‌نگ هه‌ڵبێنی كه پێویست ده‌كات شاعیر كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی له ده‌نگ و ریتم و جووڵانه‌وه‌ی هێندێ له ئه‌ندامگه‌لی وه‌كو ده‌ست و سه‌ری له شیعره‌كه‌یدا به‌شدار بكات. شێوازی خوێندنه‌وه‌ی شیعر له‌سه‌ر خوێنه‌ر خاڵێكی كاریگه‌ره له‌سه‌ر شیعرییه‌تی ده‌ق، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر به‌رده‌نگ خوێندنه‌وه‌ی شیعر دووباره بوونه‌وه‌ی شیعره، چونكه خوێندنه‌وه‌ی شیعر به‌س خوێندنی خه‌ت به خه‌تی ده‌ق نییه ئه‌گه‌ر جوان ئه‌دا بكرێ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنه‌ر ده‌بێ و چێژی لێ ده‌بات ئه‌گه‌ر جوان ئه‌دا نه‌كرێ به‌رده‌نگ نه‌فره‌تی لێده‌كات. له رێگای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌وه هێندێ جار ده‌توانی كه‌م و كووڕییهكانیشی بسڕیته‌وه. كه واته نووسین و ئه‌داكردنی شیعر پێكه‌وه پێگه‌ی شیعر به‌رز یا نزم ده‌كاته‌وه. هه‌ر له‌مێژه نووسه‌ران و كه‌سه ئایینییه‌كان له رێگای وتنه‌وه‌وه به‌ده‌نگی خۆش بووه، په‌یامی خۆیان راگواستۆتهوه نێو خه‌ڵك. باش ئه‌داكردنی شیعر چه‌ند خاڵی گرنكی هه‌یه، یه‌كه‌م پێكهاتنی په‌یوه‌ندی به‌ینی شاعیر و خوێنه‌ر و دووهه‌مین خاڵی كاریگه‌ر بوون و سێهه‌م گواستنه‌وه‌ی مانایه، چواره‌میش له چێژ وه‌رگرتندایه.
*هه‌ندێك باوه‌ڕیان وایه كه ده‌بێ دێڕه‌كانی شیعر بیرۆكه‌یه‌ك به‌یه‌كیانه‌وه ببه‌ستێ و مانایه‌ك ببه‌خشن، هه‌ندێك دژی ئه‌مه‌ن و گوێ به‌و مه‌رجه ناده‌ن، تۆ له‌گه‌ڵ كامیانی و بۆچی؟
–مه‌به‌ست له فۆرمی شیعر شێوازی داڕشتن و هه‌موو پێكهاته‌كانی شیعرییه‌ته و شیعر به واتایه‌كی گشتی نه له‌بازنه‌ی راڤه‌دا ده‌گونجێت نه له‌فۆرمدا به‌درێژایی مێژووی ده‌ق، شاعیران و خوێنه‌رانیش فۆرمه‌كانی جیاوازی ده‌قیان به ره‌سمی قبووڵ كردووه. له شیعری هاوچه‌رخدا فۆرمی شیعری سپی به‌شێوازی ستوونی بێت. شێوازی شیعر ئه‌وه‌یه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تاوەكو كۆتایی یه‌كده‌ستی و یهكبوونهوهیهكی فیكری تێدایه له جووڵه‌ی به‌رده‌وامی فیكری شاعیردا پێكه‌وه په‌یوه‌ندیان ده‌بێ، به‌ڵام له تییۆرییهكانی شیعری هاوچه‌رخدا هه‌ر شوێن په‌نجه‌كانی خۆی دیاریده‌كات شیعر له شێوازی ریوایه‌ت و به‌رداشت و حوكمی كۆتایی خۆی ده‌رباز ده‌كات شێوازی ستوونی له شیعری هاوچه‌رخدا له روانگه‌ی داڕشتن و وێنه‌وە، پرژانێكی تێدایه و شیعر له بازنه‌ی ئه‌ندێشه‌دا به یه‌كبوون ده‌گات. شێوازی ستوونی له شیعری هاوچه‌رخدا ئافراندنی چه‌ند وێنه ده‌كات خه‌یاڵی شاعیر له فه‌زا و شێوازی وشه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات. شیعری هاوچه‌رخ خۆی ده‌رباز كردووه له كۆمه‌ڵێ چوارچێوه كه به‌ربه‌ستن و ده‌ستی قه‌ڵه‌م كۆتا ده‌كه‌ن له‌وه‌ی به ئازادی ئافراندنی وێنه‌كانی خه‌یاڵ بكات. سه‌ره‌كیترین لایه‌نی جوانیناسی شیعری هاوچه‌رخ له هه‌بوونی زۆرینه‌ی ئیلهام و ئه‌و ئاڵۆزی ههڵچنراوهی شیعردایه لایه‌نی زاڵی شیعری له‌به‌ر گرتووه به‌ڵام له هێندێك شیعریشدا ئیلهامێكی جوانی تێدا نییه. شیعری هاوچه‌رخ دوو ره‌هه‌ندی هه‌یه یه‌كه‌م ره‌هه‌ندی مێژووی شیعرێكه له‌گه‌ڵ شیعری شاعیرانی كۆندا جیاوازی هه‌یه و ره‌هه‌ندی دووهه‌م ره‌هه‌ندێکی جیاوازه شیعرێكه نابێ له شیعری شاعیرانی هاوكاتی خۆیاندا لێكچوونهوهی هه‌بێت چۆنییه‌تی ئه‌م جیاوازبوونه وایه كه بایه‌خ ده‌دا به شیعر. له شیعری ئه‌مڕۆدا چه‌ند ده‌نگی زۆره و له هه‌ر نووسراوه‌یه‌كدا بێشك دال و مه‌دلوولێك ده‌قه‌كان پێكدێنن به‌ڵام له شیعری هاوچه‌رخدا خۆی نابه‌ستێته‌وه به ماناوه هه‌رچه‌نده پێكهاته‌ی شیعری هاوچه‌رخ دوور له مانا نییه به‌ڵام مانا به دوادا ده‌خات و ئێمه ده‌بینین دێڕه‌كان ره‌نگه پێكه‌وه نه‌به‌سترێنه‌وه، شیعری هاوچه‌رخ خۆی نابه‌ستێته‌وه به مانایه‌ك یان شرۆڤه‌یه‌كی تایبه‌ت و هه‌ر ئه‌وه خۆی بۆ من زۆر وروژێنه‌ره و چێژ به‌خش.
*له شیعردا زمان تێكده‌شكێنرێ و جوانییه‌كی نوێی لێ دروست ده‌كرێ لای تۆش هه‌مان رێسا هه‌یه؟
–دژه‌باو بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌بێته هۆی ئه‌وه به ئاسانی نه‌توانێت كه‌سانێكی دیكه وا قبووڵی ئه‌وه‌ی ناكه‌ن رازی بكه‌یت تاكو وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام نابێ هه‌وڵی ئه‌وه بدات خه‌ڵك وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه رازیكردنی هه‌موو كه‌س ده‌بێته نهێنی دۆڕاندن، نهێنی هونه‌ر له‌وه‌دایه هونه‌رمه‌ند ناتوانێ هه‌موو كه‌س له خۆی رازی بكات. مانیفێستی شیعری هاوچه‌رخ له رۆژبوونه‌وه‌دایه و تازه‌گه‌ری له ناخیدایه تێكشكاندنی زمان وه‌كو كلتووری باو ڕاسته نه‌ك وه‌كو تێكشكاندنی رێزمان به‌ڵام شۆڕش زمانی له شیعری هاوچه‌رخدا زۆر باوه وه‌كو شۆڕش دژی «نه‌حو» و كێش و سه‌روا و به‌رهه‌مهێنانی زۆرینه‌ی وێنه و … شاعیری هاوچه‌رخی ئێرانی ره‌زا به‌راهه‌نی ده‌ڵێت : «زمان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته زمان ده‌بێ به‌رده‌وام دانانی خۆی له مه‌ترسی بێ واتا بووندا بێ، تاكو دانانی به‌شگه‌لی نێوی زمانی‌دا له دوور ده‌سته‌كاندا، به دره‌نگ به ده‌سته‌وه‌دانی فامكردنی ئه‌و شیعره چێژ هێنه‌رتر بێ زمان ده‌بێ به مردنی زمان و مردنی شادی هێنه‌ری زماندا ئاگادار ببێته‌وه». شیعر به‌رده‌وام له گۆڕانكاری یاسا كۆنهكاندایه هه‌ر به‌و هۆیه‌وه به‌رده‌وام له گه‌ڵ دیكتاتۆریه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا به شه‌ڕ دێت. له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر شتێك له كۆمه‌ڵگادا و ده‌سه‌ڵاتدا ببێته عاده‌ت و كرداری كلتووری، به‌ره‌به‌ره له چه‌مكی چه‌قبه‌ستویی و كرداری كلتووری زۆرداری داده‌نرێت. به‌ڵام شیعر به پاككردنه‌وه‌ی عاده‌ت و ملهوڕی كلتووری ده‌رده‌كه‌وێت.
*قه‌ت ئه‌وه روویداوه گوێگرتن له شیعری خۆت بتخاته گریان؟
–به‌ڕاستی هێندێك كات روویداوه دێڕێك یا شیعرێك بمخاته گریان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆح و هه‌ستمدا بێ بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كی ئه‌و كاتی نووسینی ئه‌و شیعره و ریزكردنی وشه‌گه‌لێك په‌نجه بۆ داگیركردنی هه‌ستم ده‌هێنن بێگومان شیعری كوردی مێژووێیكی درێژی له پشته‌وه‌یه به‌تایبه‌ت كه مێژووی كورد ته‌ژییه له تراژیدیا به هۆی نیشتمانێكی داگیركراو و ژنیش له‌م ناوچه‌یه‌دا رووبه‌ڕووی زۆر نه‌هامه‌تی و نه‌ریتی داسه‌پاو و چه‌وساوه‌یی ده‌بێته‌وه ئه‌وانه ره‌نگدانه‌وه‌یان زۆره له شیعره‌كانمدا هیچكات شه‌ڕه نه‌خوازراوه‌كان سێبه‌ریان وه‌ده‌رنانێن له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌یانهێشتووه شیعریش رووی خۆشی ژیان ببینێ و ئاوڕێكیش بۆ دڵداری و بووژانه‌وه له جوانییه‌كانی ژیاندا بداته‌وه.