سەدیق سەعید ڕواندزی
تێڕوانینێکی ھەڵە لە بارەی ئەدەبی منداڵانەوە لە نێو ئێمە بوونی ھەیە ئەویش ئەوەیە، کە ئەو ئەدەبە لە جیھانبینی گەورەکانەوە دەبینرێت و خوێنەوەی بۆ دەکرێت. واتا گەورەکان ڕێسا و بنەمای نووسینی ئەو ئەدەبە بۆ منداڵ دیاری دەکەن و ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە جیھانبینی گەورەکان، زاڵ بێت بە سەر شێوە و ناوەڕۆک و چۆنیەتی نووسینی دەقی ئەدەبی بۆ منداڵان. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە گەورەکان بۆ منداڵان نەنووسن، کە لە بنەڕەتدا ھەردەبێ ئەوان بینووسن، بەڵکو بەو مانایەی دەبێ جیاوازی لەگەڵ ئەدەبی گەورەکان بکەین. بە نموونە، تەکنیک و فۆڕم و ناوەڕۆکی بابەتییانەی دەقێک لە ڕووی واتایی و ڕەھەندی زمان و ھزرەوە بەراورد بەو ڕەھەندە پەروەردەیی و فێرکارییەی کە ڕۆڵی سەرەکی لە دروستکردن و پێ گەیاندنی کەسیەتی منداڵ ھەیە بایەخێکی نییە. لە ئەدەبی منداڵاندا، تەکنیک و شێوەی نووسین گرنگ نین، ئەوەی لە پێشەوەی تەکنیک دێت، چۆنیەتی گەیاندنی ئەو پەیامە فێرکاریی و پەروەردەیەیە کە دەبێ بە ئاسانترین شێوە و ڕێگای گونجاوی ھزریی و سایکۆلۆژیی بگەیەنرێتە منداڵ. لە ئەدەبی منداڵاندا، تەکنیکی ھاوچەرخانە، سمبول و زمانی ئاڵۆز و وێنەی نامۆ بایەخێکیان نییە، چونکە ڕووە فێرکارییەکە گرنگە، ھەر ئەمەشە وادەکات کە ئۆپەرێتێکی گۆران دوای ھەفتا ساڵیش، یان شیعرێکی کاکەی فەلاح ، دوای پەنجا ساڵیش ھەر لای منداڵان وەربگیرێن و سەرچاوەی چێژ و خۆشی و ھەست بزوێنی و فێرکردن و پەروەردە بن. لێرەوەش دیاریکردنی ھەر ڕێسایەکی نووسین، بە تێگەیشتن و تێڕوانینی گەورەکانەوە لە بارەی نووسین بۆ منداڵان ھەڵەیە، چونکە تێگەیشتنی منداڵ، ھاوشێوەی تێگەیشتنی گەورەیەک نییە تاکو لە پەراوێزی دەقێکەوە لە سەر تەکنیک و زمانی ئاڵۆز و وێنەی ھونەریی و شیعریی بوەستێت، بەڵکو دەبێ ئامانج لە نووسینی منداڵان بەدەر لە مانە ھەمووی بە پلەی یەکەم، ڕەھەندی پەروەردەیی، فێرکاریی و نیشتمانی بێتن. ئەم ڕەھەندەش، بێ ھەبوونی زمانێکی سادە و فۆڕمێکی ساکار لە دەربڕیندا، ناتوانرێت ڕەنگبداتەوە لە دەق. لێرەوەش ھەر کلێشەسازییەک لە ڕووی تەکنیکی نووسینەوە بە مەبەستی ڕێساکاریی و پەیڕە و کاریی بۆ نووسین لە بارەی منداڵانەوە دیاریی بکرێت، بە تایبەتیش گەر بە تێڕوانینێکی ھزری گەورەکانەوە نووسرا بێت، زۆر ھەڵە دەکەوێتەوە ، چونکە یەک ناگرێتەوە لەگەڵ توانست و جوڵە و پەیوەندی منداڵ بە نووسینەوە. بۆ نموونە: منداڵ ناتوانێت نۆڤلێتێکی درێژ بخوێنێتەوە، بەڵام دەتوانێ کورتە چیڕۆکێک بخوێنێتەوە و چێژی لێ وەربگرێت، دەتوانێت دە دێڕە شیعرێک ئەزبەر بکات، بەڵام شیعرێکی درێژ نا، بۆیە ئەوەی لە ئەدەبی منداڵان گرنگە چۆنیەتی گەیاندنی پەیامە فێرکاریی و پەروەردەیەکەیە. لەو سۆنگەیەوە ( خدر ئیبراھیم خدر) لە وتارێکیدا، کە ھەر لەو ڕۆژنامە سەنگینە واتا ھەولێر بڵاوی کردبووەوە، باس لە شێوازی نووسین بۆ منداڵان دەکات و دەنووسێت:-( نووسین بۆ منداڵان دەبێ بەش بەش بکرێت، سوژە پێچەوانە نەبێت، پرەنسیپەکان لە خۆ بگرێت، وەڵامی پرسیاری منداڵان بداتەوە، دیالۆگ جیا بکرێتەوە، نووسینەکە یەک پاکێج بێت، زۆر شارەزایی لە ھەموو ڕووەکانەوە تێدا بەدەست بھێنن، زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم تەوزیفی نووسین بکات، ترس و گومان و دوودڵیان لا نەھێڵێت ) ئەمانە و ھەروەھا چەندین بنەمای دیکەی ھونەریی و تەکنیکی و بابەتی دیاریکردووە، کە دەبێ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان ڕەچاوی بکەن، کە ئەگەر بەو پێوەرەی ئەو بێت، ئەوا بە ساڵێک شاعیرێکی بواری ئەدەبی منداڵان، ناتوانێت شیعرێک بۆ منداڵان بنووسێت، چونکە ھەر دەبێ سەرقاڵی بیرکردنەوە لە تەکنیک و تیچماو داڕشتن بێت. لە ڕاستیدا، ئەو پێوەر و مەرجانە، بە تایبەتیش لە ڕووی فۆڕمی ھونەریی و گوتاری ئاڵۆزی ناوەڕۆکی ئەدەبی منداڵانەوە، لە پەراوێزدان و پێشینەیی نین، بەڵکو ئەوەی گرنگە لە بواری نووسین بۆ منداڵان، دوو ڕەھەندی ھەرە دیارە، کە ئەویش پەروەردەیی و فێرکاریین، بەو مانایەی دەقی منداڵان، دەبێ ھەڵگڕی ناوەڕۆکێکی پەروەردەیی و فێرکاریی بێت و ھزری منداڵان بە ئاراستەی پەروەردەکردنێکی نموونەیی و پێگەیاندنی کەسیەتییەکی ئازاد و نیشتمانی ئاراستە بکات، ئەمەش لە ڕێگەی زمانێکی سادە و ڕەوان، بە ڕەچاوکردنی ڕیتم و شیعرییەتی گێڕانەوە و وێناکردن . منداڵ کە دەقێک دەخوێنێتەوە، یان گوێبیستی شیعرێک دەبێت، ژیری دەستکرد و تەکنیک و میتۆدی نووسینی دەقەکەی بەلاوە جێی بایەخ نییە و ھەر ناشزانێت چین، ئەو تەنھا ئەوە دەزانێت بخوێنێتەوە و گوێبیست ببێت و دواتر ڕاڤەی مانایی بۆ بکرێت، ئەمەش تەنھا لە ڕێگەی زمانێکی سادە و فۆڕمێکی ساکارەوە دەکرێت، بۆ ئەوەی ھزری منداڵ بە ئاسانی ئەو بابەتە وەربگرێت، کە ئاراستەی دەکرێت. لێرەوەش گەر سەرنج بدەینە ئەدەبی منداڵان بەگشتی، دەبینین کەمتر کار لەسەر تەکنیکی نووسین و فۆڕمی دەرخستن و وێناکردن کراوە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە چۆن ئەو ڕەھەندە فێرکاریی و پەروەردەییەی پێویستە لە میانەی ناوەڕۆکی ئەدەبی منداڵان ھەبێت، بگەیەنرێت. گەر بمانەوێت قوتابخانە لە شیعرێکی منداڵاندا بە منداڵ بناسێنین، ئەوا ھەر دەبێ وێنا گشتییەکەی قوتابخانە، کە شوێنی پەروەردە و فێرکردنە بکەین، ئەگینا ناکرێت ھەرچی وردەکاریی نێو قوتابخانە ھەیە لە شوێن و کارەکتەرەکان بە منداڵ بناسێنین، بۆیە ناکرێت ھەر نووسەرە و بە تێگەیشتنی خۆی، نەخشەڕێگەیەک بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵان دیاری بکات. دەبێ ئەم لایەنە بۆ نووسەرانی ئەو بوارە خۆیان جێبێڵین، کە بە ڕاستی ئەوانەی لە نێو ئێمەدا لە بواری ئەدەبی منداڵان دەنووسن، لە نووسەرانی جیھان بە تواناتر نەبن، کەمتر نین، ئەمە دەڵێم لە کاتێکدا دەیان دەقی وەرگێڕدراوی ئەدەبی منداڵانم بە زمانی کوردی خوێندۆتەوە وبەراوردم کردوون بە شیعر، یان چیڕۆکی نووسەرێکی کوردی بواری ئەدەبی منداڵان.
ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێرژمارە( ٤٤٧٨) لە ١٨/١/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.












































































Discussion about this post