سەدیق سەعید ڕواندزی
دەلالخانە، بازاڕێکی بچووکی چەند سەد مەتری بوو، لە ناوجەرگەی شاری ھەولێر و تیایدا سەدان کەس لەو بازاڕەدا، کاڵاو کەلوپەلەکانی خۆیان ھەراج دەکرد و ھەر شتێکت ویستبا، بێ ڕەچاوکردنی کواڵیتی و بڕاند و کۆن و نوێی، دەستت دەکەوت و کورد وتەنی ھەر کەلە و ئاوازێکی لێ دەردەھات، کە ھەتا شوێنەکە نەکرا بە پارکی شار، بازاڕەکە ھەر مابوو. ئەم بازاڕە تایبەتمەندییەکی ھەبوو، کە ھەموو کەسێک دەیتوانی کاڵای خۆی لێ ھەراج بکات و ڕیکلامی بۆ بکات و وەک بڕاند بیناسێنێت. کاتێ سەرنجیش لە ڕووبەرێکی گەورەی دنیای سۆسیال میدیا لە کۆمەڵگەی کوردی دەدەم، ھەمان ئەو بازاڕەم دێتەوە بیر، چونکە لە بەشێکی زۆری سۆسیال میدیادا، بە ناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە، کە لە ڕاستیدا گەڕەلاوژێیە، ھەموو کەسێک دەتوانێت قسە بکات! بۆیە دەکرێ ئەم ڕووبەرە بە دەلالخانەی قسەکردن ناوبەرین، چونکە لە پڕۆفیسۆرێکەوە بۆ بێ بڕوانامەیەک، لە فەیلەسوفێکەوە بۆ کەسێکی میللی و ناڕۆشنبیر و لە بیرمەندێکەوە بۆ بەقاڵێک و لە تێکۆشەرێکەوە بۆ خۆفرۆشێک و لە زانایەکەوە بۆ نەزانێک، ھەمووان وەک یەک بێ جیاوازی دەتوانن قسەی تێدا بکەن، کە ئەمە مەترسییەکی گەورە و ڕاستەقینەیە، چونکە لە ھیچ کۆمەڵگەیەکدا، ھەمووان ڕۆشنبیر و شاعیر و تێکۆشەر و فەیلەسوف و بیرمەند و سەرکردە نین و نابێ ھەمووان ببنە شاعیر، یان بۆ نموونە بە ناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە ھەر شتێک مەبەستیان بوو بیڵێن، بە تایبەتیش کە کورد دەڵێت: (قسە ھەزارە یەکی بەکارە). لەو ڕووبەرە بە ناو ئازاد و کراوەیەدا کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی ھەیە، دەشێ ھەموو شتێک بگوترێت و بنووسرێت، بەو مانایەی ھەر کەسێک چی مەبەست بێت دەتوانێت بیڵێت. بۆ نموونە: شاعیرێکی دۆڕاو دێت ماڵپەڕێک بۆ شیعر دادەنێت، لەوێوە زەمینە لە بەردەم دەیان کەسی نەناسراو کە لە ژیانیان نەیانزانیوە ئەلف و بێی شیعری چییە، دەڕەخسێنێت کە شیعری تێدا بڵاو بکەنەوە، کە ھەمان ئەو کەسانە ڕەنگە نەتوانن یەک بە ناو شیعرییان لە گۆڤاریک، یان دوو توێیەکی ئەدەبی بڵاوبکەنەوە. بێگومان ئێمە دەزانین دەنگی جوان و داھێنەرانەی شیعریش لەوێدا ھەن، بەڵام لە بەرانبەر ھەردەقێکی شیعری جواندا، چەندین دەقی ناشیعریی و دەنگی نەناسراو دەبینی، کە ورێنەیەک بە ناوی شیعر دەنووسن، کە بچووکترین بنەمای ھونەریی شیعرییان تێدا نییە. لەو ڕووبەرە بە ناو کراوەدا، ھەموو کەسێک دەتوانێت قسە فڕێ بدات و بە جۆرێک وێنات بکات، کە خۆی دەیەوێت. بە نموونە یەکێک من بە پیاوی دەسەڵات دەناسێنێت، لە کاتێکدا تەنھا لە ماوەی ئەو مانگەدا، من چوار وتارم لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان لە دژی دەسەڵات بڵاوکردوونەتەوە، بەڵام چونکە خوێنەری سۆسیال میدیا ڕاگوزەر و بێ تێھزرینە و تەنھا شاشە دەبینێت و میدیای کاغەزی ناخوێنێتەوە، ئەوا نایانبینێت . ئەمە وێرای ئەوەی دەیان وتاری دیکەم بڵاوکردوونەتەوە، کە دژی گەندەڵی، بێ خزمەتگوزاریی، خراپی حوکمڕانی ، سیاسەت و ئیدارەدانن لە کوردستاندا. یان شاعیرێک کە تەنانەت لە شارەکەی خۆشی نەناسراوە، پێت دەڵێت تۆ شیعر ناس نیت، بە مەرجێک ئێمە لە کۆی نۆزدە کتێب، نۆ کتێبمان لە سەر شیعر نووسیوە و ھەرکەسێکیش خۆی بە خوێنەری ماڵپەڕێکی سەنگینی وەک دەنگەکان بزانێت، لەوە دەگات کە ئێمە بەردەوام سەرنجمان لە سەر شیعر نووسیوە. ئێمە دەیان جاری تریش وتوومانە نە ڕەخنەگرین، نە نووسەریشین، تەنێ خوێنەرێکی ئاسایی دنیای ئەدەب و کتێبین. ئێمە لە کاتێکدا ئەوە دەڵێین، زۆرباش ئەو ڕاستییەش دەزانین کە وتار و نووسینی پڕ مەعریفە و سوودمەندیش لەو سەکۆیانە بڵاو دەکرێنەوە. ھەر بۆنموونە: من ھیچ تێبینییەکەم لە سەر وتارەکەی ھاوڕێی ئازیزم کاک ( سۆران محمد) نەبوو، چونکە دەزانم لە من زیاتر شیعر دەخوێنێتەوە و لە سەر شیعر دەنووسێت و خۆشم خوێنەری وتارەکانی ئەوم و بە بایەخەوە نووسینەکانی دەخوێنمەوە، بەڵام ناتوانم لە بەرانبەر تۆمەتێکی بێ بنەما بێ دەنگ بم کە دەدەدرێتە پاڵم، لە کاتێکدا من ئەگەر ڕووپاماییم بۆ دەسەڵات بکردایە، ئێستا بەرزترین پۆست و دەسکەوت و پایەم دەبوو، بۆ ئەمەش ھەموو ھاوشارییانم ئەو ڕاستییە دەزانن و گەواھیم بۆ دەدەن. من مامۆستایەکی ئاساییم و بە ڕەنج و ئارەقەی شکۆمەندانەی پیشەکەم دەژیم و وەک ھەر فەرمانبەرێک مووچەکەم دوا دەکەوێت. دواجار دەڵێم، جیلی شیعریی، بە قسە و ھاش و ھووش دروست نابێت، کەس گۆران و شێرکۆ بێکەسی دروست نەکردووە، خۆیان خۆیان دروست کرد، ئیدی جیل ھەبێت یان نا؟! مەگەر شێخ نووری و ڕەشید نەجیب و پیرەمێردیش لە گۆڕەپانەکە نەبوون؟ بۆ ھەر گۆرانی مەزن بە نوێکەرەوەی شیعری کوردی دەناسرێت؟!

































































سەدیق سەعید ڕواندزی








Discussion about this post