سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ھەرێمی کوردستاندا، لە ماوەی سی و چوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی فەرمی دەوڵەت، یاخود زمانێکی ستاندارد کە لە نووسین وداڕشتن، وەک زمانی ھاوبەش و یەکگرتووی کوردی بەلایەنی کەمەوە لەوبەشەی کوردستان پەیڕەو بکرێت. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین کە زمانی داڕشتن و نووسین لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکانی ئێمەدا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. لە ڕاستیدا یەکخستنی زمان بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتە کە لە ڕێگەی نێوەندە ئەکادیمییەکان و لە چوارچێوەی پلانی فەرھەنگی کاری لە سەربکات، یاخود چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە بە مەبەستی یەکخستنی زمانی نووسین و دەربڕین لە ڕاگەیاندنەکاندا دەربکات، بەڵام کاتێ گرنگیدان بە زمان لەپلانی حکومەت نابێت، ئەوا بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا ڕاگەیاندنەکان کە کار بۆ بە ستانداربوونی زمان بکەن. مەرج نییە ڕێکخستنی زمان ھەرتەنھا بە بڕیاری سیاسی بێت، بەڵکو دەتوانرێت لە ڕێگەی نووسینەوە زمانی ھاوبەش بێتە کایەوە. شکسپیری نووسەری گەورەی ئینگلیز و جیھان، لە ڕێی بەرھەمەکانییەوە ڕۆِڵێکی ھەرە گەورەی لە پێشخستن و بە ستانداربوونی زمانی ئینگلیزیدا بینی، یاخود زمانی فەرمی ئێستای فەرەنسا، لە بنەڕەتدا زمانێکی زۆر لۆکالی و بچووک بوو کە لە خوارووی پاریسەوە، لە ناوچەیەکی جوگرافی زۆربچووک بەکار دەھات، کەچی دواجار بووە زمانی فەرمی وڵات، بەڵام دەزگاکانی ئێمە و بگرە بەشێکی نووسەرانیش، بە ھۆی نووسینەکانیانەوە ئەوەندەی تر زمانی کوردی پەرپووتترو وێرانتر دەکەن، بەو پێیەی کەمترین یاخود ھیچ شارەزایەکیان لە سەر زمان و بونیادی ڕێزمان و داڕشتنی ڕستە نییە. ئەمە وێرای نەبوونی زانیاری لە سەرئاماژە و ماناکانی وشە، چونکە مەرج نییە ئەوەی نووسەربێت یاخود چەند کتێبێکی وەرگێڕابێت ئیدی شارەزایی لە ھەموو کە لە بەرێکی زماندا ھەبێت. لەو سۆنگەیەوە، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ھەواڵ ھەرتەنھا داڕشتنی ڕستە و چەند دەربڕینێک نییە، بەڵکو گەیاندنی ماناو پەیامە. کاتێ بە وردی سەرنج لە زمانی ھەواڵ و داڕشتنی ھەواڵیش دەدەین لە بەشێکی زۆری میدیاکاندا، ئەوکات درک بەوە دەکەین کە لە بەرامبەر چ وێرانکاریەکی زمانی کوردی داین. بە داخەوە بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە بێ لە بەرچاوگرتنی ھیچ بنەمایەکی واتایی و زمانەوانی ھەواڵ دادەڕێژن، بە بێ ئەوەی زانیاریی وردیان لە ڕووی ناوەڕۆکی ھەواڵەکە و پەیوەندی ھەواڵ بە ڕووداو، یان ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژیارییەوە ھەبێت. میدیاکانی ئێمە، زۆرجار ھەڵەی ھێندە زەق و نابابەتی و زمانەوانی دەکەن، کە ڕەنگە لە ڕووبەرە کۆمەڵایەتیەکەدا و لە نێو پەیوەندی میللی و جەماوەریدا، ئەم جۆرە ھەڵانە نەکرێن. بۆ نموونە: دەیان جار گوێبیستی ئەوە بوومە کە ڕۆژنامەنووسێک لە میانەی ڕووماڵی خنکانی ھاووڵاتییەکدا، گوتوویەتی:( خۆشبەختانە تەرمی ناوبراو دۆزرایەوە !) ئەم ڕۆژنامەنووسە، بە تێگەیشتنی خۆی بۆیە خۆشحاڵی دەردەبڕێت، چونکە دواجار تەرمەکە دۆزراوەتەوە، واتا ئەوەی لێرەدا بە خەیاڵی دادێت تەرمەکەیە، نەک ئەوەی مرۆڤێک لەو نێوەندەدا بە داخەوە مردووە و مردنیش ڕووداوێکە، پێویستی بە ھاوسۆزیی مرۆیی، دڵتەنگی و ھاوبەشی خەم و نیگەرانییەوە ھەیە و نابێ مردنی خەڵکی ئاسایی ببێتە جێی دڵخۆشی مرۆڤ! یاخود دەنووسن:( تەرمی ناوبراو بە مردوویی دۆزرایەوە) تەرم خۆی ئاماژەی ئەوەیە کە مردووە، یەکێک بمرێت ھەردەبێ تەرمەکەی بە بێ گیان مابێت، مەگەر کەسی زیندوو تەرمەکەی بە زیندووی لەوێ دەکەوێت؟! یاخود دەپرسن (چۆن مامەڵە لە گەڵ گەرما دەکەی؟) ئەوانە وا دەزانن گەرما کاڵایە تا سەودا و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. لە ڕاستیدا گەرما شتێکی بەرجەستەیی نییە تا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ! مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ گەرما ناکات، بەڵکو خۆی لێ دەپارێزی. ئێمە بەشێوەیەکی نا بەرجەستەیی بەرگەرما دەکەوین و ھەستی پێ دەکەین، بۆیە دەبێ بپرسین چۆن خۆت لە گەرما دەپارێزی؟ مەگەر لە زستانیش ئەو پرسیارە ناکرێت چۆن خۆت لە سەرما دەپارێزی؟ تا ئێستاش زۆربەی ھەرە زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، شوناسی کۆمەڵایەتی و پیشەیی چین و توێژەکان لە یەکتری جیا ناکەنەوە، دەنووسن:( چینی قوتابی، چینی مامۆستا، چینی ئافرەتان، چینی پارێزەران و پزیشکان) لە کاتێکدا لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگە دوو چینی ھەیە ئەوانیش (چینی پرۆلیتار و چینی سەرمایەدارن) و ئەوانی تر ھەموویان توێژن، بۆیە دەبێ بگوترێ توێژی لاوان، خوێنکاران، مامۆستایان، پزیشکان. تەنانەت ئەو کەناڵەشی کە گوایا خۆی پێ یەکەمی بێ ڕکابەرە، زۆرجار ھەڵەی زمانەوانی و بابەتی وا دەکات، کە ڕاگەیاندنە زۆر لۆکال و ئاساییەکانیش نایکات! بۆ نموونە دەنووسن: (١٠٠دۆلاربەرانبەرئەوەندە دینارە) بەرانبەر چ مانایەکی لە و ڕستەیە ھەیە ؟ چۆن سەد دۆلار، بەرانبەر ئەوەندە دینارەیە؟ ئایا ھەردووکیان بەرانبەر یەکتری ڕادەگرین؟ بەراوردیان دەکەین؟ کێشی قەبارە و پێوانەیان دەکەین؟ بێگومان دراو بەھای ھەیە، بۆیە دەبێ بنووسن: (بەھای سەدی دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە سەد ھەزاردیناری عێراقی) چونکە پارە، نرخی کاڵاکان دیاری دەکات و خۆی نرخی نییە، بەڵکو بەھای ماددی ھەیە . بەشێکی زۆر لە میدیاکان، تا ئێستاش پلەی سەربازی ئەفسەران لە یەکتری دەرناکەن. پلەی ئەفسەرەکە لیوایە، دەنووسن عەمید، عەمیدە دەنووسن عەقید، فەریقە دەنووسن فەریقی یەکەم ! سەیر لەوەدایە ئەم ھەڵانە گەلێک جار لە کەناڵە ئاسمانییەکان دەکرێن، کە پەخشیان بۆ ملیۆنان مرۆڤی دەرەوە دەڕوات ! کە ئەمەش لە ڕووی میدیا و زمانی کوردی بە گشتی خەوشێکی گەورەیە. ئەگەر نموونەی تر بێنمەوە، ئەوەندەن ڕەنگە بە وتارێک تەواو نەبن. بە داخەوە کارکردن لە ڕاگەیاندنەکان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی بووە بە دیاردە. لە کاتێکدا دەبێ ڕۆژنامەنووس ئەنسکلۆپیدیا بێت، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ئەو ھەڵانەی لە سەوەرە ئاماژەمان پێداون. دەبێ ئەوەندە پاشخانێکی ڕۆشنبیری گەورەی ھەبێت، کاتێ سەرنجی پلەی سەربازی ئەفسەرێک دەدات، بزانێت پلەکەی چییە؟ دەبێ نرخ و بێ بەھا لە یەکتری جیا بکاتەوە! بزانێت مامۆستا توێژە نەک چین ! ئەمەش ئەرکی دەزگا ڕاگەیاندنەکانە، کە کەسانێکی ڕۆشنبیر، زمانزان، پڕ زانیاریی لە میدیاکاندا بکەنە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕووماڵی ھەواڵێک نەکەونە ھەڵەوە و یان بای ئەوە ڕۆشنبیریی گشتیان ھەبێت، بزانن ھەواڵ و زمانی ھەواڵ چۆن دەگەیەنرێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، گرنگە دەزگا ڕاگەیاندنەکان، زمانزانێکیان ھەبێت و وەک فلتەری زمان و داڕشتن، ھەواڵ و نووسینەکان، ھەڵبسەنگێنێت و لە ڕووی واتاییەوە، لێکدانەوە بۆ داڕشتنی ڕستە و دەربڕینەکان بکات، بەو مانایەی ھەر تەنھا شێوەی زمانیان لە ڕووی ڕێزمانییەوە بەلاوە جێی مەبەست نەبێت، بەڵکو ناوەڕۆکەکەی چۆن ئاراستە دەکرێت، ئەوەیان گرنگە.
*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (٩٤٨٥) لە ٢٧/ ٨/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
































































سەدیق سەعید ڕواندزی







Discussion about this post