سەدیق سەعید ڕواندزی
تۆخۆلسکی لە کتێبی (ھەندێ کەس ھەرگیز تێ ناگەن) سەرگوزشتەیەکی سەیرو پڕ مانامان لە بارەی ملیاردێرێکەوە بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێت:_( ملیاردێرێک، بە ھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆ، چاوی چەپی لە دەست داو ناچار بوو، چاوێکی دەستکرد بە نەشتەرگەری لە شوێنی دابنێت. بۆ یەکەم جار، دوای نەشتەرگەرییەکەی کە گەڕایەوە نووسینگەی کارەکەی، لە ژێر چاویلکەیەکی ڕەشدا لە کارمەندی نووسینگەکەی پرسی، دەزانی کامە چاومە گۆڕدراوە و نەشتەرگەریم بۆ کردووە؟ کارمەندەکەش دەڵێت بەڵێ چاوی چەپتە، ملیاردێرەکە بەم وەڵامە سەرسام دەبێت و دەڵێت چۆنت زانی، کارمەندەکەش پێی دەڵێت، (چونکە کەمێک ئیحساسی مرۆیانە، لە چاوی چەپتدا ھەیە) بەو مانایەی چاوێکی دەستکرد لە کۆی ھەستەکانی تۆ زیاتر، ھەست بە مرۆییبوون دەکات و ھەست و نەست و سۆزی بۆ بەرانبەرەکەی دەجوڵێت، وەلێ ئێوەی سەرمایەدار، ژیان تەنھا لە پارە و کاردا دەبینن، بێ باک لەوەی مرۆڤەکان چین ! لە سەردەمێکدا، کە ئاڵۆزییەکی زۆر ژیانی مرۆڤەکانی گرتۆتەوە و بەھا مرۆییەکان لە ژێر ھەڕەشەی سڕینەوە و نەمان دان، لە سەردەمێکدا، کە پێگە وبوونی مرۆڤ، لای زۆربەمان لە ھەندێک دەسکەوتی ماددی ژیان دەبینینەوە و دەیکەینە پێوەرێک بۆ ڕوانینمان بۆ ئەوی دی مرۆڤ، ئەوا لە ھەموو کات زیاتر، پێویستیمان بە ھونەری مرۆڤبوونە، وەک باڵاترین پلەی گەشەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی. ئێمە ڕۆژانە بەر مرڤ دەکەوین، بەڵام زۆرینەیان ھەڵگری ئەو بەھا مرۆییانە نین، کە دەبنە شوناسێک بۆ مرۆڤبوون، چونکە بوون بە مرۆڤ ھەر ئەوە نییە، ئاوەزمان ھەبێت و بەو خەسڵەتە لە بوونەوەرەکانی تر جیا بکرێینەوە، بەڵکو چەند وەک مرۆڤ ھەڵسوکەوت دەکەین و پێوەرەکانی مرۆڤبوونمان لە ژیاندا پەیڕە و دەکەین ئەوە گرنگە. مرۆڤبوون، شوناسێکی گەورەتر و بە بەھاترە، لە ھەڵگری ناوی مرۆڤ بە تەنھا. مرۆڤبوون، شوناسێک نییە بە تەنھا، تاکو بدرێتە پاڵ ھەمووان، بەڵکو کۆمەڵێک بەھای بەرزی کۆمەڵایەتی و کەسی و مرۆییە. مرۆڤ لە پێشەوەی ھەموو جۆرە بیر و بڕوا و ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی و سیاسییە. مرۆڤبوون لە ناوماندا نییە، بەڵکو لەو گەوھەر و لەو کردەوە مرۆییانە و بەھا ئاکاریی و مرۆیانە دایە، کە دەمانبەستێتەوە بە ژیان بەگشتی و بە ژیانی ئەوانیتریش بە تایبەتی. بۆیە ھەر کەسێک بڕوای وابێت، دەشێ بژیت و ئاسوودە بێت، شادومان بێت و بەختەوەرانە لە ژیان بەردەوام بێت، بێ ئەوەی ئەو ھەست و ڕایەڵە مرۆیەی کە دەیبەستێتەوە بە مرۆڤەکانی تر ھەبێت، بێگومان لە ژیان و شادومانیش نەگەیشتووە. شانۆنامەی (لێکترازان) ی نووسەر و ھونەرمەندی دیار و بە توانا مامۆستا (دانا ڕەئووف) گوزارشت لە نەبوونی ئەو ھەست و ڕەھەندە مرۆییە دەکات کە دوای ژیانی بە ناومۆدێرنە و نوێ و کۆمەڵگەی کوردی گرتۆتەوە. ژیانێک کە پێشتر مرۆڤی کورد پێی ڕانەھاتووە و ئەزموونی نەکردووە، ئیدی کاتێ لە پڕ دەچێتە نێو ئەو فەزا کۆمەڵایەتییە نوێیە، نازانێت چۆن لەتەک ئەو واقیعە تازەیە ڕابێت و خۆی بگونجێنێت، لێرەوە ڕووبەڕووی تەنگەژەی گەورەی دەروونی لە شێوەی تەنیایی و نەمانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەرجسییەت و کاڵبوونەوەی ئەو بەھا جوانانە دەبێتەوە، کە تا دوێنێ لە ژیانیدا بوونیان ھەبوو. کارەکتەرەکانی ئەو شانۆگەرییە، بە جیاوازی پێگە و شوناسی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیان، لە ئاستی ڕوحیدا ھەست بە نامۆبوونێکی کوشندە دەکەن، کە ئیتر ئەوان پەیوەندییەکی ئەو تۆیان لە چوارچێوەی ماڵ و خێزان بە یەکترییەوە نەماوە، بەڵکو ھەزاران فرسەخ دوورن لە یەکتری، گەرچی بە یەکەوەش دەژین. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ھەرەسھێنانی ئەو پەیوەندییە ڕوحی و کۆمەڵایەتییەی کە تاکەکانی خێزانی لە ژێر یەک چەتر کۆ دەکردەوە، کە ئەویش ماڵ و خێزان بوو، لەوەشدا قوربانی یەکەم باوکە وەک ھێمای ئاراستەکردن و پەروەردەکردن و بەرزەفتکردنی خێزان، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیمای سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگەی کوردی. باوک لەو شانۆنامەیەدا، ئیدی ھەمان باوکەکانی پێشووتریی کۆمەڵگەی ئێمە نین، بەڵکو باوکێکە داماڵدراو لە ھێز و شکۆ، ڕێز و خۆشەویستی ، نێوندایەتی و پەروەردە کردن. بێگومان ئەگەر ئەمە وەک دەرھاوێشتەیەکی ژیانی سەردەمی مۆدێرنە ببینین، ئایا لێکەوتەی ئەو ژیانە لە سەر ئاستی ژیانی مرۆڤ وەک تاک چییە؟ باوکەکە گەرچی ھێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کوڕ و کچەکەی، خێزانەکەی، بەڵام ئەم پەیوەندییە، پەیوەندییەکی ڕۆتینی بێ ھێز و دەسەڵاتە و ئەوەیە باوک تەنھا وەک ڕۆبۆتێک لە ژیانی خێزاندا بوونی ھەیە. بۆیە کاتێ پرسیار لە خێزانەکەی دەکات، ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:_( من ژیانێکم ھەیە لەگەڵ تۆ یان بێ تۆ ل ٤٧) واتا ژنەکە لێرەدا، پەیوەندی خۆی و ھاوسەرەکەی لە دەرەوەی ھەموو گرێبەستێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە و ئیدی کارتێکی سوور بە ڕووی پیاوەکەیدا بەرز دەکاتەوە کە ئەو چیتر لە ژێر سایە و دەسەڵاتی ئەو وەک پیاوێک نییە . بەو مانایەی ئەو لەگەڵ پیاوەکەی بێت یان نا، ئیدی ئەو ئەوە و دەتوانێت بژیت. ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە سیما دیارەکانی ژیانی ئاڵۆز و جەنجاڵی ئێستای خێزانی کورد. باوکەکەش نازانێت چی بکات؟ جگە لەوەی نزا بکات و بڵێت:_( خودایە گیرۆدەی دەستی عەشقی کەسێکمان نەکەیت، بیەوێت تۆڵەمان لێ بکاتەوە) باوک کاتێ دەزانێت ئیدی ئەو دەسەڵاتێکی نەمایە، دەیەوێت لە ڕێگەی بە نێوەندکردن و بە دەسەڵاتکردنی کوڕەکەی وەک پیاو و شوێنگرەوەی خۆی، ڕێگە لەو لێکترازانە ئۆرگانی و خێزانییە بگرێت، بە مەبەستی دەستگرتن بە ھەموو ئەو پیرۆزیی و بەھایانەی پێشتر لە نێو خێزاندا ھەبوون، بۆیە ڕۆڵەکەی خۆی دەداتە کوڕەکەی کە وەک چاودێرێک بە نێو خێزان و لەگەڵ دایک و خوشکەکەی ببینێت. ڕەنگە باوکەکە لێرەدا بیر لەوە بکاتەوە، کە ئیدی بە ھەر ھۆکارێکەوە بێت ئەو ڕۆڵێکی ئەو تۆی نەماوە، بەڵام سەیر لەوە دایە، کوڕەکەش وەک دیوێکی دیکەی پیاوبوون، باکی بەوە نییە دایک چی دەکات ھەروەک دەبینین:
باوک :
نازانی دایکت چی دەکات؟
کوڕەکە:
ھەر نازانم و ناشمەوێ بزانم.
بێگومان ھەمان کێشە، سیامەند و خێزانەکەشی گرتۆتەوە، کاتێ شاعیرەکە پرسیاری ئەوە دەکات کە تەنھا خەم ئەوی کوشت؟ دایکی لە وەڵامدا دەڵێت:_( نەخێر ژنەکەشی !) ئەمەش دەلالەت لەو دوورییە ڕوحییە و لێکترازانە دەکات کە ئێستا لە نێو خێزانی کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی ھەیە.
پرسی بە سەربەستبوونی تاکەکان لە نێو خێزاندا وەک دەرھاوێشتەیەکی ژیانی مۆدێرنە و لێکەوتەیەکی دنیای ئێستای کۆمەڵگەی کوردی، دەرچوون لەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەی بە خێزان ناسراوە و ژیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی باوک، لێرەدا کۆتایی نایەت کە ئیدی تاکەکان ناسنامەی تاکایەتی و سەربەسەتی خۆیان بۆ دەگەڕێتەوە و ھەڕەمی پیرۆزی خێزان دەڕووخێت، بەڵکو گرفتی گەورە لێرەدا دەست پێ دەکات، کە ئیدی ئەوان نازانن ئەزموونی ژیانێکی نوێ بکەن، کە خۆیان ھەڵیان بژاردووە، لە دژی ژیانێکی سوونەتی و خیڵەکی وەک ئەوەی خەیاڵییان کردبوو. لەو سۆنگەیەشەوە کۆی ژیان بە گشتی دۆگما دەبێت و ھیچ کام لە شاعیرەکە، دایک، باوک، کوڕ، کچ، ژنە دووگیانەکە، ناتوانن بە دیاریکراوی لەگەڵ ئەو ژیانە نوێیە ھەڵبکەن و ڕابێن و خۆشیان نازانن چی دەکەن و چیان دەوێت ! بۆیە بەردەوام لە بۆشایەکی گەورەی ڕوجی و دەروونی دەژین و سەرەنجام ھەست بە نامۆبوونێکی کوشندە دەکەن و ژیانیان بە بێ ئاکام کۆتایی دێت. گەرچی لە دەسپێکی وەرزی یەکەمی شانۆکەدا، فریشتەیەک دەردەکەوێت، لێرەدا فریشتە نماییندەی ھێزێکی خودایی و ژیانێکی جیاواز لە ژیانی مرۆڤ و سەرزەمین دەکات، بە بڕوای من مامۆستا دانا، لێرەدا ناڕاستەوخۆ دەمانگێڕێتەوە سەر چیڕۆکی دروستکردنی ئادەم لە سەر زەوی. خودا بەرلەوەی ئادەم دروست بکات، بە فریشتەکانی گوت، خەلیفەیەک دەخوڵقێنم ، ئەوانیش بە نزاو سزاششەوە گوتیان ئەو شەڕ و ناخۆشی بڵاو دەکاتەوە، خوداش لە وەڵامدا پێی گوتن ئەوەی من دەیزانم ئێوە نایزانن، بۆیە سەرەنجام ئادەم وەک یەک مرۆڤ دروستکراو وەک یەکەم مرۆڤیش لە تاقیکردنەوەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی خودا، سەرنەکەوت و لە بەھەشت دەرکرا. بە دوای ئەو ڕووداوەش، قابیل ھابیلی کوشت، ئیدی سەرزەوی پڕ بوو لە تاوان. گەر فریشتەکە، لێرەدا وەک فریادرەسێک بۆ ژیانی مرۆڤەکان ببینین، بەڵام دواجار ئەویش پیر دەبێت و ھێز و بەھای سیمبولیانەی فریشتەیی نامێنێت و شێوە ژیانی سەر زەمین وەردەگرێت و دان بەوە دا ئەنێت کە دەبێ ھەمووان لە تاریکی ناخ ڕزگاریان بێت . واتا ژیانی مرۆڤەکان بە جۆرێک دۆگما و بێ مانا و بێ شکۆ بووە، کە ئیدی لە توانای فریشتەیەکی خوداییش نییە، ڕزگاری بکات تا لە کۆتاییدا ھەمووان نا ئومێدانە و ڕەشبینانە دەمرن و ھەست ناکەن ژیانێک ژیاون، جیاواز لە ژیانی پێشووتر ! بەمەش تاکی کورد لە ئاستی دەرەکیدا شێوە ژیانێکی مۆدێرنانە و خۆر ئاوایانە دەژیت، بەڵام لە ڕووی ئەقڵ و جیھانبینی و کاتەوە، ناتوانێت چۆن لەو ژیانە ھەڵبکات، کە لە ڕاستیدا مرۆڤی تایبەت بە خۆی دەوێت ! لە کۆتاییدا ھەریەک لە خوشک و براکە، لەو ژیانە تازەیان ھەست بە پووچی و بێ مانایی دەکەن و پەشیمانی ئەو ژیانە دەبنەوە کە تیایدا لەگەڵ دایک و باوکییان بوون، بۆیە ھەردووکییان باس لەوە دەکەن کە چەند بێ دایک و باوکن و لە ماڵێک دەژین، ئەگەر پێکەوەش بن بەڵام ھەر تەنیان، وەک ئەو لێکترازانە ڕوحییەی بە ھۆی ھەژموونی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەیە، کە ڕاستە بە جەستە لەگەڵ یەکتریدان، بەڵام لە ڕووی ڕوحییەوە ھەموومان بە دەست تەنھایەکی کوشندە دەناڵێنینن و لێکترازن و درزێک کەوتۆتە نێوانمان، کە ھەرگیز یەکناگرێتەوە. دواجار دەڵێم مامۆستا دانا لەو شانۆنامەیەدا، بە زمانێکی جوان و سادە، ئەو نامۆبوون و شکست و لێکترازانە ڕوحییەی مرۆڤی کورد دەخاتە ڕوو، بە شێوەیەکی قووڵ و فەلسەفییانە، پەیوەندی ئێمە بە دنیای پۆست مۆدێرنەوە لە ڕووی ئەدگارەکانی ژیانەوە نیشان دەدات و دەیەوێت ڕەخنەمان بکات و پێمان بڵێت ڕاستە ئێوە مۆدێرنانە دەژین، ژیانێک ئەزموون دەکەن کە تازەیە، بەڵام نە خۆتان مرۆڤی ڕاھاتووی نێو ئەو ژیانەن، نە ژیانەکەش بۆ ئێوە ئەزموون دەکرێت. دواجار دەڵێم مامۆستا دانا ھونەرمەند و نووسەرێکی سەنگین و قەڵەمێکی دیارە، خوێندنەوەی بەرھەمەکانی نەک بۆ ھونەرمەندان، بەڵکو بۆ ئێمە مانانیش کە ھیچ سەروکارمان لەگەڵ دنیای ھونەر نییە، جێی بایەخ پێدان و بە گرنگی سەرنجدان و خوێندنەوەن، چونکە ھەڵگڕی پرسی مرۆیی و بابەتی فەلسەفی قووڵن و شیاوی خوێندنەوە و بەسەرکردنەوەن.
*لێکترازان، شانۆنامە، نووسنی : دانا ڕەئووف، بڵاوکراوەی کەپر، ساڵی چاپ _٢٠٢٤ .
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١٣٥٩) لە ٢٠/٢/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.








































































Discussion about this post