(لە بن نسێی کۆچە ئەبەدییەکەی دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی دا)
نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی
کلیلەوشە:ماڵباتی ئیبراهیمی،هیوا قادر،ئاوێر،شەپۆل،بەنی هەتوان،کورد
من بە تەنها دەمرم و مردن پێم دەڵێ:
پیاوە غەریبەکە ئەم ئێوارەیە گوڵێکم لێ بکڕە،
من دەڵێم؛دڵۆپە ئاوەکانی سەر پەڕەی گوڵەکانتم
پێ بفرۆشە،با تونیم نەبێ.
ئەفسووس من وەختم نەماوە بۆ کڕینی گوڵ.
(هیوا قادر،ل81)
پەیڤی بەرایی:
گەر بە نێو ڕووپەڕی دیرۆکی کورددا بگەڕێین،سەدان ماڵباتی خەمخۆر و گەلپەروەرمان پێ شک دێت کە هەر یەکە و لە گۆشە و سووچێکی نیشتمانەکەی کوردان یانژی لە تاراوگە و غوربەتەوە، سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بەرانبەر چاند و زمانی کوردی بوونە و هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردی شانبەشانی زمان و چاندی نەتەوەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە پێش بکەوێت و ناوی کورد و فەرهەنگەکەیشی هەردەم ناوێکی درەوشاوە و گەشی سەرزاران بێت. بەدرخانییەکان،جەلیلەکان،جەلیزادەکان،موکریانییەکان،موفتیزادەکان و موددەڕیسەکان،تەنێ ناوی چەند بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر دێتە ئەژمار کە بەختەوەرانە تا دێت نموونەیان زێتر دەبێت. ئەم کورتە نووسینە ئاوڕێکی کورت دەداتەوە لە ماڵباتێکی تا سەرئێسقانی گەلپەروەری دی هەر لەم پەیوەندییەدا کە ئەویش ماڵباتی “ئیبراهیمی”یە کە چەندان سیمای دیاری تێدا هەڵکەوتووە؛ سەرتۆپەکانیش بریتینە لە مامۆستایان “ئاوێر”،”شەپۆل”و”بەنی هەتوان”.
ماڵباتێک نغرۆی گەلپەروەری:
ماڵباتی ئیبراهیمی(مەلاسەعید ناسراو بە”ئاوێر”(2004-1932) ،محەممەدساڵح ناودێر بە “شەپۆل”(2018-1933) و محەممەد بە نازناوی “بەنی هەتوان”(2024-1947)،یەکێکی دی لەو بنەماڵە درەوشاوانەی نێو مێژووی کورد دێتە ئەژمار کە هەر هەموو تەمەن و ژینی خۆی بە گەلەکەی خۆ بەخشیوە و بەدرێژایی ساڵانی ژیان،زێترین خزمەتی بە ڕووبەری زانست،ئەدەب و ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی خۆ کردووە.
ئەم ماڵباتە،سەرەڕای ئەوەی هەر یەکە و لە گۆشەیەکەوە لە هەوڵی بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆدا بوونە،بۆ خاکەڕایی و ڕەوشتبەرزییش،ویردی سەرزارانە و هەنووکەیش ئەم نەریتە و خەسڵەتە بڵندەی بۆ نەوەی ئێستایشی گوێزتووەتەوە و هەر ئێستاکەیش ئەم ماڵباتە دەیان مرۆی گەلپەروەری تێدایە کە هەر کامە و لە ڕەهەندێکەوە لە پێناو پێشخستنی دۆزی نەتەوەکەی خۆدا خەبات دەکەن.
ماڵباتی ئیبراهیمی لە سەردەمێکدا پرسی هەرە هەستیاری پەروەردەی لە لا گرینگ دەبێت کە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت،ئەم بابەتە بەبایەخە ئەوەند لە لای ئێمەی کورد ئاوڕێکی هەرەقەتی و ڕاستینەی لێ نادرێتەوە و هەرگیزیش نەبووەتە پەرۆشێکی سەرەکی. پڕ ڕوونە ئەو گەلەی ژێرخانی پەروەردەیی لاواز بێت،کەمتر دەتوانێت لە داهاتوودا لە بەری ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی بچنێتەوە. هەر بۆیە تا چەندە بایەخی فرەتر بۆ پرسی پەروەردە دابنرێت،سبەی خاوەنی کۆمەڵگەیەکی خەمخۆرتر بەرانبەر چاند و زمانی نەتەوەکەمان دەبین.
ئیبراهیمییەکان لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا ڕێیان دەکەوێتە گەورەباژێڕێکی وەک تاران کە بە هەزارانمان پێ شك دێت شەرمیان لە ناسنامەی خۆ دەکرد و کوردبوونی خۆیان دەشاردەوە بەڵام گەورە و گچکەی ئەم ماڵباتە پاش تەمەنێکی دوور و درێژ دەڵێی هەر لە نێو چەقی نیشتمانەکەی خۆدا گەورە بوونە و پەروەردەیەکی تەواو کوردانە بە ئاکار و کردار و گفت و لفتیانەوە دیارە و بگرە هەر درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازەکەی گەورەکانی خۆنە. هەر بۆیە پرسی پەروەردە ئەوەندە دەوری گرینگ دەبینێت. مرۆڤ کە شەرم لە زمانەکەی خۆ بکات،بێ سێ و دوو شەرم لە خودی نەتەوە و ناسنامەکەیشی دەکات و خۆیشی لە هەمبەر زمان و نەتەوەکانی دیکەدا پێ نزم و نەوی دەبێت. وەک نموونە ئاماژە بە مامۆستا شەپۆل دەدەم کە بەردەوام لە پێناو پێشخستن و گەشەپێدانی پەیڤی کوردیدا خەباتی دەکرد. جاری وایە لە مەتەرێزی ڕادیۆوە ئەو ئەرکەی جێبەجێ دەکرد و جاری دواتریش سەنگەری ڕۆژنامەگەریی کوردی هەڵدەبژارد و هەر ئەوەندە بزانین کە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979(1357ی هەتاوی)دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و گۆڤاری “گرشەی کوردستان” لە تارانەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم گۆڤارە هەر بە هەوڵی تاکەکەسیی ئەم مرۆڤە نەتەوەپەروەرە تا 9 (نۆ) ژمارەیەکی لێ دەردەچێت.
دوابەدوای ئەوەی لە نەوەدەکانی هەتاوی بەملاوە(2012) ڕووم لە شاری سنە نا،لە سای نزیکایەتی دەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا شەپۆل لە تاران،هەر زۆر زوو دەگەڵ خودی دوکتۆر “محەممەد”ی برای و دوکتۆر شێرکۆی کوڕی مامۆستا محەممەد ئاشنایەتیم پەیدا کرد و ئەوەی چاوەڕوانیم دەکرد ڕاست هەر بە هەمان شێوە دەرچوو و ئەمانیش ڕاست نموونە باڵاکەی گەلپەروەریی و خاکەڕایین. لە دەیان کۆڕ و دانیشتندا دەگەڵ دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی لەسەر خەم و پەرۆشەکان پێکەوە بیر و ڕامان گۆڕیوەتەوە. لێرەوە پەی بەو گرینگە دەبەین کە هەر لە کەڤنەوە پەرۆشێکی سەرەکیی ئەم ماڵباتە،زمان و کولتووری نەتەوەکەی بووە و دوکتۆر محەممەدیش وەک گەورەکانی پێش خۆی لە هەمان پێناودا خەباتی کردووە؛هەر بۆیە ناوی هەردەم لە مێژووی کورددا وەک خۆری بەیان درەوشاوە دەبێت.
لە ئامێزی ژیاندا:
دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی ناسراو بە “بەنی هەتوان”،ساڵی 1326ی هەتاوی(1947ی زایینی)لە شاری مەهاباد لەدایک دەبێت. “محەممەد ئیبراهیمی محەممەدی”، برا بچووکی مامۆستایان دوکتۆر محەممەدسەعید ئیبراهیمی ناسراو بە ئاوێر و دوکتۆر محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە “شەپۆل”ە و بنەماڵەیەکی گەوهەرینە کە هەر لە کۆنەوە تا هەنووکە بۆ دڵسۆژی بەرانبەر نەتەوەکەی خۆ ویردی سەرزارانە.
نووسەر و توێژەر،دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی ،تەمەنێکی دوور و درێژ لە ڕێی وانەوتنەوەوە بووبوو بە سەرچاوەی خزمەت. ئەم کەسایەتییە خودان سەنگە،مامۆستای چەندان زانستگە بوو و تەمەنێک لەو ڕۆچنەیەوە خزمەتی چەند بوارێکی وەک فێرکاریی و پەروەردە،زمان و چاندی کوردی دەکرد.دەیان نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو بووەتەوە کە لەو بەینەدا دەکرێت ئیشارەت بدەینە “سیروان” و “ئاسۆ”.
ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان بەرهەمی بەپێزی وەک “وارگەی مێژوویی کورد”،وەرگێڕانی گوڵبژێرێک لە “کتێبی کورد و کوردستان”ی “ڤاسیلی نیکیتین”(1960-1885) بۆ سەر زمانی کوردییە و،لە دەیان کۆنفرانس و کۆنگرەیشدا دەوری کارا دەبینێت.
ئەم مرۆ ڕۆحسووکە،نازناوی “بەنی هەتوان”ی بۆ خۆ هەڵبژاردبوو کە لەبەر خۆشەویستی بەرانبەر مەلا مستەفا بارزانی(1979-1903) خۆی بەو نازناوە ناودێر دەکرد چونکە بارزانیی نەمری بە باوکی مەرهەم و ساڕێژکەری برین و زامی کوردان دادەنا.
دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی هەر بە تەمەنی گەنجیی ئەو شانازییەی پێ دەبڕێت ساڵی 1979،لە کاتی ئەسپەردەکرانی تەرمەکەی بارزانیی نەمردا لە شاری شنۆ ،لەسەر گۆڕەکەی شیعر بخوێنێتەوە و تەڵقینی داداوە.
سەرەنجامیش لە دواڕۆژانی پاییزی ڕەنگاڵەیی نیشتماندا ڕۆژی چوارشەممە،28ی سەرماوەزی 2724(18ی دێسەمبەری 2024)لە شاری سنە کۆچی دواییی کرد و ڕۆژی پێنجشەممە،29ی سەرماوەزیش خاکی پیرۆزی نیشتمان بوو بە دواهەواری.
شاری سنە کە هەمیشە باوەشی بۆ گەلپەروەران ئاوەڵا بووە،بەوپەڕی میهرەبانییەوە ئامێزی لە ڕووی ئەم مرۆ خاکەڕایەیش کردەوە و لە بەشی هونەرمەندان و ناودارانی ئارامستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا ماڵۆچکەیەکی بۆ تەرخان کرا و تەرمەکەی بۆ هەمیشە لە باوەشی خاکی نازەنینی ئەم بەشەی نیشتماندا ستاری گرت؛لێرەوە ئەم کردە و هەڵوێستە بڵندەی دەستەی ڕێزنان لە ناودارانی کوردستان بەرز دەنرخێنم و ئەم هەنگاوەیان جێی پێزانین و دەستخۆشیی فرەوانە.
دەرەنجام: دیرۆک شایەتی ئەوە دەدات کە ماڵباتی ئیبراهیمی، یەک لە بنەماڵە هەرە ڕەسەنەکانی نێو کورد دێتە ئەژمار کە بەشی فرەی تەمەن و ژینیان لە پێناو بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و چاندی کوردیدا تێپەڕیوە و ئەم نەوە،ئەم وانە گرینگەی بۆ نەوەی پاش خۆی گوێزتووەتەوە و هەر هەموو(گچکە و گەورە)بە بێ جیاوازیی ڕەگەز بۆ گەلپەروەری سەرتۆپن. ئەوەی لە نێزیکەوە ئاشنا بەم ماڵباتە نازەنینە بێت،دەزانێت پەرۆشێکی سەرەکیی لە لای بنەماڵەی ئیبراهیمی،پاراستن و پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردییە بە گوێرەی سەردەم. خاکەڕایی،ڕەوشتبەرزیی و گەلپەروەری،سێ تایبەتمەندی هەرە دیاری نێو ئەم ماڵباتە گەوهەرینە دێتە ئەژمار.هەر بۆیە گەر ئاوڕێک لە تاکە تاکەیان بدرێتەوە،ئەو ڕاستییەت لە لا دەردەکەوێت وێڕای خۆتەیارکردن بە زمانی زانست،خەمخۆرییەکەیشیان بەرانبەر نەتەوەکەیان لە باڵاترین ئاستدایە. دیارە ئەم پرسە بۆ ژێرخانێکی بەهێزی پەروەردەیی دەگەڕێتەوە و ئەو ڕاستییەمان لە لا خویا دەکات تا چەندە لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی کوردانە دەڕۆن و ڕاژە و خزمەتکردنی چاند و کولتووری کوردییان هەتا چەندە لە لا گرینگە. لێرەوە تێدەگەین لە لایەکەوە بارهێنانی زارۆک لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی کوردانە و دواتریش گرتنەپێشی ڕێبازی زانستی بۆ بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی چاند و زمانی کوردی لە لای ئەم ماڵباتە بەهەند وەرگیراوە. هەر ئەوەندە بڵێم کوڕ و کچی نێو ئەم بنەماڵە گرانقەدرە لە چەندان مەتەرێزی وەک دەروازەی زانست،وەرگێڕان،نووسین و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی سەرقاڵ و مژولی ڕاژە و خزمەت بە زمان و کولتوورەکەی خۆن. ئەم ماڵباتە بە درێژایی تەمەن، هەردەم ڕووناکایی بۆ گەلەکەی بووە و لە هەر وشە، نووسین،ئاخاوتن و دەرکەوتنێکدا،تەنێ هەر یەک پەیڤ خۆ دەنوێنێت و بەس؛ ئەویش ناوی پیرۆزی “کوردستان”ە.
ژێدەر:
- دیوانی هیوا قادر،چاپخانەی هاووڵاتی،2012،کوردستان
- باوکی خۆشەویستم،ماڵئاوا،نامەی دیاکۆ ئیبراهیمی بۆ کۆچی دواییی باوکی کە لەسەر قەبرەکەی لە لایەن ئازاد ئیبراهیمی(1979)،نووسەر و میدکاکاری ناسراوی کوردەوە خوێندرایەوە.
- کورتە باسێک لەسەر ژیانی مامۆستا مەلا سەعید ئیبراهیمی،ئازاد ئیبراهیمی،ماڵپەڕی هاژە،خاکەلێوەی 1401ی هەتاوی
- دوو چڵە نێرگزی نیشتمان و تەمەنێک خزمەت،هۆمەر نۆریاوی،دووحەوتەنامەی لووتکە،ژمارە 30،مارتی 2018
Discussion about this post