ھونەرمەند عەلی ئەڵوەنی: جیاوازی ھونەری خۆشنووسی لەگەڵ ھونەرەکاتی تر ئەوە کە نابێت زۆر لە یاسا و ڕێساکانی دەربچیت
ھونەرمەند (عەلی کازم) ناسراوم بە (عەلی ئەڵوەنی) یەکێکە خۆش نووسانی کوردستان بەشداری چەندین خوول و پێشانگای لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق و دەورەی عێراق دا کردوە ھەروەھا چەندین خەڵاتی بەدەست ھێناوە.. ئەڵوەنی لە شارە جوانەکەی خانەقین لە دایک بووە زیاتر لە (٥٠) ساڵە لە شاری ھەولێر دەژیت دەرچووی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێرە بەشی سیرامیک.. ئەم ھونەرمەندە لە دوای کۆتایی ھاتنی نەخۆشی کۆڕۆنا یەکەم ھونەرمەند بوو لە شاری ھەولێر پیشانگای لە کۆڵانەکانی گەرەکی تەعجیل کردەوە ..جگە لە بواری خۆشنووسی ئەڵوەنی لە کاری راگەیاندیش دەستێکی باڵای ھەیە بە تایبەتی لە دیزاینی دیکۆردا بۆیە لەچەندین دەزگای تەلەفزیۆنی کاری کردوە..لە ئێستادا سەرپەرشتیاری ھونەرییە لەپەروەردەی ھەولێر ئێمەش لە نزیکە ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵ ئەنجام دا.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین ھونەرمەند عەلی ئەڵوەنی چۆن تێکەڵ بە جیھانی خۆش نووسی بوو؟
– من لە ناوەڕاستی ھەشتاکان ھەرچەندە پێشتر کاری یاخود حەز و خولیای وێنەکێشانم ھەبووە، وە خۆشم دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی سیرامیکم، بەڵام زیاتر خولیا و حەزم بۆ ھونەری خۆشنووسی چوو، خۆشنووسی وەکو ئەشقێکە بۆمن کاتێ پیتەکان بە جوانی دەینووسم سەبووریەک و ئارامیەک بە ناخم دەبەخشێت، ھەر بۆیە خۆم و ھونەری خۆشنووسی عەشقێکی ھەتاھەتایی لە نێوانمانە.
*چۆن پێناسەی ھونەری خۆش نووسی دەکەیت؟
– ھونەرێکە وەکو ھەموو ھونەرەکانی تر، بەڵام جیاوازیەکەی ئەوە کە نابێت زۆر لە یاسا و ڕێساکانی دەربچیت،ھەرلەبەر ئەوەشە ھەموو کەسێک نابێت بە خۆشنووس ئەگەرئەزموون وحەز و ئارەزوو نەبێت .
*زۆرێک لە نووسینەکانت وەکو تابلۆیەکی ھونەری دەردەکەوێت، ئایا لەم روانگەیەوە دەنووسیت؟
– بەڵێ، بێگومان ھەموو ھونەرمەندێک، لە ھەر بوارێک بێت، ھونەرەکەی وا پیشان دەدات یاخود وا پێشکەشی جەماوەر دەکات. منیش وەکو ھەموو ھونەرمەندێک تابلۆی خۆشنووسی دەنووسم بۆ ئەوەی ئەو ھونەرەی دەیزانم پێشکەشی خەڵکی بکەم، وە ھەندێک جاریش لە بارودۆخێکی دەروونی تێپەڕ بوومە توانیومە بە نووسینی چەند پیتێک خۆم دەربکەم لەو دڵتەنگیەی کە تێیدابوومە.
* چەندین جۆری خۆش نووسی ھەن، بەرێزتان زیاتر لەسەر جۆرە شێوازێک کار دەکەن؟
– بەڵێ، جۆرەکانی خۆشنووسی زۆرن وەکو (ڕوقعە، نوسخ، دیوانی، کوفی، نەستەعلیق، محقق، ئیجازە) تەنانەت ئێستا ھەندێ جۆری تازەش پەیدا بوون، بۆنموونە (سومبلی). بەڵام خۆم زیاتر (نەستەعلیق و نوسخ) دەنووسم، چونکە ھەست دەکەم خەتی نەستەعلیق تابلۆی ڕەنگاو ڕەنگی لێ دەردەچێت، لە ھەمان کاتدانزیکە لە ناخم.
*زۆربەی خۆش نووسەکان زیاتر گرنگی بە شێوازی خۆشنووسی عەرەبی دەدەن ھۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
– ھۆکارەکەی ئەوەیە کە، لەگەڵ ڕێزم بۆ ھەندێک لەوخۆشنووسانە، کە وا بیردەکەنەوە بە تەنھا خۆشنووسی لە گۆشەی عەرەبی و ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز دەبێت. بەڵام ئێستا خۆشنووسی تێکەڵ بە ھونەری ئەبستراکت بووە، کە بریتییە. لە تێکەڵ بوونی پیت و ڕەنگەکان و بەزاندنی ئەو بیرکردنەوەیە کە ھەندێک خۆشنووس وەکو جەنابتان باسی دەکەن، خۆشنووسی بە تەنھا لە زمانی عەرەبی دەبیننەوە.
*ئەو بابەتانەی لە خۆشنووسیینەکانت بەکار دەھێنیت چین (پەندی کوردین ، ئایەتی قورئانن، شیعرن…)؟
– زیاتر پەندی کوردییە. چونکە من وەکو مامۆستایەک و سەرپەرشتیارێکی ھونەری، وا بە باش دەزانم ئەو پەندە کوردیە جوانانە کە لەناو کورد دا بوونی ھەبووە و ھەیە، ڕۆژانە مامۆستایەکان بۆ قوتابیەکانیان شی بکەنەوە، بۆ ئەوەی پەند لەو پەندانە وەرگربگرن، کە باو باپیرانیان بۆیانیان باس کردووە، بۆ ئەوەی بزانن چ سوودێکی ھەیە بۆ ژیانی ڕۆژانەیەن.
*لە نێو ناوەندە خوێندنە ھونەرییەکان تاچەند گرنگی بە خۆشنووسی دەدەرێت؟
– بەداخەوە ،ھیچ گرینگیەکی پێ نەدراوە، بۆیەش زۆرینەی قوتابیەکان بە شێوەیەکی ناشرین دەنووسن و مامۆستایەکانیانیش بە ھەمان شێوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار کە دەبێت خوولێکی ھاوینە بکاتەوە و فێری خۆشنووسیان بکات، بۆ ئەوەی قوتابی لە مامۆستاکانیان تێبگەن، ئینجا بۆ ئەوەی قوتابیانش لە مامۆستاکەیان فێر بن.
زۆرجار لە تاقیکردنەوە قوتابی وەڵامی ڕاستی نووسیوە، بەڵام بەھۆی ناڕێکی دەست و خەت بە ھەڵە بۆی ھەژمار کراوە ،ھیوادارم لایەنی پەیوەیندیدار چارەسەری ئەم گرفتە بکات کە زۆر ئاسان چارەسەر دەکرێت.
*رەنگ تاچەند فاکتەرە بۆ جوانکردنی خۆشنووسی بۆنموونە رەنگی رەش؟
– ڕەنگی ڕەش زیاتر بۆ ئایەتەکانی قورئان بەکار دێت فاکتەرێکی جوانی نیشان دەدات. بەڵام من خۆم خەتی فارسی دەنووسم چونکە جوانیەکی زیاتر دەبەخشێ ڕەنگی زیاتر بەکاردێت، بۆ نموونە (سوور، قاوەیی، سەوز، پیرۆزی).
Discussion about this post