سەدیق سەعید ڕواندزی
بە درێژایی قۆناغەکانی شیعری کوردی، تا ڕادەیەک ناسینەوەی نەوە و قۆناغە شیعرییەکان، لە پەراوێزی ھەبوونی ھەندێک خاسیەتی ئەدەبی و ھونەری و زمان و ناوەڕۆکەوە، ئاسانە. بەڵام کاتێ دێینە سەر شیعری نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین، ئەوا ئێمە لە بەردەم لێڵییەکی گەورە داین، کە ناتوانیین خاسیەتە شیعرییەکانی ئەو نەوەیە، دیاری بکەین و بناسینەوە. ئەوەش لەبەر یەک ھۆکاری سادە ئەویش ئەوەیە، کە لە بنەڕەتەوە ئەو نەوەیە، شوناسێکی شیعری دیار و بەرجەستە و سەربەخۆی تا ئێستا نییە، کە پێی بناسرێتەوە. ئەمە لە ئاستی زمانی شیعریی بێت، یاخود دنیابینی شیعرییەوە. بۆیە زۆرجار کە دەقێکی شیعری ئەو نەوەیە دەبینین، وا دەزانینن قسە کردنێکی ئاسایی دەخوێنینەوە. بەشێکی زۆری ئەو نەوەیە، شیعر لە دەربڕین و گوتندا دەبینێتەوە و بڕوای وایە، دەشێ ھەموو شتێک لە شیعردا بگوترێت، بۆیە زۆرجار دەقە شیعرییەکان بە ئاراستەیەک بێ مانا دەکەونەوە، کە لە دەرەوەی ھەموو جۆرە شوناسێکی شیعری دانە. ئەمە وێرای ھاوشێوەبوون و ھاوچوونی دنیابینی و دەقی شیعری زۆربەی ھەرە زۆری ئەو نەوەیەش. کە واتا ئەگەر نەوەیەک شوناسێکی نەبێت، دەکرێ بڵێین شاعیرێکی گەنج لە نێو ئەو شوناسە شوێنێکی ھەیە؟ (دڵشاد عەبدوڵا) لە پێشەکی کتێبی ( سووتانی بەفر) دەنووسێت:_( توانای سامان گەردی، لە نێو بزاوتی شاعیرانی نەوەی نوێ و ئەو توانایەی ھەیەتی، دەتوانم موژدەی ئەوە بدەم کە ھەوڵێکی جددییە بە ئاراستەی داھاتوو ). دواتر بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:_ (خاڵی بە ھێز لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە زمانەکەیەتی) لێرەدا، وەک خوێنەرێکی شیعر، بەراوردی ھەردوو بۆچوونەکەی دڵشاد عەبدوڵا، بە ناوەڕۆک و گوتاری ئەو شاعیرە گەنجە دەکەین و دواتریش، ڕوونی دەکەینەوە کە ئاخۆ ئەم بۆچوونە، بۆچوونێکی لۆژیکی و ئەدەبی و دەرەنجامی ھەڵسەنگاندنێکی قووڵ و وردی ئەزموونی شیعری نەوەی نوێ بە گشتی و شیعرەکانی سامان گەردیش بە تایبەتییە، یاخود تەنھا ستاییشنامەیەکە و جۆرێکە لە ڕازیکردنی شاعیر، وەک ئەوەی ئێستا لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا دەبینرێت؟ شیعرەکانی ئەم شاعیرە لە کوێدا، لە ڕووی زمانەوە بە ھێز و جیان لە شیعری شاعیرانی دیکە ؟ بێگومان زمان لەو کۆمەڵە شیعرەدا، ھەمان ئەو زمانە شیعریەیە، کە نیو سەدە زیاترە لە دنیای شیعری ئێمەدا، شیعری پێ دەنووسرێت. زمانی شیعری ئەو شاعیرە گەنجە، لە ئاستی ناوەڕۆک و چەمک و دەربڕینی شیعرییانەوە یاخود فۆڕمی شیعری، ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شیعری ھاونەوەکانی و پێشووتریش نییە و ئەم شاعیرەش ھەمان ئەو وشە و دەربڕینانە دەڵێتەوە، کە دەیان ساڵە لە شیعری کوردیدا، ھەن، لەلایەکی ترەوە، جیاوازکەوتنەوە لە ڕووی ئەزموونی شیعریی و نووسینی دەقی جیاواز و تایبەت لە ڕەوتی شیعری باو، توانا و داھێنانێکی گەورەی شیعری دەوێت، لێرەدا وەک خوێنەرێک نموونە لە چەند دەقە شیعرییەک دێنینەوە، تا بزانین ئەو شاعیرە خاڵی بە ھێز لە شیعرەکانیدا، زمانەکەیەتی وەک ئەوەی دڵشاد عەبدوڵا دەیڵێت؟ بۆ نموونە:
خۆم بە ھێڵی ئەو داپیرۆچکانە ھەڵدەواسم
ھێلانەیان پڕە لە گۆ (سووتانی بەفر لا ٢٧)
ئایا جالجاڵۆکە، تەونی ھەیە یان ھێلانە؟ ئەگەر شاعیرێک ئەمانە لە یەکتری جیا نەکاتەوە، دەکرێ بڵێین خاڵی بەھێز لە شیعرەکانی زمانەکەیەتی؟
تا مەکتەب جمھووری
کە بەرامبەر ئێستای نووسەرانە (سووتانی بەفرلا ٢٩)
مەبەست قوتابخانەی (جمھورییە) کە بەرامبەر نووسەرانە لە شاری ھەولێر، کەچی ئەم شاعیرە گەنجە و زمان بەھێزە (مەکتەب)ی نووسیوە کە بە مانای نووسینەگە، یان عەقارات دێت!
بووم بە بەردێک
لەگەڵ باران ناوی تۆم
بە دڵۆپێک لە سەر ھەڵکەند (سووتانی بەفرلا ٣٧)
لێرەدا، مەبەست ھەڵکۆڵینە، واتا ، کەچی شاعیر ھەڵکەندی نووسیوە، کە بە مانای لە ڕەگەوە دەرھێنان دێت!
تا دەنگ پڕکا یەک بە قوڕگم ھاوار دەکەم (سووتانی بەفر لا٤٢)
مەبەست ئەوەیە، تا دەنگ دەڕوات و ھێزی گەیاندن و دوورکەوتنەوەی ھەیە، ھاوار دەکات. بەڵام شاعیر( پڕ) ی نووسیوە لە بری ( بڕ ) کە بە مانای بڕین و خێرایی دێت و وا دەزانێت ھەردووکییان ھەمان مانایان ھەیە! دەنگ بڕ دەکات، نەک پڕ دەکات.
ڕاکردنی سەر بەفر پێی دەڵێن خلیسکانە (سووتانی بەفر لا ٨٧)
ئایا خلیسکانێ ڕاکردنە لە سەر بەفر؟ مەگەر یەکێک کە یاری سەر بەفر دەکات، خلیسکانێ دەکات یان ڕاکردن؟
لە نێو بیابانێکی بێ گیاوگوڵم (سووتانی بەفر لا١٠٨)
مەگەر ھیچ بیابانێک ھەیە، سەوز و پڕ لە گیاو گوڵ بێت؟
خاڵێکی دیکە ھەر پەیوەست بە زمانی شیعرەکان ئەوەیە، کە بەشێک لەو شیعرانە، لە ڕووی دەربڕین و وێنەی شیعرییەوە، لە شیعری شاعیرانی تر وەرگیراون و لاساییان کراوەتەوە. یاخود ھەمان دەربڕین و وێناکردن، بە جۆرێکی دیکە دەبینین. بە ڕادەیەک کە شیعرەکان پڕن لەو وشە و دەستەواژە شیعرییانەی لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا، دەبینرێن و لە فەرھەنگی شیعرییانەی ئەودا ھەن. ئیدی نازانم چۆن دڵشاد عەبدوڵا، بوێری ئەوەی کردووە بنووسێت:_(خاڵی بەھێز لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە گەنجە زمانەکەیەتی و یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرکەوتووەکانی) ئەگەر شاعیرێک بە ھەمان زمانی شیعری شاعیرانی تر بنووسێت، دەکرێ بڵێین زمانێکی بەھێز و جیاوازی ھەیە؟ لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین کە ئەم شاعیرە گەنجە لە شیعری شاعیرانی دیکە وەریگرتوون:
* لا ٤٩ نووسیویەتی: ( ژووانی سێبەر) ئەمە لە ناونیشانی دیوانێکی فەرید زامدار وەرگیراوە.
* لا ٦٢ نووسیویەتی: ( حەزم لە ماچە، ماچی لێوەکانت، ئارەقەی سوێری بن چەناگەت) ئەمە لاسایی شیعرێکی پەشێوە کە دەڵێت ( ئەی گیانی خۆم ماچت دەکەم، نەرمایی گوێ، قۆرتی چەناگەت ماچ دەکەم).
* لا ٦٤ نووسیویەتی: ( ئەگەر لەناو شیعرەکانم مەمک بێنە دەرەوە، پاییز بێبەر دەبێت لە ھەنار ) ئەمە لاسایی شیعرێکی شێرکۆ بێکەسە کە دەڵێت ( ئەگەر لە ناو شیعرەکانما گوڵ دەراوێژنە دەرەوە لە چوار وەرز وەرزێکم دەمرێت).
* لا ٦٩ نووسیویەتی:( بوونت بەسە تا بڵێم ھەم) ئەمە لاساییکردنەوەی شیعرێکی سەرکەوت ڕەسولە لە کۆمەڵە شیعری پاییزە یاد کە دەڵێت ( لە ژێر سێبەری یادێکت دانیشتوومە ھەتا ھەبیت منیش ھەمە).
* لا ١٠٢ نووسیویەتی:(درێژترین دێڕ…دایە) ئەمە لاساییکردنەوەی شیعرێکی فەرھاد پیرباڵە لە دیوانی ئیکسیل کە دەڵێت (درێژترین شیعر بۆ دایکم … غەریبیت دەکەم).
وێرای ئەمانەش، شیعرەکانی ئەم کۆمەڵە شیعرە، پڕن لە لاساییکردنەوە و کۆپیکردنەوەی ئەو وێنە و دەربڕینە شیعرییانەی لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا ھەن، کە خوێنەران بۆ دڵنیایی، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر شیعرەکانی ئەو شاعیرە و بەراوردی یەکتریان بکەن، ئەو کات باشتر ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەکەوێت.
*پەراوێز: سووتانی بەفر، کۆمەڵە شیعر، نووسینی : سامان گەردی.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤١٣٥) ڕۆژی ٢٥ /٨/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post