سەدیق سەعید ڕواندزی
نیشتمان لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، پێگەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیی بەرز و یاری ھەیە. ھەر ئەم وابەستەبوونە گەورەیەشە بە نیشتمان، کە ئەم شاعیرە دەکاتە شاعیرێکی دیار و شوناسێکی نەتەوەیی گەورەی پێ دەدات. ھاوتەریب لەگەڵ ناسۆریی و تراژیدیاکانی نەتەوەیی ئێمە، ئەم شاعیرە شیعر دەکاتە ڕەنگانەوەی ئەو تراژیدیایانە و خەمەکانی مرۆڤ و نیشتمان، بە کۆڵی شیعر ھەڵەگرێت و برینی نەتەوەیی ئێمە، لە شیعردا بەرجەستە دەکات. مێژووی ناسۆرییەکانی ئێمە و کۆڤانی خەم و ژانەکان، ڕووبەرێکی گەروەیان لەئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە گرتووە و دەبنە بزوێنەری شیعریی و بە نەمری لە ڕووداوێکی مێژووییەوە، دەبنە ڕووداوێکی ئەبەدی و بۆ ھەتایە لە یاد ناکرێن. بەو مانایەی ئێمە ئەگەر لە ڕووی مێژوویی و یادەوەریشەوە، ئەنفال لە بیر بکەین، ئەوا ئەم مەرگەساتە، لە ڕێی گۆڕستانی چراکانی ئەم شاعیرە، بەردەوامی دەبێت و ھاوتەریب لەگەڵ بوون و ژیانی ئێمە دەمێنێتەوە. لێرەوەش نیشتمان، دەبێتە شوناسی شیعری ئەم شاعیرە، بە ھەموو شکست و سەرکەوتنەکانییەوە، بە ھەموو جوانی و ناشرینی و ژێردەستەیی و ئازادییەکانییەوە. بۆ شێرکۆ بێکەسیش لە ڕێگەی داستانی کازیوە و کۆچ و دەربەندی پەپولە و ئافات و شیعرە بەرگرییەکانی دیکەی، دەبێتە بەشێک لە مێژووی سیاسی و نەتەوەیی ئێمە و وەک شاعیری گەل و نیشتمان دەناسرێت و ھەمووان شانازی پێوە دەکەن. کەچی دەبینین لە دوا ساتەکانی ژیانیدا، نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆی کە دەیان ساڵ بوو شیعری بۆ دەنووسی، بە کچێک دەگۆڕێتەوە. لە کاتێکدا کچی نێو شیعرەکان، تەنھا نیشتمانی خۆیەتی، بەڵام نیشتمانی نێو شیعرەکانی، نیشتمانی ھەموومانە و بۆیەشە لە ڕێگەی ئەو نیشتمانەشەوە، ھاوسۆز و ھاوخەم و ھاوخەون دەبین. کاتێ شاعیرێک، شوناسێکی نەتەوەیی گەورە وەردەگرێت، ئەوا بە تەنھا ئەزموونە شیعرییەکەی نییە، بەڵکو ئاوێتەبوونیەتی لەگەڵ نیشتمان و خەمە ئینسانیەکاندا. ھەموو شیعرێک ڕەنگدانەوەی سەردەم و زەمەنێکی دیاریکراوە و ھەر قۆناغێکیش بە تایبەتمەندی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی خۆی دەناسرێتەوە، بەڵام بە کۆی گشتی، ھەموو قۆناغەکان ئەزموونی شیعری شاعیرێک پێکدێنن. شێرکۆ، دەتوانێت کچێک بکاتە نیشتمانی خۆی، بەڵام لە دنیابینی ئێمەدا، ھەرگیز ئەو کچە نابێتە نیشتمانی ئەو. ئەم شاعیرە کۆچکردووە، ئەگەر کچانی ھەموو دنیاش بە نیشتمانی خۆی بزانێت، دواجار لای ئێمە ھەر کوردستان نیشتمانی ڕاستەقینەی ئەوە و کچێک نابێتە جێگرەوەی کوردستان، بۆیە بە بڕوای من وەک خوێنەرێک، بەو کۆمەڵە شیعرە، گەرچی ڕەھەندێکی ڕەخنەیی و سیاسی ھەیە، شاعیر تا ڕادەیەک خاڵێکی بچووکی ڕەشی خستە نێو ڵاپەڕەیەکی گەورە، کا تامرد و دوای مردنیشی، بۆ ئەو شانازییەکی نەتەوەیی گەورەیە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، کە شاعیر ڕەخنە لە نیشتمان نەگرێت و ھیچ ناشرینییەکی نەبینێت، بەڵکو بەو مانایەی ئەوە دەشێ ھەر شاعیرێکی دیکە کچێک بکات بە نیشتمانی، بەڵام بۆ شێرکۆ بێکەش نا، چونکە ئێمە لە ڕێگەی بە شێکی زۆری شیعرەکانی ئەو نیشتمان و لە ڕێگەی نیشتمانیش، خۆی و نیشتمان و شیعرەکانیمان ناسی و خۆشویست. کتێبی ( نیشتمانی شێرکۆ بێکەس) نوێژینەوەیەکی ئەدەبییە و خوێندنەوەیەکە بۆ چەمکی نیشتمان، ھەر لە سەرەتای ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەوە، تا دەگاتە نیشتمانی کچ. توێژینەوەکە، بۆ ھەر قۆناغێک، نموونەیەک لە دەقە شیعرییەکانی ئەم شاعیرەی ھێناوەتەوە، وەلێ کاتێ ڕاڤە و لێکانەوەی شیعرەکان دەخوێنینینەوە، ھەست ناکەین ئێمە بەر نیشتمانێک دەکەوین کە ھی شێرکۆ بێکەسە، بەڵکو وا ھەست دەکەین نیشتمانی ھەر شاعیرێکی دیکەیە، کە ئەمەش جۆرێک لە ھاو دژی لە ناونیشانی ئەم کتێبە دێنێتە ئاراوە. بەو مانایەی خەسڵەت و سیما سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەم نیشتمانە، لای ئەم شاعیرە ھاوشێوەی ھەر شاعیرێکی دیکەیە . بۆ نموونە: توێژەر دەنووسێت:_( ناسنامەی نیشتمانی شێرکۆ بێکەس، لە ئاو، خاک ، خۆڵ، بەرد، تەپ و تۆز و ڕک، قاقڕی گەرمیان، شەختەبەندی کوردستان خۆی دەنوێنێت) لە ڕاستیدا، ئەگەر ئەو بنەما سرووشتی و خاکییانە بکەینە پێوەر بۆ شوناسێکی تایبەتی نیشتمان بۆ ئەم شاعیرە، ئەوا ئەم نیشتمانە ،نا تایبەتە و نە جیاواز و نە ھی شاعیرێکیشە بە تەنھا، چونکە ئەم بنەمایانە، لە شیعری زۆربەی شاعیرانی ئێمە، بە تایبەتیش لە نیوەی دووەمی ھەفتاکان و قۆناغی ھەشتاکان، کە ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجی سیاسی و چەوسانەوەی نەتەوایەتین دەبینرێت، بە تایبەتیش لە ڕێگەی بە سیمبولکردنی ئەو ڕەگەزانە. ئاو و خاک و سرووشتی ژینەگەیی و جوگرافی نیشتمانێک، نابنە پێوەر بۆ تایبەتیبوونی ئەم نیشتمانە لای شاعیرێک، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو ڕەگەزانە سرووشتی و خۆرسکن و لە ڕێگەی بە سیاسیکرنیانەوە دەبنە ڕەمزی سیاسی و نەتەوەیی. ئەگەرسەرنج لە ئەزموونی شیعری ئەو قۆناغە بدەین، بۆ نموونە لە شیعرەکانی ( ئەنوەر قادر محمەد ) دا، ئەوا ئەزموونی ئەم شاعیرە لە ڕووی بە سیاسیکردن و بە نیشتمانکردنی ھێما و توخمە سرووشتییەکان لە قۆناغی ھەفتاکاندا زۆر لە شیعری شێرکۆ بێکەس دەوڵەمەندترە، وەک ئەوەی لە کۆمەڵە شیعری زریان ھەیەو دەبینرێت. ئەزموونی شاعیرانی دیکەش بۆ نموونە وەک ( فەرھاد شاکەلی ) بە ھەمان شێوەیە، بەمەش ئەو نیشتمانەی یەعقووبی باسی دەکات، نە جیاواز، نە تایبەت ناکەوێتەوە. دواتر دەبێ ئەو پرسیارە بکەین، کە ئایا ئەو نیشتمانەی نووسەر تایبەتی دەکات بە شێرکۆ بێکەس، لە ژیان و جیھانبینی شیعرییانەی ئەودا، وەک خۆی مایەوە؟ بێگومان نەخێر، چونکە شێرکۆ بێکەس، دوا جار بە دیوانی ( ئێستا کچێک نیشتمانە) بە داخەوە ھیڵێکی بە سەر نیشتمانی ڕاستەقینە و دایک داھێنا، کە نیو سەدە بوو لە یادەوەری ئێمەدا ڕەگەکانی دادەکوتا. شێرکۆ بەو دیوانەی نەک لە شۆڕش و نیشتمان و خەبات پەشیمان بووەوە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی نیشتمانی نێو گۆڕستانی چراکان و دەربەندی پەپوولە و ئافاتی بە جەستەی کچێک گۆڕییەوە، کە شاعیرانی تر، بۆ نموونە وەک ( ئەنوەر قادر محمەد و فەرھاد شاکەلی) ئەوەیان نەکرد. لێرەوەش بڕوام وایە، نیشتمانێک نییە تایبەت بەو شاعیرە، نیشتمان نیشتمانی ھەموومانە، بە ھەموو پێکھاتە سرووشتی و سیاسییەکانییەوە و بە ھەموو جوانی و شکست و تراژیدیاکانییەوە. گریمان ئەگەر شێرکۆ بە ھۆی ئەو شیعرە سیاسی و شۆڕشگێڕیی و نیشتمانییانەی بۆ نیشتمان لە سەروبەندی خەباتی شاخ و لە دەرەنجانی ئەو کارەساتانەی بە سەر ئێمە داھاتوون نووسیونی و تاڕادەیەک نیشتمان دەکاتە شوناسی ڕاستەقینە و خاوەنداریەتی خۆی، ئەوا لە دوای ئێستا کچێک نیشتمانمە، ئەو ڕایەڵەی دەیان ساڵ بوو شێرکۆ و نیشتمانی بە یەکەوە دەبەستەوە دەپسێت، چونکە شاعیر لەو دیوانە و لە ناونیشانەکەیدا، ھەر بە ڕوونی ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئیدی لەمەو دوا کچێک نیشتمانییەتی، کە ئەمە لەگەڵ جیھانبینی و ناسنامەی نیشتمانییانەی ئەم شاعیرە، لە مێژووی شیعری کوردیدا یەکناگرێتەوە. بێگومان ئێمە دەزانین دوا جار ئەم شاعیرە، بە ھۆی ئەم ھەموو ناعەدالەتی و بە ئاکام نەگەیاندنی شۆڕش ماناکانی ڕاپەڕین، ڕوانگەی بۆ نیشتمان دەگۆڕێت، بەڵام ئەم گۆڕینە پاساو نییە بۆ ئەوەی کچێک لە بری کوردستان بکاتە نیشتمانی خۆی، چونکە لەلایەکەوە تەمەنی شێرکۆ بێکەس کە لە ھەفتا ساڵی ڕەتی کردووە، لەوە دەرچووە کچێک بکاتە نیشتمانی و ئەو نیشتمانەی ڕووبارێک خوێنی بە ئێستاشەوە لە پێناودا دەڕژێت، بگۆڕێتە بە جەستەی کچێک، ھەروەھا لە مێژووی شیعری جیھانیدا، ڕووداوی لەم شێوەیە نەبووە. مەگەر لۆرکا، نیرۆدا، نازم حیکمەت، مەمحمود دەروێش، سەمیح قاسم و موزەفەر نەواب و چەندانی تر، ھەتا مردن نیشتمانی خۆیان بە کچێک گۆڕییەوە؟ یاخود بە خەونی ئازادی و ڕزگاری نیشتمان چوونە ژێر گڵ؟ کەواتا بە بڕوای من پاساوێک نەبووە، بۆ ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکاڵییە، لە ھزر و تێڕوانینی شێرکۆدا. ئێمە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، ئەم شاعیرە، وەک بۆرژوایەک و ئەرسنۆکراتێک دەژیا و پاداشتی ئەو شیعر و ئەو ڕوحە نیشتمانی و شیعرە شۆرشگێرییانەی بە زیادەوە لە دەسەڵاتی کوردی وەرگرتەوە و چەندین پۆست و پلەی سیاسی و فەرھەنگی، بە دەسکەوت و مووچەی زۆرەوە وەرگرت، کە ئەمە وەک وتم بۆ شاعیرانی وەک ئەنوەر قادر و عەبدوڵا پەشێو و فەرھاد شاکەلی نەکراوە، کە سێ لە دیارترین شاعیرانی ئێمەن، کە ھاوتەریب لەگەڵ شێرکۆ بێکەسدا، بە قووڵی گوزارشت لە ئازارو ڕوحی برینداری نەتەوەیی ئێمە لە نیوەی دووەمی ھەفتاکان و تا ڕاپەڕینیش دەکەن. نووسەر لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ھەر لە بارەی نیشتمان لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا دەنووسێت:_( لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، خۆشەویستی وەک ھێزێکی لە بن نەھاتوو بۆ گەشەکردنی نیشتمان دەور دەگێڕێت ) کە واتا لێرەدا، ئەم شاعیرە ھێز و وزە و تاوتینی خۆشەویستی، لە پێناو نیشتمانی دایکدا تاو دەدات، چونکە وەک نووسەر دەیڵێت ئەو ھێزە سرووستی و ناخەکییە کە خۆشەویستییە، بۆ ئامانجێکە، ئەویش وەگەڕخستنیەتی لە پێناو گەشەکردنی نیشتماندا. بێگومان ئەم شاعیرە، بە درێژایی پەنجا ساڵ ڕوحی بریندار و خوێن لێ ڕۆیشتووی جەستەی نەتەوەیی ئێمەی لە کۆڵناو وەک ڕووناکبیر ( مەریوان وریا) دەیڵێت، شاربە شار و وڵات بە وڵات دەیگێڕاو پیشانی دنیای دەدا، ئازار و کارەساتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و سوتماککردنی کوردستانی دەنووسییەوە، کەچی دواجار بە جۆرێک لە جۆرەکان، ڕوانگەی دەگۆڕێت و لە پاییزی تەمەندا، لە کاتێکدا کە ژیان و تەمەنی بواری خۆشەویستی و دەست لە ملانێی کچێکی جوان و بەژن زراڤی تێدا نەماوە و ڕووەوە مردن دەچێت، دێت بە داخەوە کچێک دەکاتە نیشتمانی خۆی، عەبدولخالق یەعقووبیش بۆ پاساودانەوەی ئەو ھەڵوێستەی دەڵێت:_ ( ئێستا کچێک نیشتمانمە ھەڵوێستە شیعرە) وەک ئەوەی شێرکۆ لە ڕق و تووڕەیی و نادادپەروەری لە نیشتمان و دەسەڵاتداراندا، ئەو ھەڵوێستەی وەرگرتووە.ئەم ھەڵوێستە شیعر بێت یان نا، فاکتەری نووسینی ئەم دیوانە ڕق و تووڕەیی بێت یان نا، دواجار دەبێ ئەوە بزانین کە ئەمە شیعری ئەم شاعیرەن و ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و جیھانبینی ئەون و بە ڕوونی پێمان دەڵێت ئێستا کچێک نیشتمانی ئەوە، ئەمەش مانای وایە چیتر ئەو نیشتمانەی دوێنێ نیشتمانی ئەو بوو، نیشتمانی ئەو نییە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە ڕوانگەی بەشێکی زۆری ڕەخنەگر و لێکۆلەرانی کورد بۆ ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس، ڕوانگەیەکی شاعیرانەیە نەک شیعرییانە، بەو مانایەی کۆنتاکە لەگەڵ شاعیر نەک شیعر. لێرەوەش بڕوایان وایە ئەزموونی ئەم شاعیرە، ئەزموونێکە تەنێ شایەنی پێدا ھەڵگوتن ولێکۆڵنەوەیە و نابێ ڕەخنەی لێ بگیرێت. بۆ نموونە، من تا ئێستا لە کۆی بەشێکی زۆری ئەو نووسینانەی لە بارەی ئەم شاعیرەوە کەوتوونەتە بەرچاوم، نەمبیستووە کەسێک بڵێت ئەم شاعیرە بۆرژوایانە دەژیا و لە ڕووی چینایەتییە سەر بە چینی باڵا دەست و ئەرستۆکرات بوو، یاخود ڕەخنەی ئەوە بگرن چۆن شاعیرێک دوای پەنجا ساڵ لە لەکۆڵنانی نیشتمانی خاک و دایک، دواجار ئارەزوو دەکات لە نێوجەستەی کچێکدا ببێتە ھاووڵاتی و ئەوێ بکاتە نیشتمانی خۆی؟ ئەی ئێمە چی وەڵامی کەسوکاری ئەو شەھیدانە بدەینەوە کە ئامادەبوون شەھیدببن و شەھیدیش بوون تاکو شێرکۆ بێکەس شیعرێکییان بۆ بنووسێت، وەک ئەوەی خۆی چەندین جار باسی کردووە؟
پەراوێز: نیشتمانی شێرکۆ بێکەس و دەربەندی خۆشەویستی، عەبدولخالق یەعقوبی، بڵاوکراوەی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ، ساڵی چاپ _ ٢٠٢٣.
*ئەم بابەتە لەھزرو ھونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (١٧٥٩ ڕۆژی ١٣/٥/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post