سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەر ڕەخنەگرێک، لە سەرەتای دەسپێکی کاری ڕەخنەییانەی خۆی، خۆی بۆ ئەوە یەکلایی نەکردبێتەوە کە ئەو ژانڕەی کاری تێدا دەکات، دەبێ باجی قورس و گەورەی بۆ بدات، کە ھەندێ جار بە نەمانی پەیوەندی ھاوڕێیەتی، کۆمەڵایەتی، دژایەتیتکردن، پەلاماردانی کەسی کۆتایی دێت، ئەوا لە کاری ڕەخنەیی نەگەیشتووە، چونکە ڕەخنە بە مانای باجدان، لە بەرانبەر گوتنی ڕاستییەکان. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕوانینێکی تایبەت و نەگۆڕ لای نووسەران بە گشتی (مەگەر بە دەگمەن) ھەیە، کە ڕەخنە لە پەسن و ستاییش، سازش و پێدا ھەڵگوتن دەبیننەوە، بۆیە ئەگەر بەر بۆچوونێکی جیاوازتر لەمە کەوتن، بە داخەوە بۆیان ھەرس ناکرێت. لێرەوەش کە ڕەخنەی لێ دەگرێت، بلۆکت دەکات، ناچارت دەکات ڕوونکردنەوە بنووسی و لە بیرو ڕاکانی پێشووت پاشگەز بیەوە، دژایەتیت دەکات و دەکەوێتە سەنگەرێک ڕەنگە تا مردن نەیارت بێت. بۆیە ڕەخنە بە مانای باجدان، ئەو باجدانە، زۆرجار ڕەخنەگر وەک جەنگاوەرێکی تەنھا، لە مەیدانەکەدا دێڵێتەوە و ناچاری دەکات بە تەنھا وەک کارەکتەرێک لە چەندین سەنگەرەوە بووەستێتەوەو بەرانبەر ئەوانیتر بجەنگێت. گەرچی ئەمە پەیامی ڕەخنە و کاری ڕەخنەیی نییە، بەڵام بە داخەوە ئەمە واقیعی کاری رٍەخنەیە لای ئێمە. ئەم تەنیا کەوتنەوەیە، ئەم ھەموو نەیارە و لاتەرییکردنەی ڕەخنەگر لە نێوەندی ڕۆشنبیریی و دنیای نووسینی ئێمەدا، بێگومان دۆخێکە لای ھەموو ڕەخنەگرێک قەبوولناکرێت، مەگەر ئەوانەی دەزانن ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە کولتوورێکدا کە تەنھا پەسن و پیا ھەڵدان دەزانێت یانی چی.
ھەر بە ناو ڕەخنەگرێک، لە پای ئەو ھەموو لێ کەوتانەی لەپەراوێزی سەرنجە ڕەخنەییەکانی،پاشگەز بووەوە لەوەی پێشووتر نووسیویەتی، بە دڵنیاییەوە ڕەخنە گر نییە، لە بەر یەک ھۆکاری زۆر سادە ئەویش ئەوەیە، کاری ڕەخنەگر ئەوە نییە ھەر ڕەخنەیەک نووسی بە دڵی ئەویتر نەبوو، پۆزشێکی بۆ بھێنێتەوە بە پاساوی ئەوەی گوایا ئەدەب لە مرۆڤ گەورەترە ونابێ دڵی مرۆڤ لە پێناو ئەدەب بڕەنجێنین. ئەم جۆرە واھیمانە، تەنێ لای نووسەری کورد ھەیە، بێگومان مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە، لە ھەموو شتێکیش گەورەترە، بەڵام دیوی ھەرە جوان و شکۆمەندانەی مرۆڤ لە وەدایە، ڕاستی بڵێت و لێی پەشیمان نەبێتەوە. ھەر وشەیەک و سەرنجێکی ڕەخنەیی، کە ڕەخنەگر لە بارەی دەقێک، پرس و بابەتێکی ئەدەبی دەینووسێت، بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، بۆیە بەرلەوەی ئەو بەرپرسیاریەتییە بە نووسین ھەڵبگرێت، دەبێ دڵنیا، بوێر و ڕاشکاو، ئازاو وچاو نەترس بێت لەوەی دەیڵێت بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات ئەم سەرنجانە دڵی کێ دەڕەنجێنن، یان چەند لە ھاوڕێکانی کەم دەبنەوە. مەگەر بە درێژایی مێژوو، ئەوانەی ڕاستییان گوتووە، ھەمیشە ڕووبەڕووی مەرگ و لە نێوبردن نەبوونەتەوە؟ دواتر گریمان ڕەخنەگرێک بە پاساوی ئەوەی مرۆڤ لە ئەدەب گەورەترە، پۆزش بۆ نووسەرێک دێنێتەوە کە ڕەخنەی لێ گرتووە، بۆچی پۆزشیش بۆ دەیان لەو نووسەرانەی تریش ناھێنێتەوە کە پێشتر ڕەخنەی توندترو بە زمانی زبرتر لێ گرتوون؟ مەگەر ئەوانیش مرۆڤ نین و لە ئەدەب گەورەتر نین؟ یان ئەمە پەیوەندی بە ھاوڕێیەتی و شارچییەتیەوە ھەیە؟
بە داخەوە وەک چۆن دوو ڕوویی، ڕووپامایی و سازشکردن و ڕازیکردن، لە خەسڵەتە ھەرە ناشرین و بەرجەستەکانی مرۆڤی کوردن لە باشووری کوردستاندا، بەو شێوەیەش بەشێکی یەکجار زۆر لە نووسەران، ھەڵگڕی ھەمان ئەو خەسڵەتانەن و جیاوازییان لەگەڵ خەڵکی ھەمووەکی و میللی نییە، ئەگەر ملیۆن کتێبیشیان خوێند بێتەوە، چونکە مرۆڤ بۆ ئەوە دەخوێنێتەوە بگۆڕێت و جیاواز لەوانیتر بکەوێتەوە. دواجار دەڵێین، بوێریی و بێلایەنی دوو لە دیارترین خەسڵەتی کاری ڕەخنەیانەن کە دەبێ ڕەخنەگر ھەر لە سەرەتای چوونە نێو دنیای ڕەخنەگرتنەوە، بیکاتە میتۆد و لە کاری ڕەخنەییانەی خۆیدا پەیڕەویان بکات.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە(٤٠٧٤) ڕۆژی ١٩/٥/٢٠٢٤بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post