هونەرەکە لەوەدایە، هەموو شتەکان لە یەک ساتەوەختا خۆم دەیانکەم بە مۆسیقاو ڕووناکی ئێکسسواڕو وێنەگرتنەکەشەوە، تەرکیزێکی قوڕسە تەنها بەدەم خۆشە، من هیچ دەقێکم نەنوسیوەتەوە هیچ پڕۆڤەیەکیشم نەکردووە، تەنها بەشێوەیەکی ئیرتیجالی دەردەکەوم و هەوڵ دەدەم سەرەتاو ناوەڕۆک و کۆتایەکی جوان بە نمایشە تەنزئامێزەکانم ببەخشم، بەداخەوەم زۆر کەس نایەتە پێش تۆزێک وردبێتەوەو… لەوە تێبگات ئایا ئەوەی من ئەنجامی دەدەم هونەرە یان کات بەڕێکردنێکی کرچوکاڵ،
گەر پرسیار لەسەر ئەوە بێت کارە شانۆیەکانم زۆر هەژارانەو نا پڕۆفیشناڵانەیە، وەڵامەکەی ئالێردا دەستپێدەکات،
ئەوەی من دەیکەم بۆچی حەقوایە جوانترین بەرگی بکرێت بەبەردا، چونکە بە شێوەیەکی هەژارانەی زۆر سادەو ساکار ئەنجامیان دەدەم. ئەوانەی بەدڵێکی پاکەوە بەسەرم دەکەنەوە هێزم پێدەبەخشن، ئەوانەشی بەبێ هۆکار حەز بە کەوتنم دەکەن، ئەوا هەر زۆر بەهێزترم دەکەن، هەروەها زۆرینەیەک لەوانەی خۆیان پێ ئەکادیمی و شارەزایەو.. وەک باشترین نوخبە لەخۆیان دەروانن، چونکە بەهۆی بوغرایی و لوتبەرزیانەوە تەنها دوربەدوری سەیرمان دەکەن، من هەست دەکەم هێز هەبێت لە دونیادا تەنها لای منە، هەرلۆیە ئەمجارەیان واهەست دەکەم برێخت شاگردی منەو گستۆفسکی و هەموو فسکیەکانیتر بەئەوانەی ئێستاشەوە، بەردەستیەکی منن و هێشا زۆریان ماوە وەک ڕەشاد ببن بە شانۆیەکی تایبەت بەناوی خودی خۆیان.
(شانۆی دوو بەسێ) بیرۆکەیەکە بەسود وەرگرتن لەسەردەمی کۆڕۆناو کەرەنتینەدا، هەوڵمداوە لە ژورێکی دوو بەسێی ناو ماڵەکەمدا، شانۆی لایڤ بەشێوەیەکی ڕاگوزەر بگوازمەوە ناو ماڵەکان و ڕووحی شانۆ بە ڕێچکەیەکی تازەگەری زیندو بهێلمەوە.
ئەوەتا بەندەتان لە دیدی بیرمەندو ڕەخنەگری شانۆیی مامۆستا ( حەیدەر عەبدولڕحمان ) ئاوا پێناسە کراوم:
بۆ یەکەم جارە ببینم یا ببیستم، ئەکتەر هەموو شتێ بێت لە شانۆدا ئەگەر ئەکتەر لەڕووی هزرو جەستەوە کەسێکی بە توانابوو، دەتوانێ ئەگەر لە بیابانیش بێت بێ شانۆ نەبێ و شانۆیەک لەسەر شەقام، لە ناو ماڵەکەی خۆشیدا بێت دروست بکات، بێ ئەوەی پێویستی بەهیچ کەسێک هەبێت یاریدەی بدات.
ڕەشاد کە ئەمڕۆ شانۆی کوردی بە دوورکەوتنەوەی لە کوردستان زەرەرو زیانێکی گەورەی لێ کەوتووە چۆن ئەکتەرێکی هەرە لێهاتووی ئاشق بە شانۆی لێ ون بووە، کە هەموو خەسڵەت و ڕەگەزە بنەڕەتی و ڕیشەییەکانی ئەکتەری تێدا کۆبۆتەوە.
ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار دەست پێشخەرییەک دەکات بۆ پێشکەش کردنی نمایشێکی راگوزار لەماڵەکەی خۆیدا و هەوڵی ئەوە دەدات کۆمەڵێ پێکهاتە لە یەک کەسایەتیدا کۆ بکاتەوە وەک دەرهێنان، نواندن، رووناکی، جلوبەرگ، ماکێر، دیکۆر بگرێتە خۆی..
لەوێدا تەنیا یەک کەس ببێتە ئەلتەرناتیفی هەموو توخمەکان، لە پێشەوەی هەموووانیش ئەکتەر ڕەشاد چونکە خۆی ئەکتەرێکی باڵا دەستە ئەوەی لە ژێرزەمینی ماڵەکەی خۆیدا پێشکەشی کرد لە هۆڵێکی شانۆیی و لە بەرامبەر بینەر پێشکەشی بکردایە، ڕەنگە ئەگەر ئەو نمایشەی ڕێک بکردایە، شارێکی وەک هەولێر بێ شانۆ نەدەبوو. شانۆکانی هەولێریش لە چاوەڕوانی بودجەدا تۆزیان لەسەر هەڵنەدەنیشت.
گرنگترین شت لای من ئەوەیە کە ڕەشاد لەڕووی فۆرم و شکل و لەرووی نواندن و گوزارشت کردنی دەم و چاوو لە ڕووی جەستەوە دەتوانێ بە بانتۆمایم زۆر فەلسەفە بگەیەنێتە بینەر، لەو ژێر زەمینە تەسکو تریسکە بە تاقی تەنیا زۆر شت بەدەسەڵات دارانی وڵاتەکەی، بەجیهان بڵێت.
زۆر شت بە شانۆکارە خەولێکەوتووە بێ ئاگاکان بڵێت و پاساوە بەتاڵەکانیان دەربارەی نواندن و شانۆ تێک بشکێنێ
ڕەشاد لە کوردستانیش نەبێت، لە هەر پارچە جوگرافیایێکی ئەو دنیایە بێت، وەک مرۆڤ دەنگی خۆی دەگەیەنێت..
ئەو لە فەزایەکی نغرۆ لە تاریکی دا بە ڕووناکی مۆبیلێک کە پەخشی سەر دەموو چاوو جەستەی خۆی دەکات بۆ بەرجەستە کردنی نواندن، هونەری نمایشەکەی باڵاتر کردووە چونکە بۆ یەکەم جارە ببینم یا ببیستم، ئەکتەر هەموو شتێ بێت لە شانۆدا، تەنانەت ئیناریست ،موزیک، نواندن.
ئەمڕۆ نموونەیەکی جوانم لەشانۆی تاک لە ڕەشاد بینی ،خۆ ئەگەر هەمان ئەو بەرهەمە بخرێتە چوارچیوەیەکی ڕێک و مونەزەم ،ببێتە یەکێ لە باشترین نموونەی پراکتیکی شانۆی ڕاگوزەر(ئیرتیجالی) کە تا ئێستا زۆر لە ئەکتەران شتێکی لە بارەوە نازانن.
Discussion about this post