سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەگەر، تێنووسە سپییەکانی ھەموو دنیا، کە ئەمە کارێکی نەکردەیە و مەحاڵە، لە وەسفی کتێب و پەیوەندی خۆم و کتێب و ئەو بەخششەی لە سەر ژیانی من دروستی کرد پڕ بکەمەوە، ھێشتا ناتوانم پاداشتێکی بچووکی ئەو ڕۆڵە بدەمەوە، کە کتێب لە سەر ژیانی من ھەیەتی، ئاخر من لە کتێبەکانەوە ڕاست و چەپی خۆم ناسی، چاوم کرایەوە، فێر بووم، تێگەیشتم و ھوشیاربوومەوە، وام لێھات درک بە ھەموو شتێک بکەم و لە بەرانبەر ھەر کار و کردەوە و و ڕەفتارێکی کەسیدا، ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەم و شعورم بخەمە گەڕ. من لە ئامێزیی دایک و باوکێکی میللی ، دوور لە کتێب و ھوشیاریی لەدایک بووم، نەک ژینگەی خێزانیم، بەڵکو ھەفت پشتی خێزانەکەشم، کتێبیان نەناسیوە و نەیانزانیوە کتێب و خوێندنەوە چییە. لە کۆی ھەموو خوشک و براکانم، تەنێ من بوومە مامۆستا و خوێندنم تەواوکرد، بوومە کرمی کتێب و خوێنەرێکی سەر سەختی کتێب و دنیای خوێندنەوە. من لە بەر دەستی باوکێکی ئەو دڵڕەق و دایکێکی بێباک گەورە بووم و پێگەیشتم. باوکم، وەک ھەر باوکێکی دیکەی ئەو سەردەم، کە بڕوایان بە لێدان و تێھەڵدانی منداڵەکانیان ھەیە و بڕوایان وابوو بەم شێوەیە زۆر جوان پەروەردە دەکرێن و لە دوا ڕۆژدا دەبنە پیاو، منی بە لێدان و تێھەڵدان و شکانەوە گەورە کرد. لە منداڵیمدا، ھەزاران جار، لێدان و دڵشکان و ئازارم بە بێ بوونی ھیچ پاساوێک بە دەستی باوکم چەشتووە، دایکیشم وەک ئەوەی بە دیار شانۆیەکەوە بێت، بۆ تاکە جارێکیش ھەوڵی نەدا، لە ژێر دەستی باوکم دەرم بێنێت. ئێمە، باوکی زۆرینەمان لە باوکی شێرزاد حەسەن دەچێت، بەڵام جیاوازییەکەمان ئەوەیە، ئێمە باوکەکانی خۆمان نەکردۆتە کەرستەی نووسین کە پێویست ناکات ! لە منداڵیدا، لە ھەرچی گەمە و پێداویستی و یاری منداڵانە ھەیە بێبەش بووم، ئێستا لە تیکتۆک، زۆرترین ڤیدیۆ کە سەیریان دەکەم، گەمە و یاری و ئوتومبێلی منداڵانەیە. زۆرجار خوارزاو برازاکانم پێم دەڵێن (خاڵە، مامە) تۆ بۆچی سەیری ئەو شتەی منداڵان دەکەیت؟ چزووێک بە ناخمان دادێت و دەگەڕێمەوە ئەو سەردەمە تاڵییەی منداڵیم کە بێبیەش بووم لەو یارییانە، بێ دەنگ دەبم و وەڵامیان نادەمەوە، تەنھا ئەوەیان پێ دەڵێم، ئێوە چەند منداڵێکی بەختەوەرن کە وەک من نەژیان. ئەم ژینگە پڕ لە توندووتیژیی و نامیھرەبانییە، ھەرلە سەرەتاوە وایان لێکردم ببمە کەسێکی خەمۆک و گۆشەگیر و لاتەریک و نا کۆمەڵایەتی، بیرمە زۆر جار منداڵەکانی ھاوڕێم لە قوتابخانە گەمەیان پێ دەکردم. جێگەی داخە کە باوکانی کورد، بە ئێستاشەوە، ھەست بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە مندڵەکانیان ناکەن و ژن وەک فابریکەی منداڵ خستنەوە دەبینن. بۆیە تەنێ منداڵەکانیان بەخێو دەکەن و پەروەردەیان ناکەن. ئەم ژینگە پڕ لە ترس و لێدانە، وایان لێکردم بە دوای ژیانێکی دیکە دابگەڕێم، وردە وردە، لەگەڵ ھەڕاشبوونم و پەڕینەوە لە قۆناغی منداڵی بۆ مێر منداڵی و گەنجیەتی و پێگەیشتنی ھزری، ئیدی ئاشنای کتێب و خوێندنەوە بووم. ھاوڕێی ھەمیشە لە یادم ( ئازاد مارکس ) ڕوحی شاد بێت، بەر لە من کتێبی دەخوێندەوە، بۆیە لە قۆناغی ئامادەییدا، وردە وردە کتێبی بۆ دەھێنام و کتێبەکانی لینین و مارکس و شیعرەکانی پەشێو و ڕەفیق سابیرم دەخوێندنەوە، ئیدی لەوێوە سەفەری من لەگەڵ کتێب دەستی پێ کرد، سەفەرێک کە سەرەتاکەی دیارە، بەڵام کۆتایەکەی نا. لەوێوە نزیکترین و ڕوحیترین و بێ دەنگترین و خوشەویسترین ھاوڕێی ژیانی خۆم دۆزییەوە، کە ئەویش کتێب بوو. ھاوڕێیەک وەک مرۆڤەکان، نازانێ درۆ و فریودان و ناپاکی و بێوەفایی و سپڵەیی و دوو ڕووی و بەرژەوەندی و ھەڵپەرستی چییە. لەو ساوە تاکو ئێستا، نەک ناتوانم بێ خوێندنەوە و بێ کتێب بژیم، بەڵکو ھێندە ئاڵودەی کتێب و خوێندنەوە بوومەو، تا ئەو ڕادەیەی ژیانی خۆم بیر چۆتەوە. ھیچ ڕۆژێک لە ژیانی من تێ ناپەڕێت ئەگەر کتێبێکی تێدا نەخوێنمەوە. بەلامەوە ئاساییە، ھەرچی سەرمایەی ھەمە، لە ڕێگەی کتێب بیبەخشم، بەڵام بە ساڵان پۆشاکێکی نوێ نەپۆشم. سەیرم پێ دێت کاتێ کەسانێکی نووسەر و خوێنەر دەڵێن ( ئێمە کتێب ناکڕین و پارە بە کتێب نادەین ) نازانم ئەمانە چۆن لە دنیای کتێب گەیشتوون؟ چۆن دەتوانن خۆیان وەک خوێنەر بناسێنن؟ مەگەر خوێنەری ڕاستەقینەی کتێب، سڵ لەوە دەکاتەوە بۆ وەدەست ھێنانی کتێبێک ھەرچی ھەیەتی بیبەخشی؟ کە کتێبێکی نوێ دەردەچیت، بە تاسەم زوو دەستم پێ بگات و بیخوێنمەوە، ئەگەریش دەستم نەکەوت، ھەر بەدوایدا دەگەڕێم. کتێب بۆ من بۆتە خۆراکی ڕوحی و ھزریی و ناتوانم بێ خوێندنەوە و بێ کتێب بژیم. سەردەمانێک، ھەستێکی سەیرم ھەبوو، بڕوام وابوو ڕۆشنبیر یان نووسەر، دەبێ بەردەوام لە ھەموو کۆڕ و چاڵاکی و ڤیستیڤاڵ و دیبەیت و سەر شاشەی تیڤی و بەردەم مایکەکان ئامادەبێت، بۆیە لە ھەر شوێنک کۆڕێک ھەبووایە، دەبوو بچوومایە و قسەم بکردایە، بەڵام ساڵانێک دواتر، تێگەیشتم کە شوێنی ڕاستەقینەی نووسەر و ڕۆشنبیران نێو کتێبخانەکانیانە. ئەوان نەک ھەر پێویست ناکات بچن لە چاڵاکییەک ئامادەبن کە شتێکی نوێی تێدا باس ناکرێت، بەڵکو کتێب لەو کاتانە بخوێننەوە باشترە. لەو سۆنگەیەوە، ماوەی چەند ساڵێکە ناچمە ھیچ کۆڕ و چاڵاکی و فیستیڤالێک، تەنانەت لە شاری ڕواندزیش بەشداری ھیچ چاڵاکییەک ناکەم. ناتوانم بچم کاتی خۆم بۆ ناساندنی ڕۆمانێکەوە بە ھەدەر بدەم، کە پێشتر خوێندوومەتەوە و ڕەخنەم کردووە، ناتوانم بچم گوێ لە ئەزموون و بابەتی نووسەرێک و شاعیرێک و وەرگێڕێک لە بارەی بابەتێکەوە بگرم، کە نەک ھیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، بەڵکو دەیان کتێبیشم لەو بارەوە خوێندوونەتەوە. ناتوانم بچم لەگەڵ عەوام، گوێ لە خوێندنەوەی شیعری شاعیرێکی گەنجی تازەنووس و سادەنووس بگرم، لە کاتێکدا گوێگرتن لە شیعر و خوێندنەوەی شیعر، دەبێ لەو پەڕی فەزایەکی تەنھا و بێ دەنگ و داخراو دابێت. ڕۆشنبیر، دەبێ ھەمیشە عەوداڵی شتێ نوێ بێت و بیری بەلای شتی تازە و دانەھێنراو بچێت. لەو سۆنگەیەوە، ئێستا سەفەر و سەردان، سەیران و گەشت، ھاوڕێیەتی و خزمایەتی، گەشت و خۆشی، شین و شایی، ھەموو شتێک لای من بۆتە کتێب و خوێندنەوە، نایشارمەوە تا سەر ئێسقانیش چێژ لەو ژیانەی خۆم وەردەگرم. تا دێت ئارەزوو دەکەم لە مرۆڤەکان دوور بکەمەوە، نامەوێ تێکەڵی عەوام بم، نامەوێ بەر مرۆڤگەلێک بکەوم، کە بە داخەوە گورگە بۆ براکەی. ئێستا، بە جۆرێک گۆشەگیر و لاتەریک بوومە، کە ئەوەندەی چوونە نێو کتێب و خوێندنەوەی کتێب، مانایەک و چێژێک بە بوونم دەدەن، ھیچ ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ئەو چێژەم پێ نابەخشن. نووسەر و ڕەخنەگری دیار (حەمە سەعید حەسەن ) لە نووسینێکیدا دەڵێت:_( پەتایەکی زۆر ترسناکم گرتووە ئەویش نووسینە ، ھەرگیز نزاناکەم لەوپەتایە چاک ببمەوە) بەڕاستی منیش پەتای کتێب و خوێندنەوەی کتێب گرتوومی. ھەموو ڕۆژێک، کە لە دەوامی فەرمی خۆم دێمەوە، بەر لە ھەموو کارێک سەرێک بە ژوورەکەم دادەکەم و سەیری کتێبخانەکەم دەکەم و تۆزی نیشتووی سەرکتێبەکان دەسڕمەوە، بە دیار ئەو ھەزاران ھاوڕێ جوان و ڕوحی و بێ دەنگانەی خۆم دەوەستم و خەیاڵ دەمباتەوە، تا لە پڕ دەنگی یەکێک بە ئاگام دێنێت کە خواردن ئامادەیە. دواتر دەست دەدەمە ئەو کتێبەی کە ھێشتا تەواوم نەکردووە، کە ماندووش بووم، پشوێک دەدەم و ئەمجارەیان دەست بۆ دیوانی شاعیرێک دەبەم و شیعرەکانی دەخوێنمەوە. بەم شێوەیە، ژیانی ئێستام بە ڕێ دەکەم، ژیانێک کە بۆ کتێب و لە نێو کتێب و لەگەڵ کتێبدایە. ھیچ شتێک بە قەد ئەوە نیگەرانم ناکات، کاتێ لە پڕ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێش وەختە، ھاوڕێیەک، میوانێک، کەسێک، سەردانم دەکات، بێگومان لەبەر ئەوە نا کە کارگە و کۆمپانیاکانم لە کارکردن دەوەستن، لەبەر ئەوە نا، کە دەرچوون و سەردان و سەیران و خۆشیم لێ تێک دەدەن، بەڵکو لە بەر ئەوەی ناچار دەبم بێ ویستی خۆم دەست لە خوێندنەوە ھەڵبگرم و پلانی خوێندنەوەی کتێبی ئەو ڕۆژەم لێ تێک دەچێت. دەمەوێ ڕاشکاویش بم، ھیچ داواکارییەکم ھێندەی کتێب، لەدڵ گران نییە، لەبەر ئەوە نا کە نامەوێت خەڵکی بخوێننەوە، ھوشیار ببنەوە و ببنە دۆستی کتێب، بەڵکو لەبەر ئەوەی نامەوێت کتێبەکانم بفەوتێن، بگەچرێنرێن، چڵ و پیس ببن، ون ببن، دوانزە مانگە، کتێبێکم بە ھاوڕێیەک داوە، کە خەریکی ماستەرە و بڕوانەکەی وەریشگرت و ئەوە چەند مانگێکە تەواو بووە، کەچی کتێبەکەی بۆ نەھێناومەتەوە، بە مەرجێک زۆرتر لە جارێکیش پێم گوتووە. من دەستکاری کتێبەکانم، وەک برینارکردنی ڕوحم دەبینم، چونکە ئەوان ھەموو شتێکن لە ژیانی مندا ئیدی ئەم ڕاستییەکەیە. دەزانم کەسانێک سەیریان بەو ژیانە دێت، ڕەنگە بە جۆرێک لە ئاڵودەبوون و نەخۆشیشی بزانن، گاڵتەیان پێ بێت، وەلێ من چێژ لەو ژیانەی خۆم وەردەگرم و ئەوەندەی کتێبەکان سووکناییم پێ دەدەن و لەگەڵیان ئاسوودەم، ئەوا مرۆڤەکان، بە تایبەتیش لەو سەردەمەدا ئەو کەشەم بۆ دروست ناکەن. بۆیە تا دێت، حەز دەکەم لە خەڵک و شار و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی دووربکەومەوە. بڕوام وایە، مرۆڤ دەبێ پەروەردە بکرێت، نەک بە تەنھا بەخێو بکرێت، بەخێوکردنی کەسەکان، ھیچ جوامێرییەکی تێدا نییە، مەگەر گیانەوەرانیش بێچووەکانی خۆیان بە خێو و گەورە ناکەن؟ بۆیە ئەوە گرنگە کێ مرۆڤ پەروەردە دەکات و دروستی دەکات، من کتێبەکان دروستیان کردم، بێگومان باسی کتێبەکان دەکەم، نووسەرەکانییان نا، چونکە دەزانم ھەزاران نووسەر ھەن، لە کتێب کارەکتەرێکن و لە ژیانی کۆمەڵایەتی و دەرەوەی نووسین و خێزانیشدا کارەکتەرێکی دیکەن، من کارم بەوان نییە، بۆیە ھاوڕێەتی من لەگەڵ کتێبەکانە، ئیدی ژیانی من، ژیانێکە لە نێو کتێب و بۆ کتێب و لەگەڵ کتێبدا, بۆیە ھیچ ڕۆژێک لە ژیانی من تێناپەڕێت، ئەگەر کتێبێکی تێدا نەخوێنمەوە. لە ماوەی ئەو ساڵەدا، واتا لە ١/١/٢٠٢٣ تاکو ٣١/١٢ ئەو کتێبانەی خوارەوەم خوێندوونەتەوە:_
١_ وێنەی شیعری لە دیوانی تەمەنی ئەحمەد محمد دا/ لێکۆلینەوە / ئدریس رەزا/ ٢٠٠ ل.
٢_ ئیمیجیزم لە شیعری گۆراندا/ لێکۆڵینەوە/ سامان جلال عزیز/ ٣٩٠ ل.
٣_ ڕەخنەی دەروونشیکاری لە شیعری کاک دا/ لێکۆڵینەوە/ ژیڤان بەکر/ ٨٤ ل.
٤_ بەراوردی ئەدەبی/ ئەدەبی/ د- موحسین ئەحمەد عمر/ ١٣٦ ل.
٥_ توێژینەوەی ڕەخنەیی لە ئەدەبی کوردیدا/ توێژینەوە/ سامان عزەدین سەعدون/ ٥٢٨ ل.
٦_ماتەم و خولیا/ / سایکۆلۆژی/ فرۆید ٦٩ ل.
٧_ دەنگدانەوەی ژیانم / بیرەوەری/ نەجیب مەحفوز/ ١٥١ ل.
٨_سیمۆلۆژیای کەلتوور/ لێکۆڵینەوە/ ئاڵا باپیر/ ١١٧ ل.
٩_ سەدەیەک خەبات لە پێناو زمانی کوردیدا/ زمانەوانی/ ئەمیری حەسەن پوور/ ٢١٤ ل.
١٠_ئەو وشانەی دنیایان ھەژاند/ لێکۆڵینەوە/ حەمە سەعید حەسەن/ ١٧٥ ل.
١١_ تۆلستۆی وای گوت/ حیکمەت/ حەمەسەعید حەسەن/ ١٦٧ ل.
١٢_ تایبەتمەندی تاکی کورد/ سایکۆلۆژی/ حەمە فریق حەسەن/ ٥١٠ ل.
١٣_ سێ پێ / بیرەوەری/ سامیە چاوشلی/ ١٧١ ل.
١٤_ کۆمەڵناسی کوردەواری/ سۆسیۆلۆژی/ ستار باقی/ ٣١٠ ل.
١٥_ لە دیداری خۆردا / وتار/ ئومێد وەلی/ ٢٢٦ ل.
١٦_ لە ھەولێرەوە بۆ ھلسنکی/ کۆیدار/ شێرزاد حسن/ ٣٥٢ ل.
١٧_دەخوێنمەوە کەواتا ھەم/ وتار/ کوردۆ شابان/ ١٧٨ ل.
١٩_ گفتوگۆ لەگەڵ سەلمان ڕوشدی/ دیدار/ و _ ماردین ئیبراھیم/ ٦٦ ل.
٢٠_دەربارەی شیعری بێسارانی/ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی/ ئەنوەر قادر محمد/ ١٩٨ ل.
٢١_ڕەخنەی ئەدەبی/ ڕەخنە/ شاخەوان سدیق/ ١٨٥ ل.
٢٢_ ئەبوبەکر خۆشناو ژیان و بەرھەمەکانی/ بیۆگرافیا/ ئازا عوبێد/ ٢٧٥ ل.
٢٣_ئەدەب و فاشیزم/ لێکۆڵینەوە/ کۆمەڵێک نووسەر/ ٣٥٥ ل.
٢٤ _ لە ھەولێرەوە بۆ ھەولێر/ بیرەوەری / کوردستان موکریانی / ٤٣٨ ل.
٢٥_زانستی جوانی/ ئستاتیکی/ نەوزاد ئەسوەد/ ٢٥٠ ل.
٢٦_ئاست و ئاستەنگ/ لێکۆڵینەوە/ دڵشاد کاوانی/ ١٥٧ ل.
٢٧_خولیای شیکردنەوە/ لێکۆڵینەوە/ عەبدولموتەلیب عەبدوڵا/ ١٨٤ ل.
٢٨_ سەردەمی جەنگ/ ڕۆمان/ ڕامیار محمەد/ ٢٠٦ ل.
٢٩_ شیعر و بیرکردنەوە/ لێکۆڵینەوە/ ھەرێم عوسمان/ ٤٠٤ ل.
٣٠_ئەوکاتەی ژیان ناوێکی دیکەی ھەبوو/ دەق/ دڵزار حەسەن/ ٢٠٨ ل.
٣١_ کەرەکەم پێی گوتم/ ڕۆمان/ وەرگێڕانی حەمید بانەیی/ ١٦٣ ل.
٣٢_چۆن دەنووسن / وتار/ کوردۆ شابان/ ٢٥٠ ل,
٣٣_قروسکەی سەگەکەی ناوەوەم/ دانپیانان/ شۆڕش شلماشی/ ٣٠٨ ل.
٣٤_ توێژینەوەکان/ لێکۆلینەوە/ محمەد بەکر/ ٣٦٧ ل.
٣٥_شیعرناسی بە شیعر/ لێکۆڵینەوە/ کەمال میراودەلی/ ٢١٢ ل.
٣٦_ناسیۆنالیزم لای مەولانا خالیدی نەقشبەندی/ لێکۆلینەوە/ ئازاد گولەدین/ ١٢١ ل.
٣٧_ئستاتیکای شیعری ناری و تاھیر بەگ/ لێکۆلینەوە/ نێچیروان جاسم وەلی/ ٢٠٠ ل.
٣٨_زمان و توێژینەوە فرە چەمکییەکان/ لێکۆلینەوە/ شێرکۆ محمدامین/ ٣٠٤ ل.
٣٩_لێرەوە بۆ ژووری خانمان و بەڕێزان/ کۆمەڵە چیڕۆک/ وەرگێڕانی سەیوان محمەد/ ٣٠٦ ل.
٤٠_شەوانی ئێریڤان/ ڕۆمان/ کەمال سەعدی/ ١٨٦ ل.
٤١_ شنگال ھای لە منێ/ ڕۆمان / کەریم کاکە/ ١٨٦ ل.
٤٢_دەنگێک لە کڵاوەڕۆژنەی زیندانەوە/ بیرەوەری/ بەھائەدین بەکری دارتاش/ ٣٤٤ ل.
٤٣_ گۆڕستانی سەگەکان/ ڕۆمان/ کارۆ حوسێن/ ١٠٢ ل.
٤٣_لەدەو خەرەندی ئەحەسێمەوە/ بیرەوەری/ سەلاح ماندوو/ ٦٠٠ ل.
٤٤_ نھێنییەکانی پیاوان و ژنان/ پەندو حیکمەت/ و _ زانا خەلیل/ ١٧٠ ل.
٤٥_بیرەوەرییەکانی حەریر حوسین کامل/ وەرگێڕانی / ٣٩٨ ل.
٤٦_ جێندەرناسی زمانەوانی/ وتار/ سەلام ناوخۆش/ ١٨٤ ل.
٤٧_ساوی شتان لە فۆتۆگرافیدا/ فۆتۆگرافی/ نەژاد عەزبز سورمێ/ ٦٤ ل.
٤٨_گرنگی دەق لە نمایشی شانۆییدا/ شانۆ/ کامەران حاجی ئەلیاس/ ١٦٨ ل.
٤٩_بنەماکانی زمانی پەروەردەیی/ پەروەردە/ ھەوار عومەر/ ٣٤٠ ل.
٥٠_ چۆن ڕۆمان دەنووسرێ؟/ لێکۆڵینەوە/ گۆران سەباح/ ٩٤ ل.
٥١_ لە بارەی شیعری جاھیلییەوە/ ھزریی و ئەدەبی/ و _ شەفیقی حاجی خدر/٢٩٥ ل.
٥٢_ بنەماکانی لێکۆڵینەوەی زانستی/ لێکۆڵینەوە/ ئدریس عەبدوڵا/ ٦٢ ل.
٥٣_ تەڵاق و لێکجیابوونەوە/ کۆمەڵایەتی/ سەرباز سیامەند/ ١٧٥ ل.
٥٤_ لە بارەی خۆکوشتنی ئافرەتان/ کۆمەڵایەتی/ کۆمەڵێک نووسەر/ ٧٦ ل.
٥٥_ پیپی گۆڕەوی درێژ/ چیڕۆکی منداڵان/ و _ نیان جەمال/ ٢٣٦ ل.
٥٦_ ئەستێرەی دێدەوان/ ئەدەبی/ ئاکۆ ئاکۆیی/ ٢٨٥ ل.
٥٧_ نامەیەک بۆ حەمەی کوڕم/ کولتووری/ مسعود پەرێشان/ ٥٠٠ ل.
٥٨_مۆدێل/ کۆمەڵایەتی/ مەھاباد حسن/ ١٦٠ ل.
٥٩_ژن لە بەردەم پرسە جێندەریەکاندا/ دیمانەی ڕۆژنامەوانی/ ١٥٥ ل.
٦٠_ گێچەڵی سێکسی/ کۆمەڵایەتی/ عزەدین یاسین/ ٤٠ ل.
٦١_جیھانبینی شیعری ھاوچەرخی کوردی/ لێکۆڵینەوە/ دەریا جەمال حەوێزی/ ٣٨٤ ل.
٦٢_ دڵڕەقی و بێ ماڵی/ لێکۆڵینەوە / مەریوان قانع/ ٣٠٤ ل.
٦٣_گرنگی کارەکتەر لە ڕۆمانی عەتر و ئاگر/ لێکۆڵینەوە/ نەجم ئەلوەنی/ ٢٠٠ ل.
٦٤_دیاردەناسی مرۆڤ لە شیعری ناڵیدا/ لێکۆلینەوە / بارزان عەلی پیرۆت/ ٢٨٠ ل.
٦٥_ڕەنگاڵەکانی دەق/ لێکۆڵینەوە/ ئازاد عبدلواحید/ ١٤٤ ل,
٦٦_ھەگبەی مەخمووری / کولتووری/ غەفوور محموری/ ٣١٠ ل.
٦٧_ دەق و ڕەخنە/ لێکۆڵینەوە/ عەبدوڵا ڕەحمان/ ١٥٢ ل.
٦٨_ کتێب/ ڕانان/ جەلیل کاکە وەیس/ ١٧٥ ل.
٦٩_ خۆسووتاندنی ئافرەتان/ کۆمەڵایەتی/ شوکریە ڕەسول/ ٨٠ ل.
٧٠_ ڕەخنە لە بەختیار عەلی/ ڕەخنە/ تەھا ئەحمەد ڕەسول/ ١٠٠ ل.
٧١_شێوازی شیعری پیرباڵ محمود/ لێکۆڵینەوە/ سافیە محمد احمد/ ١٨٦ ل.
٧٢_ لافاو/ ئێمێل زۆڵا/ و _ئەردەلان عەبدوڵا/ ڕۆمان/ ٧٢ ل.
٧٣_ شەبەنگی بوون زایەلەی دەق/ ڕاڤە/ ھەندرێن / ١٥٠ ل.
٧٤_سێبەرەکانی ئەدەب/ وتار/ وەرگێڕانی کەریم سۆفی/ ١٣٥ ل,
٧٥_ئازادی لێپێچینەوە/ ھزری/ دڵشاد کاوانی/ ٩٥ ل.
٧٦_مرۆڤ پەروەردە دەکرێ / پەروەردەیی/ سەرۆ قادر/ ٣٠٤ ل.
٧٧_دەستە سڕەکەی ئۆتیلۆ/ ھزری/ بەختیار عەلی/ ٢٧٥ ل.
٧٨_ئەزموون و شیعری بێگەرد/ ئەزموون/ سەباح ڕەنجدەر/ ٤٤٨ ل.
٧٩_ دەنگ لە شیعری کەریم دەشتیدا/ لێکۆڵینەوە/ فازڵ شەوڕۆ/ ١٠٠ ل.
٨٠_ گێڕانەوە لە داستان و شانۆدا/ لێکۆڵینەوە/ ھاوکار جەمیل/ ٣٤٥ ل.
٨١_ ڕۆمان لە گۆشە نیگای جیاوازەوە/ وتار/ سەلاح عمر/ ١٠٩ ل.
٨٢_ئاستانەی سبەینێ / لێکۆڵینەوەی ئەدەبی/ بوشرا کەسنەزانی/ ٤٠٦ ل.
٨٣_بەرەو خۆر/ کۆمەڵە چیڕۆک/ عەبدوڵا ئاگرین/ ٨٨ ل.
٨٤_دۆزەخ/ شانۆنامە/ سارتەر/ ١٢٦ ل.
٨٥_ئەندازەی وشەو وێنە/ لێکۆڵینەوە/ عەبدوڵا تاھیر بەرزنجی/ ١٧٠ ل.
٨٦_ ئەو ڕۆژەی دەمرم/ لێکۆڵینەوە/ حوسێن بەفرین/١٢٥ ل.
٨٧_ گەڕان بە نێو شیعرەکانی بەختیار عەلی/ لێکۆڵینەوە/ عەبدوڵا سلیمان/ ٤٠ ل.
٨٩_ ھزر و شێواز لە چیڕۆکی کوردیدا / لێکۆلینەوە/ حەمە سعید حەسەن/ ١٤٥ ل.
٩٠_ئەحلام یاخییە ئەڵوەنییەکە/ بیۆگرافی/ سەروەر سەعدوڵا/ ١٧٠ ل.
٩١_کورتە چیڕۆک و مەرجە ھونەرییەکانی / ئەدەبی / و _ سەنگەر زراری/ ٢٠٠ ل.
٩٢_کۆتر و پڵنگ / لێکۆڵینەوە/ حەمە سعید حەسەن/ ٢٠٠ ل.
٩٤_ ھەفتا ھەزار ئاشووری/ چیڕۆک/ وەرگێڕانی نوری بێخاڵی/ ٦٢ ل.
٩٥_ دووەمین ناودارانی کۆنفرانسی کۆیە/ حەیدەر لەشکری/ ٣٥١ ل.
٩٦_ ڕووداوی مێژوویی لە ڕۆمانی کوردیدا/ لێکۆڵینەوە / ابراھیم عبدرحمان جاف/ ١٤٤ ل.
٩٧_ لە ژووانی کۆڤیدەکاندا/ ڕۆمان / حسام بەرزنجی / ٢٤٦ ل.
٩٨_فڕین بە باڵی شیعر / لێکۆڵینەوەی ئەدەبی / حەمە سعید حەسەن/ ٢٩٠ ل.
٩٩_ چیڕۆکەکانی ئەندریا/ بیرەوەری / ئەندریا پێشڕەو / ١٨٦ ل.
١٠٠_ ترس لە وشە / ڕەخنە / حەمە سەعید حەسەن / ١٣٥ ل .
١٠١_ نیشتمانی شێرکۆ بێکەس / توێژینەوەی ئەدەبی / عەبدولخاڵق یە عقوبی / ١٤٥ ل.
١٠٢_گوتاری چێژی سێکسی/ لێکۆڵینەوە/ غازی حەسەن/ ٣٣٠ ل.
١٠٣ _ خەمی مەستورە / ڕۆمان / میران ئەبراھام / ٢٠٦ ل.
١٠٤_ نووسەری ساختە / ڕەخنە/ حوسێن محمەد عەزیز/ ٢٦٣ ل.
١٠٥_ میر محمەدی ڕواندزی / مێژوویی / مەغدید حاجی/ ٨٦ ل.
١٠٦_ پشت ئاشان/ ڕۆمان/ وەرگێڕانی/ ڕابەر ڕەشید ٧٩٠ ل.
١٠٧_ ھێزی گێڕانەوە/ دیمانەی ئەدەبی/ ئارام سدیق /١٠٥ ل.
بەشێک لەو کتێبانە، خوێندنەوە و ڕانانم بۆ کردوون، لە سەریانم نووسیوە و ھێشتا وتارەکانم بڵاو نەکردۆتەوە. دەیان کتێبی تر ھەبووە، بە داخەوە بە تاسەبوومە بیانخوێنمەوە، کەچی دەستم نەکەوتوون. ئاماژەدان بەو کتێبانە، بۆ فیز و خۆ ھەڵکێشان نییە، بەڵکو لە سەرێکەوە بۆ ئەوەیە بزانم لە ساڵێکدا چەند کتێبم خوێندۆتەوە کە ئەمەم کردووە بە نەریتێکی ساڵانە، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوەیە، کە بە دڵ دەخوازم خوێنەرانێک ھەبن، دە ئەوەندی من کتێبیان لەوساڵەدا خوێندبێتەوە. ئێمە گەلێکین ناخوێنینەوە، بۆیە ھەروا بەدواکەوتوویی ماوینەتەوە. من ھەموو کتێبێک دەخوێنمەوە، بەوانەشی کە ھیچیان تێدا نییە، بۆ ئەوەی بزانم ئاستی ھوشیاریی و تێگەیشتنی نووسەرەکانیان چۆنە, بۆیە ھیچ شتێک بە قەد خوێندنەوە لە ژیانی من بەھاو پیرۆزی نییە. دواجار زۆر بە ڕاشکاویی بێ سڵەمینەوەی کۆمەڵایەتی و خێزانی ئەوە دەڵێم:_ (کە ھەتا ئەو ڕۆژەی ئەسپەردەی ئەو خاکەم دەکەن، خۆم بە قەرزاری کتێبەکان دەزانم و شانازییان پێوە دەکەم) کە ئەگەر ئەوان نەبوونایە، دوور نەبوو ئێستا مرۆڤێکی بەربەری و بێ شعوور، یان ھەر بە ناو مرۆڤ بوومایە. سوپاس بۆ کتێبەکان کە فێریان کردم مرۆڤ گرنگ نییە مرۆڤبوون گرنگە، ژیان گرنگ و بەھادار نییە، چۆنییەتی ژیانکردن و مامەلگە لەگەڵ ھەموو شتێکدا، بە تێگەیشتن و ھەستێکی مرۆڤانە. گرنگ و بەھادارە.
ڕواندز_ ٣٠/١٢/٢٠٢٣
Discussion about this post