ئیسلامیەکان کە هەست بەوە دەکەن لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵک هەستێکی خراپی بەرامبەر سەپاندنی “حیجاب” هەیە؛ خۆکەوتوون بۆ بەرگرییەکی گەرم لەوەی خۆیان پێی دەڵێن “حیجاب”، و هێرش دەکەنە سەر ژنی ئازاد لە کۆمەڵگادا کە پابەندی ئەو ئەرکە ئایینیە نیە.
و خەریکە پاساو بۆ ئەو تاوانە دەهێننەوە کە بەرامبەر (ژینا ئەمینی) کرا لەسەر ئەوەی (یان بە هۆی ئەوە و دوا-بە-دوای ئەوەی) “حیجاب”ـەکەی پێرفێکت نەبوو، بەوەی دەڵێن: خوشکانی ئێمەش کە “نیقاب” دەپۆشن جارێک ڕێگەیان پێ نەدراوە بچنە زانکۆیەک، و لە فڵان وڵاتی ئەورۆپایی ڕێگە بە “حیجاب” و نیقاب” نادرێت.
پێشەکی و بە چاوپۆشین لەو هەموو هەڵەگۆیی “موغالەطە”یەی لەو پاساوانەدا هەیە؛ ئێمە بەلامانەوە ئاساییە و پێویستە ئاسایی و یاسایی بێت لە هەر شوێنێکی گشتی و هەتاکوو حوکوومییش ژنی موسوڵمان جلوبەرگەکەی “شەرعی” و داپۆشەر بێت.
بەڵام:
١. ئەوەی ئیسلامیەکان پێی دەڵێن “حیجاب”؛ جۆرە مۆدێلێکی تایبەتە، و زیاتر لە جلوبەرگی ژنە ڕاهیبەکان دەچێت، و جلوبەرگێکی ڕەسمیی ڕێکخستنی ئیسلامیی “خوشکان”ـە. ئەمە ـ بە بڕوای من ـ نابێت لە شوێنە حوکوومیەکاندا ڕێگەی پێ بدرێت (چونکە لە واقیعدا دەبێتە ڕیکلام بۆ ڕێکخستنێک و گرووپێکی ئایینیی تایبەتی)، نەک لە شوێنە گشتیەکان کە دەبێت ئاسایی بێت.
٢. “نیقاب”، شتێکی سروشتی نیە، و ناسنامەی مرۆڤەکە دەشارێتەوە، و زۆر زیاترە لە جلوبەرگێکی شەرعی و داپۆشەر. و زیاتر کێشەیەک یان میراتێکی کولتووری و مەزهەبیە، نەک ئەرکێکی گومانهەڵنەگری ئیسلامی. بۆیە ئەمەش پێم وایە (بەتایبەتی بۆ وڵاتی خۆمان کە “نیقاب” تێیدا کولتوور و “عادەت” نیە) نابێت لە شوێنی حوکوومی، وەکوو زانکۆکانیش، هەبێت. بەڵام ئەمەش لە شوێنی گشتی هێشتا لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسیدایە.
هەر ئەم تێکەڵکردنەی جلوبەرگی شەرعیی ژن لە ئیسلامدا لەگەڵ مۆدێلی ناوبراو بە “حیجاب” و لەگەڵ “نیقاب”؛ پێویستە ڕاست بکرێتەوە و لەگەڵیدا نەڕۆین و ملکەچی نەبین.
ئێمە دەمێکە هەوڵ دەدەین ئەو هۆشیاریە دروستبکەین کە مرۆڤی هۆشیاری ئێمە بتوانێت باڵابۆشیی “شەرعی”ی ئیسلامی لە “حیجاب” و “نیقاب” جیابکاتەوە.
مرۆڤی موسوڵمانی پابەند دەتوانێت ئەرکە ئایینیەکانیشی جێبەجێ بکات، بۆ نموونە ژنێکی موسوڵمان جلوبەرگەکەیشی “شەرعی” بێت (و ئەمە لە هەموو دامودەزگایەکی حوکوومییش ڕێپێدراو بێت)، و پەنایش نەبات بۆ ئەو مۆدێلە تایبەتەی پێی دەوترێت “حیجاب”، و پەنا نەبات بۆ “نیقاب”ێکی نامۆ و ئیستیفزازی. بەڵام زۆرێک لە ئیسلامیەکان وا دیارە هەر سوورن لەسەر تێکەڵکردنی فایلەکان.
من لە هەر خوێنەوارێکی ئیسلامی ڕادەبینم بزانێت کە باڵاپۆشیی ژن لە ئیسلامدا مۆدێلێکی تایبەتی نیە، هەر جلوبەرگێکی ژن لە هەر سەردەم و کولتوورێکدا دەکرێت داپۆشەر بێت و مەرجی “شەرعی”ی تێدا بێت. ئیسلامیەکان فێڵ لە خەڵک دەکەن کە باڵاپۆشیی “شەرعی” بەو جلوبەرگە ڕەسمیەی ڕێکخستنەکانی خۆیان پێناسە دەکەن و ناویشی دەنێن “حیجاب”، و دەچن لە کەنداوەوە مۆدێلی تایبەتیی سەرپۆشی جۆری “مەقنەعە” [خۆی “میقنەعە”یە] دەهێنن و لێرە بەسەر خەڵکدا ساخی دەکەنەوە و بازرگانیی پێوە دەکەن.
ئینجا “حیجاب” بە پەردەی بەر ماڵەکانی ژنەکانی پێغەمبەر وتراوە، کە هەر پیاوێکی نامەحرەم لە پشتی ئەو پەردەوە قسەی لەگەڵ کردوون، و بەم شێوەیە لە قورئاندا (الأحزاب: ٥٣) باسی هاتووە. کە لە دەرچوونیشیاندا هەر وا لەناو کەژاوەیەکدا داپۆشراو بوون. دوای مردنی پێغەمبەریش ئەو پەردەیە هەر بەردەوام بووە و هەمیشە پەردەیەک لەنێوان ئەوان و سەردانکەری نامەحرەم هەبووە.
ئیتر ئەمە پەیوەندیی بە باڵاپۆشیی ژنی موسوڵمانەوە بەگشتی چیە؟ ژنی موسوڵمان بەگشتی نە لەسەری “واجیب” کراوە لە ماڵەوە دانیشێت “وقرن في بیوتکن” (الأحزاب: ٣٣) (سەودە لە دوای ئەم گوتارەوە تەنها ڕۆژی مردنی بە جەنازەیی چووەتە دەرەوە. عائیشە بە خوێندنەوەی ئەم ئایەتە فرمسێکی پەشیمانیی دەڕشت چونکە بۆ شەڕی وشترەکە چووە دەرەوە، ئەویش لە کەژاوەدا)، و ژنی موسوڵمان نە لە کەژاوەدا لە دەرەوە هەڵدەگیرێت، و نە لە پشتی پەردەوە قسەی لەگەڵ دەکرێت.
ڕاستە بەشێکی زۆری ئەم گوتارە (الأحزاب: ٣٢-٣٤) بە پلەی دووەم و بە پاشکۆیەتی بۆ ژنی موسوڵمانی تریش بەگشتی دەبێت (هەتاکو مانەوە لە ماڵەوە بەپێی بیرکردنەوەی ئیسلامی بۆ هەموو ژنێک بە باش دەزانرێت، هەتا بتوانێت و هەتا بۆی دەکرێت)، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە باڵاپۆشیەوە هەبێت؛ ئێمە لە قورئاندا لە گوتاری تردا ڕێنمایی دەبینین کە بەڕوونی ئاڕاستەی “ژنانی موسوڵمان” (“المؤمنات”) کراوە کە بە سەرپۆش “خیماڕ”ەکانیان (کە دیارە خۆی هەبووە پێشتر) مل و گەردنیان داپۆشن (النور: ٣١)، و لە گوتارێکی تردا ـ کە بەڕوونی ئاڕاستەی ژنەکانی پێغەمبەر و “ژنەکانی موسوڵمانان” (“نساء المؤمنين”) هەردوو لایان کراوە ـ دەڵێت: دەبێت چارشێو “جیلباب”ـەکانیان (کە دیارە هەبووە نەک قورئان دایبهێنێت) لە سەرەوە بهێننە خوارەوە بەسەر خۆیاندا (الأحزاب: ٥٩). بەڵام باسی پەردە “حیجاب”ـەکە (هەتاکو باسی نەچوونە دەرەوە لە ماڵیش، تا ڕادەیەکی زۆر) وەکوو یاسای تایبەت بە ژنەکانی پێغەمبەر دەمێنێتەوە، و گوتارەکەش (بەتایبەتی باسی پەردە “حیجاب”: الأحزاب: ٥٣) بەڕوونی تایبەت کراوە بە یاسای چوونە ماڵەکانی پێغەمبەر “بيوت النبي”ەوە و کە دەڵێت “سَأَلْتُمُوهُنَّ” مەبەست تەنها و تەنها ژنەکانی پێغەمبەرە.
بەم شێوەیە؛ ئەم شتانە لەسەر ژنەکانی پێغەمبەر “واجیب” کراون، و لەسەر ژنی موسوڵمانی تر وەکوو “واجیب” نین. بەڵێ! لە کۆنەوە موسوڵمانان ئەم شتانەیان بۆ ژنی موسوڵمان بەگشتی پێ خۆش بووە، و هەر ئەمەیە کە وای کردووە زاراوەی “حیجاب” وردە-وردە بە داپۆشەری ژنی موسوڵمان بەگشتی بوترێت، ئەگەرنا ئەوە بەکارهێنانە “شەرعی”ـەکەی وشەکە نیە.
ئێستەش سەلەفیەکان و هەندێک لە ئیسلامیەکان (ئەوانەی پێشینەی سەلەفی و سەلەفی-جیهادییان هەیە) هەوڵ دەدەن ئەو یاسایانە بەسەر ژنەکانیاندا بچەسپێنن: جگە لە سەرپۆش و چارشێو و ناونانی کۆی ئەم باڵاپۆشیە بە “حیجاب”؛ هەوڵ دەدەن هەتا بتوانن نەهێڵن بچنە دەرەوە، بۆ دەرەوە لە جێی کەژاوە پەچەی تەواویان بەسەردا دەدەن، و لە جێی پەردەی ماڵەوەش هەمیشە هەوڵ دەدەن لە میوانی و میواندارییشدا ژن و کچیان لە میوانەوە دیار نەبێت و لە ژووری جیاواز بمێننەوە، هەتاکو لەگەڵ خزمانیش، هەرچی نامەحرەم بێت، تەنانەت لە سەیرانیش دەبینرێت مەجلیسی دانیشتنی ژن و پیاو جیادەکەنەوە! هەر بۆیە بینیومانە لە زانکۆ ئیسلامیەکانیش بەتەواوی بەشی کوڕان و بەشی کچان جیان!
ئەمەش هەڵبژاردن و کێشە و بەندوباوی خۆیانە لە جێبەجێکردنی ئیسلامدا. ناتوانن ئێمە بخەڵەتێنن و بڵێن ئیسلام ناچاری کردووین وا بکەین. نەخێر! تێگەیشتن و دابەزاندنی خۆیانە.
ئینجا بۆ باسی “نیقاب” و پەچەش؛ دیسان ئەمەش هەڵگری ئاڵۆزیی خۆیەتی: مەسەلەکە لە ئیسلامدا جێی ناکۆکیە و “خیلافی”ـە، و زۆرینەی ڕێبازەکان (زۆرینەی فیقهزانانی ڕێبازەکانی حەنەفی و مالیکی و شافیعی و حەنبەلی) لەسەر ئەوە بوون کە “واجیب” نیە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم زۆرینەیە لەسەر ئەوەن دەموچاوی ژنی موسوڵمان بەشێک نیە لە “عەوڕەت” کە دەبێت داپۆشرێت، بۆیە پێیان وایە “واجیب” نیە دەموچاو داپۆشرێت. هەتاکو بەلای مالیکیەکانەوە داپۆشینی تەواوی دەموچاوی ژن “مەکڕووهـ” بووە. حەنەفیەکانی سەردەمانی دوایی پێیان وا بووە وا باشترە کچ لەناو خەڵکدا دەموچاوی داپۆشێت، بۆ ڕێگرتن لە “فیتنە” نەک بەپێی ئەوەی “عەوڕەت” بێت. لەناو شافیعیەکانیشدا هەبووە پێی وا بووە کە “نیقاب” ئەرکێکی “واجیب”ـە. بەڵام ئەمانە ڕێبازی کەمینەن، و زیاتریش بۆ ڕێگرتن لە هەندێک مەترسی و شتی نەخوازراو و وەکوو جۆرێک لە “ئیحتیاط” و زیادەڕەوی لە پابەندبووندا پەسەندیان کردووە.
ئیتر کاتێک سەلەفیەکان و هەندێک لە ئیسلامیەکان، و بەتایبەتی خەڵکی موسوڵمانی هەندێک ناوچەی دیاریکراو؛ مەسەلەی “نیقاب” دەکەن بە مەسەلەی دین؛ ئەمە فێڵێکە، و ئەم فێڵە لە ئێمە ناکرێت و بەسەر ئێمەدا تێپەڕ نابێت.
ئیسلامی ناتوانێت بڵێت: من ئیسلام ناچاری کردووم “نیقاب” بکەم. نەخێر! ئیسلام ناچاری نەکردوویت! یان وەکوو عادەت بۆت ماوەتەوە، یان هەڵبژاردنی توندگیرانەی خۆتە لەناو ئیسلامدا.
ئێستە کە “نیقاب” لە وڵاتانی خۆرئاوایش بووەتە کێشەیەکی ئیسلامی، و بە ناڕەوا کراوەتە بەشێک لە ناسنامەی ئیسلامی؛ لە ڕاستیدا مەسەلە ئەوەیە هەم گوتاری سەلەفی بەسەر عەقڵی ئیسلامیدا خۆی زاڵ کردووە، و هەم ئەو خەڵکە موسوڵمانەی کە ئەو کێشەیەیان سازکردووە خۆیان باکگراوندێکی کولتووریی تایبەتیان هەیە: لە هەندێک کۆمەڵگای ئیسلامیی وەکوو ئەفغانستان و پاکستان و هەندێک شوێنی تر (وەکوو لای خەڵکانێک لە باکگراوندی خێڵەکیی بیاباننشین، لە سوعوودییە) پەچە بەشێکە لە کولتوور و “عادەت”ـیان، بۆیە بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە ناسنامە، بەڵام ئەم ناسنامەیە ناسنامەی باکگراوندی ئێتنیکی-خێڵەکی و کولتووریی خۆیانە و بە هەڵەگۆیی و چەواشەکاری دەکرێتە ناسنامەی ئیسلامی و ئایینی، و دەکرێت بە یەکێک لە کێشەکانی گونجانی موسوڵمان لەگەڵ کۆمەڵگای نوێ و خۆرئاواییدا.
لە وڵاتی ئێمەش؛ ئەوە ڕاستە پەچە لە شارەکاندا کە کولتوورە جیاوازەکان تێکەڵ دەبن و لاسایی یەکتر دەکەنەوە و زۆر بنەماڵە حەزدەکەن لاسایی بنەماڵەی تر بکەنەوە (و ژنی ئاسایی حەزدەکات لاسایی مەلاژن و شێخژن بکاتەوە!)؛ هەبووە، و پاشماوەی یادەوەریی ئەوە لە ئەدەب و هونەری کوردیدا دەبینرێت (نەشمیلەی چاوجوان! پەچەکەت لادە!)؛ بەڵام بەگشتی و لە یادەوەریی زیندووی کۆمەڵگای کوردەواریدا پەچە شتێکی نامۆیە، بەشێک نیە لە کولتوور، و بەشێک نیە لە ڕێنمایی ئایینیی ڕابەرە ئایینیەکان و “عولەما”مان، پێشتریش ئاماژەم دا کە زۆرینەی فیقهزانە شافیعیەکانیش پەچەیان بە “واجیب” لەسەر ژنی موسوڵمان نەزانیوە.
بۆیە ئێستە کە هەندێک ئیسلامیی باکگراوند سەلەفی سوورن لەسەر خۆجیاکردنەوە بە “نیقاب”؛ با هەڵبژاردنێکی فیقهی و ڕێبازێک لە پشتیەوە هەبێت؛ هێشتا ئەوە خۆجیاکردنەوەیە بە دەرکەوتنێكی نامۆ، و لافوگەزافی پابەندی و موسوڵمانێتیی زیاترە بەسەر خەڵکانی تردا، و هەوڵێکە بۆ سەندنەوەی ڕەوایەتیی ئایینی و مینبەری ئایین لە خەڵکانی موسوڵمانی تر، کە ئەمە ئامانجی هەمیشە ئامادەی هەر ڕابەر و گرووپێکی سەلەفیە.
بێ گومان ئێمەش لەگەڵ ئەوە نین کە یاسا و پۆلیس کۆتوبەند دانێت لەسەر پابەندبوونی ئایینی، بۆ نموونە بە جلوبەرگی شەرعیەوە. بەڵام ئایینداریش دەبێت لەنێوان ئەرکی ئایینیی خۆی و سەردەم و کۆمەڵگاکەی هاوسەنگییەک دروست بکات، و دروشمە تائیفی و مەزهەبیەکانی خۆی بە ناوی ئەرکی ئایینیەوە زەق نەکاتەوە.
مرۆڤی موسوڵمان و ئاییندار بەگشتی؛ سەرەتا دەبێت “ئیستیعاب”ی جیاوازیی سەردەمەکە و کۆمەڵگاکە بکات، و تێبگات کە سەردەمێكی جیاوازە و کۆمەڵگایەکی کراوەیە، و هەر خۆی نیە و سەردەمی دەوڵەتە ئیسلامیەکەی قەڵاکانی سەدەکانی ناوەڕاست نیە، بەڵکوو ئەم ئەگەر بتوانێت دەبێتە ئەندامێک لە ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی نوێ. و بۆ ئەوەی ئەندامێکی وەرگیراو بێت و جێی ببێتەوە؛ دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان ئەرکە ئایینیەکانی خۆی و یاسا و ڕێسا و بنەماکانی پێکەوەژیان و تێکەڵاوبوون لەو کۆمەڵگا کراوەیەدا، و یاسای ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی و عورفە کۆمەڵایەتیەکەی، ڕابگرێت. دەشتوانێت لە کۆمەڵگا و فەزا گشتیەکاندا هەموو دروشم و نیشانەیەکی جیاکەرەوە هەڵبگرێت چونکە فەزایەکی گشتیە و هەمووی خۆی تێدا نمایش دەکات، و لە کۆمەڵە و کۆڕ و کۆبوونەوە ئایینی و تایبەتیەکانی خۆیدا چۆنی پێ خۆشە بەو شێوەیە بدوێت و هەڵسوکەوت بکات، بەڵام لە شوێنە ڕەسمی و حوکوومیەکاندا کە هەموو لایەک تێیدا پابەندی یاسا و دەستوورن و بەپێی ئەوە دەڕۆن؛ ناکرێت دروشم و نیشانە جیاکەرەوەکانی زەق بکاتەوە. ئەمڕۆ ئیسلامیەکان، بەتایبەتی سەلەفیەکان، لە کۆمەڵگای کراوەدا وا دەکەن: بە شێوەیەکی ئیستیفزازی ئینتیمای تایبەتیی خۆیان نمایش دەکەن، هەتا بتوانن خۆیان جیادەکەنەوە، دەیانەوێت کێشە دروست بکەن هەتا بەها و ڕاستێتیی دیمۆکراسی بخەنە ژێر پرسیارەوە. مەسەلەکە تەنها پابەندبوونی شەرعی نیە (تەنها کێشەی “حیجاب” نیە، بەڵکوو هەر شتێکی جیاکەرەوەیە)، مەسەلەکە هەمان ئەو خۆسەپاندنەیە کە هەمان ئیسلامی و سەلەفی لە وڵاتی خۆی و لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئامادەیە مرۆڤیش بکوژێت لەسەری: لە وڵاتی خۆی بە یاسا و بە هەڕەشەی سزا و بە پۆلیس “حیجاب” دەسەپێنێت، لە وڵاتی نائیسلامییش هەر “حیجاب”ـەکەی بە نامۆترین و جیاوازترین شێوە زەق دەکاتەوە. نە لە وڵاتەکەی خۆی خەڵکی جیاواز قبووڵ دەکات، نە لە وڵاتە خۆرئاواییەکەش ئامادەیە وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگای گشتی تێکەڵ ببێت و “ئیندیماج” بکات.
ئێمە ناچارین بە مرۆڤی موسوڵمانی نەسازاو و نەکوڵۆک بڵێین: ئەگەر کۆمەڵگای نوێ و کراوەت قبووڵ نیە و هەر تێکەڵ نابیت و ناگونجێیت؛ دەی بەشداریی تێدا مەکە. خوێندکارەکانت ببەرە قوتابخانەی ئایینیی تایبەت کە بە دڵی خۆت بن. لە وڵاتە ئیسلامیەکەی خۆتدا ئۆقرە بگرە و خۆت مەدە بە دار و بەرددا بۆ ئەوەی وڵاتێکی نائیسلامی بەخێوت بکات و هێشتا ڕێزی یاسا و ڕێساکانیشی نەگریت.
Discussion about this post