( به‌شی یه‌كه‌م ) كه‌ژاڵ ئیسماعیل : ئه‌گه‌ر وشه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی بخه‌ینه سه‌ر په‌یژه‌ی تاوانه‌كانی مرۆڤ بێگومان ئه‌گه‌وێته لوتكه‌ی ئه‌و تاوانه دژ به‌مرۆڤایه‌تیانه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگه جیهانییه‌كاندا ئه‌نجام ئه‌درێت ،
تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی نه دیارده‌یه‌كی نوێیه و نه‌ته‌نها په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ڵكو له‌ته‌واوی دنیادا و بێجیاوازی ئه‌نجام ئه‌دێت ، ئه‌وی جێی سه‌رنجه كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ووڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسی ئه‌م تاوانه دژ به‌مرۆڤایه‌تییه بۆته‌وه و وه‌ك دیارده‌یه‌كی ناشرین و ترسناك كۆمه‌ڵگه‌ی خستۆته ژێر فشاری ترس و دڵه‌ڕاوكێوه به‌تایبه‌تی ڕه‌گه‌زی مێ كه نێچیرێكی به‌رده‌وامی ئه‌و تاوانه پڕ له‌شه‌رم وقێزه‌ونه‌یه ، هه‌ڵبه‌ت وه‌ك تاوانێك زیانی جه‌سته‌ی و ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌یه‌نێته ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌بنه نێچیری ئه‌م جۆره تاوانه و وێڕای ئه‌وه‌ی كه روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ و نه‌فره‌ت و سوكایه‌تی كۆمه‌ڵگه ئه‌بنه‌وه .
ده‌ستدرێژی سێكسی بریتییه له ئه‌نجامدانی كاری سێكسی به‌زۆر له‌لایه‌ن ده‌ستدرێژی كه‌ر بێ خواز‌و ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نی ده‌ستدێژی لێكراو ، هه‌ڵبه‌ت ده‌ستدرێژی سێكسی مه‌رج نییه تاوانبار یان ده‌ستدرێژیكه‌ر ته‌نها كاری سێكسی ئه‌نجام بدات به‌ڵكو گه‌لێك شێوازی دیكه هه‌یه وه‌ك ( په‌لاماردان ، ده‌ستبردن بۆ شوێنه هه‌ستداره‌كانی له‌ش ، خۆپێوه‌نوسان ، یاریكردن به ئه‌ندامی زایه‌ندی ،) ئه‌وی ئاشكرایه زۆربه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه روبه‌ڕوی ڕه‌گه‌زی مێ ئه‌بنه‌وه و ئه‌بنه نێچیری تاوانباران به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجام ئه‌درێن ، وێرای ئه‌وه‌ی ده‌سترێژی سێكسی به‌رابه‌ر مناڵان ، مێردمناڵ ، ته‌نانه‌ت پیوپه‌ككه‌وته‌كان ئه‌نجام ئه‌درێت .
ده‌سدرێژی سێكسی یه‌كێكه له‌و تاوانانه‌ی كه ئه‌چێته خانه‌ی توندوتیژی و هه‌تك كردنه‌وهو هه‌ندێك جاریش وه‌ك ئازاردانی جه‌سته‌ی وده‌رونی ئه‌نجام ئه‌درێت ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م تاوانه له‌چه‌ن شێوازێكی جۆراو جۆردا ئه‌بینرێت وه‌ك :
ده‌ستدێژی پیاو بۆ سه‌ر كچی ته‌مه‌ن ژێر هه‌ژده ساڵ و هه‌ندێكجار مناڵ و دڕاندنی په‌رده‌ی كچێنی كه ئه‌م حاڵه‌ته له هه‌مویان دیارتره .
ده‌ستدرێژی سێكسی مێرد بۆ سه‌ر ژنه‌كه‌ی ( هاوسه‌ره‌كه‌ی ) هه‌ڵبه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌دا ژن باری ده‌رونی وجه‌سته‌ی ئاماده‌نییه بۆ ئه‌نجامدانی كاری سێكسی ،، ئه‌م حاڵه‌ته‌یان زیاتر له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوه‌كاندا ڕوئه‌دات به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی هیچ ڕۆشنبیرییه‌كی سێكسییان نییه‌و ته‌نها وه‌ك غه‌ریزه‌یه‌كی حه‌یوانی له‌گه‌ڵ ژن موماره‌سه‌ی ئه‌كه‌ن .
ده‌ستدێژی كردنه سه‌ر مێردمناڵ ( ڕه‌گه‌زی نێر )
ده‌ستدرێژی ژن بۆ سه‌ر ژن ئه‌میش له‌نێو ئه‌و ژنانه‌دا ڕوئه‌دات كه مه‌یلیان به‌لای ڕه‌گه‌زی خۆیاندا ئه‌ڕوات ( لێزبی )
ده‌ستدێژی ژن به‌رابه‌ر به‌پیاو ، له‌راستیدا ئه‌م شێوازه ڕوی له‌زیادبونه و هه»دێك له‌و ژنانه‌ی ئه‌م تاوانانه‌یان ئه‌نجامداوه خۆیان دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوه .
هۆكاره‌كانی تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی
٭ هۆكاری ئایینی / ئه‌م هۆكاره پابه‌نده به‌جۆری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان وچه‌ندیتی و چۆنێتی پابه‌ندبون به بنه‌ما ئایینییه‌كانه‌وه ، لێره‌دا مه‌به‌ستم له ڕاده‌ی باوه‌ڕ هێنانه به‌و بنه‌مایانه‌ی كه زۆربه‌ی ئاینه ئاسمانییه‌كان له‌سه‌ری كۆكن ئه‌ویش پاراستنی تایبه‌تمه‌ندێتی كه‌سانی دیكه و ڕێزگرتن له‌به‌رابه‌ر ، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئاینێك توندوتیژی وئازاردان وهه‌تك كردن به‌تاوان دائه‌نێت و سزای خۆی هه‌یه ، چ جا ئه‌و تاوانه ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر كه‌سێكی دیكه‌بێت به مه‌به‌ستی ئابروبردن و دامركاندنه‌وه‌ی غه‌ریزه فیزیكیه‌كانی جه‌سته كه هه‌ندێك جار ئه‌م تاوانه دوگیان بون یان خۆكوشتنی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه .
٭هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی / بێگومان فاكته‌ری سه‌ره‌كه‌ی لێره‌دا دروستبونی جیاوازی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه وایكردووه به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه هه‌ست به بونی نا عه‌داله‌تی بكات ، لێره‌دا چینی گه‌نجان ئه‌بنه نێجیری ئه‌و بارودۆخه‌و ڕوبه‌ڕوی كۆمه‌ڵێك كیشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌بنه‌وه له ئه‌نجامی كاڵبونه‌وه‌ی بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌و ه‌ست نه‌كردن به‌به‌رپرسیارێتی و گرتنه‌به‌ری ئه‌و ڕێگانه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێریان ئه‌بات ، وه‌ك خواردنه‌وه‌ی ماده ئه‌لكهولییه‌كان ، به‌كار هێنانی ماده هۆشبه‌ره‌كان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه ، تێكچونی باری ده‌رونی ، زۆربه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجام ئه‌درێن له‌و جۆره كه‌سانه‌ن كه هاوسه‌نگی خۆیان له‌نیو كۆمه‌ڵگه‌دا له‌ده‌ستداوه بۆ نمونه له زۆرینه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامدراون وا ده‌ركه‌وتوه له ئه‌نجامی پشكنیندا تاوانبار له‌ژێر كاریگه‌ری ماده كهولییه‌كان یان هۆشبه‌ره‌كاندا بووه .
٭ژینگه‌ی كۆمه‌لایه‌تی /ئه‌م هۆكاره زیاتر په‌یوه‌سته به په‌روه‌رده‌كردن وبارودۆخی نێو خێزانه‌كان و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانیاندا ،
هه‌ڵوه‌ساندن ولێكترازاندنی خێزان و نه‌بونی كۆنترۆڵ له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی مناڵان و نه‌مانی بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی نێو خێزان هۆكاره بۆ لادان و سه‌رلێشێواندنی مناڵان ، جگه له گوێنه‌دان به ماف‌و داخوازی مناڵ و سه‌رقاڵی په‌روه‌رده‌كاران به ئیش‌و بژێوی ژیانه‌وه كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له نێوان باوك ودایك ومناڵدا دروست ده‌كات و دواتر نه‌وه‌یه‌كی سه‌قه‌ت و سه‌رلێشێواو نائاشنا به بنه‌ما ئه‌خلاقییه جوانه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه په‌روه‌رده‌ئه‌بێت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ له تاوانبار‌و تاكی نائارام دروست ئه‌بێت .
٭هۆكاری ئابوری / باری ئابوری هۆكارێكی گرنگه بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی تاوان به‌گشتی له‌نیو كۆمه‌ڵگه‌دا ، هه‌ژاری و نه‌بونی فرسه‌تی كاركردن وبه‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی ژیان و گرانی كۆمه‌ڵگه‌لێك هۆكارن بۆ هه‌ره‌سهێنانی بزاڤه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و توێژی گه‌نجان به‌تایبه‌ت ، له‌كاتێكدا كه باری ئابوری ڕۆڵی گرنگ وسه‌ره‌كی هه‌یه له دروستكردنی خیزان و ده‌سته‌به‌ركردنی خواز‌و پێداویستییه‌كانی تاك ، نه‌بونی سه‌رچاوه‌ی باش بۆ بژێوی ژیان وایكردووه تاك به‌تایبه‌ت گه‌نجان نائومێدبن له‌ژیان و توانای پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رێتیان نه‌بێت و ڕێژه‌یه‌كی زۆر له كوڕانی ڕه‌به‌ن وكچانی قه‌یره له‌كۆمه‌ڵگه‌دا دوچاری قه‌یرانی ده‌رونی وكۆمه‌ڵایه‌تی ببنه‌وه .
٭ هۆكاری یاسایی / له‌راستیدا نه‌بونی یاسایه‌كی توند به‌رابه‌ر به‌و تاوانبارانه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی ئه‌نجام ئه‌ده‌ن وایكردووه ڕێژه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه روله‌زیادبون بێت ، وه‌ك بونی پارێزه‌رێكی به‌توانا كه تاوانبار به‌ئاسانی له‌نیو تاوانه‌كه ڕزگار ئه‌كات ، یان سه‌پاندنی سزایه‌كی كه‌م وه‌ك قه‌ره‌بوی مادی یان چه‌ند مانگێك مانه‌وه له‌زیندان ، یان ڕزگاركردنی تاوانبار به پاساوی نه‌خۆشی ده‌رونی ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك جار تاوانبار به سزای چه‌ند ساڵێك زیندان سزا ئه‌درێت به‌لام كێشه‌كه وه‌ك خۆیه‌تی و كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نییه له‌سه‌ر كه‌م بونه‌وه‌ی .
٭ هۆكاری ڕاگه‌یاندن / ئه‌وی بۆته هۆی زیادبونی تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی نه‌بونی كۆنترۆڵ و ڕیقابه‌یه‌كی تونده كه‌مافی مرۆڤ بپارێزێت ، به‌تایبه‌ت دوای بلاوبونه‌وه‌ی ( سه‌تیلایت ) كه‌وه‌ك ئامێرێك له هه‌مو ماڵێكدایه و بونی سه‌دان كه‌ناڵی سێكسی ئیباحی و نه‌بونی كۆنترۆڵ له‌لایه‌ن خیزانه‌وه وه‌ك سنورێك بۆ به‌كارهێنانی ، وێرای بڵاوبونه‌وه‌ی ( ئه‌نترنێت ) كه ئه‌میان بۆته مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و به‌كارهێنه‌رانی ئامێری كه‌مپێوته‌ر له‌كاتێكدا هیچ كۆنترۆڵێكی له‌سه‌ر نیه‌و ته‌نها به نوسینی وشه‌یه‌ك توانای بینینی هه‌زاران وێنه‌ی روت و سایتی سێكسی بۆ به‌كارهێنه‌ر ده‌سته‌به‌ر ئه‌كات ، جگه له سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین گۆرانیبێژو به‌ناو هونه‌ركار ته‌نها بۆ بزواندنی ئاره‌زوی گه‌نجان وبینه‌ر هونه‌ریان كردووه به تیجاره‌تێكی بێ‌نرخ وبێ به‌ها ، ئه‌وی ئاشكرایه ئه‌مڕۆ له‌دونیای ڕاگه‌یاندن و بڵاوكراوه‌كاندا پرۆگرام و به‌رنامه‌ی كۆمه‌لایه‌تی وپه‌روه‌رده‌ی تادێت ڕوله كه‌م بون ونه‌مان ده‌كات ته‌نها فیلم و موسه‌لسه‌لات و گۆرانی و پرۆگرامی بێ مانا‌و بزوێنه‌ر په‌خش ئه‌كرێت و بڵاوكراوه‌كان بۆ پڕفرۆشكردنی ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیان په‌نا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌و هه‌واڵی بزوێنه‌رو نیمچه روت ئه‌به‌ن كه ئه‌مه دوره له‌بنه‌ماكانی راگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه وكاری ڕۆژنامگه‌رییه‌وه ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دیاردانه‌و چه‌ندین دیارده‌ی ناشازی دیكه ئه‌مڕۆ بونه‌ته فاكته‌ر بۆ به‌لاڕیبردنی گه‌نجان و بزواندنی غه‌ریزه سێكسییه‌كانیان .
له‌راستیدا تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی وه‌ك دیارده‌یه‌كی ناشارستانی ودور له ڕه‌وتی ئینسانییه‌ت تادێت ڕوله‌زیادبون ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌نیو كۆمه‌ڵگه نائازاد‌و چه‌پاوه‌كانداو ( چه‌پاندنی زایه‌ندی ) هۆكارێكی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه ، گه‌ر ڕۆژانه چاوبگێڕین به نیو ڕۆژنامه وه‌ره‌قی ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا ده‌یان تاوانی ده‌ستدێژی ئه‌بیستین و له‌زۆربه‌ی تاوانه‌كاندا ژن نێچییری سه‌ره‌كییه . ئه‌ویش پابه‌نده به شێوازی بارودۆخی كۆمه‌لایه‌تی وئابوری وپه‌روه‌رده‌یی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه بۆ نمونه له ووڵاتێكی وه‌ك ( سعودییه ) كه وا پیویسته مه‌ڵبه‌ندی ره‌وشت به‌رزی و لوتكه‌ی ئایین وئه‌خلاقی بێت وه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه تاوانی ده‌سدرێژی سیكسی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر تێدا ئه‌نجام ئه‌درێت ، نمونه‌یه‌كی هه‌ره به‌رچاوی دیكه ووڵاتی ( میسر )ه كه به‌نمونه‌ی ئه‌و وڵاته ئیسلامیانه دێت زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌ك موسوڵمانن به‌ڵكو به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مو‌ته‌ده‌یین ( ئیماندار ) ناوزه‌ند ئه‌كرێت له لیستی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینه‌ی ده‌ستدرێژییه سێكسییه‌كان له‌نیو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌نجام ئه‌درێت ، به‌هۆی ڕمانی ژیرخانی ئابوری ئه‌و وڵاته‌و زۆری ژماره‌ی دانیشتوانی و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ژاری كه فاكته‌رێكی هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه بۆ بلاوبونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه ، ڕۆژانه ده‌یان تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی به‌رابه‌ر كچان وژنان و بگره كوڕانیش ئه‌نجام ئه‌درێت له‌ته‌واوی شار‌و ناوچه‌كانیدا ، هه‌ڵبه‌ت قه‌ره‌باڵغی و نه‌بونی سه‌رچاوه‌ی بژێوی وایكردووه كه ڕێژه‌یه‌كی زۆر مناڵان و گه‌نجان ڕۆژانه له‌سه‌رجاده‌كان بۆ په‌یداكردنی بژێوی بڵاوببنه‌وه جا له هه‌ر ڕێگایه‌كه‌وه بێت و به هه‌ر وه‌سیله‌یه‌ك بێت نان په‌یدا بكه‌ن گرنگ نییه گرنگ ئه‌وه‌یه بژین ، خێزان به‌ره‌ڵایان ئه‌كه‌ن بێلێپرسینه‌وه به‌جۆرێك بۆته دیارده‌یه‌كی زه‌ق وناشارستانی و دیارده‌ی ( مناڵانی شه‌قام – اولاد الشوارع ) بۆته دیارده‌یه‌كی ترسناك وڕوبه‌ڕوی كۆمه‌ڵگه‌ی میسری هاتووه ، ڕۆژانه ئه‌و مناڵ وگه‌نجانه بێ جیاوازی له جۆری ژێنده‌ریان روبه‌ڕوی جۆره‌ها توندوتیژی و ده‌سدرێژی ئه‌بنه‌وه كه ترسناكترینیان ده‌ستدرێژی سێكسییه .
ماویه‌تی …………………
كه‌ژاڵ ئیسماعیل
هوڵندا