ئه‌نجامدانی: ئه‌سغه‌ر زار‌ع که‌هنمۆیی
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: ڕێناس جاف
پڕۆفیسۆر “کاتلین هۆگ”: له ڕێی زمانی زگماکیی و دایکزادهوه باشتر ده‌توانی هه‌ست و نه‌ستی خۆت ده‌رببڕی.
ساڵی 2000ی زایینیی *بوو که سه‌ره‌نجام ئاده‌مزاد که‌وته‌وه بیری پاراستنی گه‌وره‌ترین میرات و سامانی مرۆیی خۆی؛ئه‌و میراته‌ی که له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردوودا،له لایه‌ن که‌سانی ڕه‌گه‌زپه‌رست و فاشییسته‌وه به‌تاڵان براوه. ڕۆژی 21ی فێبریوه‌ری به ڕۆژی جیهانیی “زمانی دایک” ناودێر کراوه،ته‌نیا 12 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژه دیرۆکییه له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کاندا تێده‌په‌ڕێ.
له ماوه‌ی ئه‌و 12 ساڵه‌دا،سه‌دان کتێب و به‌هه‌زاران وتار سه‌باره‌ت به مافه زمانییه‌کان و مافی زمانی زگماکیی نووسراوه و سه‌د حه‌یف و سه‌د مخابن ته‌نانه‌ت یه‌کی هه‌زاریشیان بۆسه‌ر زمانه‌کانی لای گه‌لانی ئێران وه‌رنه‌گێڕدراون. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک زێتر له هه‌موو شوێنێک،ڕووی له‌و وڵاتانه‌یه که فره‌زمانن؛ئه‌و پرسه‌ی که به‌لای کاتلین هۆگه‌وه،نیشانه بۆ سامانی زه‌نگینی وڵاته.
ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤنه،بیانوویه‌که بۆ وشیاربوونه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و پرسه که پاراستن و ڕاگرتنی میرات و که‌له‌پووری ئێرانی ئیسلامی،ته‌نیا پاراستنی به‌رده‌نووس و شوێنه‌وار و کێله‌به‌رده‌کان نییه،به‌ڵکوو پاراستنی میراتێکی زیندوو به‌ناوی زمانی دایک لای هه‌موو گه‌لانی ئێران و هه‌موو زمانه باوه‌کان به‌تایبه‌ت فارسی،تورکی،کوردی،عه‌ره‌بی،به‌لووچی و…یشه.
کاتلین هۆگ،زمان‌ناس و پسپۆڕ و شاره‌زا له‌سه‌ر سیاسه‌ته زمانییه‌کان له سه‌رده‌می پۆست ئیستیعمار یان به‌واتایه‌کی تر ئیستیعماری نوێیه. ئه‌و جگه له ئه‌نجامدانی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆر،ده‌یان پرۆژه‌شی له‌سه‌ر پاراستنی زمانی دایک لای ئه‌تنه‌جۆربه‌جۆره‌کان له هیندستان و وڵاتانی ئه‌فریقایی به‌یارمه‌تی زانستگه‌کانی “کیپ تاون” و “جه‌واهیر له‌عل نه‌هرۆ” به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه. کاتلین هۆگ له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه تایبه‌ته‌دا،وێڕای ڕاڤه و تاووتوێی بایه‌خی فێرکردن و خوێندن به‌زمانی دایک،ده‌ڵێ به‌بێ ئاشنایه‌تی و شاره‌زابوونی زمانی دایک،واقیعی ژیان تووشی کێشه دێت. ئه‌و وێڕای ئیشاره‌تدان به سیاسه‌تی تواندنه‌وه و زاڵکردنی تاقه زمانێک له وڵاته جۆربه‌جۆرته‌کان،ئه‌م ڕه‌وته له ڕوانگه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کانه‌وه،به نایاسایی وه‌سف ده‌کات و سه‌باره‌ت به بایه‌خی فێربوونی زمانی دایک و پرسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڵێ: ” هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ستدا نییه که بسه‌لمێنێ خوێندن به‌زمانی دایک،ئاسایشی وڵاتان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و یان لادان و پێشێلکاری له یاسا دێته ئه‌ژمار.ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی وڵاته ئه‌فریقاییه‌کان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که فره‌زمانی ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره و یه‌کبوون و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی پێویستیی به به‌فه‌رمیی ناسینی هه‌موو زمانه‌کان و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی هه‌یه که به‌و زمانانه ده‌په‌یڤن.”
ئه‌و له کۆتایی دا وێڕای ئاماژه‌دان به ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی ناو وڵاتی ئیتیۆپیا سه‌باره‌ت به پرسی فره زمانی ده‌ڵێ: ” گه‌ر چاره‌سه‌رکردنی پرسی زمان له وڵاتێکی زۆر هه‌ژاری وه‌ک ئیتیۆپیا سه‌رکه‌وتووه ده‌رچووه،ئه‌ی چلۆن ناتوانین ئه‌و گرینگه له وڵاتانی تردا جێ به‌جێ بکه‌ین؟”
ئه‌وه‌ش ده‌قی وتووێژ و گفت و گۆکه له‌گه‌ڵ “کاتلین هۆگ”
فه‌لسه‌فه‌ی فره‌زمانیی چییه؟له‌به‌رچی ئه‌وه‌نده جه‌خت له‌سه‌ر زمانی دایک ده‌کرێته‌وه؟
ناسین و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و زمانانه‌ی که خه‌ڵک قسه‌یان پێده‌کات،بایه‌خێکی زۆری هه‌یه،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر زمانێک بۆ خۆی خاوه‌نی کۆمه‌ڵه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌ره دیاره که هه‌ڵگری مێژوو،داب و نه‌ریت و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگه و جڤاکه‌یه که قسه‌ی پێده‌کرێ. کاتێک زمانێک له‌به‌ر کۆمه‌ڵه هۆ و هه‌گه‌رێک له‌ناو ده‌چێ یان ده‌سته‌ڵاتی که‌م ده‌بێته‌وه،دیاره دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش ،مێژوو و داب و نه‌ریت و زانیاری له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌شی به‌ره‌و نه‌مان و فه‌وتان مل ده‌نێ و له‌ناو ده‌چێ. ده‌سکه‌وت و لێکۆڵینه‌وه‌کانی زانستوه‌ران پێمان ده‌ڵێ که مرۆ ته‌نیا له ڕێی زمانی خۆیه‌وه،زانیاری گرانبایی خۆی له به‌ره‌یه‌که‌وه بۆ به‌ره‌یه‌کی تر ده‌گوێزێته‌وه.به‌ڵام کاتێک ناچار بکرێ که زمانێکی به‌هێزتر له زمانه‌که‌ی خۆی ده‌کار بێنێ،توانای گوێزتنه‌وه‌ی زانیارییه‌کانی بۆ به‌ره‌کانی داهاتوو نامێنێ.
بۆ نموونه،چاک ده‌زانین که له وڵاته ئه‌فریقاییه‌کاندا،زانیاریی له‌سه‌ر بایه‌خی گژ و گیای ده‌رمانیی،به‌شێکه له زانستی به‌پێز و به‌بایه‌خی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و خه‌ڵک ته‌نیا له‌ڕێی زمانی خۆوه و به‌ده‌کارهێنانی وشه و په‌یڤی زمانه‌که‌ی خۆ که ساڵه‌های ساڵ قسه‌ی پێ کردووه،ده‌توانێ چۆنیه‌تی دروستکردنی ئه‌و ده‌رمانانه بێنێته زمان.هه‌ندێجار ،وه‌رگێڕان و گۆڕینی ناوی گژ و گیا و ده‌رمانه‌کان بۆ زمانێکی تر هه‌ر وا سووک و سانا ئه‌نجام نابێت و زۆر زه‌حمه‌ته.
چلۆن سه‌یری بایه‌خی فێربوونی زمانی دایک و خوێندن به‌و زمانه ده‌که‌یت؟
لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌نجامگرتوو له زۆر وڵاتی ئه‌فریقایی ده‌سه‌لمێنێ که له کۆمه‌ڵگه‌کانی هه‌ژار و لاوازدا و له هه‌ل و مه‌رجێکدا فێرکاریی فه‌رمیی له به‌ینی گه‌وره‌ساڵان به‌تایبه‌ت ئافره‌تان له ئاستێکی نزم دایه،له خوێندنگه‌کاندا زۆر زێتر هه‌ست به فێرکردنی زمانی دایک به مناڵان ده‌کرێ. له لایه‌کی تره‌وه،هه‌ست به فێرکردنی زمانێکی لۆکاڵ یان نه‌ته‌وه‌یی یانژی نێوده‌وڵه‌تیش فره‌تر خۆ ده‌رده‌خات. هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆکه زۆربه‌ی مناڵان له خوێندنگه‌کان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا پێویستییان به فێربوونی سێ زمانی دایک،لۆکاڵ یان نه‌ته‌وه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه. زۆر ڕوون و ئاشکرایه که بۆ فێرکردنی باشتری زانست خاسما زانستی بیرکاری به قوتابییان،پێویسته لانیکه‌م شه‌ش تا هه‌شت ساڵ وانه‌کانیان به زمانی دایک پێ بگوترێته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا بۆی هه‌یه زمانه‌کانی تر که له ئاستێکی باڵاتردا ده‌کار دێن،فێری مناڵان بکرێن. زمانی دایک پێویسته له‌لایه‌ن که‌سێکی پسپۆڕی زمانه‌وه به قوتابی و مناڵ فێر بکرێ تا قوتابی بتوانێ باش فێری ببێت و له‌و ڕێگه‌شه‌وه فێری زانستهکانی تر ببێت .
زمانی دایک چلۆن له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌دایه؟پێوه‌ندی نێوان زمانی دایک و ناسنامه‌ی مرۆ چلۆن ده‌بینی؟
ئه‌و زمانه‌ی مرۆ له‌ناو ماڵ و کۆمه‌ڵگه‌دا قسه‌ی پێ ده‌کات،نیشانه بۆ بنچینه و بناغه‌ی ناسنامه و شوناسی وییه. به‌ڵام له‌و به‌ینه‌دا زۆرن ئه‌وانه‌ی به دوو یان چه‌ند زمان قسه ده‌که‌ن و له ئاکامدا ده‌بنه خاوه‌نی ناسنامه‌ی چه‌ند ڕه‌هه‌ندی. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به چه‌ند زمان قسه ده‌که‌ن،به‌رده‌وام له نێوان ئه‌و زمانانه‌ی که فێر بوونه و بوونه‌ته خاوه‌نی چه‌ندین ناسنامه،هه‌ست به گێژبوون و سه‌رلێشێواوی ده‌که‌ن. ئه‌مه به‌شێکه له جیهانی ڕاستینه. مرۆ ته‌نیا به زمانی زگماکیی پێناسه ناکرێ به‌ڵکوو وێڕای زمانی دایک به‌و زمانانه‌ی که ده‌توانێ قسه‌یان پێ بکات، ده‌ناسرێته‌وه به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا زمانی دایک،بایه‌خی زێتره و له پێشتریشه.
ڕۆڵ و ده‌وری زمانی دایک له پێوه‌ندییه مرۆییه‌کانی تاکدا تا چه‌نده به گرینگ ده‌بینی؟
چاک ئاگادارین که مرۆ بۆ تێگه‌یشتنی باشتری جیهان و هه‌ست به هێمینی کردن له دۆخ و ڕه‌وشی جۆربه‌جۆردا به زمانی زگماکیی خۆی قسه ده‌کات؛جا چ له کۆمه‌ڵگه‌ی گچکه‌ی ناو ئه‌مریکای باکوور،یان سامییه‌کانی (saami)دانیشتووی ناوچه باکوورییه‌کانی ئیسکاندیناڤی،یاخۆ سانه‌کانی (san) دانیشته‌ی ناوچه سارانشین و بیاوانییه‌کانی ئه‌فریقای باشوور یانژی خه‌ڵکی خۆجێیی ئۆسترالیا،خه‌ڵک به زمانی زگماکیی خۆ به‌تایبه‌ت له کاتی نه‌خۆشیی یان سه‌رڕێژبوونی هه‌ست و نه‌ست به یه‌ک ڕاده وابه‌سته و گرێدراوه. ئه‌م پرسه زۆر جار لای گه‌وره‌ساڵان و ته‌مه‌نداران زێتر بایه‌خ په‌یدا ده‌کات. تاک له کاتی لاواندنه‌وه،ئۆقره‌به‌خشین به که‌سانی تر یان گاڵته و سوحبه‌ت کردن و گێڕانه‌وه‌ی نوکته‌یه‌ک،به زمانی زگماکیی خۆی جوانتر ده‌توانێ قسه‌که‌ی بێنێته زمان چوونکه له زمانی دووه‌مدا که‌متر هه‌ست به ئه‌رخه‌یانی ده‌کات.
پێگه‌ی زمان له هزرین و تێفکرینی مرۆدا له چ ئاستێک‌دا ده‌بینی و ئه‌م پێگه‌یه له کوێدایه؟
ئه‌کهارد وۆڵف ، (Ekkehard Wolff)زانستوه‌ری ئه‌ڵمانیی دانیشتووی شاری “لایپزیگ “(Leipzig)چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتبووی: ” له پرۆسه‌ی خوێندن و فێربووندا،زمان به ته‌نێ ده‌ور نابینێ به‌ڵام گه‌ر زمان له ئارادا نه‌بێت،فێربوون هیچ مانا نابه‌خشێ و بێ بایه‌خه.” ئه‌مه باشترین وه‌رام بۆ پرسیاره‌که‌ته. هه‌موو تاکێک بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی فێرکاریی پێویستیی به شاره‌زابوونی به‌باشی زمانی زگماکیی هه‌یه و به بێ ئه‌و گرینگه،ژیانی تووشی زۆر گرفت و کێشه و ئارێشه ده‌بێت. ده‌کارهێنانی زمانی دایک بۆ فێرکردنی هه‌موو مناڵانی جیهان پێویسته. ئه‌وانه‌ی له فێربوونی زمانی دووه‌مدا سه‌رکه‌وتوون که له ناو بنه‌ماڵه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نددا بوونه و دایک و باوکیان له ماڵه‌وه به یه‌ک له زمانه به‌هێزه‌کانی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ک ئینگلیزی قسه ده‌که‌ن.
باشه که‌سێک ئه‌و هه‌له‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسێندراوه فێری زمانی زگماکیی بێت،له ژیاندا و له‌سه‌ر ڕێی گه‌شه‌کردنی که‌سایه‌تی تا چه‌نده تووشی کێشه و ئارێشه ده‌بێت؟
ئه‌وانه‌ی بۆیان نالوێ له خوێندنگه‌کاندا زمانی زگماکیی خۆ وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌کی پێوه‌ندی ده‌کار بێنن،دواتر له ژیاندا تووشی کێشه و گرفتی زۆر ده‌بن. بۆ نموونه ئه‌وان سه‌رکه‌وتن له خوێندنگه‌دا به ئه‌رکێکی پڕ گران و زه‌حمه‌ت بۆ خۆ داده‌نێن. واته هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کانی به‌رده‌میان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی خۆ و ڕێ بڕینه ناو زانکۆ و زانستگه زۆر که‌م ده‌بێته‌وه و دواتر ڕه‌نگه له جیاتی ده‌ست خستنی کار و پیشه‌ی باشتر،ڕوو بکه‌نه کار و پیشه به داهاتی که‌متر.ئه‌م پرسه ڕه‌نگه ناڕه‌زایه‌تی ئه‌وان به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگه و بڕێک جاریش،په‌نابردنه به‌ر تاوان و گزیکاری لێ بکه‌وێته‌وه.
پێگه‌ی زمانی دایک له به‌شی دهروونناسیی دا له کوێدایه؟ ئه‌و که‌سه‌ی له زمانی دایک بێبه‌شه،له ژیانی سۆزداری و بۆ نموونه ئه‌وین و خۆشه‌ویستیی دا تا چه‌نده تووشی کێشه ده‌بێت؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌تا هه‌نووکه لێکۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ر ئه‌م پرسه نه‌کردووه و که‌سیشم پێ شک نایه لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌م باره‌وه ئه‌نجام دابێت،ناتوانم وه‌رامی پرسیاره‌که‌ت بده‌مه‌وه. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک وتم؛مرۆ له کاتی لاواندنه‌وه،ئۆقره‌به‌خشین به خه‌ڵکانی تر یان نوکته و گاڵته و سوحبه‌ت کردن به زمانی دایک سووک و هاسانتر و باشتر له زمانی دووه‌م ده‌توانێ هه‌ست و نه‌ستی خۆی ده‌رببڕێ.
سیاسه‌تی زاڵکردنی یه‌ک زمان،چه‌نده له‌سه‌ر زمانی زگماکیی میلله‌تان کاریگه‌ره؟
ئاسیمیلاسیۆن و تواندنه‌وه‌ی زمانیی له زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا ڕووی داوه؛بۆ نموونه له یه‌کێتی سۆڤییه‌تی پێشوودا مکوڕ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌مووان به زمانی ڕووسیی بخوێنن؛له چیندا هه‌موو فێرکارییه‌ک به زمانه‌کانی پۆتۆنگڤوایی یان کانتۆنی ئه‌نجام ده‌گرێ؛له کۆڵۆنییه‌کانی پێشووی فه‌ره‌نسا و پورتۆگال له ئه‌فریقا،له جیاتی خوێندن به زمانی خۆجێیی،ئه‌م کاره ده‌بێ به زمانه‌کانی فه‌ره‌نسایی و پورتۆگالیی ئه‌نجام بگرێ. به‌شێکی فره‌ی خوێندن له وڵاتی هیندستاندا به‌و زمانانه‌یه که زمانی سه‌ره‌کیی مناڵان ئه‌وێ نییه.ئه‌مه شێوازێکی هه‌ڵه‌یه. ئه‌مڕۆکه له ڕه‌وتی کۆچبه‌ریی له ئاستی جیهانیی دا ئاڵ و گۆڕێکی زۆر ئه‌نجام بووه. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕوو له وڵاتانی وه‌ک به‌ریتانیا،ئه‌مریکا،که‌نه‌دا،ئۆسترالیا و هتد ده‌که‌ن،خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ن که له خوێندنگه‌کانیاندا زمانی دایک تیایاندا ده‌کار نایه. لێکۆڵینه‌وه له هه‌ر یه‌ک له‌و بوارانه ده‌سه‌لمێنێ ئه‌و مناڵانه‌ی که له خوێندنگه‌کاندا بۆیان نییه به زمانی زگماکیی بخوێنن،له پرۆسه‌ی فێربووندا ئه‌وه‌نده سه‌رکه‌وتوو نین. ئه‌مه ته‌نیا ڕوواڵه‌تی پرسی ئاسیمیلاسیۆن ( تواندنه‌وه‌ی زمانی)یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ڕاستیدا ڕوو ده‌دات،ئه‌وه‌یه که ئه‌م جۆره که‌سانه له توێژی به‌له‌نگاز و به‌رخه‌ساری ناو کۆمه‌ڵن. ئه‌وان له هه‌ژارترین و لاوازترین که‌سانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ن،که‌م داهاتترین پیشه‌یان هه‌یه،مناڵانیان له فێربووندا کێشه‌یان زۆره و له ئاکامیشدا به‌ره‌ی دواتر له‌چاو به‌ره‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده حاڵی باشتر نابێت.
ڕه‌گه‌زپه‌رستان و ناسیۆناڵیسته‌کانی توندڕۆی جیهان به‌درێژایی مێژوو هه‌وڵی زۆریان داوه بۆ له‌ناوبردنی زمانی دایک لای ئه‌تنه‌کانی تر،بۆ پێش‌گرتن به‌م سیاسه‌ته به ڕای تۆ ده‌بێ چ بکرێ؟
له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا،له لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کانه‌وه چه‌ندین به‌یاننامه ده‌رکراوه که ئه‌و جۆره ڕه‌وتارانه به نایاسایی داده‌نێ.که‌چی، به‌داخه‌وه ئه‌م ڕه‌وته هێشتا به‌رده‌وامه و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان توانای ئه‌وتۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته نییه. به‌ڕای من،توێژه‌ران ده‌بێ به ده‌وڵه‌تان بسه‌لمێنن که خوێندنی خه‌ڵک به زمانی زگماکیی و پشتیوانی له پرۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی زمانی خۆجێیی به‌قازانجی خودی ده‌وڵه‌تانه. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک خه‌ریکه ئه‌نجام ده‌گرێ که ده‌سه‌لمێنێ فره‌زمانیی خه‌ڵکان له یه‌ک جیا ناکاته‌وه به‌ڵکوو پاڵپشتێکه بۆ یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی،(به‌واتایه‌کی تر،”یه‌کبوون و یه‌کگرتوویی ،له‌بن سێبه‌ری فره‌یی دا”).
سه‌رده‌مانێک “دێبی پراسانا پاتانایاک “(Debi Prasanna Pattanayak) ،زانستوه‌ری به‌ناوبانگی هیندستانی،زمانه هیندییه‌کانی شوبهاندبوو به په‌ڕه‌ی گوڵه نیلووپه‌ڕ. یه‌ک به یه‌کی ئه‌م په‌ڕه و گه‌ڵایانه(یان هه‌مان “زمانه‌کان”) بۆ جوانتربینرانی گوڵه نیلووپه‌ڕ پێویستن.ده‌وڵه‌تان نابێ هیچ به‌رامبه‌ر پرسی فره زمانیی نیگه‌ران بن.
ئایا له‌باری یاساییه‌وه،پێش‌گرتن به خوێندنی زمانی زگماکی به‌دواداچوونی بۆ هه‌یه؟
ئه‌م پرسه پێوه‌ندیی به یاسا و ڕێسای هه‌ر وڵاتێکه‌وه هه‌یه. ئه‌رچی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان چه‌ندین به‌یاننامه‌ی سه‌باره‌ت به مافی مرۆڤ ده‌رکردووه به‌ڵام به‌داخه‌وه جێ به‌جێکردنیان هه‌روا سووک و هاسان نییه.
چلۆن ده‌توانین جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی زمانیی له هه‌موو جیهاندا به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی فره زمانن،جێ به‌جێ بکه‌ین؟
ڕاستییت ده‌وێ هه‌روه‌ک وتم،به‌داخه‌وه جێ به‌جێکردنی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌م به‌یاننامانه زۆر زه‌حمه‌ته و ده‌وڵه‌تان زه‌حمه‌ته سووک و سانا بچنه‌ژێرباری ئه‌و پرسه.
به‌لای ژماره‌یه‌ک که‌س و لایه‌نه‌وه،خوێندن به زمانی زگماکیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سنووریی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه،ئایا به‌ڕاستیی خوێندن به زمانی زگماکی،ئاسایشی وڵاتان تووشی مه‌ترسی ده‌کات؟
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ست دا نییه که بسه‌لمێنێ خوێندن به‌زمانی زگماکیی،ئاسایشی تووشی مه‌ترسی کردووه و لادان و پێشێلکاری له یاسایه.زۆربه‌ی وڵاته ئه‌فریقاییه‌کان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که پرسی فره‌زمانیی ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره و یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی پێویستیی به به‌فه‌رمیی ناسینی هه‌موو زمانه‌کان هه‌یه و ئه‌وانه‌ی به‌و زمانانه ده‌ئاخێون.بۆیه پێموایه ئه‌م پرسه ده‌توانێ ببێته بنه‌مایه‌کی باش بۆ بواره‌کانی تر.
زۆر زمانی زگماکیی له جیهاندا،به‌ره‌و نه‌مان مل ده‌نێ،بۆ پاراستن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی فێرکاریی زمانی دایک ده‌بێ چ بکرێ؟تۆ چ ڕێکارێکت پێ شک دێت ؟ئه‌رکی ده‌وڵه‌تان و ڕووناکبیرانی کۆمه‌ڵگه‌کان له‌و بواره‌دا چییه؟
هه‌م ده‌وڵه‌تان،هه‌م هزرمه‌ندان و زانستوه‌ران ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانه‌کان و ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه بناسن.فره زمانیی له وڵاتێک‌دا نه هه‌ڕه‌شه‌یه و نه‌ش کێشه به‌ڵکوو نیشانه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌و وڵاته‌یه. ئه‌وه‌ی ئیتیۆپیا له ساڵی 1994 به‌م لاوه له ماوه‌ی 10 تا 15 ساڵدا ده‌ستی خستووه،نموونه‌یه‌کی هه‌ره ڕوونه له چه‌ند زمانیی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی دا. له ئیتیۆپیا ئه‌وه فره زمانییه که ده‌وری چاره‌نووسساز ده‌بینێ،نه‌ک بانتربوونی زمانێک یان زاڵکردنی یه‌ک زمان و گۆڕینی زمانێک بۆ زمانێکی تر. له نزیکه‌ی سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه،حوکوومه‌تانی ده‌سته‌ڵاتدار له ئیتیۆپیا بیریان له سیاسه‌تی سه‌پاندنی یه‌ک زمان به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا کردۆته‌وه و زمانی “ئه‌محاری”یان کردۆته زمانی سه‌ره‌کیی خوێندنی فه‌رمی،یاسادانان،ته‌ندروستیی و پرسه ئه‌مینییه‌کان. به‌ڵام له ساڵی 1994 ه‌وه،ئه‌م سیاسه‌ته گۆڕانی به‌سه‌ردا هات ، ده‌وڵه‌ت،لێپرسراوانی شاره‌زای خۆی ڕه‌وانه‌ی 11 ناوچه‌ی جۆربه‌جۆر کرد که هه‌ر کامه،ئه‌رکی په‌ره‌پێدانی زمانه خۆجێییه‌کانی هه‌ر ناوچه و ده‌کارهێنانی به‌ناوی زمانی فه‌رمیی خوێندنگه‌کانی له‌و ناوچانه‌دا له‌ئه‌ستۆ بوو. ئه‌م سیاسه‌ته زۆر چاک پێش که‌وت و خه‌رج و به‌رجێکی زۆر سووکتر و که‌متریشی له شوێن بوو. گرووپه‌کان پێکه‌وه هاریکارییان ده‌کرد و ده‌یان ناوه‌ند و سه‌نته‌ر بۆ له‌چاپدانی کتێب و ڕاژه‌کاریی وه‌رگێڕان دامه‌زران. گه‌ر چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی زمان له وڵاتێکی هه‌ژاری وه‌ک ئیتیۆپیادا سه‌رکه‌وتوو بووه،ئه‌ی چلۆن ئه‌و مۆدیله له وڵاتانی تردا بۆ جێ به‌جێکردن ناشێت؟
ژێده‌ر: ڕۆژنامه‌ی “شه‌رق”،ژماره 1471 ،ڕۆژی 3/12/1390،لاپه‌ڕه‌ی 19
وه‌رگێڕ و چه‌ند په‌یڤێک: ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه ساڵی 1390ی هه‌تاویی (2012ی زایینی ) ئه‌نجام بووه و له‌به‌ر گرینگیی پرسه‌که بۆ کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ورووژاندنی زۆر پرسی وردتر و به‌بایه‌ختر که به‌داخه‌وه ساڵانێکی زۆره ئاوڕدانه‌وه و ورووژاندنیان له ڕژێمی ئیسلامیی دا به دژایه‌تیکردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ناودێر ده‌کرێ ،ده‌ستم دایه وه‌رگێڕان و گۆڕینی بۆ سه‌ر زمانی کوردیی ،به‌و ئومێده سوودبه‌خش بێت و ئاستی وشیاریی ئێمه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتیش نه‌ختێک به‌رز بکاته‌وه و تۆزقاڵێک وره‌مان وه‌به‌ر نێت و میناک کورد له باکووری کوردستان وه‌خۆ بکه‌وین و بۆ ده‌س خستنی مافه ڕه‌واکانی خۆ زێتر تێبکۆشێن.هه‌روه‌ها هیوامه دنه‌ده‌رێکی مافناس و قه‌ڵه‌مه بوێر و نه‌ترسه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتیش بێت تا چالاکانه‌تر بێنه مه‌یدان و ڕاستییه‌کانی بن سێبه‌ری ڕه‌شی ڕژێمی ئیسلامیی زێتر ده‌ربخه‌ن.چه‌ند ئاماژه و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ناو وتووێژه‌که وه‌ک “ئێرانی ئیسلامی” ده‌ربڕی بیر و بۆچوونی ئه‌نجامده‌ری هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌یه و هیچ پێوه‌ندی به ڕوانگه‌ی وه‌رگێڕه‌وه نییه.
* له ڕاستییدا ڕۆژی 21ی فێبریوه‌ری ساڵی 1999ی زایینیی به ڕۆژی جیهانیی زمان دایک ناودێر کراوه که ئه‌نجامده‌ری وتووێژه‌که به ساڵی 2000 ی داناوه.
تاران
20ی ڕێبه‌ندانی 2712