نەبەز گۆران : من پێم سەیرە برێك لە هاورێیان، یان برێك لەم نەوەیەی ئێمە وتەو وێنەكانی ئەم پیاوە نەخۆشە دادەبەزێن و وەك شانازی و فیكرێك سەیری دەكەن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەم پیاوە چی بە مرۆڤ و نەتەوەكانی وەك كورد و ئەفغان و رۆژهەڵات كردوە .
دوای دانانی وتەكانی ئەم پیاوە. دەیان كەس دەیخوێنێتەوە و سەر سامی خۆیان دەر دەبرن بۆ پیاوێكی نەخۆشی لەم جۆرە. ڕەنگە چەرچڵ زۆر شتی بۆ ئینگلیزەكان كردبێت. بەڵام با بزانن تێگەیشتنی ئەم پیاوە بۆ نەتەوەكانی تر چۆنە. یان چۆن سەیری كوردی كردوە. هەڵبەتە وەك ناسیونالیستێكی كورد قسەناكەم. بەڵكو وەك كورد بوون قسە دەكەن. نامەوێت لەبەر ئەوەی دژی نەتەوەكەم بوە وەك ناسیونالیستێك بەرگری بكەم. بەڵكو دەمەوێت وەك كوردێكی مرۆڤ بەرگری لە مرۆڤی كورد و مرۆڤەكانی تر بكەم دژی ئەو بیركردنەوانەی ئەم پیاوە نەخۆشە دینەمۆیان بوە لە مێژووی نوێدا. بۆ ئەوەی بزانین ئەم پیاوە نەخۆشە بەچ جۆرێك سەیری كورد و نەتەوەكانی تری كردوە چەن قسەیەكی خۆی دەخەینە روو . لە شوێنێكدا دەڵێت ” بەكار هێنانی چەكی كۆمەڵكوژی دژی كوردەكان و ئەفغانەكان شتێكی زۆر ئاساییە”(1). یانی وەك دوژمنێكی سەر سەختی كورد و ئەفغانەكان داوای كردوە چەكی كۆمەڵكوژ دژیان بەكار بهێنن. كاتێك ئەمە دیدی نەخۆشێك بێت. تۆی گەنجی كورد ئیتر شانازی بەچی وتەیەكی ئەم پیاوەوە دەكەیت؟. بناغەی بیری بەكار هێنانی چەكی كۆمەڵكوژی دژی كورد لەم پیاوە دەستی پێكرد. لە شوێنێكی تردا دەڵێت ” دوو میلەت هەن دەبێت هەمیشە ژێر دەستە بن و شایەنی ئەوەنین خۆیان خۆیان بەرێوە ببەن. ئەوانیش كورد و ئەفغانین”(2). ئەم پیاوە زۆر دژی ئەو میلەتانە بوە كە بناغەی شارستانیەتی كۆنن. كورد و ئەفغان ئەو دوو میلەتە كۆنەی سەر زەمینی رۆژهەڵاتن. كاتێك مرۆڤ لە راو شكاریەوە دەچێتە دۆخی نیشتەجێ بوون و كوشتوكاڵەوە لە رێگەی ئەم دوو نەتەوەیەوە دەچێت. بۆیە هەمیشە جێگەی رق بوون لای ئەو دیدە ( فاشیەی) لە رۆژ ئاواوە هاتووە و، كەسانی وەك (چەرچڵ و مۆسۆلۆنی و هیتلەر). رابەرایەتیان كردوە. یەكێكیش لەو كەسانەی هانی سیاسیەكانی داوە بۆ ئەوەی كورد و ئەفغانەكان لە سەدەی نوێدا لە ژێر دەستەیی بمێنەوە چەرچڵ بووە. نەخشەی دابەشكردنی كورد بەسەر میلەتەكانی تردا لە سەدەی نوێدا بناغەكەی لەم پیاوەوە دەستی پێكردوە. نەوەی ئێمەش بێ ئەوەی ئاگای لە بیری ئەم پیاوە نەخۆشە بێت رۆژانە بەسەر سامیەوە كۆمەڵێك وتەی فاشیانەی ئەم پیاوە دادەنێت.
لە شوێنێكی تردا دەڵێت ” پێویستە ئێمە لە دژایەتی كردنی خێڵە بەر بەریەكان شێوازی بەربەریانە بەكار بهینێن، چونكە ناتوانین بە شێوازی مرۆڤانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەمانە بكەین”(3). ئەمە ئەوكاتەیە كە پەلاماری ناوچەكانی سعودیە دەدات. هەر چۆن سەیری كورد و ئەفغان دەكات ئاواش سەیری عەرەب دەكات. یانی بە شێوەی بەربەریانە لەناویان ببەن. چونكە ئەوانە مرۆڤ نین تا وەك مرۆڤ هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەین. ئەم سێ نمونەیەم بۆ ئەوە دەرخست. نەوەیی نوێ حەق نیە سەر سام بێت بە كەسێك كە هێشتا نایناسێت و نازانێت لە پشت بیركردنەوە وێرانكەرەكانی ئەم جۆرە پیاوانەوە چەندین نەتەوە و مرۆڤ لەناو بران. ئەگەر رۆژهەڵات و رۆژ ئاوا سێ نەخۆشی تێدا بووبێت. یەكێك لەو سێ نەخۆشیە یەكێكیان چەر چڵە. بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەم پیاوە بگەرێنەوە بۆ خوێندنەوەی ئەم كتێبانە. بەهیوام ئەمە ببێتە دەست پێكێك تا كەسێك بەتەواوەتی نەناسین سەر سام نەبێن بە بیر و قسەكانی. چون هەر بیرێك بۆ لەناو بردنی مرۆڤ بێت شایەنی ئەوەنیە رێزی لێبگیرێت.
سەرچاوەكان
-(1)_ نعۆم چۆمسكی. سنە الغزو مستمر. ترجمە مى النهاب. دارالمدی. ل 43
-(2)_ هەمان سەرچاوەی پێشو لاپەرەكانی دوایی
-(3)_ علی وردی. لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق الحدیث. الجز السادس . قسەت الاشراف و ابن السعود. بغداد 1979. ل 250.