سەدیق سەعید رواندزی
(١)
سروودی نیشتمانی ھەر گەلءوڵاتێک،یەکێکە لەوسیمبولە نەتەوەییانەی،کەھاوشانی سیمبولەکانی دیکەی وەک(ئاڵاوزمانءخاک)،پیرۆزی خۆی ھەیە.ھەربۆیە دەبینین، لە سەرۆکی وڵاتەوە بگرە،تا ھاووڵاتیەکی سادە،لەکاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای وڵاتءوتنەوەی ماڕشی نیشتمانی،بەو پەڕی ڕێزءشکۆمەندییەوە، دەست لە سەر سنگ دەوەستن.
بێگومان سروودی نیشتمانی وەک تێکست جیاوازە لەگەڵ ھەر تێکستێکی دیکەی ئەدەبیء فیکری.ئەگەر ھەر دەقێک ڕێژەیەکی دیاریکراوی خوێنەری ھەبێت، ئەوا بە پێچەوانەوە سروودی نیشتمانی بە شێکە لە کۆنەستی نەتەوە.واتە دەقێکە ھەمیشە لە بیرءھزری ھاووڵاتیان ئامادەیە.لە ژیانی ھەر گەلێکدا،سروودی نیشتمانی بەھای مۆڕاڵیءسیاسیءفەرھەنگیءکۆمەڵایەتی خۆی ھەیە،کە سەرچاوەی ھەموو ھێزەکەی، لە کۆنەستی نەتەوەدایە.وڵاتێک دیموکراسی بێت یادیکتاتۆری،ئایینی بێت یاسکۆلاری،پاشایەتی بێت یاکۆماری،فاشی بێت،یاھاووڵاتیبوون،ھەموویان بەبێ جیاوازی سروودی نیشتمانی خۆیان ھەیە، بە چاوپۆشین لەوەی کە ئاخۆ ئەو ماڕشە، وەک یەک لای ھەمووتاکەکان جێگەی ڕەزامەندییە. بەدەربڕینێکی تر،ھیچ کات گەلءوڵاتێک،شکۆمەندی سروودەکەیان ناشکێنن،تەنھا لەبەر ئەوەی ڕەوتێکی سیاسی، یاخود ئایدۆلۆژیء ئەتنیکی،ڕەتیدەکەنەوە. بەو مانایەی مادامەکێ ئەو سروودە دژ بە بیروڕای ئەوانە،ئیدی نابێ بۆی بوەستنء ڕێزی لێبنێن. بە پێچەوانەوە ڕێز نەگرتن لە سروودی نیشتمانی لای ھەرکەسءلایەنء دەوڵەتێکی ترەوە بێت، دەچێتە خانەی بێ بەھا کردنی سیمبولەکانی نەتەوە.بەشێکە لە شکاندنی پیرۆزیەکانی سەروەری نیشتمان.بۆیە من سەیرم پێدێت لەکوردستاندا، کەسانێکی ئایدۆلۆژیستیءتوندڕۆیی ئایینی ھەن، ڕێز لە ئەی ڕەقیب ناگرنءلەبەری ھەڵناستن، بەبێ ئەوەی کەسانێک پێیان بڵێ پشتی چاوتان برۆیە.چۆن دەبێ بە ئاسانی کەسانێک ھەبن،ڕێز لە ئەی ڕەقیب نەگرنء نە دەوڵەتء نە یاساش، ھیچ ڕێکارێکیان لە بە رامبەردا نەگرنە بەر؟بەداخەوە ئەمە بەشێکە لە بەرزڕانەگرتنءپیرۆز ڕانەگرتنی سەروەریەکانی نەتەوە لای بەشێک لە تاکی کورد.بۆ گەلێکیش کە تائێستا دەوڵەتی نییە،کۆی خاکەکەی سەربەخۆ نییە، ئاڵاکەی قەدەغەیە لە وڵاتان،ئەمە نەک ھەر ھەڵَەیەکی سیاسی گەورەیە،بگرە کارەساتیشە.چونکە نەبوونی دەوڵەتی ناسیۆناڵی، دەبێ ببێتە پاڵنەرێک، کە ئەوەندەی تر تاکەکان،وابەستەی خاکءسمبولە نەتەوەیەکانیان بن.بۆیە بۆ ئێمەی کورد، پیرۆز ڕاگرتنی ئاڵاو سروودی نەتەوەیی، نەک ھەر گرنگی خۆی ھەیە،بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی ءنیشتمانی ھەموو ھاووڵاتیانیشە، بە جیاوازی ئایدۆلۆژیاوتێڕوانینی سیاسیءئایینی،بەتایبەتیش ئەوانەی لە کوردستان دەژین.بڕواناکەم لە دنیادا نەتەوەیەک ھەبێت،بەشێک لە تاکەکانی ھێندە بێباک بن،گوێ بەسروودی نەتەوەیی وڵاتەکەیان نەدەن.وڵاتانێک ھەن،سەدان ساڵە دەوڵەتنءسەروەری خاکءئاڵاونیشتمانی خۆیان ھەیە،کەچی بەشێوەیەک ڕێز لەمارشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان دەنێن،وەک ئەوەی لە قۆناغی داگیرکاریءخەباتی رزگاریءنیشتمانی بن. چونکە سروودی نەتەوەیی بەشێکە لە سەروەریەکانی ھەر گەلء وڵاتێک. کەواتە بۆ ئێمەی کورد،کە لەقۆناغی رزگاریء نیشتمانین،سروودی نەتەوەیی،ھاوتای خاکءئاڵاءنیشتمان بەھاو پیرۆزی خۆی ھەیە، کە دەبێ ڕێزی لێبنێین.دانانی ماڕشی نە تەوەیی،ھەنگاوی یەکەمی ھەر نەتەوەیەکە،دوای بەدەوڵەتبوون.چونکە تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەیەتی لەنەتەوەکانی تر. دەوڵەت کە ئاڵای ھەبوو،خاکءسنوورو فەرھەنگی خۆی ھەبوو،دەبێ سروودی نەتەوەییشی ھەبێت.ئەم سروودەش دەبێتە بەشێک لەکۆنەستی میللی نەتەوە. دەبێتە بەشێک لە ئایدیای تاکەکان.بۆیە ھەر بەکەم تەماشاکردنێکی سروودەکە،لەبنەڕەتدا بریندارکردنی ھەستء بیری ھەموو ئەو کەسانەیە،کە ئەو سروودەیان لە دڵءدەروون دەژیت.کەسانێکی ئایینی،کاتێ لەبەر ئەی ڕەقیب ھەڵناستن،ئەوان ھەر تەنیا ڕێزی شاعیرەکەو سروودەکەیان نەگرتووە، ئەمە گرفتێک نییە،بەڵکو ھەستی ملیۆنان مرۆڤ برینداردەکەن. ھەستی سەدان ھەزار قوتابی ژیکەڵە،دەخەنە ژێر پێ،کە ھەموو بەیانیەک لەگەڵ گزنگی خۆردا،بەوپەڕی جۆشء خرۆشەوە،بەھەموو بڕوایانەوە ئەو سروودە دەڵێنەوە.خوێنی ھەزاران شەھیدو ئەنفالکراو لە یاد دەکەن،کەلەپێناو ئازادیءسەربەستی نەتەوە،دژ بە ڕەقیبەکانی کورد،گیانیان بەخشیء خوێنیان ڕشت.ئەی ڕەقیب چیتر شیعری شاعیرێک نییە بەتەنیا،ھاوشێوەی ھەر شیعرێکی دیکەی ئاسایی،بەڵکو سروودی نەتەوەیەکە،کە گوزارشتە لەخەباتءتێکۆشانءقوربانیدانی نەتەوەیەک لە مێژوودا. بۆیە ئەوانەی لەبەر ئەی ڕەقیب ھەڵناستن،پێ بزانن یان نا،بەمەبەست بێت یا بێ مەبەست،ھەڵەیەکی سیاسی گەورە دەکەن. دژ بە بڕواو ئایدیای سەدان ھەزار مرۆڤی کورد دەوستنەوە، کە بەلایەنی کەمەوە لە ئێستادا،ئەی ڕەقیب بەشێکە لەھەستءنەستیان.ئەمەش کارێکە پێویستە سنووری بۆ دابنێینء ھەموو جۆرە رێکارێکی یاساییان لە بەرامبەردا بگرینە بەر….
(٢)
ئەی ڕەقیب یەکێکە لە شیعرە دیارەکانی،دڵداری شاعیر،کە دەچێتە خانەی شیعری سیاسیءشۆرشگێرییءئەدەبی بەرگرییەوە.ئەگەرچی ئەزموونی دڵدار وەک شاعیرێک،خۆی لەڕێبازی ڕۆمانسی دەبینێتەوەوچەندین دەقی شیعری ڕۆمانسی جوانی نووسیوە وەک(خەندەکەی بایی). کە یەکێکە لەشاکارەکان.بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا،دڵدار شیعری سیاسیء نەتەوەییشی نووسیوە،کە ئەی ڕەقیب دیارترینیانە.دڵدار ئەو شیعرەی لە ساڵی ١٩٣٨لەزیندان نووسیوە.کاتی خۆی لە سەردەمی کۆماری مەھابادیشدا،بە ئامادەبوونی دەیان زاناو پیاوی ئایینی وتراوە.پاشانیش،لەلایەن(شێخ حسین بەرزنجیەوە) ئاوازی بۆ دانراوە، کەلە ساڵی شەستءسێ،بەعسیەکان لە کەرکوک لە سێدارەیاندا.بێگومان دڵدار شاعیرێکی ھوشیاربوەو لە سەرەتای ساڵانی چل،کۆلیژی مافی لە بەغدا تەواو کردوە،کە بڕوانامەیەکی لەو شێوەیە بۆ ئەو کات، بایەخی خۆی ھەبوە.بۆیە کە شیعری نووسیوە،بەدڵنیاییەوە لە وشەو ماناو ڕەھەندی واتایی ڕستەکان گەیشتووە.بۆیە ناشێت،مەبەستی ئەو لە ڕەقیب پەروەردیگار بێت.شاعیر ڕاستە پاشخانێکی سکۆلاری ھەبوە،بەڵام دژە ئایین نەبوە. ناکرێت کەسێک بڕوانامەیەکی لەو شێوەیەی ھەبێت،شاعیرێکی ھوشیارو تێگەیشتوو بێت،کەچی لەماناوڕەھەندی وشەکان نەگات.وێرای ئەمەش شاعیر ئەو شیعرەی لە کاتێکدا نووسیوە، کە دەیان مەلاو زاناءپیاوی ئایینی ناودار لە کوردستان بوونیان ھەبوە.چەندین تەکیەو خانەقاومزگەوت،لەکوردستان بوونیان ھەبوە. سەردەمێک کە بەھەموو پێوەرێک ئایین کاریگەریەتی قوڵی لە سەر کۆمەڵگای کوردی ھەبوەءتێڕوانینی خەڵک تێڕوانینێکی لاھوتیانەبوە بۆ ژیان. کەواتە پرسیار ئەوەیە، ئەگەر کۆمەڵگای کوردی ھێندە پەیوەست بووبێت بە ئایین لەو کاتدا، چۆن دەکرێ شاعیرێک بە ئاشکرا شیعرێک بنووسێت،کەباس لە پەروەردیگارءئایین بکات؟ئەمە لۆژیک وەریدەگرێت؟لەسەردەمێکی دواکەوتووی کۆمەڵایەتیء ئایین پەرستیدا،شیعرێک بنووسرێت دژ بە ئایینءبڕواداری تاکەکانی کۆمەلگەی کوردی؟ ئەمە خۆی لە خۆیدا مانای وایە کە مەبەستی دڵداری شاعیرلە ئەی ڕەقیب، بەتەنھا دوژمنانی کورد بوە. واتە گوتاری شیعرەکە ئاراستە کراوە بۆ دوژمنان.بەتایبەتیش لەو کاتدا،کورد لە ھەڵومەرجێکی سیاسیء کۆمەڵایەتی سەختءژێر دەستەیی ژیاوە،کە سەردەمی پاشایەتی بوەء زۆربەی نەتەوەکانی دنیا سەربەخۆیی خۆیان ھەبوە..وێرای ئەمەش ھەموو ئەوانەی بۆچوونیان وایە،کە ئەی ڕەقیب دژ بە ئایینی ئیسلامە، دەکرێ پێمان بڵێن ئایا،کە دەوڵەت نەبوو،مرۆڤ دەتوانێ بە ئازادانە سرووشە ئایینیەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت؟ئەگەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبوو،چەندە ئازادء سەربەستە لە بە جێگەیاندنءجێبە جێکردنی سرووشء بنەما ئایینیەکانی خۆی؟ دڵداری شاعیر دەزانێت،ئەستەمە بێ دەوڵەتی سەربەخۆ،نەتەوەیەک بتوانێت بە کۆی مافەسیاسیء ئایینیەکانی خۆی بگات.بۆیە کە دەڵێ(دینمانە ئاینمان ھەرنیشتمان) مەبەستی ئەوەنەبوە،کە بە تەنھا نیشتمانمان ھەبێتء ئایینمان نەبێت. بە پێچەوانەوە بەڵکو مەبەستی ھاوتاکردنی خۆشەویستی خاکء نیشتمانە،ھاوشێوەی ئایین.بەومانایەی وەک چۆن ئایینمان خۆشدەوێت،دەبێ خاکء نەتەوە نیشتمانیشمان خۆشبوێت. لە بنەڕەتیشدا ھەر وایە. چونکە ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان نییە،تەنانەت ئێستاش مافی ئایینپەرستی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادو سەربەخۆ نییە. سەرنج بدەن، فەلەستینیەکان، ئایینیان ھەیە دەوڵەتیان نییە، ئسرائیل چیان پێدەکات.موسڵمانەکانی بۆڕما،ئایینیان ھەیە دەوڵەتیان نییە،چۆن ئازار دەدرێنء دەچەوسێنرێنەوەو دەرگای مزگەوتەکانیان بەڕوودا دادەخرێت. موسڵمانەکانی بۆسنە،کە نیشتمانیان نەبوو، سڕبەکان چیان پێکردن. ئەی ئێستا کە دەوڵەتءنیشتمانیان ھەیە.مەسیحیەکانی باشووری سودان، تا خاکءدەوڵەتی خۆیان نەبوو،حکومەتی موسڵمانی سودان، چی نەما پێیان نەکات.بۆیە ھاوڵاتی ھەرگیز بە کۆی مافەکانی خۆی ناگات،تەنھا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نەتەوەیی نەبێت. ئەو کاتەی نیشتمانمان ئازادبوو،ئایینیشمان ئازاد دەبێت.ئەو کاتەی خاکمان ھەبوو،مزگەوتەکانیشمان سەربەست دەبن.ئەوکاتەی ئازادیشمان نەبوون،ئەستەمە ئازادانە بتوانین،ئەوەی مەبەستمانە بیکەین، بەتایبەتیش خوداپەرستیء ئایینپەرستی خۆمان.
(٣)
ئەی ڕەقیب کە ساڵانێکە وەک ماڕشی نەتەوەیی ئێمە، بە شێوەیەکی فەرمی لە دامودەزگاءکاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانء ڕێوڕەسمە فەرمیەکان دەوترێتەوە، بە لایەنی کەمەوە لە ئێستادا تاڕادەیەکی زۆر،کۆدەنگیەکی نەتەوەییء میللی لە سەرە. ئەم سروودە ڕیتمێکی ھەیە، کە بە ئاسانی گوێگر دەتوانێ وەریبگرێت.زۆربەی سروودەکانیش لە ڕیتمی سادەن. ئەگەر بەوردی گوێبیستی ئەی ڕەقیب بین، ھەست بەوە دەکەین کە لە ستراکتۆری ئەو دەقەدا،چەند تایبەتمەندییەکی سروود ھەیە. چ لە ڕووی ئاوازو ڕیتمەوە بێت، چ لە ڕووی دنیابینی دەقەکەو پێکھاتی شیعرەکەوە بێت. وشەکان سادەنء بە ئاسانی د ەتوانرێت فۆ نەتیک بکرێن.وێرای ئەمەش لە شیعری ئە ڕەقیبدا،جۆرە یاخیبوونء حەماسێکی شۆڕشگێڕی ھەیە،کە لە کاتی خوێنەوەء چڕینیدا، خوێنەرءگوێگر ھەستی پێدەکەن. ئەم حەماسە شۆرشگێڕیە لە کەم شیعری دیکەی بەرگری بوونی ھەیە. ئیًَمە چەندین دەقی شیعری نەتەوەییء شۆرشگێریءبەرگریی شاعیرانمان ھەیە، بەڵام تائێستاش نەتوانراوە،بکرێنە ماڕشی نەتەوەییءکۆدەنگییەکی سیاسیء نیشتمانی لە سەربێت.کە ڕەنگە ھەندێکیان لە ڕووی ناوەرۆکی نیشتمانیء شۆرشگێریەوە ، لە شیعری ئەی ڕەقیب بە ھێزتریش بن.بەڵام نەیانتوانیوە،ببنە بە شێک لە کۆنەستی نەتەوە. ھەر دەقێکیش ئەگەر سنووری ڵۆکالیانەی خوێنەران نەبڕێتء نەبێتە بە شێک لە یادەوەری میللی نەتەوە، بێگومان نابێ بە ماڕشێکی نیشتمانی.بۆیە بەلایەنی کەمەوە لە ئێستادا،ئەی ڕەقیب وەک شیعرێک بۆ ھەڵومەرجی سیاسیء نەتەوەیی کورد،کە ھێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیداین، سروودێکی گونجاوە.نابێ بەپاساوی چەند دێرێک، کە سانێکی ئایدۆلۆژیستی، ئەو سروودە ڕەتبکەنەوە.چونکە ھیچ دەقێکی ئەدەبی بەگشتیء شیعریش بە تایبەتی،بەتەنھا خوێنەوەیەکی تاکڕەھەندیانە ھەڵناگرێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەقی شیعری ئەوەیە،کە لە چەندە روئیاوە خوێنەوەی بۆ دەکرێت. لەو ڕوانگەیەشەوە وەرگرتنی چەند دێرێک لە شیعرەکەو بارگاویکردنی بە ئایدۆلۆژیای دینی لای کەسانێکء گروپێکەوەو ھاوکات، پشت گوێخستنی دێرەکانی تر،کارێکی نالۆژیکیە.لەکاتێکدا وەک وتمان دەکرێت،دوورو نزیک مەبەستی شاعیر، لەو دەربڕینانە، ئەو ماناو لێکدانەوانە نەبێت، کە بە شێک لە خوێنەرانی ئایدۆلۆژیستی،نەک دەقی ئەدەبی بۆیدەکەن.ھەروەک بینیشمان لیژنەی فتوا، شیکرنەوەو کۆمێنتێکی بچوکی لەبارەی سروودەکەوە بۆ ھاووڵاتیان ڕوونکردەوە. کە ئەمە کارێک بوو جێگەی نرخاندنءھەڵوەستە لەسەر کردن بوو. پیاوانی ئایینیء مەلایانء یەکێتی زانایانی کوردستان، وەک چۆن ھەمیشە ھاوشانی چینءتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردی، لەسەنگەری خەباتءتێکۆشانی نەتەوایەتی دابوونە، بەھەمان شێوەش وەک ئەرکێکی نەتەوەییء نیشتمانی داکۆکیان لە شیعری ئەی ڕەقیب کرد.بۆیە بە بۆچوونی من لە دوای ئەو ڕوونکردنەوەیەوە،ھیچ گومانء دوودڵیەک لەبارەی سروودەکەوە نەماوە، کە ڕەنگە کەسانێک بە ھۆی وابەستەبوونیان بە ئایین،گومانێکیان لەدڵ دابووبێت.کۆمەلگای کوردی لە سەدا نەوەتی دانیشتووانەکەی موسڵماننء پەیڕەو لە بڕواوبنەماکانی ئایینی ئیسلام دەکەن. بۆیە نەحکومەتی ھەرێمی کوردستان، نە ھاووڵاتیانیش بە گشتی ڕێگە نادەن،ماڕشێکی نەتەوەیی ھەبێت دژ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام. بەڵام ھێشتنەوەی ئەی ڕەقیب، وەک سروودی نیشتمانی ھەرێم، ئاماژە یەکە بۆ ئەوەی کە ھیچ گوزارشتءلێکدانەوەیەکی دژە ئایینی تیا نییە. ئەگەر کەسانێکیش بۆ چوونیان ئەوە بێت، کە ئەی ڕەقیب دژ بە ئایینە، ئەوا ھەڵَگری تێڕوانینێکی حزبیء ئایدۆلۆژین کە لە بە رژەوەندی بیروڕای سیاسی خۆیاندایە. ناشکرێت ھەر کاتێک کەمینە یاخود توێژێکی بچووکی کۆمەڵایەتی،لە بەر ئەوەی لە گەڵ سروودی نەتەوەیی دانین، ئیدی دەبێ سروودەکە بگۆڕدرێت. ئەگەر وابێت، دەبێ ھەر چەند ساڵ جارێک، ماڕشی نەتەوەیی بگۆڕین.بۆیە بە ھیچ شێوەیەک نابێت ڕێگە بدەین ئەمە ببێ بە نەریت….
(٤)
ڕێزنەگرتن لە شیعری ئەی ڕەقیب یاخود سروودی ئەی ڕەقیب،ڕێزنەگرتن نییە لە شیعرێکی ئاساییء سروودێکی ئاسایی،کە دەشێ بە لای ھەندێکمانەوە جێگەی وەرگرتن بێتء ھەندێکی تریشمان ڕەتیبکەینەوە.ئەی ڕەقیب چیتر شیعری شاعیرێک نییە بە تەنیا، تاکو کە سانێک ڕەتی بکەنەوەو گوێی پێنەدەن. بە ڵکو ئەی ڕەقیب لە ئێستادا یە کێکی ترە لە سیمبولە نەتەوەییەکانی ئێمەو بە شێکە لە کۆنەستی نەتەوە. بۆیە ھەربێڕێزیء ناشکۆمەندییەک بەو شیعرە، لە بنەڕەتدا وەک باسمان کرد،بریندارکرنی ھەستی ملیۆنان مرۆڤی کوردو،پێشێلکردنی ئایدیاء تێڕوانینی نەتەوەیی ئەوانە، کە ئەی ڕەقیب بە مارشی نەتەوە دەزانن. نابێت ڕێگە بدەین، لەبەرئەوەی کەمینەیەکی حزبیء ئایینی ئەو سروودە ڕەتدەکەنەوە،ئیدی گوێ بە ئەی ڕەقیب نەدەین. بە پێچەوانەوە، بەڵکو دەبێ ھەموومان داکۆکیکەرێکی سەر سەختء ڕاستەقینەی ئەو ماڕشە بینء ڕێگە بە ھیچ کەسء لایەنێک نەدەین، شکۆی ئەو سروودە لە ژێر ھەر ناوێکەوە بێت، بشکێنێ. بۆیەشە دەبێ داواکاری گشتیء حکومەتی ھەرێم،ڕێکاری یاسای بەرامبەر ھەموو ئەو کەسانە بگرنە بەر، کە لەبەر ئەی ڕەقیب ھەڵناستنەوە. چونکە ئەمە مەترسیەکی گەورەیەو ترسمان ھەیە لەوەی ببێ بەنەریتء بەیانی سەدان کەسی تریش ھەڵنەستنەوە. دەبێ بزانین،ماڕشی نەتەوەیی بە شێکە لە سمبولە نەتەوەییەکان.پاراستنء بەرزڕاگرتنی سیمبولە نەتەوەییەکانیش، ئەرکێکی نەتەوەییء نیشتمانیءمۆڕاڵی ھەموو ئەو کەسانەیە کە لە کوردستان دەژین.سروودی ئە ی ڕەقیب ماڕشی نەتەوەی فارسءعەرەبء تورک نییە،تاکو ھاووڵاتیانی کورد گوێی پێنەدەن. بەڵکو ھەڵقوڵاوی خەباتء تێکۆشانءقوربانیدانی نەتەوەیەکە، کە تائێستاش بێ خاکء دەوڵَەتە.بۆیە دەبێ ھەموومان بەو پەڕی شکۆمەندییەوە ڕێزی لێبنێین.ئەگەر خۆمان شکۆی سیمبولە نەتەوەییەکانی خۆمان نەپارێزین،ئایا دوژمنانی کورد دەیپارێزن؟ ئە گەر تاکێکی کورد گوێ بە ئە ڕەقیب نەداتء لە بەری ھەڵنە ستێتەوە، ئایا عەرەبء فارسء تورکێک، دەبێ چۆن بڕواننە ئەو ماڕشە؟ ئەمە با ئەوانە وەڵامی بدەنەوە، کە لەبەر ئەی ڕەقیب ھەڵناستنەوە….
* ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی(چاودێر) ژمارە(٤٥٠) ڕۆژی ٦/١/٢٠١٤بڵاوکراوەتەوە………