نووسینی : بورھان شیچخ رەئوف
لە دوای ئەوەی بەرگی یەکەمی کتێبە ناوازەو بە نرخەکەی مێژوونووسی ناوداری کورد مامۆستا دکتۆر کەمال مەزھەر ئەحمەد (کوردو کوردستان لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی حکومەتی بەریتانیادا ) م خوێندەوە ,ئەوەی لە ھەموو شت زیاتر سەرنجی ڕاکێشام
نامەیەکی توندو تیژو کاردانەوەیەکی بە جێ ی ژنێکی کوردە بەرامبەر بە بەریتانیای عوزما کە لە ٧ / ئەیلولی ١٩٣٠ یەک رۆژ دوای ڕاپەڕینی ٦/ ئەیلولی ١٩٣٠ بەردەرکی سەرا نووسیویەتی دوای ئەوەی شێخ قادری برای شێخ مەحمودی حەفید و ھاوسەری حەپسەخان گیراوەولە گەڵ کۆمەڵێکی تر لە سەرکردەکانی ڕاپەڕینەکە ڕەوانەی کەرکوک کراون ,حەپسە خانی نەقیب بە تووڕەبوونێکی واوە نامەکەی نووسیوە کە سەڵاویشی لێناکات لە کاتێکدا حەپسەخان بەوەوە ناسراوە کە ئافرەتێکی زۆر ناسک ودڵ گەورەو خانەدان و پەنای ھەژاران و بێ نەوایان و بەخشندە و بێ نەزیر بووە , ئەو ھەرگیز وانەبووە بەڵام کە نا عەدالەتی بەریتانیەکان و ھەڵسووکەوتی کاربەدەستەکانیان وای لێکردووە زۆر بە گاڵتەو پلار بگرێتە عەدالەت و دیموکراسیەتەکەیان لە کاتێکدا لە نامەکەدا نۆ جار ووشەی یاسای بەکار ھێناوە و لێیان دەپرسێت ئەمەیە عەدالەتەکەتان ؟؟
بەڵێ ھەروەکو دکتۆر کەمال لە شوێنێکی تردا ئاماژەی پێداوە لە و ڕاپەڕینەدا حەپسەخان ڕۆڵی لە شێخ مەحمود زیاتر بووە بەو پێیەی لەو کاتەدا شێخ مەحمود لە گوندی پیران لەسەر سنووری عێراق ە ئێران بەزۆر نیشتجێکراوە و بۆی نەبووە ھیچ جم وجووڵێک بکات بۆیە حەبسەخان ئەو ڕۆڵە مێژوویی و گرنکەی بینیووە بۆیە ئافرەتی کورد دەتوانێت شانازی پێوەبکات و ڕۆڵی خۆی لە داھاتوودا زیاتر قایمتر بکات و بۆ پێشەوەی ببات , ھەر تایبەت بەم شێرەژنە دکتۆر کەمال دەفەرمووێت ڕایەکی واھەیە کە دەڵێت (وراء کل عڤیم امراءە ) واتە لە دوای ھەر گەورە پیاوێک ئافرەتێک ھەیە کە ووتویانە شێخ قادر بە حەبسەخانەوە پیاوە منیش دەڵێم ڕاستە و گومان لە گەورەیی بنەماڵەی حەفید ھەر لە شێخ مارفی نۆدێوە کە فەرھەنگی ناوداری ئەحمەدی نووسیوە بۆ کاکە ئەحمەدی شێخی کوڕی و شێخ مەحموودی مەلیک ناکرێت و شانازیشە بۆ شێخ قادرکە برای شێخ مەحمودی مەلیکە و یەکەم سەرۆک وەزیرانی کوردبووە لە حکومەتەکەی مەلیک مەحمودا کەپێ ی بڵێن شێخ قادر بە حەبسەخانەوە پیاوە ,
من لێرەدا نامەوێت زیاتر درێژە بەم باسە بدەم دەقی نامەکەی حەبسەخان وەکو خۆی چۆن لە سەرچاوەکەدا ھاتووە بخەمە بەر دیدەی خوێنەرانی بەرێزو لێکدانەوەو سەرنجی زیاتر بۆ ئێوە بە جێ دێڵم .
(( لە نەقیب زادە حەفێەوە ,بۆ شکۆدار مەندوبی بەریتانی ,رۆژی حەوتی ئەیلوولی ١٩٣٠ لە سلێمانییەوە ))
ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دڕندانە ی بێزراوی ئەوتۆ ڕادەپەرموێنرێت کە ھیچ گەلێکی جیھان لەڕۆژگاری بەربەرییەکاندا لە وێنەیان نەبیینیووە .کام یاسا ڕێگە دەدات گەلێک لە کاتی ھەڵبژاردندا تیرۆر بکرێت .کێ لە ئێوە یاسا پارێز و کێش لە ئێوە یاسا دەخاتە ژێرپێوە ؟ کام یاسا ڕێگەی داوە چەک دژی جەماوەر لەکاتی ھەڵبژاردندا بەکار بھێنرێت ؟ئیمرۆ شاری سلێمانی گەێێندراوەتە دۆخێکی دژواری بەربەریی ئەوتۆوە کەبۆی ھەیە سەرتاپای مێژووی ھەرکەسێکی بەرپرس لەکەدار بکات .
لیژنەکەتان ( لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنەکان ) کەوتە وتووێژ لە گەڵ کەسانێکدا کە ھیچ سەنگیکیان لەم ووڵاتەدا نیە . جەماوەر کاتێک بەمەیان زانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان کۆ بوونەوە , ئەمەیش بێگومان مافی یاسایی خۆیانە .کاتێک ئەوان (واتە پیاوانی میری ) دییان زۆربەی ھەرە زۆری خەڵکەکە دژیانن پەنایان بردە بەر سەربازو ڕەشاش و دەسڕێژیان لێکردن ,شەست حەفتا یەکیان لێ کوشتن و بریندار کرد.کام یاسا ڕێگەی ڕەفتارێکی وەھا دەدات ؟ئەی چۆن ئەوانەی وایان کرد دەتوانن پاکانە بۆ کارەکەیان بکەن ؟ئێمەی کورد بێزاری خۆمان بەرانبەربوم کارە دڕاندانەیە دەدەبڕین و ھەتا خوێنی کوردایەتی لە دەمارەکانماندا بجمێت ھەرباسی دەکەین و دەکەین , ئێوە یاساپارێزن ,ئەگەر وابێت کێن ئەوانەی یاسایان پێ شێل کرد؟ھێزە چەکدارەکانی ( میری ) بەوەوە نەوەستان کە بە جەماوەرەکەیان کرد , بەڵکو ڕژانە ناو ماڵەکەی منیشەوە و کەوتنە پشکنین و ڕووی چەکەکانیان کردبووە سنگی ئافرەتەکان .ئەم پشکنینە بوو ھۆی فەوتان و تاڵانکردنی شتوومەکە بەنرخەکانم .من داوای مافە ڕەواکانی خۆم لە سەرجەمی ئەو کەسانە دەکەم کەیاسایان پێ شێل کردورێزی ماڵکەمیان نەگرت .دوای ئەم ھێرشە جانەوەرییە ھێزە چەکدارەکان کەوتنە گرتنی پیاوەناسراوەکانمان , ئەوانەی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانەی بەغدا کران .
تکا لە شکۆدارتان دەکەم ئەم بروسکەیەم وەرگێڕنە (سەرزوبانی ئینکلیزی )و ویچنە پێشکەشی ( کۆمەڵەی گەلان) لە جنێف بکەن
سەرچاوە/
کوردو کوردستان لە بەڵگە نھێنیەکانی حکومەتی بەریتانیادا – کەمال مەزھەر بەرگی یەکەم ٢٠٠٩ چاپی دووەم