دارا خونچە: هەرچەندە زۆر ناجۆر و نابەجێ بوو کە هونەرمەندی مەزن (عەباسی کەمەندی) دەربارەی (مام جەلال)١ گوتی: ”خوازیارم تەمەنم بخرێتە سەر تەمەنی مام جەلال”٢ بەڵام لەبەرئەوەی هونەرەکەی ئەو هونەرمەندە هێندە بە بڕست و پڕ لە
داهێنانە لە لای من ناچارم چاوپۆشیی لەو قسەیە یان هەر قسەیەکی دیکەی لەو بابەتەی – ئەگەر هەیبێ – بکەم!
جێگەی تێڕامانە و هاوکات خەمێکی گەورەشە کە مرۆڤی کورد لەگەڵ ئەوەی وەک سروشتی خۆی حەز و سەلیقەیەکی جوان و گەرموگوڕی هەیە سەبارەت بە هونەری مۆسیقا و گۆرانی و لە هەر کات و شوێنێک گوێی لە ئاواز و ریتمێکی گەرم و خێرا ببێ یەکسەر تێکڕای جەستە و دەروونی دەکەوێتە جوولە جا ئەگەر ئەو کات و شوێنە هی بۆنەیەک یان کۆڕێکی وشکی سیاسییش بێ هەر دەرفەتێک دەدۆزێتەوە تا هێندێک هەڵبپەڕێ و ئارەزووەکانی خۆی تێدا دابمرکێنێتەوە.. بەڵام هەرگیز ناتوانێ و لە دەستی نایێ هاوکاریی هونەرمەندان بکا و دەرفەتێک بڕەخسێنێ بەرهەمە هونەرییەکانیان بە شێوەیەکی جوان و پێویست بڵاوببنەوە تەنانەت کاتێک هونەرمەندێک هەموو تەمەنی ژیانی خۆی لەسەر هونەر دادەنێ و کۆمەڵێک کاری جوان و نایابیش بەرهەم دەهێنێ نەک هەر لە کاتی ژیانیدا هیچ هاوکارییەکی ناکا و هیچ رێزێکی لێ ناگرێ بەڵکە پاش مەرگیشی رێزێکی شایستە بۆ خۆی و کارەکانی دانانێ وەک ئەوەی کە لە پاش مەرگی (عەباسی کەمەندی) و چەندین هونەرمەندی دیکە بینیمان بە تایبەتییش کە هونەرمەندەکە سەر بە حیزبەکان و بنەماڵە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان نەبێ و خۆی لە خێڵ و شارچێتیی دابڕیبێ.. ئەوە هەر هیچ! جگە لەوەش زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین مرۆڤی کورد زۆر بە سووکیی تەماشای هونەر و هونەرمەندان دەکا و ئێستاکەشی لەگەڵ دابێ خەڵکێکی زۆرمان هەن بە هەمان تێڕوانینی سەردەمی دەرەبەگایەتیی و بە شێوەیەکی زۆر ناشیرین لە هونەرمەندان دەڕوانن و وشەی (چاوەش)٣ لە بەرانبەریان بەکاردەهێنن!
(عەلی مەردان)ی مامۆستای مقام و سەرتۆپی مقامبێژانی کوردی پێش کۆچی یەکجارەکیی لەگەڵ ئەوەی خۆی خەڵکی کەرکووک بوو خزم و هاوڕێ و ناسیاوانی خۆی راسپاردبوو لە (گردی سەیوان) لە سلێمانی بینێژن، ئەو راسپاردەیە ئەوە دەگەیەنێ کە ئەو هونەرمەندە مەزنە بە شێوەیەکی چەند بەرز لە هونەر و کایە رۆشنیرییەکانی میللەتەکەی خۆی دەڕوانی.. رێک بە پێچەوانەی هەست و هزری ناوچەگەریی و شارچێتیی هەڵویستی وەرگرتوە، بەڵام ئەمن دڵنیام ئەگەر عەلی مەردان پێش مەرگی خۆی:
• بیزانیبا هونەرمەندان و هونەردۆستانی سلێمانی و شارەکەی خۆی و تەواوی کوردستان بەو جۆرە رێز لە راسپاردەکەی دەگرن!
• بزانیبا لە هەزارەی سێیەم لە نێو کوردان ئەگەر هونەرمەندێک سەر بە حیزبەکان نەبێ و ملکەچی دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندان و بنەماڵە و سەرۆک خێڵەکان و بازرگانانی هونەر نەبێ هەرگیز نە دەتوانێ بەرهەمەکانی رۆشنایی ببینن نە دەتوانێ ژیانی تایبەتی خۆشی بگوزەرێنێ!
• بیزانیبا ئەگەر ئێستا کاتێک بەرپرسێکی گەندەڵکار یان یەکێک لە نەوەکانی کۆچی دوایی دەکا ئەوە ئیدی زۆربەی هەرە زۆری میدیای کوردی بە گواستنەوەی هەواڵەکە سەرقاڵ دەبن و شەقامەکان دەگیرێن و لەبەر کاروانی ئۆتۆمۆبێلەکانی بردنی تەرمەکە بۆ گۆڕستان رێ بە بەر رێدار ناکەوێ و پاشان پرسەیەکی گەورەی بۆ دادەنێن و ساڵانەش بە فراوانی یادی دەکەنەوە و ئاهەنگی ماتەمینیی بۆ دەگێڕن، کەچی کە هونەرمەندێک کۆچی دوایی دەکا بە ئاستەم لە میدیا وەک هەواڵێکی سەرپێیی باس دەکرێ و چەند خزم و کەسوکارێکی دەچنە سەرگۆڕەکەی و هەر بە پەلە لە ژێر خاکی دەنێن و ئاوێ بێنن و دەستان بشۆن!
• بیزانیبا کچەکەی دەڵێ زۆر شانازیی بەوە دەکەم کە کەسێکی گەورەی وەک مەسعود بارزانی جارێک لە شوێنێک باسی باوکمی کرد.. ئەوە واتای ئەوەیە عەلی مەردان هونەرمەندێکی مەزنە!!!٤
• بیزانیبا لە پاش ئەوەی شاری سلێمانی بە پیلانێکی سیاسەتبازیی دەسەڵاتدارانی گەندەڵکردنی هونەر و هونەرمەندان دەکرێتە پایتەختی رۆشبنیریی.. هیچ دەرفەتێکی ئەوتۆ ناڕەخسێندرێ کە بە واتای وشە ببێتە پایتەختی رۆشنبیریی.. بەڵکە بە پێچەوانەوە شارەکە لە رووی هونەریی و رۆشنبیرییەوە وێرانتر دەکرێ!
• لە هەموو ئەوانەش کاریگەرتر ئەگەر؛ بیزانیبا شاری سلێمانی بەو شێوازە پێشوازیی لە هونەرمەندێکی مەزنی وەک (عەباسی کەمەندی) دەکا و سەرئەنجام ناچار دەبێ بەو شێوەیە هەڵوێست وەربگرێ و بڵێ:
”یەک جار کە چوومە سلێمانی پەیمانم لەگەڵ خۆم بەست کە ئیتر نەچمە کوردستانی عێراق چونکە بە جۆرێکی زۆر ناشایستە رەفتارم لەگەڵ کرا.. لە شاری سلێمانی تەنیا بەدڕەفتارییم بینی و هیچی تر. گەشتنامەی سلێمانیم نووسیوە و کاتی خۆی بگا چاپی دەکەم و روونیشی دەکەمەوە کە لە ماوەی دە رۆژدا چیم بەسەر هات”!٥
ئەوە زۆر رێگەی تێدەچوو پاکانە لە دەسەڵاتی کوردی و هەموو ئەو خەڵکە بکا کە ئاماژەم پێیان دا.. هەروا نەک هەر ئەو راسپاردەیەی نەدەکرد کە لە (گردی سەیوان) لە سلێمانی بینێژن بەڵکە دەیگوت تکایە کە مردم هەر بە جلوبەرگی خۆمەوە فڕێم بدەنە (بەستی خاسە) و با لەوێ قەل و داڵ بمخۆن باشترە!!!
______________________________
پەراوێز:
١- وەک ئەوەی حەز بە مەرگی هیچ کەسێک ناکەم حەز بە مەرگی (مام جەلال)یش ناکەم.
٢- ئەو قسەیەی لە دیمانەیەکیدا کرد، داوای بووردن دەکەم دەقی قسەکەیم بە تەواویی لەبیر نەماوە.. بەڵام دڵنیام هەر بە هەمان ئەو واتایە ئەو قسەیەی کرد کە تەمەنی بخرێتە سەر تەمەنی مام جەلال تا تەمەنی درێژتر ببێ.
٣- (چاوەش): بەو کەسانەیان دەگوت کە بە دەهۆڵ و زوڕنا و گۆرانی کۆڕی دیوەخانی ئاغا و دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارانیان گەرم دەکرد.. لە بەرانبەریشدا خواردنێکی چاک و چەوریان پێ دەدان یان بڕێک پارە یان هێندێک جلوبەرگیان وەردەگرت.. هاوکات بە سووک و کەم تەماشا دەکران و دەبووایە بە پیێ خواستی خاوەن ماڵەکە بەزموڕەزمیان بۆ ساز بدەن!
٤- کچی عەلی مەردان لە رۆژی ٤\٦\٢٠١٤ لە کەناڵی تەلەفزیۆنی رووداو ئەو قسەیەی کرد، ئەوە لە کاتێکدا هونەرمەندێکی مەزنی وەک عەلی مەردان هەرگیز لە ژیانی خۆیدا ستایشی بەرپرس و سەرکردەکانی نەکردوە و ملی لە بەرانبەریان کەچ نەکردوە!
٥- ئەو قسەیە لە (گفتوگۆی مانگنامەی رامانی کوردی لەگەڵ عەباسی کەمەندی، هاوینی ١٣٩١) وەرگیراوە.
٥\٦\٢٠١٤