سەدیق سەعید رواندزی: لە سەرەتای ساڵانی نەوەددا،ساڵێک دوای ڕاپەرین، ئەودەمەی قوتابی پەیمانگا بووم لە شاری ھەولێر، لە بەشی ناوخۆیی دەژیام. ڕێک لە ژوورێکی دیکەی بەرامبەر ژوورەکەمدا، قوتابیەکی دیکە، ھەرخۆی بەتەنھا لەو ژوورە دەژیا. ئەم قوتابیە، کە لە یەکێ لە کۆلیژەکان قوتابی بوو، تابڵێی کەسێکی کەمدوو، گۆشەگیرء تەنھا بوو.
بە ھیچ شێوەیەک تێکەڵ بە ئەوانی تر نەئەبوو.تەنانەت لە کاتی ھامءشۆکردنیشیدا، بە دەگمەن، دەنا سڵاوی نەدەکرد. ئەم قوتابیە ھەر خۆیء خەمەکانی خۆی دەژیا.لە سیمای ئەو قوتابیەدا، غەمێکی قوڵء پڕ لە ئازارم دەبینی.
ھەر کاتێک سیمای ئەءم دەدیت( ئەگەر چی کەم دەھاتە دەرەوەش) دەمزانی، ڕۆژگار ڕوحءناخی ئەو قوتابیەی ھەلابەھەلا کردوە. بەڵام گرفت لەوە دابوو، ئەو بە ھیچ شێوەیەک تێکەڵ نەدەبوو، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. بۆیە ئاسان نەبوو،بتوانم لە خەمی ئەو بگەمء ھیچ نەبێت، وەک ئەرکێکی مرۆییء مۆڕاڵی دڵنەوایی بدەمەوەو لە خەمی کەم بکەمەوە. گەلێک کاتیش دەمدی کە بەبێدەنگی دەگریێتء فرمێسک بە چاوانی دا دەھات. ھەرچۆنێک بێتء سەرەنجام،لە ڕێگەی کەسانێکی نزیک لەو قوتابیەوە،ئاشنای خەمی ئەو قوتابیە بووم.خەمێک کە ھی ئەو نەبوو بە تەنیا، لە ڕاستیدا خەمی منء ھەموو کۆمەلگەی کوردیش بوو. بە تایبەتی لەو کاتەدا، کە تەنھا چوارساڵ بە سەر ئەو کارەساتە تێپەریبوو،ھێشتا برینەکان خوێنیان لێدەچۆڕا. ئەم قوتابیە خەڵکی گوندێکی دەڤەری چەمچەماڵ بوو(کە زۆر بە چڕی ئەو شوێنە کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال) پێنچ براو خوشکێکیء باوکی، بە ھۆی پرۆسە بە دناوەکانی ئەنفالەوە، لە دەست دابوو. دوای ئەو کارەساتە، دایکیشی لە خەمی ئەو کۆستە گەورەیە، بە ماوەیەکی کەم کۆچی دوای کردبوو. بێگومان خەمی ئەو قوتابیە، کە نموونەیەکە لە سەدان بە جێماوی پاشماوەی ئەنفالەکان، خەمێکی ئەوەندە بە سوێء قوڵە، کە ئەستەمە زمان بتوانێت، وێنای بکاتء گوزارشتی لێبکات. ڕۆماننووسء ڕووناکبیری دیاری کورد(بەختیار عەلی) دەڵێ:( ئەنفال لە دەرەوەی زمانە. زمان لەوە بچووکترە بتوانێ گوزارشت لەو کارەساتە بکات).لە ڕاستیدا ھێندێک ڕووداوی دڵتەزێنءتراژیدی ھەن، مرۆڤ تووشی شۆک دەکەنء زمانی دەبەستن. تازەمەنێکی درێژیش ناتوانێت،لە ژێر کاریگەریەتی ئەو ڕووداوە دەرچێت. ھەموو شتێکی بینراو، مەرج نییە بتوانین بە زمان گوزارشتی لێبکەین.زۆرجار مرۆڤ لە ئاست کارەساتەکان دەحەپەسێ.بۆیە بە بۆچوونی من خەمی ئەو قوتابیە،زۆر لەوە گەورەتربوو، وەک ئەوەی من تێی دەگەیشتم. بگرە ئەو تاراِدەیەک خۆڕاگریش بوو. چونکە ھیچ نەبێک بەو بارودۆخە سایکۆلۆژیەی ئەو تیایدا دەژیا، کە گۆشەگیریء تەنھایی بوو، تاڕادەیەک لە گەڵ خەمە کەی ڕاھاتبوو. ئەمەلە کاتێکدا، ڕەنگە کەسێکی دیکە بوایە، ھەرگیز بەرگەی ئەو دۆخەی نەدەگرتء کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنا. ئاخر ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت بە بێ باوک، دایک، خوشکء براکانی بژیت. لەو ڕوانگەیەشەوە ئەنفال، چەند پرۆسەی جینۆسایدکردنءلەنێوبردنی خەڵکی سڤیلی ئێمە بێت، لەوە زیاتریش وێرانکردنء داڕووخانی ڕوحی زیندووەکان بوە. کە کاریگەریەکانی زۆر زیاترە، لەوەی کۆتایی بە ژیانت بێت. بە دەربڕینێکی تر، مرۆڤ یەک جار لە ژیاندا بمرێت،نەوەک ھەموو ڕۆژێک بمرێت.
ئەوانەی دوای ئەنفال جێماون، ئەو مرۆڤانەن کە ئەنفال وەک ئازارێکی ھەمیشەیی، لە گەڵیان دەژیت. بۆ ئەوان ژیان نەک ھیچ بەھاو مانایەکی نەماوە،بگرە خۆزگەی ئەوە دەخوازن، لەگەڵ خێزانەکانیان، ئەوانیش ئەنفال کرابانء کۆتایی بە ژیانیان بھاتایە، نەک بۆ خەمەکانی ڕۆژگار، بە زیندوویی بمابانەوە.چونکە مرۆڤ کە لە ئاستی ڕوحیدا تێکشکاو داڕووخا، بە جەستە بژیتء نەژیت، ھیچ مانایەکی نییە. ھەرگیز جەستەیەکی بە ھێز ناتوانێ ڕوحی تێکشکاوی مرۆڤێک بینا بکاتەوە. ئازاری ڕوح ھەزاران جار لە ئازاری جەستە، بە سوێترە.ھەموو برینەکانی لە شی مرۆڤ ساڕێژ دەبن، برینی ڕوح نەبێت. ئەوانەی لە دوای ئەو کارەساتە ڕزگاریان بوە، برینێک کەوتۆتە ڕوحیان، کە ھەرگیز ساڕێژ نابێت. بۆ ئەوان ئەنفال کردەیەکی سەربازی بە سەرچوو نییە، بەڵکو ئازارێکە لە گەڵیان دەژیت. سێبەرێکە بە دوایانەوەیە تا دەچنە ژێرگڵ. ئەگەر ئەوانەی بەر ئەو شاڵاوە کەوتن، سەرەنجام بە مەرگی ئەوانیش تەواو بوو، ئەوا لە گەڵ مەرگی ئەوانیش خەمەکانی ئەوانیش وەک مرۆڤ کۆتایی ھات. وەلێ خەمی گەورەو ئازاری قوڵ، دواجار بۆ ئەوانە مایەوە، کە ھەموو کەسء کاریان، یانیش زۆربەیان بەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کەوتن. ئەوان چیتر، ئەو مرۆڤە ئاسوودەو بە ختەوەرەی بەر ئەو شاڵاوەنین، کە ساکارانە، لە گەڵ کەسء کاریان دەژیان. بەڵکو کە سانێکی دیکەی گۆشەگیر، غەمگینء پڕ لە ئازارن. وەک ئەو قوتابیەی،لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد.ژیان لە دوای دابڕانی ئازیزان، ژیانێکی یە کجارءسەختءتراژیدیەء ڕاھاتن لە گەڵی بوێریء جوامێریەکی زۆری گەرەکە.بە تایبەتیش بۆ ئێمەی ڕۆژھەڵاتی بە گشتیءکوردیش بە تایبەتی. بە عس دەیزانی بە دورخستنەوەو ئەنفالکردنء ڕاگوێزانی کوردەکانء ھەڵکەندنیان لە زێدی ڕەسەنی خۆیان، چ زەبرێکی گەورەی دەروونیان بەر دەکەوێت. بۆیە لە ڕێگەی پرۆسەی بە دناوی ئەنفالەوە، ئەو کردەیە ئەنجام دەدات. بەعس ھەر تەنھا بریاری چارەنووسی ژیانی کوردەکان بە مەرگ نادا، بەڵکوسەدان کیلۆمەتر، دووریشیان دەخاتەوە لە ماڵء نیشتمانی خۆیان.بەعس بە چڕیء بەبەرنامە کاری لە لێک دابڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خێزانی کوردی لەلایەکء ژینگەو سروشتی کوردستانیش،لەلایەکی دیکەوە دەکرد. بێگومان بە عس خاوەن ھێزو دەسەڵاتء ببڕو بکوژ خۆی بوو، دەیتوانی ھەر لە کوردستاندا، کوردەکان ژێر گل بخات، بە تایبەتی لە ناوچەی گەرمیان، بەڵام دێت ئەنفالیان دەکاتء سەدان کیلۆمەتر دەیانگوێزێتەوە نوگرە سەلمان. بەعس بەو کارەی ھەرتەنھا چارەنووسی ئەوانەی ئەنفالی کردن، بە مەرگ کۆتایی پێ نەھێنا، بەڵکو چارەنووسی ھەموو ئەو ڕزگاربووانەشی بە ناچاری خستە بەردەم ژیانێک، کە زۆر لەوانەی لە نێو چوون، تراژیدی ترء غەمگینتر بێت. بەعس بە کردەی ئەنفالکردنی کوردەکان بۆ باشوور، دەکرێ بڵێین چەند ئامانج و پە یامێکی سیاسی ھەبوو. لەلایەکەوە تێکدانء پچڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکان.بەمەش لە ئاستی ڕوحیء سا یکۆلۆژیدا، زەبرێکی دەروونی گەورە، لەھەموو ئەوانە ئەدات، کە دوای ئەو کارەساتە بە زیندووی دەمێنەوە.تاکو لەو ڕێگەیەوە نەتوانن، گلکۆی کەسء کارەکەشیان بناسنەوە. بە دەربڕینێکی تر،
بەعس نەک تەنھا، کوردەکان دەکوژێتء لە نێو دەبات، بەڵکو گلکۆکانیشیان وندەکات. ئێمە ھەموومان دەزانین، یەکێک لەو خەسڵەتە سایکۆلۆژیانەی مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی ھەیەتی، بە سەر کردنەوەی گۆڕی ئازیزانیەتی. ئەو نەریتە کە وەک نۆڕمێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەلگەی کوردیدا بوونی ھەیە، مەراسیمێکی کۆمەڵایەتییەو ھەموو ڕۆژانی پێنچ شەممە،ئەنجام دەدرێت. لەو ڕۆژەدا، زیندووەکان، ئەوانەی ئازیزێکیان لە دەست داوە،بۆ دڵنەوایی، ئارامی ڕوحیء دەروونیان، دەچنە سەر گۆڕی مردووەکانیانء دەیانلاوێننەوە. بەمەش ھەم ھەست بە ئاسوودەی دەکەن، ھەمیش وادەزانن لە ئاستی واقیعدا مردووەکانیان دەبیننء دەبیستن. بۆیە دەبینین ھەموو ئەوانەی کەسء کاریان ئەنفال کراوە،بەوتاسە قوڵەیەوە دەژینء دەمرن، کە گۆڕی ئازیزانیان ببینەوە.بزانن لە کوێ نێژراوان.ئەوانە خۆزگەی ئەوەدەخوازن، کە ئەگەرچی کەسء کارەکانیان لە وکارەساتەدا تیاچوون، بەڵام گۆرێکیان ھەبوایە، بۆ ئەوەی ھیچ نەبێت ڕۆژانی پێنچ شەممە بچنە سەریان. لە کاتێکدا مرۆڤ کە مرد، دواجار کۆتایی دێتء بە سەر کردنەوە یانەکردنەوەی گۆڕەکەی تازە، ھیچ لەوغەمە کەمناکاتەوە. بەڵام چونکە پەیوەندی مرۆڤی کورد، لە ئاستی ڕوحیء کۆمەڵایەتیدا ئەوەندە بە ھێزبوو( بە تایبەتی لە سەردەمی ئەنفالء بەداخەوە ئێستا ئەوە نەماوە)ئیدی بەعس دێت ئەو پەیوەندییە لە ڕەگەوە دەردەھێنێت. بە لێکدابراندنی مرۆڤەکان، ئەنفالکردنی ھەندێکیانء ڕزگاربوونی ھەندێکی دیکەیان، ئەو پەیوەندییە نامێنێت. کە ئەو پەیوەندییەش نەما، ئیدی بۆشایەکی گەورەی ڕوحیء دەروونی لای زیندووەکان دروست دەبێت. ئەوان ڕووبەرووی ھەڵومەرجێکی دیکەی ژیان دەبنەوە، کە پڕە لە غەمگینیء ڕەشبینیء نائومێدیء چاوەروانی. ڕزگاربووانء پاشماوەی ئەنفالەکان، گەرچی دەزانن کەسء کاریان نەماون، بەڵام حەزدەکەن گۆڕەکانیان پێ بزاننء ڕوفاتەکانیان بێنەوە.ئەوان دڵنیان لەوەی کە جارێکی تر بە ھیچ شێوەیەک،بەدیداری کەسء کاریان شاد نابنەوە.بەڵام دەخوازن ئەگەر بە زیندووییش نەبێت، بە مردویی ئێسکء پروسکی کەسء کاریان ببینەوە. چونکە ھیچ نەبێت دەتوانن ڕۆژانی پێنچ شەممە بچنە سەر گۆڕەکانیانء خەمەکانی خۆیان ھەڵڕێژن. بەڵام کاتێ بە عس دێتء ھەرتەنھا بە کوشتنی مرۆڤەکان ناوەستێت،بەڵکو گۆڕەکانیشیان شوێن بزر دەکات، ئیدی خەمی ئێمە گەورەترء بە سوێتر دەبێت. بە عس بە بردنی کوردەکان بۆ نوگرە سەلمان، نەک گیانیان بگرە گلکۆکانیشیان وندەکات. بەمەش لەو ڕێگەیەوە ڕزگاربووانی ئەو کارەساتە دەخاتە بەردەم ژیانێک پڕ لە چاوەڕوانیء مەراق. چاوەڕوانی ھاتنەوەی ڕوفاتی کەسء کاریان، تاکو جارێکی تر بۆ دڵنەواییء ئارامیء ئاسوودەیی ڕوحء دەروونیان، بچنە سەر گۆڕەکانیان.ئەوان ھیچ نەبێت بە ھاتنەوەی ئەو ڕوفاتانە،سوکنایەک بە دڵء دەروونیان دادێت. لێرەوەش حکومەتی ھەرێم( کە جێگەی دەستخۆشییە) چ لە ئاستی ماددی بێت، چ بە خستنە مەترسی ژیانی کارمەندەکانیەوەبێت(بەتایبەتی کارمەندەکانی وەزارەتی شەھیدانء دەستەی ناوچە ناکۆکی لە سەرەکانء بەتایبتیتریش د_محمد احسان) ھەوڵی ھێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانی ئێمە ئەدات. ئەم کارە وێرای ئەوەی بە ھایەکی گەورەی ئنسانی ھەیە، ھاوکات بۆ کەسء کاری ئەنفالکراوەکانیش مەغزای خۆی ھەیە. چونکە ئەوان چیتر بە دیار ونبوونی گلکۆی کەسء کاریانەوەناژینء ھیچ نەبێت، سیمبولیک ھەیە، کە ئاماژەیە بۆ قوربانیانء ئەو کارەساتە گەورەیە. ئەمە وێرای بە سەرکردنەوەی گۆری کەسء کاریان چ لە کاتی مەراسیمێکی فەرمی بێت، یاخود ڕۆژەکانی دیکەی ئاسایی. کەواتە ھێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانی ئێمە، ھەر تەنھا جێگۆرکێءگواستنەوەی گۆڕی ئەو شەھیدانە نییە لە باشورەوە بۆ باکور، بە پێچەوانەوە بە لکو سەرلەنوێ گرێدانەوەی پەیوەندی نێوان ئەنفالکراوانء کەسء کارء پاشماوەکانیانە، بە ڵام لە فۆرمێکی دیکەی جیاواز،لە سەردەمی پێش ئەنفال.ئێمە نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت، کە ھێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانمانء سەرلەنوێ ناشتنەوەیان لە خاکی پیرۆزی کوردستاندا، چ لە ئاستی خێزانیء کۆمەڵایەتیدا، بۆ کەسء کاری ئەنفالکراون، لە ڕووی سایکۆلۆژیء ڕوحیەوە، بایەخی ھەیە،چونکە ئەوان چیتر بە دوای چارەنووسی ئازیزانیان وێڵ نابن کە لە کێ نێژراون، ھاوکات شادکردنەوەی گیانی قوربانیەکانیشە بە ئامێزی خاکء خۆڵێک کە لە پێناویەوە ئەنفال کران. جارێکی تر بە ستنەوەی مرۆڤی ئێمەیە بە نیشتمان. ئەوان چونکە بۆ ئەو خاکەو لە پێناو ئەو نیشتمانەدا، ئەنفالکرانء گیانیان بە خشی،ئیدی باجەستەو ڕوحیشیان ھەر لە باوەشی ئەو خاکەدا، چاو لێک بنێت.
بۆیە ھێنانەوەی ڕوفاتی شەھیدەکانی ئێمەو سەرلەنوێ بە خاکسپاردنەوەیان، چەندین ڕەھەندی کۆمەڵایەتیء جوگرافیء ئنسانی ھەیە. حکومەتی ھەرێم دەزانێت، ھێنانەوەی ئەو ڕوفاتانە، چ کاریگەریەکی بە سەر ژیانء ھەڵومەرجی سایکۆلۆژیء خێزانیء پەروەردەیی، پاشماوەی ئەنفالکراوەکانی ئێمەوە ھەیە،بۆیە بە پێی قۆناغءپلانێکی بۆ داڕێژراو، بە بەردەوامی ھەوڵی ھێنانەوەی ئەو ڕوفاتانە دەدات.چونکە وەک ئاماژەمان پێدا، بۆ ڕزگاربووانی ئەو کارەساتە، تراژیدیایەکە ھەر تەنھا،لە ئەنفالکردنی کەسء کاریان دانییە، بەڵکو ئازارەکە لەو قوڵایەش دایە، کە ئەوان ھیچ ئاسەوارێکیان لە ئاستی شوێندا بۆ نەماوە، کە ھێما بێت بۆ قوربانیەکانیانء ھیچ نەبێت، بتوانن گۆڕەکانیان بە سەر بکەنەوە. چونکە ھیچ خەمێک لەوە گەورەتر نییە،مرۆڤ کەسێکی لە دەست بدات، بەڵام گۆڕەکەی دیار نەبێت. ئەمە بۆ مرۆڤێکی خۆرئاوایی، ڕەنگە کارێکی ئاسایی بێت، بەڵام، بۆ مرۆڤێکی خۆرھەڵاتی بە تایبەتیش کورد، ئەمە کارەساتێکە کاریگەریەکی گەورەی بە سەر ژیانیەوە دەبێت. بۆیە دەبینین ڕزگاربووانء پاشماوەی ئەنفالکراوانی ئێمە،چەند خەمی لە دەستدانی کەسءکارەکانیانە،ھاوتای ئەوەو زیاتریش،خەم بۆ ئەوە ھەڵدەگرن کە ئەوان لەدوای خۆیان شوێنەواری ھیچ گلکۆیەکیان جێنە ھێشتووە، بۆ ئەوەی ھاوشێوەی مردووەکانی تر، ئەوانیش بتوانن بچنە سەر گۆڕەکانیان.لێرەوەش ئەگەر بەعس لە ڕێگەی پرۆسەی ئەنفالەوە، ھەوڵب پچڕاندنی ڕایەڵە ڕوحیەکانی نێوان مرۆڤەکانی کوردی دابێتء بونیادی خێزانی ئەو کۆمەڵگایەی بە ھۆی میکانیزمی لێکدابڕانیانەوە، لەبەر یەکتری ھەڵوەشاندبێتەوە، ئەوا لە ئاستی دووەمدا، ئەمجارەیان بە عس لەڕێی ئەنفالەوە،پەیوەندی دیالکتیکانەو ژینالۆژیانەی، مرۆڤی کوردءژینگەو سرووشتی کوردستان دەپچڕێنێ. بە دەربڕینێکی تر، ئەگەر بەشێکی کردەی ئەنفال،پەیوەست بێت بە پرۆسەی جینۆسایدکردنء لە نێوبردنی جەستەیی مرۆڤەکان، ئەوا پانتایەکی دیکەی ئەو کارەساتە، لە وێرانکردنی سروشتء ژینگەی کوردستاندا چڕدەبێتەوە. بێگومان ئێمە دەزانین، لە نێوان مرۆڤی کوردو خاکەکەیدا، پەیوەندییەکی زیندووی ڕوحیء مێژووییء جوگرافی ھەیە.تاڕادەیەک ئاوێتەی یەکتری بوون، دەتوانین بڵێین بە ئاسانی نە مرۆڤی کورد لە خاکەکەی جیا دەبێتەوە، نە خاکەکەشی دەستبەرداری مرۆڤەکانی دەبێت. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین مرۆڤی کورد، لە ھەر سوچێکی ئەم دنیایە بژیت، خۆی وەک غەریبێک دەبینێتء خەیاڵی لای شادبوونەوەیە بە خاکەکەی. ئەمە ھەر تەنھا ڕەنگدانەوەی بارێکی دەروونی مرۆڤەکانی ئێمە نییە، کە بە ھۆی پەڕاگەندەییء ئاوارەییەوە، لە غەریبی ڕووبەرووی دەبنەوە، بە ڵکو گوزارشتیش،لەو پەیوەندییە بە یەکداچووە دەکات، کە لە نێوان مرۆڤی ئێمەو خاکەکەیدا ھەیە. لەو ڕوانگەیەوە کاتێ بەعس دێت، گوندەکانی کوردستان تێک دەداتء مرۆڤەکانیشی ھەڵدەکەنێ بۆ شوێنێکی تر،دەزانێ چ ئامانجێک دەپێکێ.ھەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت بەعس بۆیە گوندەکانی ئێمەی خاپوور کرد، تاکو سەرچاوەی بژێوییءژێرخانی ئابووری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە زەمەنی ئەنفالدا لە نێو بەرێت.ئەمە دیوێکی کارەکەبوە،بەڵکو دیوە شاراوو ڕاستەقینەکەی ئەو کارەساتە، تێکدانی پەیوەندی مرۆڤی کوردو خاکەکەی بوو. چونکە خاک یەکێکە لەو توخمە سروشتیانەی پیرۆزی خۆی ھەیە،لای تاکی کورد.ئێمە چونکە نەتەوەیەکی ژێر دەستەو ھەمیشە چەوساوەبووینە، یاخود لە بێ خاکیء نیشتمانی ژیاوین، ئیدی خاک بەھاو گەورەی خۆی ھەیە لامان.بۆیە دەبینین بە ھەزاران مرۆڤی کورد(بەئەنفال کراوەکانیشەوە) لە پێناو ئەو خاکەدا،وەبۆ ئەو خاکە گیانیان بەخت کردو قوربانیان داو تێکۆشان. خەباتء تێکۆشانء قوربانیدانء خوێن ڕشتنی تاکی کورد لە ڕابردوودا، ھیچ نەبوە جگە لە ھەوڵدان بۆ ئازادکردنی خاکێک لەژێر چرنۆکی دوژمنان. شۆرشء قوربانیدانەکانی ئێمە،بەرلەوەی بۆ بونیادنانی دەسەڵاتێکی ڵۆکاڵی بێت، ھاوشێوەی ھەر گەلێکی دیکە، بۆ ئازاد کردنی خاک بوە. بۆیە بەھەزاران لە مرۆڤەکانی ئێمە بە شانازییەوە خوێنی خۆیان قوربانی ئەو خاکەکرد. لێرەوەش بە عس زۆر بە قوڵی درکی بەو پەیوەندییەی نێوان خاکی کوردستانء مرۆڤی کورد کردبوو،بۆیە بەو پەڕی دءژمنایەتیء ڕقء تۆڵە، ھەرچیەک لە دەستی ھات،بەرامبەر بەسرءشتء ژینگەی کوردستان کردی.ئەو وێرانکاریەی بەعس لە ھەمبەر سروشتی کوردستان نواندی، بە دەگمەن وێنەی ھەبوە لە مێژووی مرۆڤایەتی.بەعس دەیزانی لە پاڵ کوشتنی مرۆڤەکانەوە، تێکدانء خاپوورکردنی سروشتی کوردستانیش،چ کاریگەریەکی گەورەو شۆکێکی دەروونی،لای تاکی کورد،دروست دەکات.بۆیە لە ئەنفالدا،ھەردوو ڕەگەزی سرووشتیءمرۆیی، ھاوشێوەی یەکتری دەداتە بەرشاڵاوی دڕندانەی خۆی.بۆیە ئەنفالکردنی کەسەکان، چەند غەمێکی گەورەبوو،تێکدانی سروشتی کوردستانیش،بەھەمان شێوە. من بیرمە لە سەردەمی ئەنفالدا،ناسیاوێکمان(کە خەڵکی گوندی فەقیان بوو) ھەرکاتێت ڕەزو باخچەکانی خۆی لە و گوندەدا بیر دەکەوتەوە، چاوەکانی پڕ دەبوون لە گریانء فرمێسکی دەڕشت. ئەو لە پاڵ خەمی مرۆڤە ئەنفالکراوەکان،ھاوکات خەمی ئستاتیکای سروشتی گوندەکەشی بوو.بەتایبەتیش کە ئەنفاڵی دۆڵی ئاکۆیان، ڕێکەوت بوو لە گەڵ پێگەیشتنء ھاتنە بەرھەمی بەروبومی کشتوکاڵء کێلگەیی گوندەکان. ئەمە ھەرتەنھا ئاماژەیەک نییە، بۆ خەمی مرۆڤێک کە گوندەکەی وێرانکراوە.بەڵکو دەلالەتی پەیوەندی مرۆڤی کورد بە خاکەکەیء ئازاری دابڕانء ھەڵکەندنیەتی لە زێدی گوندءکۆکردنەوەیان، لە کۆمەلگا زۆرە ملێیەکان، کە ئەمەشیان باسێکی سەربەخۆی دەوێت.
بۆیە دەبینین یەکەمین کار کە مرۆڤی کورد،ڕاستەوخۆ بە چەند ڕۆژێک دوای ڕاپەڕینی بە ھاری ١٩٩١دەیکات،کە ھێشتا تامی ڕاپەرینء سەرکەوتنی نەچێشتووە، گەڕانەوەیەتی بۆ گوندءسەرلەنوێ دروستکردنەوەی خانوو، ئاوەدانکردنەوەی ڕەزءباغءکارێزەکانیەتی. ئەمەش دەریدەخات،کە ئەو سێ ساڵەی دوای زەمەنی ئەنفال، مرۆڤی کورد، چەند تامەزرۆی شادبوونەوەی بوە، بە ژینگەی پاکءسروشتی جوانی کوردستان،لەدوای ئەو کارەساتەوە. بێگومان لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەنفال دیارترین کارەساتی کوردە، کە نابێتە بەشێک لەڕابردوو.بۆیە ھەڵەیە پێمان وابێت(ساڵانێک بە سەر ئەنفال تێپەڕیونء تێدەپەڕن!)ئەنفال ھەر تەنھا کارەساتی ئەنفالکراوەکان نییە،بەڵکو تراژیدیایەکە پەیوەندی ڕاستەو خۆی بە ژیانی زیندووەکانیشەوە ھەیە. ئازاری ئەنفال، ئازاری زامێک نییو، قەتماغە بگرێتء ژانی نەمێنێ. بە پێچەوانەوە، بە ڵکو ئازاری ئەنفال،لەو جۆرە ئازارانەیە کە لە گەڵمان دە ژیت. بە ئەنفالەوە دەژینء بە ئەنفالەوە دەمرین. ھەر کاتێک سەیری ئەنفالمان کرد، وەک کردەیەکی ڕابردوو، ئەو کات تێنە گەیشتنێکی گەورە لە ھزرماندا ھەیە بۆ ئەنفال. چونکە ھەر تاکێک کارەساتەکانی نەتەوەی خۆی بە ئاسانی لەبیر بکات، مانای وایە،پەیوەست بوونی نەتەوەییء نیشتمانی لاوازە.