راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی پێشمەرگە و داعش چەندان گۆرانی و سروود لەسەر پێشمەرگە و کوردستان بەرھەمھات، کە لە ٤٠ بەرھەم تێپەڕی کردووە، بەڵام ئایا ئەم سروودانە ھێزی مانەوەیان ھەیە و توانیوویانە حەماسەت بە پێشمەرگە بدەن یان تەنیا نمایشە؟ لەبەرامبەردا رێکخراوێکی ھونەری لەھەولێر رایدەگەیەنێت “بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری پڕۆژەیەک ئامادە دەکەین بۆ راگرتنی ژمارەیەکی زۆر لەم سروودانە لەکەناڵەکان”.
لەم چوار مانگی رابردوودا زۆرترین سروود و گۆرانی سیاسی بەرھەمھات کە ریکۆردی شکاند، بەڵام زۆربەی ئەم سروودانە کەوتنە بەر رەخنەی شارەزایانی بواری موزیک و گۆرانی، کە “بەزۆری و بۆری” و “بەرھەمی نمایشکاری” لە قەڵەمیان دەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە رێکخراوی (میرھا) بۆ پرسە ھونەرییەکان لەھەوڵی ئەوەدایە بە یاسایەک ھەندێک لەم سروودانە لەکەناڵەکان رابگرن و رێگریش بکەن لەبڵاوبوونەوەی سروود و گۆرانییەک کە ئاستی نزم بێت.
محەمەد سابیر عەلی، سەرۆکی رێکخراوی میرھا بۆ پرسە ھونەرییەکان بە(سڤیل)ـی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری و لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان قسەیان کردووە، دانیشتێکی پەرلەماندا یاسایەک دەربکەن کە کلیپکردن و گۆرانی بۆ پێشمەرگە نەبێتە کارێکی نمایشی و فەنتەلۆس، چونکە محەمەد سابیر دەڵێت “زۆر لەم گۆرانی و سروودانە کراون لەئاستی پێشمەرگە و ئەم رووداوانەدا نین و خزمەتی خۆی ھونەرمەند کراوە نەک کوردستان و پێشمەرگە، خۆدەرخستن بووە بەپێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرھەمی باشیش ھەبووە، بەڵام بەپەنجەی یەک دەست دەژمێردرێن، ئێمە ھەوڵدەدەین بەھەماھەنگی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێز ئاری ھەرسین بەرپرسی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان لێژنەیەک دروست بکەین و ئەم کلیپانە رابگرین و لەداھاتووشدا ھەر ھونەرمەندێک گۆرانی بۆ پێشمەرگە دروست بکات دەبێ بەچاودێری ئەم لێژنەیە بێت”.
ھەروەھا سەرۆکی رێکخراوی میرھا گوتیشی “راپرسییەکمان کردووە کە ٣٠٠٠ ھەزار کەس بەشداری کردووە، لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ئەنجام دراوە، کە %٩٣ی ئەوانەی بەشداریان کردووە داوای پێداچوونەوە و رێگرتنی ئەم کلیپانە دەکەن، کە ھەموو ئەوانە بە بەڵگە دەخەینە بەردەستی لایەنی پەیوەندیدار و %٨٥ وەزارەتی رۆشنبیری تاوانبار دەکەن و %١٠ ھونەرمەندەکان تاوانبار دەکەن بەنەبوونی رۆشنبیری”. ئاماژەی بۆ ئەوەشدا ئەم لێژنەیەی کە دروست دەبێت لە کەسانی مۆسیقی و کلیپساز و شارەزا لەبواری نمایشکاری پێکدێت و ئەوان بەھەموو کارەکان ھەڵدەستن و بڕیاردەدەن ئەم بەرھەمە شایانی بڵاوبوونەوەیە یان نا، ئەگەر کلیپەکە باش بوو ئەوکات لێژنەکە خۆی کلیپەکە بەسەر کەناڵەکان دابەش دەکات”.
لەوبارەیەوە ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر کە چەندین سروود و گۆرانی سیاسی دروست کردووە بە(سڤیل)ـی راگەیاند “بێگومان زۆری و بۆری ھەیە، بەڵام من دەستخۆشی لەم زۆری و بۆریەش دەکەم، چونکە ھەر ھونەرمەندێک کار بکات بۆ نیشتیمان ئەگەر کارەکەی خراپیش بێت بەڵام لەدڵسۆزی و ئینتمای خۆیەوە دەیکات و دەیەوێت کارێکی جوان بکات، ئەگەر گۆرانیبێژێک بە یەک کۆپلە بکات و موزیکژەنێک بە یەک نۆتە کارێک بکات من دەستخۆشی لێ دەکەم”. ھەڵکەوت زاھیر پێشی وایە ھەر ھونەرمەندێک کار دەکات کارەکەی خۆی بەلاوە جوانە، دواجار گوێگر بڕیار دەدات کامە کار قبوڵ دەکات، “بەڵام بە بڕوای تایبەتی خۆم بەگشتی رۆڵی ھونەر رۆڵێکی زۆر جوان و کاریگەری ھەبووە لەم بارودۆخەی کوردستاندا”.
ھەڵکەوت زاھیر باس لەم سردووی رابن رابن دەکات کە لەئاوازی خۆی و تێکستی ئەبو بەکر کاروانی و بەدەنگی میرە گوتراوە و دەڵێت “ھونەرمەند کاتێک گۆرانییەک دەکات دەبێ روئیا ھەبێ، من لەم کلیپەدا کارێکمان کرد کە ھەم حالەتی ژیانی ئاسایی نیشان بدەین کە خەڵک خەریکی ژیانە و ھەمیش حاڵەتی کوڕە پێشمەرگەکانمان لەشەڕ کە پارێزگاری لەم ژیانەی ناو شار دەکەن، ئەمە تەکنکێکی زۆر تازە بوو لەکلیپی کوردی، من دەستخۆشی لە کاک شۆڕشڤان دەرھێنەری کلیپەکە دەکەم”.
موزیکژەن چەتۆ نەورۆز کە دوو بەرھەمی سروودی بۆ کوردستان و پێشمەرگە بەشێوەی ئۆکسترا و کۆرال دروست کرد بە(سڤیل)ـی گوت “ھونەرمەندان توانیان شانبەشانی پێشمەرگەکان خەبات بکەن و دڵسۆزی خۆیان بۆ نیشتیمان و پێشمەرگە دوپات بکەنەوە، بەم بۆنەیەوە سروودی باش بەرھەمھات، کە ھەندێک لەم سروودانە بەڕاستی شایانی ئەوەن ببێتە مارشی نیشتیمانی، بەبڕوای من ھونەر لەم ماوەیەدا کە کوردستان لە شەڕدایە رۆڵێکی زۆر جوانی نیشان داوە”. لەگەڵ ئەوەشدا چەتۆ نەورۆز گلەیی لەوەزارەتی رۆشنبیری دەکات کە رێگەی داوە ھەر کەس لەلای خۆیەوە بەبێ سانسۆر سروود بکات و دەڵێت “من چەندین جار داوام کردووە ئەوە ئیشی وەزارەتی رۆشنبیرییە یاسایەک دەربکات سروود و کلیپ با چاودێری بکرێ و ھەموو شتێک بڵاونەکەنەوە، چۆن دەبێت بەرھەمێکی باش و خراپ پێکەوە بڵاوبکرێتەوە”.
وشیار ئەحمەد ئەسوەد، کە رۆژنامەنووسێکی بواری ھونەرییە و ھاوکات ھونەرمەندێکی مۆسیقییە، رۆڵی ھونەر بە “کرچوکاڵ” دەبینێ و وەکو ئەوە ئاماژەی بۆ دەکات “ھونەر ئیشی کرد، بەڵام ئیشەکان جدی نەبوون بەھێندەی گەورەیی شەڕەکە، بۆ نموونە ئەم سروودانەی کران زۆربەی کرچوکاڵ بوون، بەداخەوە ھەندێک سروود نەبێت دانە دانە کاری باشمان بینی، ھەروەھا نەمانبینی شانۆیەکی جدی لەسەر ئەم باردوخە نمایش بکرێ، خۆ شانۆ دەتوانێ رۆڵی زۆر گەورە و کاریگەر بگێرێت، مێژوو شاھێدی ئەمە دەدات، بۆ ھەر تەنیا سروود و گۆرانی”. ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت “بەبڕوای من ئەوە ئیشی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بوو رۆڵ ئەوە بگێرێت لەدروستکردنی و زەمینەخۆشکردنی بۆئەوەی ھونەرمەندە گەورەکان بێنن و کۆبکاتەوە کۆنسێرتی بۆ ئەنجام بدەن بۆ پشتگیری پێشمەرگە، تەنیا سروود و گۆرانی بەس نییە، ئێستا ئەگەر دەست پێ بکەن درەنگ نییە”.