وەڵام و چەند سەرنجێک بۆ هەندێ لایەنی نوسینەکەی بەڕێز کاک مەلا بەختیار بەناوی (ئاسۆی نەتەوایەتی و تەمی حیزبایەتی)
سەرەتای بابەتەکە گێڕانەوەی مێژووە و قسە زۆر هەڵناگرێ چونکە مێژوونووس زۆرجار خۆی بڕیار ئەدات چی؟ و چۆن؟ بنوسرێت. ئەگەرچی هەندێک تێبینیم هەیە وەلێ ئەوەی چوو چوو. بۆیە پێم باشترە تێبینی و سەرنجەکانم لەسەر بەشی دووەمی بابەتەکە بێت کە پێم وایە بەشی سەرەکیە. ئەم ڕۆژگارانەی ئێستا پیا ڕەت ئەبین نمونەی کەمە لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی کوردا سەبارەت بە پرسی نەتەوایەتی. لە لایەک لە ئاستی ناوخۆ شەڕی ناگەهان و ماڵ وێرانی و بەرخۆدان و گیان فیدایی بێ وێنەی پێشمەرگە و خەڵکی کورد. لەلایەکی تر لە ئاستی نێودەوڵەتی بەدرێژایی سەدان ساڵی ڕابردوو کورد و کوردستان هەرگیز ئەوەندەی ئەم ماوەیەی دوایی گرنگی پێ نەدراوە لەلایەن کۆڕی (محفل) نێودەوڵەتیەوە.
هەرچەندە ئەم هەویرە ئاو زۆر ئەکێشێ بەڵام من سەرنجەکانم کورت ئەکەمەوە بۆ چەند خاڵێکی دیاریکراو.
م. ب- هەموو بەشێك لە بەشەكانی كوردستان، ئێستا گیرۆدەی كێشەیەكی زۆرن، جاروبار ئاخاوتنێكیشمان بەدڵ نەبوو، پێویستە وای چارەسەركەین، دڵی میللەتەكەمان خۆشكات، نەك گەلەكەمان بترسێنینو تەمی رەشی حزبایەتی بەری ئاسۆمان لێ بگرێ. بەتایبەتی هێشتا پەیوەندی حزبە كوردستانییەكان، لەئاستی متمانەی ستراتیژی هاوبەشدا نییە.
ئەمە ڕاستە لەبەر ئەو هەڵکەوتە جوگرافی و سیاسیەی خاکی دابەشکراوی کوردستان. بەڵام دێڕی کۆتایی شاشیەکی زۆری تیایە. جا ئەگەر پەیوەندی پارتە كوردستانییەكان، لەئاستی متمانەی ستراتیژی هاوبەشدا نەبێت ئەوە زەنگێک و ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە وا ئەگەیەنێت پارتەکانی کوردستان نوێنەرایەتی جەماوەرەکەیان ناکەن و لە ئاوازێکی تر ئەخوێنن و ئاڕاستە و بەرژەوەندیان جیایە. چونکە، دڵنیام، ئاواتی هەرە مەزنی هەموو خەڵکی کوردستانی گەورە یەکگرتنەوە و دروستکردنی دەوڵەتی کوردیە و بە دڵ و بەگیان ئامادەیە خەباتی بۆ بکات.
من تێگەیشتنم هەیە بۆ گرنگی و هەندێ جار ناچاری پەیوەندی دەرەکی هێزە کوردستانیەکان. بەڵام زۆرجار، پەیوەندیە دەرەکیەکان، ئەجندای پارتە سیاسیەکانی کوردستان ئەنەخشێنێ و ئاڕاستەکانی ئەشێوێنێ. دەنا ئەمڕۆ تۆپەکە لە گۆڕەپانی کوردستاندایە و هەموو جیهان چاوی لەسەرمانە. لەم کاتەدا بۆ کەس مەعلوم نیە داهاتووی ناوچەکە بە چی ئەگات، کارتی کوردستانیش وەکو هەموو کارتە بەهێزەکانی ناو یاریەکەیە. ئێمە دەبوو لە ئێستادا لای کەمی بەرنامەیەکی هاوبەشی کوردستانیمان ئامادە بوایە.
پێشنیاری من ئەوەیە کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نوێنەرانی هەموو پارچەکانی کوردستان پێک بهێنرێت بۆ دانوستان و چالاکی دیپلۆماسی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی بەپێی خیتاب وستراتیژێکی دیاریکراو. مەرج نیە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە تەنها لە نوێنەرانی پارتەکان بن، چونکە هەموو جارێک نوێنەری پارتەکان دانوستکاری سەرکەوتوو نەبوون و بگرە زۆر جاریش کڵاو کراوەتە سەریان. ئەمە جگە لەوەی کۆمیتەیەکی بەو جۆرە دەستکراوەن و ئەتوانن داواکاریەکان بە ڕاشکاوی بکەن. بەو جۆرە پارتە سیاسیەکانی کوردستانیش لە هەندێک ئیعتیبارات و ئیحراجی ئەپارێزن بەرامبەر دۆستەکانیان.
م. ب – ناكۆكییە بچوكەكان، خەفە بكرێن، چاكترە لەوەی گەورە بكرێن.
قسەیەکی بە جێیە، بەڵام هیوادارم ڕووی دەمت لە جەماوەر نەبێت. چونکە بەڕاستی ئەوە تەنها دەزگا ئیعلامیە سەقەتەکانی پارتە سیاسیەکانن وەک مناڵ یاری بە ئاگر ئەکەن و هێشتا لە قۆناغی تامی تامی و دیقە دیقە و یەکتر تووڕەکردندان. زۆر نا پرۆفیشوناڵانە و بەبێ هیچ ئاڕاستەکردن و پەروەردەیەکی گونجاو کار لەدژی یەکتر ئەکەن. من لەسەر میدیای ئازاد هیچ کۆمێنتم نیە، تەنها رێزم بۆ ئازایەتی و ماندوبوونیان.
م. ب – ئەگەرچی ئێستاش نیگەرانین، كێشەی كۆنو ناكۆكی تازە، لەنێوان چەند هێزێكی كوردستانی، سەرهەڵبداتەوە. چونكە هێشتا دەستەبەری سیاسیو نەتەوەیی سەرهەڵنەدانو نەتەقینەوەی ئەم كێشانە، دابیننەكراوە.
دووبارە هیوادارم نیگەرانیتان بەرامبەر بە جەماوەر نەبێت، چونکە کەم و زۆر بێگوناهن لەم پاشاگەردانیە (فوضى) سیاسیەی خولقێنراوە. باشە ئەگەر نیگەرانن لە سەرهەڵدانی کێشەی کۆن و نوێ بۆچی هێشتان هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی مرداربێتەوە و نەگات بە ئاکام. کاتێ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بەشی هەرە زۆری ئەو کێشانەی جەنابتان باسی ئەکەن لەناو هاوكێشەی کێشە سیاسیەکاندا شوێنی نەئەما. بێگومان بۆ ڕێکخستن و سازانی ئەم هەموو شقڵی و پقڵیەی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان خولقاوە، کە ئەنجامی هەڵەی سیاسی خودی هێزەکانە، دەبێت بە لێبوردەییەوە کار بە پرنسیپی دان و سەندن بکرێت. ئەوەندەی من بزانم گرفتی سەرەکی و سەرنەگرتنی کۆنگرەی نەتەوایەتی ئامادەکردنی بەرنامەی هاوبەش نەبوو بەڵکو زیاتر نەبوونی هاودەنگی بوو لەسەر شێوازی سەرۆکایەتی کۆنگرە. ئەمەش دیسان یاریەکی هەرزەکارانەی نا مەسئولانە بوو، هەزم نەکردن و تێنەگەیشتن بوو لە گرنگی دەستەبەرکردنی ئەو دەستکەوتە نەتەوەییە، نافامی دانوستانکاران بوو.
بێگومان مێژووی نەتەوەکانی تر زۆر دەوڵەمەندە بەو تەجروبانە، دەکرا بە گەڕان و پشکنین بە ئارشیفی ئەواندا وێنەیەکی نوێ بە ماناو ناوەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی بدرێت، بەو هیوایەی دانوستانکاران بتوانن باشتر ئیستیعابی بکەن. بەش بە حاڵی خۆم پێم وانیە تەنها کەسێکیان بۆ چرکەیەکیش گەڕان و پشکنینی لەسەر ئەو بابەتە کردبێت یان هەوڵی دابێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تەجروبەی نەتەوەکان. زۆرینەی سیاسیە باڵاکانی ئێمە تووشی چەقبەستن (جمود عقائدی) بوون و ساڵانێکی زۆرە وازیان لە خۆ ئەپدەیت کردن هێناوە و تەنها شتێکی ڕێژەیی زۆر کەم لە هزر و تێگەیشتنیان گۆڕاوە. زۆربەیان لەو تێگەیشتنەدان کە بە توانای عەقلی خۆیان ئەو مەقامەیان هەیە. نازانن ئەگەر ئەو ڕووداو و گۆڕانکاریە خێرایانەی ناو کوردستان و ناوچەکە نەبووایە، هەلیان نەدەبوو، بەشێکی زۆریان دەبوو بەکاری ترەوە خەریک بوونایە بۆ بژێوی ژیان.
م. ب – دەربارەی یەكخستنی پێشمەرگە. یەكێتی بێ تەمومژ لەگەڵ یەكخستنی پێشمەرگەدایە. لەپشتی پەردە چی وتراوەو چی دەوترێ، پەیامە نهێنییەكان چۆن ئاڵوگۆڕ دەكرێ، لێكدانەوە بۆ وتارەكان، چەند نابەرپرسانە بێ، هیچی ئەمە لە رێبازی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناگۆڕێ، كە یەكخستنی پێشمەرگە، ئامانجمانە.
لەو ڕۆژەوە دووبەرەکی و ناکۆکی سیاسی باڵی کێشاوە بەسەرماندا لولەی تفەنگەکانیش ئاڕاستەی نەیارانی ناوخۆ کراوە و هێزە چەکدارە حزبیەکان وەک شەڕە کەڵەشیر بەیەکدا دراون، بۆ هیچ، و هەموو لایەنەکانیش تاوانبارن. ئاوێکی خراپتان ڕشت و درمەکەتان گواستەوە بۆ پارچەکانی تریش. بۆیە مەخابن، پێم وانیە هیچ کام لەو پارتە سیاسیانەی کوردستان کە خاوەنی هێزی چەکدارن هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری هێزەکانیان بن. یەکەم لەبەر نەبوونی متمانە بەوانی تر. دووەم لەبەر مانەوە و خۆ سەپاندن. سێهەم نەبوونی ئامادەگی لای خودی هێزە چەکدارەکان، لەبەر ئەوەی وەکو هێزێکی نیشتمانی گۆش نەکراون. بێگومان لە هەموو لایەک شیرپاک و خەڵکانی دلسۆز ماوە، ئەگەر کەمیش بن، ئەمانە ئەتوانن کاریگەریان هەبێت و ڕۆڵ ببینن. ئەوەی جەنابت بە لیستێک لە وەزارەتەکان و کاری پەرلەمان ڕیزبەندیت بۆکردوە بۆ یەکخستنەوە و جێبەجێ کردن، بەلای منەوە ئاماژەیەکی نەرێنی ئەبەخشێ، من وەک قورسکردنی ئامانجەکە وەریئەگرم، کورد ووتەنی دەستدانە بەردی گران نیشانەی نەهاویشتنە. هیوادارم مەبەستی جەنابتان زەحمەت کردن و ئاستەنگی دروستکردن نەبێت، بەڵکو زیاتر بەبیرهێنانەوە بێت.
بە بڕوای من لە ئێستادا زەمینەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ئەوانی تر لە پێش تر و لە بار ترە، سەرەڕای زۆری ئاستەنگی. ئەگەر هەنگاوی یەکەم بۆ یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان بێت و بتوانن سەرکەوتووانە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەنە هێزێکی نیشتمانی لە سنووری هەرێم. ئەوا بێگومان کارێکی گران و پیرۆزتان ئەنجامداوە، کە رێگا خۆشکەریش ئەبێت بۆ هەموو هەنگاوەکانی دواتر. ئاشکرایە جێ بە جێ کردنی ئەم هەنگاوە گرنگە چەندین کۆسپ و تەگەرەی مادی و مەعنەوی هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا میکانیزمی جۆراوجۆ هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی پرۆسەکە. ئەوەی لێرەدا بە پلەی یەکەم گرنگی هەیە، وەک خاڵی سەرەکی، ئاستی ئیرادە و ویستی یەکخستنەوەیە بەکردار، نەک تەنها وەک دروشم و پڕوپاگەندە بمێنێتەوە. هەروەها پێویستە تاکتیک و شێوازەکانی پێکەوە کارکردن و دانوستانە تەقلیدیەکان ( بۆ نمونە دیاریکردنی سەرۆک و جێگر بە پرنسیپی پەنجا بە پەنجا) بگۆڕێن بە شێوازی نوێ و گونجاو.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٥/١/٧