کازیوە ساڵح
5
__ مرۆڤ یەکەم شت زەوی-خاکی ناسیوە. سروشتی زەویشی بە سروشتی ژن چواندووە ، لە بەر ئەوەیە ئەوترێت خاکی دایک نەک خاکی باوک
مرۆڤ : تێڕامان لە سروشت و ژن پەرەستی:
سەرەتای شارستانیەتەکان ئەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٥٠٠ پێنج هەزار و پێنج ساڵ بەر لە ئێستا. ئەو کات تەنها چەند شارستانیەتێک لە جیهاندا هەبوو، بەڵام یەکەمیان ئەو شارستانیەتە بوو کە کوردیش ( دیارە ئێزیدیش ئەگرێتەوە) بەشێک بوون و نیشتەجێی ئەو یەکەمین شارستانیەتە بوون . چوون مێژووی شارستانیەتەکان لە دۆڵی دوو ڕوبار ( دیجلە و فرات ) لە ٣٥٠٠ ی پێش زایین بۆ دۆڵی نیل ( میسری کۆن )٣٠٠٠پ ز دەستی پێکردووە . پاشان * شارستانیەتی دۆڵی ئندۆس ٢٤٠٠پ ز دەرکەوتوو کە شوێنی پاکستانی ئەمڕۆ ئەکات، پاشان دۆڵی دەریای زەرد لە سین دەرکەوتووە لە ٢٠٠٠پ ز. (Brownو 2008) . شارستانیەتەاکنی دی ، بەوەی ڕۆژئاوا شەوە نزیکەی سەدەیەک دوای ئەم شارستانیەتانە سەر هەڵ ئەدات .
ئەو کات مرۆڤ بەرانبەر دیارەدە سروشتیە سەر سوڕهێنەر و تەرجەمە نەکراوەکان بوونەوەریەکی نەوی و بێ دەسەڵات بووە. لە گەڵ ئەوەی ئەوترێت ئاوەزی مرۆڤ سەرەتایی بووە ، بۆیە نەیواتوانیوە ڕووبەڕووی دیاردەکان ببێتەوە . بەڵام من ئەوە بە زیادەڕووی ئەبینم بەراورد بەو کار و داهێنانە کراون لەو کاتەدا ، بەڵکو پێم وایە لەو کاتەدا مرۆڤ یەکەم زیان لێ کەوتووی کەمی ژمارەی خۆی بووە. چوون “لە سەدا سێ ٣% سەر زەوی مرۆڤی تێدا بووە و لە سەدا نەوەد و حەوت ٩٧% سروشت و زەوی بەتاڵ بووە” (MacCready, 1998) لەو سەردەمەدا.کەواتە توانای ژمارەی مرۆیی کەم بووە نەک توانای عەقڵی. بەو بەڵگەی هەتا ئەمڕۆش جگە لە سەرسوڕمان بۆ ژمارەیەک لە کارەکان و داهێنانە پزیشکی و بە تایبەت دەرمانی ڕووەکی، مۆمیاکردنی مرۆڤ، نەخشەی ئەندازیاری ،تا هەنوکەش تەکنیکی ژمارەیەک لە کارەکانیان نەدۆزراوەو پەی پێ نەبراون.
.
لە مەسەلەی ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤ لە گەڵ سروشتدا یەکەم شت بیری لێکردووەتەوە زەوی بووە. زەوی یەکەم فاکتەری ژیان بووە ناسیویەتی و بەر بوومی خواردووە و بە سەرچاوەی سەرەکی ژیانی مرۆڤ ناسراوە. ناسینی زەوی وای لێکردووە تەنها بیر لە سروشت نەکەنەوە بەڵکو سروشتی مرۆڤیش بخەنە ژێر تاقیکردنەوە. لێرەوە مرۆڤی کۆن لە زەویدا بۆ سروشتی مرۆڤ گەڕاوە، بۆ نموونە ، سروشتی زەوی بە سروشتی ژن چواندووە، بینویەتی ژن و زەوی سروشت و کردار و بەرهەمیان وەکو یەکە. ژنیش تەنها بوونەوەرێک سروشتی زەوی هەبێت. لایان وابوو ژن تەنها بوونەوەرێکە هەڵگرو هێنەری مناڵە ، تەنها مناڵەکە ناخاتەوە بەڵکو ئاگای لێی دەبێت و جەستەی ئەوەندە پیتی تیدایە کە بەخێوی بکات. هەر وەکو چۆن زەوی دەنکێ گەنم لە هەناویدا هەڵدەگرێ و ئەوەندەشی خۆراک داداتێ ببێت بە سەدان دەنکە گەنم و لێرەوە ژیان و بەردەوامی بە تاکەکان ئەبەخشێت، واتە ئەوەی جەستەی زەوی بە مرۆڤی گەورەی دەدات، جەستەی دایک بە مناڵی ئەبەخشێت. بۆیە زەوی ناوی نراوە دایکی میهرەبان و دایکە گەورە. لێرەوە هەموو هەوڵێک دراوە دایکە زەوی توڕە نەکرێت، خزمەت بکرێت ، شانامەی پیا بوترێت هەتا ئەگات بە ئاستی پەرەستن. تێڕامانەکانی تەنها لە میانەی سوڕی زەوییە نیە بەراورد بە ژن. بەڵکو لە هەماهەنگی سوڕی زەوی و سوڕی مانگدا و هاوتەریبی لە گەڵ سروشتی ژندا هاتووە. چوون پاش زەوی مانگ و ڕٶژ ، بە تایبەت سووڕی مانگ و دەرکەوتن و دیار نەمانی ئەبێت بە خولیای مرۆڤ.
لێرەوە مرۆڤ بیری بۆ لای پەروەردگار و دروستکار ، ڕۆژ و مانگ ، زەوی و ئاسمان و ڕۆناکی تاریکی ڕۆشت. بەڵام زەوی بە گرنگترین سەرچاوە مایەوە لایان. بە تێگەشتن لە مانگ ژن پایەگایەکی گرنگتری بۆ دەستەبەر بوو. چوون کە سروشتی مرۆڤیان بەراورد کرد بە سروشتی مانگ بینیان ژن تەنها بوونەوەریەکی سەر زەوی بوو سروشتی لە گەڵ سروشتی مانگدا ئەگونجێت. بینیان سووڕی مانگانەی ژن یەکسانە بە سوڕی خوڵانەوەی مانگ لە ماوەی ٢٨ بۆ ٢٩ ڕۆژدا . بینیان جوڵەی مانگ و دەرکەوتنی هیلال لە چواردەدا ، پاشان سێ ڕۆژ بەرەرەو دیار نەما ئەچێت ، وەکو چۆن سووڕی مانگانەی ژن لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژ بەرەوە نەمان ئەچێت ( الجندی، ١٩٩٨،Budge, 2010 , Kriwaczek, 2012 ). ئەوەی مرۆڤی کۆن پەی پێ نەبردووە ئەو ڕاستییە کە سووڕی مانگ ودەرکەوتنی بەدر لە ١٤دەدا لە سووڕی مانگانەی ژندا کاتی دەرکەوتنی هیرموونی پیتاندنە . لەو سووڕەدا ژن دووگیان ئەبێت.لێک چوونی سروشتی بایۆلۆجی و بەرهەمی ژن بە بەرهەم و فاکتەرەکانی سروشت وایکرد مرۆڤی کۆن ڕێزێکی بێ وێنەی بۆ ژن هەبێت ، چوونکە تەنها بووەنەوەێکی سەر زەوی بوو کە سروشتی خوای هەبوو . لای ئەوان خوا زەوی و ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ڕۆناکی و ژن هەمووی یەک بوون. لەم ڕوانگەیەوە زەوی و ژن بە یەکەوە ناو نرا دایکەگەورە. ئیتر ئەم کلتورە ژنی کرد بە خواوەند و یەکەم دەسەڵاتی سەر زەوی. .
ئەفسانە لە میانەی کێشەکانی مرۆڤ لە تەک ژینگەی دەروربەر هاتووەتە ئاراوە ، ئاراستەی هۆشیاری مرۆڤی کردووە دەربارەی تەگەرەکانی ژیان . لە بەر ئەوەی یەکەم کێشەی مرۆڤ لە گەڵ سروشت بووە ، سروشتیش ناونرا دایکە گەورە. بۆ ڕازیکردنی دایکە گەورەو پاڕانەوە لێی پەیکەریان بۆ دروستکرد و لە شوێنی تایبەت و خاوێندا دایان ناوە کە دوای ناوی نرا پەرستگە و وەکو خواوەند پیرۆزکران . لەم ڕوانگەیەوەیە لە ناو سەرجەم کلتورەکان و مرۆڤایەتیدا دایک لە هەموو بوونەوەرێک رێزی زیاتر لێ ئەگیرێت ، هەر لێرەوەیە سەرجەم مرۆڤایەتی ئەڵێت خاکی دایک و زمانی دایک. هیچ نەتەوەیەک خاک بە خاکی باوک یان خاکی تەنانەت خواش ناو ناهێنیت. لە لیستە ئەو مرۆڤە ڕەسەنانەی کۆندا کورد و ئێزیدی هەیە، کوریش دایکە خودای هەتا ئەمڕۆش هەیە، بەڵام ئێزیدی کلتور و زەپۆشەکەی پاراستووە . ئەگەر ئێزیدی شەیتان پەرستن چۆنە سەرجەم مرۆڤایەتی باوەڕییان بە زەپۆشەکانیان هەیە و لە بەرزترین بواری ئەکادیمییەوە هەتا قسەی سەرشەقامێک ئەو کلتورەی ئەوان بەکارئەهێنێت لە مامەڵەکردن لە گەڵ خاک و چواندنەکانی . .
یەکەم جار سۆمریەکان کلتوری خواوەندی ژنیان داهێنا ، پاشان هەر نەتەوەو نەژادێک هەمان ڕێبازیان گرت و ناوی خۆی هەبوو بۆ ئەم دایکە گەورەیە و بە پێی توانای جوانناسی خۆیان وێنای پەیکەر و ناوی دایکە گەوەیان ناوە. کوردیش دایکە گەورەی خۆی هەبووە ناوی میدرا ،میترا بووە و ئێزیدیش پێی ئەڵێت ئانا ، میترا ، بەڵام گرنگترین ناوی ئەم خوداوەندە عەشتار بوو. ئەبێت چی وایکردبێت عەشتار بە گرنگترین هێمای خواوەندەکان سەیر بکرێت تەنانەت لە سەردەمی فرە خوایشدا؟ ئەی پەیوەندی عەشتار بە ئێزیدیی کوردەوە چیە ؟ بەشی داهاتوو وەڵامی ئەم دوو پرسە ئەداتەوە.
سەرچاوەکان:
Budge, Ernest Alfred Wallis (2010) Babylonian Life And History. Trade Paperback
Brown, Robert W (2006) Ancient Civilizations to 300 BC Introduction: The Invention and Diffusion of Civilization. The University of North Carolina at Pembroke.
Kriwaczek, Paul (2012) Babylon: Mesopotamia and the Birth of Civilization. St. Martin’s Griffin
MacCready,Pual, ( 1998) , Ted lecture , ted talk broadcast
الجندي، خليل ( ١٩٩٨) نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية , , رابوون، السويد
*لە بابەتێکی جیاوازدا دێمەوە سەر مێژووی شارستانیەتەکان وە بۆچی لێرەدا وشەی پاشان م دەست نیشان کردووە بەر لە هند، پەیوەندی هیند و شارستانیەتەکەیان چییە بە کوردەوە.
لە ژمارە ٢٢٢ی ڕۆژنامەی باسدا بڵاو بووەتەوە