سەرەتا، خەباتگێڕ(participate)، ئەو کەسەیە بیەوێت بە هەر شێوازێک دڵسۆزانە و خۆبەخش بەشداری بکات لە خزمەت گەیاندن بە کۆمەڵ، بە بێ گوێدانە جیاوازی بیر و باوەڕ. بەمانایەکی تر خەباتگێڕ ئەو کەسەیە کە هەست بە ئەرکی خۆی ئەکات لە ناوکۆمەڵگا، وەک ئەرکی مرۆیی، نیشتمانی، نەتەوەیی وە ئامادەیە بە کردار بەشداری بکات.
سیاسەتمەدار(Politician) بەگشتی لە هەموو کۆمەڵگایەک (کۆن و نوێ، پێشکەوتوو یان دواکەوتوو) هەیە بەڵام بە شێوازی جۆراوجۆر. لە کۆمەڵگای پێشکەوتوو سیاسەتمەدار، بچوکترین دەستەی (فئة) کۆمەڵایەتی پێکدێنن، بەزۆری لەڕێی پارتێکەوە یان هەندێک جار سەربەخۆ ئەرکی نوێنەرایەتی لە ئەنجۆمەن و دەزگاکان وەردەگرن و دەبنە داکۆکیکار لە بیر و باوەڕی پارتەکەی، یان ئەوانەی گفتیان پێداون. سیاسەتمەدار لە کۆمەڵگای پێشکەوتوو خۆیان بە خەباتگێر نازانن و موزایەدە بەسەر کەسەوە ناکەن، بەڵکو وەکو هەر کارێکی فەرمی، موچەخۆر، ئەرکەکانیان ڕائەپەڕێنێن، هەتا کاتی نوێنەرایەتی تەواودەکەن، کە پێشتر بە یاسا بۆیان دیاری کراوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە تێکڕا سیاسەتمەدار لە دونیادا بە لای کەمی بە خاڵێکی هاوبەش دەناسرێنەوە، کە بریتیە لە درۆکردن، واتە گفتی درۆ، یان نەبردنەسەری گفتەکان. ئەمە دیاردەیەکی ئاشکراو زۆر بڵاوی سیاسەتمەدارانە بە گشتی. دیارە ئەمەش هۆکاری زۆرە، بۆ نمونە هەندێک جار گفت و بەڵێنەکان لەتواناکان گەورەترن، یان لە ئەنجامی پاشقول و ململانێی سیاسی، لەباردەچن، ئەوەی پێی دەوترێ یاری و تاکتیکی سیاسی ، یان زۆرجار بەڵێنەکان تەنها پڕوپاگەندەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و چاوبەستە (خدعة).
بێگومان ئەم هەلومەرجە لە کۆمەڵگای دواکەوتوو، وەکو کوردستان، تەواو جیاوازە. لای خۆمان سیاسەتمەداری موچەخۆر و نوێنەرەکانمان، هەم سیاسەتمەدارن و هەم خەباتگێر. لە ڕاسیتدا ڕاگرتنی ئەم هاوکێشەیە زۆر ئەستەمە بۆ کەسێک بیەوێت لە هەمان کاتدا هەم سیاسی و هەم خەباتگێر (خۆیان ووتونی شۆڕشگێڕ) بێت. دیفاکتۆ ئەوەیە ئەم دوو خواستە بە دوو ئاڕاستەی جێاواز یان پێچەوانە کار دەکەن، زۆر کەم ڕووئەدات خواست و ویستەکان (ستراتیجەکان) یەکانگیر یان تەریب بن، مەگەر لە دەسەڵاتێکی توتالیزم یان پاوانکراو، ئەوکات بەبێ فرتوفێڵ و ڕاوڕێوی کاردەکەن و بێ منەتانە بێ ڕێزی بە کۆمەڵگا ئەکەن. بەڵام ئەو کاتە خودی دەسەڵاتەکە تڕۆ (رفض) کراوە و بووەتە مایەی گاڵتەجاڕی لای جەماوەر.
لە کۆمەڵگای دواکەوتوو، چونکە درۆ باجی لەسەر نیە و ئاستی هوشیاری دەنگدەران بە ڕادەی پێویست نیە. بۆ نمونە ڕێژەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی ئیرانی (١١ ملیون)، http://www.bbc.com/news/world-middle-east-25339007، لە خەڵکی هەژار و نەخوێندەواری گوندنشین پێکهاتوون و کەمتر سەر لە سیاسەت دەرئەکەن و زوو ئەخەڵەتێن. بۆیە ئاخوندەکان بێخەم بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن و زیاتر لە ٣٦ ساڵە حوکمڕانی ولایەتی فەقێ بەناوی جمهوری ئیسلامی درێژەی هەیە. بێگومانم ئەو ڕۆژەی ڕێژەی دەنگدەری هەژار و نەفامی کۆمەڵگای ئیران گۆڕانی بەسەردا دێت پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازادیش لای جمهوری ئیسلامی کۆتایی پێ دێت.
کاتێک ئیمتیازات و دەسەڵاتی سیاسەتمەدار لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا ئەکەوێتە ژێر ڕەحمەت و هەڕەشەی دەنگدەران، ئێدی هەموو مێتودێک، درۆ- هەڕەشە- دەمچەورکردن ……هتد مومارەسە ئەکرێت بۆ خۆهێشتنەوە لە دەسەڵاتدا. دەرئەنجامی ئەم بارودۆخە تایبەتە گەندەڵی بە هەموو ماناکانی و لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگا (ستوونی و ئاسۆیی) لێئەکەوێتەوە. دەسەڵاتداران هەموو هەوڵێک ئەدەن بۆ مانەوەیان. هەروا هێشتنەوەی کۆمەڵگاو سوود وەرگرتن لە دەنگدەری هەژار ونەفام، وەک ژینگەیەکی گونجاو بۆ دووبارە بوونەوەی هەمان پێکهاتە کلتوری و کۆمەڵایەتی .(social and cultural reproduction) بۆیە ئەم کۆمەڵگانە بەردەوام سیاستمەداری زۆردار و درۆزن و بێ باوەڕ دەخوڵقێنێت، ئەمەش دیسان دیلێمایەکی تری پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراتیە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا. لەبەر ئەوە دەبینین هەمیشە درۆ و گەندەڵی تەشەنەدەکات و ئاستی موراڵ دائەبەزێت و مانای بەهاکان ئەشێوێن. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکان قووڵتر و قووڵتر دەبنەوە، هەروەها باوەڕ و متمانەی خەڵک و جەماوەر بۆ دەسەڵات و سیاسەتمەدار خێراتر بزرئەبێت و لۆیالیتی و ئینتئمای هاونیشتمانی بۆ نیشتمان و کۆمەڵگا بە لێژی دائەبەزێت.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١٥/٢/٢٠