نووسینی : بورھان شیخ رەئوف
ئیستا عێراق لە دوای سیانزە ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی دکتاتۆری سەدام و لە دوای ھەموو ئەو قۆناغانەی کە پێیدا تێپەڕی لە مەجلیسی حوکمەوە بیگرە تا حکومەتی ئینتیقالی و نووسینەوەی دەستوورو ڕاپرسی و پێکھێنانی کابینەکانی عەلاوی جەعفەری و مالیکی دووجارو عەبادی ئێستا ,
وائیستە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بە ھێز شارە گەورەکانی عێراقی گرتوەتەوە لە باشوورو ناوەڕاستی وڵات کە داخوازیەکانیان خۆی لە دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو کارەبا و ئاو تەندروستی و سوتەمەنی و ھەمووشتە پێویستەکانی تری ڕۆژانەدا دەبینێتەوە و جگە لە داخوازییەکی تری زۆر بنەڕەتی و ڕەوا ئەویش بنەبڕکردنی گەندەڵی ئەو پەتا سامناکە کە لە سیانزە ساڵی ڕابردوودا ھەموو جومگە گرنگەکانی دەوڵەتی عێراقی گرتوەتەوە بە کوردستانیشەوە بە جۆرێک کە ئیستە حکومەتی عێراق لە ڕیزی ھەرە لە پێشی حکومەتە گەندەڵەکانی جیھانە .
نمونە زۆرە لەو گەندەڵیانە دیارترینیان ئەو سەودای کڕینی چەک وتەقەمەنیە بوو حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مالیکی لە ڕوسیا کڕی کە کەسی سەرۆک وەزیران خۆی تێوەگلابوو بە ڕادەیەک وەزیری بەرگری ڕوسیا لە پۆستەکەی دوور خرایەوە .
بۆیە ئاکامی ئەو گەندەڵی و دابەشبوونە مەزھەبی و ئتینیکیە بوو عێراقی بەو ڕۆژە گەیاند کە سێ یەکی خاکەکەی بکەوێتە بندەستی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی وەکو داعش , چاوەڕوان دەکرێت ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە بارودۆخی وڵات بگۆڕێت بۆ قۆناغێکی نوێ کە ڕیفۆرمی سیاسی و دادوەری و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و تیرۆر وگەڕانەوەی شکۆ بۆ دامودەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت چ سەربازی و چ دادوەری و چ ئەمنی دوور لە بەشبەشێنەی ئتنیکی و مەزھەبی و دوور لە دەستوەرادنی وڵاتانی ئقلیمی و ناوچەکە ناونیشانی بێت .
وائێستا سیاسیەکانی عێراق بە تایبەتی شیعە حەپەساون لە ئاست ئەو ڕووداوانەدا ھیچیان پێ ناکرێت جگە لە پشتیوانی دووانەی (مەرجەعیەت و شەقام ) کە خوازیار ی دەستبەجێ سزادانی ھەمووکاربەدەستە گەندەڵەکانن کە بە خراپی دەستەڵاتیان بەکارھێناوە و پشتگیری ھەر ھەنگاوێک دەکەن کە عەبادی سەرۆک وەزیران و مەرجەعیەتی سیستانی دەینێن لەو پیناوەدا .
خاڵی گرنگی ئەو خۆپیشاندانانەی ئەمجارە کە زۆربەی شارە گەورەکانی باشوورو ناوەڕاست ی گرتەوە کە شیعە نیشینن ئەوەیە ئیتر ناتوانن خۆپیشاندەران تۆمەتبار بکەن بە دەستی دەرەکی وتابوری پێنجەم و پیلانگێڕی دژبە پرۆسەی سیاسی بەڵکو مەرجعیەتی نەجەف زۆربەی زۆری نەھامەتیەکان دەخاتە ئەستۆی پارتە ئیسلامیە شیعیە گەندەڵەکان و ھاوبەشەکانیان لە پرۆسەی سیاسیدا کەناینتوانی بەرژەوەندی باڵای گەل و ووڵات بپارێزن و تەنھا گرنگیان بە بەرژەوەندیە تایبەتیە و ئتنیکی و مەزھەبیەکانی خۆیان دا .
لە لایەکی ترەوە سیاسیە سونەکانیش کە ناوچەکانیان بەزۆری لە بندەستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعشدایە) سەرقاڵی ئەوەن چۆن ناوچەکانیان ئازاد بکەنەوەو لە ھەوڵی ئەوەدان ھەرێمی سونە دروست بکەن , ھەرچۆن لە باشووریش شیعەکان لە ھەوڵی دامەزراندنی ھەرێمی بەسرەدان .
ھەرێمی کوردستانیش ئەگەرچی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە دوای گەلێک گێرەو کێشمەی ناوخۆیی کە نامەوێت لێرەداباسیان بکەم وئەو برینانە بکولێنمەوە جۆرێک لە سەقامگیری تێدا بەرقەرابوو بەڵام وا ئێستا لەم قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێمەدا بە داخەوە ھەندێک ڕاستی بەدەردەکەون کە ئاستی ململانێی سیاسی و حزبی لەکوردستان بەدۆخێکی مەترسیداردا دەڕوات، ئەمەش ئەو راستیە دەردەخات کە دیموکراسی لایەنەکان وفۆرمی دەسەڵاتداریەتی لەروانگەی دیموکراسی وپێکەوەکارکردن تەنھا دروشمەو ھیچی دیکە.
لە کۆتاییدا ڕاستیەکمان بۆ دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر لە ھەشتا ساڵی حوکمی عێراق کەبە دەستی پێکھاتەی سونوە بووبێت نەیانتوانی یەکسانی پێکەوژیان بۆ گەلانی عێراق دابین بکەن ئەوا پێکھاتەی شیعەش نەیانتوانی لە دوانزە ساڵی ڕابردووا یەکسانی و پێکەوژیان وبۆ پێکھاتەکانی تری عێراق مسۆگەر بکەن بەو پێییەی کە زۆرینەی عێراق پێکدەھێنن نەیانتوانی ئەو بەرپرسیاریتیە مێژووییە بە ئەستۆ بگرن و ڕێز لە پێکھاتەکانی تری عێراق بگرن بۆیە ئەو پێگە گرنگەیان لە دەستدا لە سەرکردایەتی کردنی دەوڵەت و کۆمەڵگای عێراقدا کاتێک بواریان بۆ بەشداریکردنی کوردو سونە نەھێشتەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا .