کازیوە ساڵح: بە کارهێنانی کۆنسێپتی شیاو بۆ ڕووداوەکان هێندەی دانانی مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو باڵایە، گەرچی گەر کۆنسپتەکە بۆ بابەتێکی هەستەوەری وەکو جینۆساید بوو کاریگەری زۆر باڵاترە. تا چەند گروپ و نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو ئەتوانێت بە دروستی مامەڵە لە گەڵ جینۆسایدەکەیان بکەن ، ئەوەندە لە لایەن بێگانەشەوە ئەبێت بە جێگەی بایەخ. کە بیر لە دۆخی کورد ئەکەینەوە گوێمان لە چۆنیەتی بە کارهێنانی کۆنسێپتەکان بۆ کارەستاکانمان و بە کارهێنانی کارەساتەکانیشمان لە کۆنسیپتە نەشیاوەکانی ڕۆژانەدا ئەبێت، تێدەگەیت بۆچی رابردووی شکست و ئێستا تاریک وداهاتووی نادیار و بێ ئومێدە. . میلان کۆندرا، ئەڵێت، ” ڕابردوو لێوان لێوە لە ژیان؛ سورە لە سەر ئەوەی نیگەرانمان بکات، دەمانبزوێنێ و سوکایەتیمان پێ ئەکات، ڕاماندەکێشێت خاپور یان ڕەنگڕێزی بکەینەوە. ڕابردوو تەنها هۆکاریەک وا لە مرۆڤ ئەکات ببێت بە سەروەر و خاوەنی داهاتوو، بۆ ئەوەی بتوانن ڕابردوو بگۆڕن” (.(1999,p. 22 بە باوەڕ بوون بەم وتەیە و هەڵوێستەیەک لە ڕوویدا ئەکرێت بپرسین سەودای کورد لە گەڵ ڕابردوویدا بۆ وێران کردنیەتی یان بۆ ڕنگڕێژکردنی؟
لە میانەی سەردانمدا بۆ کوردستان ، بۆ بۆنە و شوێنگە و مۆنمێتەکانی جینۆسایدە بێ شومارەکانی کورد تێ بینی سەدان کەلینی ئێجگار گەورەم کرد لە مەسەلەی مامەڵەکردن لە گەڵ جینۆسایدەکانی کورد و سەوداکردن لە تەک هەر جینۆسایدێک بە شیوەیەک کۆک و شیاو بێت بە فەرهەنگ و کولتوور و یاسایی نێو دەوڵەتیەکان بۆ جینۆساید بەراورد بەوەی نەتەوە جینۆسایدەکانی دی لە جیهاندا. ئەوەی لەم وتارەدا هەڵمبژاردووە لە سەری بدوێم بەکارهێنانی کۆنسێپتی’ ئەنفال’ ە بە شێوەی نابەجێ لە هەردوو ئاستی فەرمی و پرۆفیشناڵدا. وەکو بە کارهێنانی کۆنسێپتی ئەنفال بۆ جینۆسیایدی بارزانیەکان لە وتاری لایەنە سیایسەکان و تاکە کاراکانی بواری جینۆسایددا، هەتا دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە لە لایەن دەزگا فەرمیەکانی تایبەت بە جینۆساید و کەسانی نووسەر و قوربانی. بەر لەوەی لە وێرانکردن وڕەنگڕێژکردن بدوێین چاکترە هەندێک لە سەر کۆنسێپتی ‘ ئەنفال’ بوەستین.
ئەنفال سورەتی هەشتە (٨) لە قورئاندا و واتای دەست کەوتی شەڕ ئەکات ، هەر لایەنێکی شەڕکەر سەرکەوت بە سەر لایەنی دووەمدا هەرچی دەستکەوتی ماڵی و مرۆیی (وەکو ژن) ئەبێت بە موڵکی لایەنی سەرکەوتوو. بە هەڵاواردنی مێژووی ئایەتەکە ، ئەم ئەنفالە لە شەڕی بەدرەوە بەکار هێنراوە هەتا ئەمڕۆ.کورد وشەیەکی شیاوی بۆ ئەم ئەنفالە هەیە ئەویش ‘ تاڵانی ‘ یە . بە کورتی لە سەردەمی شەڕی بەدردا ساڵی ٦٢٤ دا پیشەی زۆربەی عەشیرەتە عەرەبەکانی دورگەی عەرەبی تاڵانی و ڕێگری بووە لە حوشتری عەشیرەتەکانی و تاڵانکردنیان، باشترین ڕێگر ودز مەردترین پیاوی عەشیرەت بووە. شەڕی بەدریش شەڕێکی گەورە بووە و مەترسی دۆڕان لای موسڵمانان دروست بووە ، لیرەوە کۆنسێپتی ئەنفالیان بەکارهێناوە بۆ ئەو کەسانەی بەشداری شەڕی بەدر بکەن بۆ ئەوەی سەرنجی عەشیرەتە عەرەبەکان ڕابکێشن و هانیان بدەن بۆ شەڕ ( Berg,2000 ).ئەمەش بۆعەشیرەتانە هەلێکی زێرین بوو، چوونکە لە لایەک ڕەوایەتێک بۆ دزی کردن و تاڵانیەکانیان دۆزرابووە ، چی دی سکاڵایان لێ نەئەکرا لای خولەفاکان ، لە لایەکی دیش پیشەی تاڵانیەکەیان وەکو دەستکەوتێکی نەتەوەیی و ئاینی بۆ هەژمار ئەکرا. ئەمەش واییکرد سەرجەم عەشیرەتە عەرەبەکانی دوورگەی عەرەبی بەشداری شەڕی بەدەر بکەن و لە شەڕەکەدا سەرکەون و زۆرترین ‘ ئەنفال’ دەستەکەوتیان هەبێت.
سەدام حوسێن چوونکە دروستکراوی بە ئاگاهاتنەوەیەکی مێژوویی عەرەبی بوو کە داهێنەرەکەیان ساتع حوسری و ئەکتەری پاڵەوان جەمال عەبدولناسر و تەختەی شانۆش ئیدۆلۆجی بەعس بوو، زۆر بە باشی لە کۆنەستی نەتەوەکەی خۆی گەشتبووە و بۆیە دەیزانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیناریوەکانی ڕابردوو بۆ گەلێک کە لە ڕووی ئاینیەوە هەزار و چوار سەد ساڵ بوو چەقی بەستبوو، لە ڕووی نەتەوەیشەوە حزبەکەی ئەو بوژێنەرەوەی ئایدۆلۆجی نەتەوەیی عەرەب بوو کە حوسری تیورەکەی داڕشتوو و عەبدولناسر سەرکەتوو نەبوو بە لوتگە گەیاندنی، دەیزانی ئەکرێت بۆ ئەو باشترین دەستکەوتی لێ بچنرێتەوە. بە تایبەت کە بە نیازی بن بڕکردنی نەتەوەیەک بوو لایان ناسراوە بنبڕکردن و کۆتایی هاتینیان ئاسان نیە ، بۆیە هەمان نیاز و دەستکەوت بەر لە جینۆسایدی کورد کە بە ناوی ئەنفالەوە جێ بە جێ کرا لە نێوان ١٩٩٦-١٩٨٩لە لایەن سەدامەوە خرایە بەردەست شەڕکەرانی، ئەمەش گرنگ وپێوست بوو بۆ ئەو، چوون جینۆسایدکارانی کورد بەشێکیان لە فەلەستینەوە هێنرابوون ،بەشێکی دیشیان جاشی کورد بوون، هەردوو لا بە نیازی دەستکەوت بەشدار بوبوون بە تایبەت کە بەشێک پارەی پێشەکیان وەرگرتووە وپەیمانی بەشی گەورەشیان پێدراوە. کەواتە هەتا ئێرە ئەنفال بۆ عەرەب ناونیشانی سەرکەوت و دەستکەوتەکانیانە. سەرکەوتنیان لە شەڕی بەدردا دژی قورەیشیەکان چوونکە موسڵمان نەبوون، وە سەرکەوتنیان دژی کورد ڕاستە موسڵمانن ، بەڵام چوونکە کوردن ، بوون بە موسڵمان و بە ڕەچەڵەک میللەتێکی موسڵمان نین، واتە لای عەرەب موسڵمانی ساختەن.
ئەوەی نیگەرانی دابەش ئەکات ئەوەیە ئەبوو وشەی ئەنفال و شەڕی بەدریش لای کورد ئەو مێژوو و ڕابردووە ڕەشە بوایە کە هەموو ژیان و مێژووی تەرخان بکردایە بۆ نابووتکردن و وێرانکردنی نەک ئاوەدانکردنەوەی لە کۆنەستی خەڵکدا وەکو ئەوەی لای عەرەب هەیە.یان بە هەڵە بە کارهێنانی بە شێوەیەک کاریگەری نەریەتی لە سەر جینۆسایدەکە هەبێت. بۆ نموونە جینۆساید بارزانیەکان سێ (٣) ساڵ بەر لە جینۆسایدی ئەنفال ئەنجامدراوە و پرۆسەکەش ناوی ئەنفال نەبووە ، عەرەبەکان بە زمانی عەرەبی بە ‘ آبادە’ واتە پاکتاوکردنی بارزانیەکان ناویان هێناوە. بەڵام کورد و بارزانیەکان خۆیان و تەنانەت وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانیش هەمان هەڵە ئەکەن بە خودی وەزیریشەوە لە یادی بارزانیەکاندا بە ئەنفالکراو ناوزەدی کردن. کۆنسێپتی ئەنفال لە ناو کورددا بووە بە کۆنسێپتێکی گشتی ولە بری کۆنسێپتی جینۆساید بە کار ئەهێنرێت . لە کاتێکدا هەموو سەر زەوی بە جیاوازی زمانەکانیان وشەی جینۆساید وەکو خۆی بۆ کارەساتەکانی جینۆساید بە کار ئەهێنێت. کورد وەکو وشەیەکی کوردی بەکار نەهێناوە ئەنفال بە کار ئەهێنێت بە نیازی کورداندنی ، بەڵام لە ڕاستیدا نەک کورداندن نیە بەڵکو بێ حورمەتیە بە سەرجەم قوربانیانی جینۆسایدەکانی کورد و بە هەن وەرنەگرتن و کەم بایەخکردنی جینۆسایدەکانە و ڕەنگڕێزژکردنی ئەو ئاکارەی بەعسە لە بری نابووتکردن ووێرانکردنی . کورد ئەگەر بیەوێت جینۆسایدەکانی لە جیهاندا بە جینۆساید بناسرێت پێویستە خۆی لە هەموو کەس زیاتر وشەی جینۆساید بەکار بهێنێت و بیکات بە پێشگری هەموو جینۆسایدێکی. ناکرێت جینۆسایدەکانی کورد بە جینۆساید دانی پێدا بنرێت لە کاتێکدا ئەو کۆنسێپتە بە کورد خۆی نامۆیە و هەتا ئێستا شەرمۆکانە بە کاری ئەهێنێت.
کورد ئەگەر بیەوێت بە شێوەیەکی دروست سەودا لە گەڵ جینۆسایدەکانی بکات، گرنگە بە دەنگی بەرز و متمانەوە تێرمی جێنۆساید بەکار بهێنێت ، واوەتریش پێوستە زۆر بە ئاگاوە ئەو وشەی ئەنفالە بە کاربهێنێت و ئەم هۆیانە ڕەچاو بکات:
یەک: ئەنفال واتە دەستکەوتی جەنگ یان بە کوردی تاڵانی ، کە جینۆسایدێک ناو ئەنرێت ئەنفال، واتە جینۆسایدەکە دائەبەزێنیت بۆ ئاستی دەستکەوتی شەڕ و تاڵانی نەک جینۆساید. با لە نەستیشدا مەبەستت ئەوە بێت هێندەی جینۆسایدی ئەنفال بە گەورە باسکردنی بێت ، بەڵام لە راستیدا ئەنفال واتای جینۆساید ناکات. ئەنفال ناوی ‘ یەک’ پرۆسەی جینۆسایدە کە دوژمنەکەت لە بەر ئەوەی بە کەم سەیری کردوویت ناوی ناوە دەستکەوت نەک کۆمەڵکوژی. تۆ خۆشت هەمان زمان بە کار بهێنتەوە لە گوزارشتکردنی گەورەترین تاوان دژت کراوە، واتە تۆ ئەو مێژووەی بەعس داناڕوخێنیت بۆ ئەوەی داهاتوشت هەمان ڕەنگی نەبێت، بەڵکو پەرەی پێ دەیت، ئەمەش پێێ دەوترێت پەرەدان بە کولتووری بەعس.
دوو: ناونانی کۆمەڵێک جینۆساید بە یەک ناو کە ئەنفالە ، دیسان کورتکردنەوە و کەم زانین جینۆسایدەکان ئەکات، بە تایبەت لای بێگانە و نەوەی داهاتووش جوونکە هەموویان هەر بە یەک جینۆساید سەیر ئەکرێت دژی عەشیرەتی جیاواز نەک بە ژمارەیەک جینۆساید و مێژووی جیاواز و ڕوانگە و هەنگاوی جیاواز بۆ لە ناوبردنی کورد.
سێ: ئەگەر تۆ خۆت قوربایەکەیت ناوی جینۆسایدەکانت نانێت جینۆساید، لە چ ڕوانگەیەکەوە دوا لە بێگانە ئەکەیت بە جینۆساید بیناسێت؟
چوار: ئەگەر دەزگا فەرمیەکان و نووسەران وچالاکەوانانی بواری جینۆساید خۆیان ناتوانن ونازانن چۆن نەوەیەک و کۆمەڵگەیەک ڕابهێنن بە حورمەتەوە سەیری جینۆسایدەکانی بکات و یەکەم هەنگاویش ئەوەیە خۆی بەر لە هەموو کەس و لە هەموو هەنگاوێکدا بە جینۆساید ناوی بهێنێت چۆن ئەتوانێت گلەیی لەو بێ حورمەتێ بکات کە بە ئەنفالکراوانمان ئەکرێت لە کولتوور و زمانی ڕۆژانەدا ( لە بابەتێکی دیدا دێمەوە سەر ئەم باسە) لەیادیشی نەکەین هەتا ئێستا کۆمەڵێک زۆر لە میدیاکان وچالەکەوانان بە کارەسات ناوی جینۆسایدەکانمانن دەبن.
پێنج: بە شێوەی دروست بەکارهێنانی کۆنسێپتی جینۆساید ئەوەیە بوترێت جینۆسایدی بارزانیەکان، جینۆساید هەڵەبجە، جینۆسایدی ئێزیدیەکان، جینۆسایدی دەرسیم ، جینۆسایدی ئەنفال و..تد، نەک ئەنفال بە تەنها ، یان ئەنفالی بارزانیەکان وئەنفالی ئێزیدیەکان ،چوونکە هەر یەک لەوانە ناون ، ئەنفال چێ؟ ناوی پرۆسەیەک. لە پرۆسەکەدا چی بووە؟ جینۆسایدکراوە. واتە جینۆساید ئاجەکتیڤە و بە ناوەکەدا هەڵئەدات. لە گەڵ ناوەکەدا وەکو شوناسنامەکەشی ئەناسێنیت.
شەش: ئەنفال لە بەر ئەوەی هەڵبژاردەی بەعسە و کولتووری بەعسە تەنانەت ئەگەر ماناکەشی جینۆسایدی بوایە، دەبوو کورد ڕازی نەبێت بە کاری بهێنێت، بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدات کولتوور و زمانی بەعس لە نێو کورددا بە تایبەت لە مەسەلەی جینۆسایدەکانماندا بن بڕ بکات.
حەوت : ئەنفال ناونانی هەموو جینۆسایدەکان کاریگەری نەریەتی لە سەر بایەخ و مافی قوربانیەکان و کارکردنی دروست لە سەر ئەو پرۆسەی جینۆسایدەی لە بنەمادا ناوی ئەنفالە ئەگەیەنێت.
ئەرکەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراون
ئەوەی بەرانبەر بە جینۆسایدکراون ئەکرێت نادادێکی دییە بەرانبەر قوربانیانی سەرجەم جینۆسایدەکانی کورد. ئەوانەش لێێ بەرپرسن بریتین لە حکومەت ، وەزارەتی تایبەت بە جینۆساید ، ڕاوێژکارەکانی ، دەزگا فەرمیەکانی جینۆساید لە کوردستاندا و مرۆڤە کاراکان بە تایبەت ئەوانەی لەو دام ودەزگانەوە یان بەرپرپسن یان نزیک و قازانجکردوون لەو فەرمانگانە جگە لەمانەش دەزگاکانی چاپەمەنیش گوناهبارن لە پەرەدان بەو کولتوورە و نادادوەریەی بەرانبەر بە جینۆسایدکراون ئەکرێت.
ئەگەر لە ناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراون بنواڕین جگە لە وشەی’کاروبار’ هەموو ناوەکە عەرەبیە. گریمان شەهیدان و بەکارهێنانی وشەی شەهید لەوە کۆنترە ئێمە ئەمڕۆ دەستکاری بکەین، هەر چەند مەحاڵ نیە بۆ دەزگا و خەڵکێک زمانی خۆیی خۆش بوێت، بەڵام ئەنفالکراوەکان ناوێکی دروست نیە بۆ وەزارەتێک ، چوونکە جگە لەو حەوت خاڵەی لە سەرەوە ڕیزم کردووە، لەوەش پترتر کاری ئەم وەزارەتە کاروباروباری سەرجەم جینۆسایدەکانە نەک تەنها ئەنفال، لە لایەکی دی ئەگەر ناوی ئەم وەزارەتە وەربگێڕی بۆ ئنگلیزی هیچ بە بیسەر و بینەری ناگەیەنێت کە بزانێت ئەمە وەزارەتێکی تەرخانکراوە بە جینۆسایدەکانی کورد. وە بۆ کوردێکیش بە وردی لە مەسەلەی ناساندنی جینۆساید بگات ئەو ناوە سەغلەتی ئەکات و ناتوانێت بە ئاسانی لە زمانی بێگانەدا بە کاری بهێنێت.
لە سەروو ئەمانەشەوە جەنابی وەزیری وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراون لە یادی ٣٢ ساڵهی جینۆسایدكردنی بارزانیهكاندا هەر بە ئەنفال جینۆسایدی بارزانیەکانی ناوزەدکرد، واتە ئەو هەلەی لە ناو خەڵکێکی نا پرۆفیشناڵدا دەکرێت جەنابی وەزیریش کردیەوە ،ئەمەش هەڵەیەکی بۆماوەییە و ماوەی بیست ساڵی رابردوودا کراوە. ئەمەش ئەگەر ئەم وەزارەتە ڕاوێژاکاری هەبێت وڕاوێژکارەکانی ئاگایان لە وتارەکەی بێت ئەوان شایانی لێپرسینەوەن و ناکرێت ئاستی تێگەشتنی وەزیرێکی تایبەت بە جینۆساید بۆ یەکێک لە جینۆسایدەکانی نەتەوەکەی وەکو تێگەشتن و زمانی خەڵکێکی دەرەوەی ئەو بازنەیە بێت. ئەگەر ڕاوێژکاریشیان نەبێت ئەوە هەر لە بنەمادا کارەکان بە هەند وەرنەگیراوە.
.ئەوەی بەر لە هەموو شوێنێک پیویستی بە خۆ ڕاستکردنەوە هەیە وەزارەتی ناوبراوە لە گۆڕینی ناوەکەیەوە لانی کەم گۆڕینی وشەی ‘ ئەنفالکراوەکان’ بە جینۆسایدکراوان ، واتە وەزارەتی کاروباری شەهیدان وجینۆسایدکراوان. ئەوەندەی شارەزایی دەنگی وشە بم پێم وایە پاشگری ‘ وەکان’ مەبەستەکە ناپێکێت چوونکە ئەکرێت جینۆسایدکراوەکان کۆمەڵێکی دیایکراو ئەگرێتەوە و جینۆسایدکراوان کۆمەڵێکی بەرفراوانتر ئەگرێتەوە. پاش گۆڕینی ناوی وەزارەتەکە وەزیرەکانی و ئەوانەی لە نوێنەرایەتی ئەم وەزارەتە ئەکەن پێویستە بە هەستەوەریەکی زیاتر و هۆشیارانەتر سەودا لە گەڵ کۆنسێپتەکان و بەستنەوەیان بە جینۆسایدی کوردەوە بکەن. لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە ئەرکی ئەوانە کە نەهێڵن مامەڵەی هەڵە بە جینۆسایدەوە بکرێت چ لە رووی دەستەواژەی زمانەوانی و زارەکی و چ لە ڕووی پراکتیزی و نوێنەرایەتیکردنەوە.
جگە لە وەزارەت ، بەڕیوەبەریەتی کاروباری شەهیدان وئەنفاکراوانی بارزان . بگۆڕدرێت بە کاروباری شەهیدان و جینۆسایدکراوانی بارزان و ئەرکی ئەم فەرمانگە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی دەڤەرەکە بێت سەبارەت بە کارهێنانی جینۆساید لە بری ئەنفال بە تایبەت تێ بینی ئەوەم کرد کە تەنانەت مناڵی قوربانیانی جینۆسایدیش هەر بە ئەنفال ناوزدی ئەکەن ” کە باوکم ئەنفالکرا” ئەو ڕستە باوەی چەندین جار گوێم لێ بوو. بارزانیەکان بوون بە یەکەم جینۆسایدی دۆکۆمێنتکراوی ساڵانی هەشتا، لە ١٩٨٣ وە هەتا ئێستا وەکو پیویست کاریان بۆ نەکراوە و بایەخیان پێ نەدراوە. نادادی گەورە ئەکەرێت ناوی جینۆسایدێکی دی لێ بننرێت کە سێ ساڵ پاش جینۆسایدی بارزانیەکان هاتووە ، تەنانەت ئەگەر ئەو ناوە ئەنفالی نەرگیس واتاش نەبوایە. ئەم گۆڕینەش جگە لە داوای فەرمانگەکە خۆی ،هەر ئەرکی وەزارەتی شەهیدان و با لەم ساتەوە بڵێن جینۆسایدکراوانە ، پێداگری لە سەر گۆڕینی ناوی ئەو فەرمنگەیە بکات و بە ئاگا بێت چی دی نە بە نووسین و ناو جینۆسایدی ئێزیدیەکانیش نەکرێت بە ئەنفال.
لە بواری چاپەمەنیدا چاکترە چاپخانەکان بە هەندێک هۆشیاری زیاترەوە سەبارەت بە جینۆسایدەکانی کورد کارکردنیان ڕاپەڕێنن کە لە ئاستی بەپرسیەتی مێژووی ئەمڕۆ و سبەیدا بێت ، ئەوان پیوسیتە کتێبێک چاپ نەکەن کە جینۆسایدێکی تری کردووە بە ئەنفال لە بری جینۆساید، ناکرێت ئەوەی لە ١٩٨٦-١٩٨٩ ڕوویدا ناو بنێن ئەنفال وئەوەش لە ٢٠١٤ لە سەر دەستی داعش روویدا هەر ناو بنێن ئەنفال . هۆشیاکردنەوە و سەرپەرشتی وکۆنترۆڵکردنی ئەمەشیان هەر دەکەوێتە بەر بەرپرسیارەتەکانی وەزارەتی شەهیدان وجینۆسایدکراوان.
لە گەڵ ئەوەی لە سەدا ٧٥% ی کورد موسڵمانە ، بەڵام لە بەر ئەوەی ئاینەکە زمانی خۆی نەبووە هەتا گەردەلوولی جینۆسایدی شوومی بە ناو ‘ ئەنفال’ وشەی ئەنفالی نەبیستووە و نەیزانیوە واتای چێ وئەمڕۆش نازانێت، بەو بەڵگەی ئەنفال بۆ هەموو لە ناوبردنێک بەکار ئەهێنێت، تەنانەت بۆ رووداوە نەگونجاوەکانی ڕۆاژنەش . ئەم هەڵە زمانەوانیانەی باسم کردوون بە هەڵەی کولتووری میللی هەژمار ئەکرێن و ناکرێت دەزگا فەرمی و حکومیەکان وکەسانی هۆشیار لە هەمان ئاستدا سەودا لە تەک جینۆسادەکانی کورد وکۆنسێپتە پەیوەستەکانی بکەن. ئەگەر لە بیست ساڵی رابردووە و ئەم هەڵەیە کرابێت درێژە پێدانی نەنگییە بە نەوچەوانی هەمووانەوە و نیشانەی پرسیار لە بەردەم دلسۆزیاندا دائەنێت . چوونکە ئەوەی رابردوو داوامان لێ ئەکات خاپووری بکەین ، نابووتی بکەین بۆ ئەوەی ڕەنگڕێژی ئێستا بەرینەوە وهەندێک ئومێد بۆ داهاتوو نزیک بکەینەوە. ئەو ڕابردووەی ئێمە وئەو کولتوورەی پێی داهێنراوە هەڵگری جۆرە فاکتەرێک نین ئێمە لە بری خاپورکردنی ڕەنگڕێژی بکەین. ئێمە ناتوانین ببین بە سەروەری داهاتوو ئەگەر نەتوانین ڕابردوو بگۆڕین.
• سەرچاوەکان:
• Berg, Herbert ( 2000) The Development of Exegesis in Early Islam: The Authenticity of Muslim, Curzon Press
• Kundera, Milan(1979) The Book of Laughter and Forgetting .Part I: Lost Letters (p. 22), trans. Michael Henry Heim, HarperPerennial Modern Classics 1999