نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەلایەن خەلیفەکەیانەوە ئەبووبەکر بەغدادی دیاردەی ژنە جیھادییەکان وەدەرکەوت کە لە ناو ڕێکخستنەکانی دەوڵەتی ئیسلامید ا وایان پێدەبێژن , کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئامادەگیان ھەیەو تەنانەت ھەندێ لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانیە عەرەبیەکان بە زیاتر لە ١٠% کۆی گشتی چەکدارە بیانیەکانی نێو ڕێکخراوەکەیان دەخەمڵێنن ,
لە ھەمان کاتیشدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە زۆربەی ئەو ژن و کچە موجاھیدانە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ _٢١ ساڵە لە زۆر وڵات و شوێنی جیاوازەوە پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوەوە جگە لە عێراق و سووریا لە وڵاتانی باکووری ئەفریقیا بە تایبەتی توونس دواتر میسرو عەرەبستانی سعوودیە و وڵاتانی تری وەکو ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا وەکو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا کە ئەمانە نەوەو وەچەی ئەو کۆچبەرانەن کە ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان وەرگرتووەو ھەروەھا ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاستیش سەرچاوەیەکی تری ئەو موجاھیدە ژنانەن .
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ھەر نووسەرو لێکۆڵەرێک کەباس لەم دیاردە بکات ئەرێ بۆچی ژنان و کچان پەیوەست دەبن بەم ڕێکخراوەو تیرۆریستیەوە کە لە بارودۆخێکی ئێجگار سەختدا ژیان بە سەردەبەن ؟ ؟
کە ئەمەش کۆمەڵێک فاکتەروھۆکار و پاڵنەری ھەیە وەکو سەرچاوە عەرەبیەکان باسی دەکەن ھەوڵدەدەم لە خوارەوە ھەندێکیان بخەمە ڕوو:
١. ھۆکاری کەسی : ئەمەیان زیاتر پەیوەندی بە ژنانی عێراق و سووریاوە ھەیە چونکە ئەمانە بە ھۆی بارودۆخی شەڕی داعش لەو وڵاتەکانیاندا لە ژێر بارێکی گەلەک قورسدان کە یان کوڕیان یان ھاوسەرەکانیان یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان کوژراون یان تووشی ڕفاندن و ئازارو ئەشکەنجەدان بوون یان ماڵ و موڵکیان وێرانکراوە لەو شەڕانەدا , بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ئەمان پەیوەست بوونە بە ریزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە.
٢. ھۆکاری ئاینزایی : ھەروەکو ھەمووان ئاگادارین بارودۆخی عێراق و شام جۆرێک لە شەڕی ناوخۆیی بەرقەرارە کە لە ململانێ ی سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ شەڕی ئاینزایی و تائیفی لە نێوان شیعەو سوونەدا کە ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنان بچنە ناو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەو بەشداری کردەوە تیرۆریستیەکانی بکەن و زۆر ئەرکی تریش بە جێبھێنن بەو پێیەی جیھاد تاکە ڕێگەیە بۆ سەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی سونی دژبە ڕافیزە شیعەکان .
٣.ھۆکاری ئایدیۆلۆجی : ھەروەکو ڕوون و ئاشکرایە لە پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام دانانی خەلیفە بۆی ,ئەوە ئاوات و ئامانجی زۆربەی زۆری ئیسلامیە توندڕەوەکان و لەوانە ژنانیش بوو بۆیە بە ئەرکێکی ئایینی پیرۆزی خۆیانی دەزانن پەیوەست بوون بەو دەوڵەتەو ژیان لە ژێر سێبەرو قەڵەمڕەوەکەیدا .
٤.ھۆکاری کۆمەڵایەتی : ھەندێکی تر لەو ژنانەی کە بوونەتە داعش ئەو ژنانەن کە لە بنەچەی ڕۆژئاوایین و بوونەتە ئیسلام و لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا تووشی بارێکی نامۆبوون ھاتوون و خۆیان لە خێزانگەلێکی بێ ئایین یان مەسیحی کاسۆلیکی و یان یەھودین کەسوکارەکەیان ڕازی نابن ئەوان ببنە مووسڵمان بۆیە ئەمانیش ڕوو دەکەنە عێراق و شام بۆ ناو ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ھەست بە نامۆبوون ناکەن لەوێندەرێ ئەمە بە گوێرەی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان .
٥.ھۆکاری مرۆیی : ھەندێکی دی لەو ژنە موجاھیدانەی کە پەیوەست بوون بە دەوڵەتی ئیسلامیەوە ئەوانەن کە لە سەر پەروەردەو داب و نەریتی ڕۆژئاوایی ڕاھاتوون و ەکو یەکسانی و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بە تاوان و خەمساردی دەزانن گەلی سوریا و عێراق بەتەنیا جێبھێڵن لە بەردەم ھەموو ئەو پەلامارو جەورو ستەمەی کە لێیان دەکرێت لە لایەن ڕژێمی ئەسەد و لایەنەکانی تری ئەو جەنگەوە لە کاتێکدا حکومەتە کانی ئەوروپا وەکو پێویست نەھاتونەتە پێشەوە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە , ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە وەکو ئەرکێکی ئایینی بەشداریکردنە لە جیھاد و یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارەو کەمئەندام و پیرو پەککەوتەو ھەتیوو بێسەرپرشتانی ئەو جەنگەیە لە عێراق و شامدا .
کارو فەرمانەکانی ژن لە ناو داعشدا ھەر تەنھا چەک ھەڵگرتن نیە بەڵکو زۆر کارو فەرمانی تر ئەنجام دەدەن لەوانە کاری ماڵداری و پەروەردەکردنی مناڵ و خێزان و یارمەتیدانی مرۆیی و پەرستیاری و خزمەتکردنی برینداران و گەیاندنی یارمەتی و کۆمەک لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی ترو بەشداریکردن لە پۆلیسی ژنان و بەشداریکردن لە کاروباری ڕاگەیاندن و بەشداریکردن لە ڕاھێنان لە سەر چەکی سووک بۆ حاڵەتی بەرگری لە خۆکردن .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ژن وکچ بۆ ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش چەند مەبەست و ئامانجێکی لە پشتەوەیە لەوانە داعش وای پیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات کە پێشکەوتنی بیرو ئەندێشەی ڕێکخراوەکەیان کە ژنیش بەشداری کایەکانی کۆمەڵگا دەکات وڕۆڵی خۆی دەگێڕێت .
لەلایەکی ترەوە ھاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە ژنە داعش بۆ ئەو شوێنانە گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای لەو شوێنانەدا دروست دەبێت و ھاوسەرگیری لە نێوان ژنان و چەکدارە پیاوەکاند ا ئەنجام دەدرێت کە ئەوەش دیمۆگرافیایەکی تازە دێنێتە ئاراوە کە دواتر گۆڕینی ئاسان نابێ.