کازیوە ساڵح
هەر گروپێک یان نەتەوەیەک داگیرکاری سایکۆلۆژی وکلتوری پەسەند نەبێت مەحاڵە جینۆساید فیزیکی بکرێت،داگیر بکرێت یان لە ناو ببرێت
کە پۆشاکی گەریلا بوو بە مۆدیلی جیهانی ، ئەکرێت گریمانەی ئەوە بکرایە، لە بازاڕەکانی کوردستاندا هەموو پەچە و عەگاڵ و عابا کۆبکردایەتەوە بە پۆشاکی گەریلا پڕ بکرایەتەوە
بەرهەم هێنانەوەی جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتوری ئێزیدیەکان:
جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتوری بەر لە جینۆسایدی فیزیکی لە ناو کۆمەڵدا جێبەجێ ئەکرێت دەکرێت و جێگیر دەبێت و یاریدەری جینۆسایدی فیزیکین . لە ڕووی کاریگەریگەریشەوە ترسناکترە لە جینۆسایدی فیزیکی. چوون جینۆسایدی فیزیکی ئەوەی ئەکوژرێت کۆتایی دێت ، ماوەی کۆمەڵگە ئەگەر ئالودەی دەردە سەختەکانی جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری نەبن ، ئەوە لە قوناغی پۆست- جینۆسایددا پرۆسەی بوونیادنانەوە و سەر لە نوێ دروست بوونەوەیان ئاسانتر ئەبێت. ئەوانەش ئالودەن بە پێچەوانەوە بە دەرکردنی داگیرکەرانیشیان پرۆسەی هەردوو جۆری جینۆساید بەرهەم ئەهێننەوە. کەواتە ، جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری چین؟.
لە بەر ئەوەی بە بابەتی سەربەخۆ لە سەر هەردوو جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوریم نوووسیوە، لێرەدا چەند سەرەپێنووسێک تەنها بە پێناسەی هەر یەکەیان ئەبەخشم .
جینۆسایدی سایکۆلۆژی : بریتی یە لە پرۆسەی لە مرۆڤ کەمتکردنی بە ئامانجکراوە هەتا ئەبێت بە هەستێکی جێگیر لای، ئەمە قوناغێک لە هەست بە کەمسەری زیاترە. هەست بە کەمسەری مرۆڤی ئالودە هەست ئەکات لە خەڵکی تر کەمترە، بەڵام هەستی لە مرۆڤ کەمتر واتەشیاوی هەمان مامەڵە و ژیان نیە کە لە ەگڵ مرۆڤ ئەکرێت . ئەم پرۆسەیە کورت خایەن نیە و پرۆسەیەکە لە شتە ساکارەکانی ژیانی مرۆڤەوە دەست پێ ئەکات کە ئەکرێت جنێودان بێت ‘ کوردی شاخی، بەبەریەکان ، تێکدەرەکان’ هەتا ئەگات بە پرۆگرامەکانی میدیا و گوێێ قانگدانی ئامانجکارو بە وێنە و مێژووی دروستکراو ، کەیسی ساختە و پێشاندانی تاوانەکانی ئەو گروپە ئیتر تاوانی ساختە بێت یان ڕاستی تا ئاستێک وا بکات کە گروپ ، یان نەتەوە و ئیتیکە بە ئامانجکراوەکە باوەڕ ئەهێنێت کە لە مرۆڤ کەمترە و ئەو گروپەی ئەو شیاوی سزادانە، بەر لەمانیش نزیکەی سەرجەم کۆمەڵگە ئەم هەستەیان لا دروست ئەبێت و پێیان وایە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەیان لەو جۆرە مرۆڤانە بپارێزن پێویستە هاوکاری دەسەلاتەکە بکەن بۆ بنبڕکردنی ئەوانەی بوون بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی وکلتوری و سیاسیەکانی وڵاتەکەیان. .
جینۆسایدی کلتوری : بریتی یە لە لەناوبردنێکی سیستماتیکی کلتور بە گشتی کە پێک هاتووە لە زمان، داب و نەرێت، زەپۆش ، ئاین، هونەر ، ئەدەب، پۆشاک، مێژوو، سیمبولە بۆماوەییەکان و هەر پنت وفاکتەریەک بەهای مرۆیی و نرخی کلتوری بە گروپی ئامانجکراو ببەخشێت و جێگیرکردنی کلتوری و داب و نەریەتی بکەر یان جینۆسایدکەر .ئەمە بۆ دۆخی کۆنڵۆنیالیزمیش هەر راست، داگیرکار بەر لە هەر شتێک کلتوری خۆی ئەچەسپێنێت. هەر گروپێک یان نەتەوەیەک داگیرکاری سایکۆلۆژی وکلتوری پەسەند نەبێت مەحاڵە جینۆساید بکرێت،داگیر بکرێت و لە ناو برێت. هەر نەتەوە و گروپێک لە ڕووی سایکۆلۆژی وکلتورییەوە داگیرکرا ئیتر داگیرکردنی گشتی و جینۆسایدی هەمیشەی ئاسان و مسۆگەرە، بە ئاستێک پاش ڕزگاربوونیش شەیداییان بۆ کلتور وداب و نەریەت و ئاینی داگیرکارەکە هەیە. بۆ نموونە کە پۆشاکی گەریلا بوو بە مۆدیلی جیهانی ، ئەکرێت گریمانەی ئەوە بکرایە، لە بازاڕەکانی کوردستاندا هەموو پەچە و عەگاڵ و عابا کۆبکردایەتەوە و جێگەیان بە پۆشاکی گەریلا پڕ بکرایەتەوە،نەک لە بەر ئەوەی پێویستە هەموو کەس ئەو پۆساکە بپۆشێت، بەڵکو لە بەر ئەوەی یەکەمیان هێمای ئازادی و دووەمیان هێمای کۆیلایەتیە. بەڵام ئەوەنەکرا، چوونکە خەڵکەکە شەیدایە بە کلتوری جینۆسایدکارەکانی، بووە بە بەشێک لە خواست و ئامانج و سیاسەتی داگیرکارانی. ئەمە دەردە دەروونیە بە ئاکاری سیاسەتمەداران وسەرکردەکانیشەوە دەبینیرێت کاتێک خۆی زۆر پێ لەوە لاوازتر وکەمترە بتوانێت بەڕێوەبەرایەتی بکات ، بۆیە وڵاتێکێ بێگانە و بکوژ ئەکات بە هاوبەش لە بەڕیوەبردنیکی لۆکاڵدا. لێرەوەیە ئەو دەسەڵاتدارە ئاوەزی بە هۆشیارکردنەوەی نیشتمانی ناشکێت چونکە لە بنەمادا کەسیەکی ناهۆشیار و ئاوەز ناساغە و درک بە هۆشیاریەکی تەندروست ناکات. بە پێچەوانەشەوە هەموو ململانیە کلتوریەکانی بەر لە جینۆسایدی کۆمەڵگەیەک دووبارە بەرهەم ئەهێنێتەوە. ئەمەش ناساغی و ناهۆشیاری سەرجەم کۆمەڵگە ئەگرێتەوە و لەم ئاستەشدا ئومێدی چارەسەرکردن ئێجگار کەمە ، چوونکە دەسنیشانکردنی نەخۆشی بەر لە چارەسەر دێت ، مرۆڤی ناهۆشیاریش کێشەکانی خۆی درک پێ ناکات .
لەم ڕوانگەیەوە نەتەوەیەکی وەکو کورد کە هەتا ئێستا هۆشیاری دەربارەی ئەو دیاردە ترسناکانە هێندە لاوازە، بە بێ تێبینیکردن، بەرهەم هێنانەوەیانی کردوە بە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی ساکار وتەنانەت هەندێ جاریش لە لای وەکو پیویست دەرئەکەوێت. بۆ نموونە لە میانەی جینۆسایدی ئێزیدەیکاندا ئەو مەلایانەی دەهاتنە سەر ساشەی تەلەفزیونەکان وچیرۆکی هەڵبەستراوی بکەرانی جینۆسایدیان بە ئێزیدی بە کورددا هەڵئەدا،ڕاستەوخۆ قسەکەر ومیدیاکار ومیدیاکەش بەشادربوون لەو جینۆسایدە لە میانەی ئەم فاکتەرانەوە:
١- بە هەر سێ میدیا ، میدیاکار و قسەکەر خەریکی جێ بە جێکردنی پرۆسەی جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتوری بوون بۆ ئەوەی کاریگەری تەواو لە سەر دەروون وئاوەزی گوێگرن دابنێن و ئەو کوشتن و لاقەکردن وجینۆسایدە ئاسایی وەربگرن و هیچ کاردانەوەکیان دژی نەبێت.
٢- کاری دوژمنانیان یان بکەرانی جینۆساید تەواو ئەکات لەوێدا تەنها کار لە سەر کۆنەستی خەڵک ناکات لە سەر کۆی پرۆسەی جینۆسایدەکە، بەڵکو ئەوانەشیان ڕزگاریان بووە جینۆساید ئەکات و ئەڵێت بە شەرحی داگیرکەر هاوکاریکردن وخواردن و پۆشاک پێ بەخشینیان نەک هەر دروست نیە گوناهیەکی گەورەشە.
٣- قسەکەر بە شیوەیەک کەوتوەتە ژێر کاریگەری خراپی جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتورییەوە، کلتور ومێژووی راستەقینەی خۆی و نەتەوەکەی ڕەت ئەکاتەوە بە هەمان نۆرم و زمانی بکەرانی جینۆسایدەکە، ئەوی ئەوان جێگیر ئەکات بە هێنانەوەی هەمان بەڵگەکانی جینۆسایدکار. .
٤- هێندە بۆ کلتوری داگیرکار و بکوژی میللەتەکەی دڵسۆزە بە شیوەی زارەکی قوربانی ئەکوژێت واتە جینۆسایدی ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە ئامادەیەکاتێک هەلی بۆ ڕەخسا و چەکی کەوتە دەست لە ڕووی فیزیکیشەوە جینۆسایدی نەتەوەکەی خۆی ئەکات لە پێناو نەتەوەی داگیرکەردا.
٥-لە بەر ئەوەی کورد پنتێکی هاوبەشی لە گەڵ داگیرکەرانیدا هەیە ، ئەویش ئاینە، ئەوانەی ئەیانەوێت جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتوری کورد درێژە پێ بدەن بۆ ئەوەی هەرگیز لە ڕووی دەروونی وکرداریشەوە دەستبەرداری کۆیلایەتی خۆیان نەبن، جێگەی هەموو ئاکارە نەشیاوەکان لەو ئاینەدا ئەکاتەوە و لە ڕێگەی خەڵکانێکی وەکو ئەو مەلایانەوە ئەیگەیەنێت. ئەو مەلا و تاکەی بە پۆشاک وکلتوری داگیرکەرەوە و بە زمانی خۆمان دێت جینۆسایدی سایکۆلۆژی لە سەر تاکەکان دروست ئەکات لە دەروونی خۆیدا بڕیاری لەپێشینەی داوە کە ئەو کۆمەڵگەیەی گەمژەییە و بۆیە هەرچی گەمژەییەکیش بەرهەم بهێنێت وەریئەگرێت. ئەم ختورەیەشی لەو دوو ڕوانگەوە ڕاستە. یەکێکیان ئەوەی کۆمەڵگەی لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە داڕوخاو هەموو جۆرە گەمژەییەک پەسەند ئەکات وکاری پێ ئەکات ، لە لایەکی دی کۆمەڵگەیەک هەر هەتیوە لوسکەیەک پۆشاکێکی مەلایانەی لە بەر کرد باوەڕی پێ ئەکات ئەمەش هەر کاری گەمژاندنە ، بەڵام لە سەروو ئەمانەوە، ئەوەی باوەڕی ئەم جۆرە کەسانە بتەو ئەکات بە برەودان ەب جینۆسایدی سایکۆلۆژی خەڵک میدیایە. میدیا کە پیویستە جاویەکی تیژ بێت بۆ بڕینی سنرەکانی نەست و چاوکەرەوەی جەماوە بەڵام لە باشترین باردا دەبێت بە ئامرازی گەمژاندنی جەماوەر، بە تایبەت کە کاتێک تەنها بوار نارەخسێنێت بۆ کەسانێک بە ساکاری جینۆسایدی سایکۆلۆژی خەڵکەکەی بکەن، بەڵکو ئەوەندەش هۆشیار نیە لە بەردەمی جەماوەردا پەردە لە سەر نیازی ساراوەی لابدات.
لە نێوان قسەکەر و میدکاردا ، قسەکەرلە هەردوو مەبەستدا وەکو کالێکراوی سایکۆلۆژیای کلتوری و وەکو بەکرێگیراوی بکەرانی جینۆسایدیش ، میدیاکار ئالودەی هەمان دەردە و ڤایرۆسی ناهۆشیاریش سەربارکردووە، چوونکە لە هیچ شوێنێکدا نە زانیاری سەبارەت بەو زانیاریانە مێژووی و کلتوری و ژیاریانە هەیە کە لە پازدە بەشدا تا ئێستا باسم کردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە قوربانی پێ بکات. نە زانیاری مرۆیی لایە بە پێی بەندەکانی مافی مرۆڤ و بەندەکانی دژە جینۆساید دژی زەهر ڕشتنەکانی بوەستێتەوە. نە هۆشیاری ڕاگەیاندنی لایە کەسێکی لە خۆی هۆشیارتر سەبارەت بەو پرسە هەستەوەرە بەرانبەر قسەکەر دابنێت، نە مۆراڵی نیشتمانیشی تێدایە دژی بوەستێتەوە ،ساکارترین دۆخ ئەوەیە کە ڕێگە نەدەیت کەسێک هەرچیەک بێت شیوەی دەسەڵاتەکانی ، سیاسی ، ئاینی ، کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری ژەهری جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتوری دژی بەشێک لە هاوڵاتیانی نیشتمانەکەی بڕزێت لە ڕێگەی تۆوە. لە سەروو هەموو ئەمانەوە هەردوو قسەکەر ومیدیاکار و سەرجەم کۆمەڵگەش ناهۆشیارن بەرانبەر ئەو راستیەی کە بە ئاین وبە کلتور، ئیسلام و کلتوری کوردی دوالیزمانە وبێ سنوور کلتوری ئیزیدی بەکار ئەهێنێت و لە ژیانی ڕۆژانەدا. کەواتە ئەو دوالیزم بەکارهێنانە کلتوری وئاینیانەی چین کە کورد وئیسلام قۆرخیکردن وبە بێ قسەکردن و ئاوڕدانەوە لێیان؟