نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ئێوارە پێنج شەمەی ڕابردوو ھەردوو زلھێزی جیھان ئەمریکاو ڕووسیا ڕێکەوتن لە سەر ئاگربەس لە سووریا بە ئامانجی ڕێخۆشکردن بۆ بەستنی دانیشتنەکانی کۆنگرەی جنێف لە لە ٧/٣ مانگی داھاتوو و ھەروەھا ڕێگرتن لە کۆچی بە کۆمەڵی ھاووڵاتیانی سڤیل لە باکووری حەلەب و گەیاندنی کۆمەک و پێداویستی مرۆیی بۆ ھاووڵاتیانی گەمارۆدراوو لە و ناوچانە .
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان و تا ڕادەیەک نامۆیە لە مێژووی ھەموو ئاگربەسەکان لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین و بگرە جیھانیش ئەوەیە کە دوو وڵاتی زلھێز ڕێککەوتوون لە سەر ئاگربەسەکە بە بێ پرس و تەنانەت ڕاوێژ بە لایەنە گرنگەکانی شەڕەکە لە سەر خاک و تەنانەت ئەوانەی وا لە دامێن و پەراوێزی شەڕەکەدان و وڵاتانی ئیقلیمی شیان تووشی حەپەسان کرد .
بە ھەرحاڵ لە بارودۆخێکی وەکو ئەوەی ئێستای سووریا کە سەرچاوەکانی ھەواڵ باس لە بوونی زیاتر لە ١٠٦٠ تاقم و گروھو لایەن و ڕێکخراو دەکەن کە نزیکەی ٢٥٠ لایەنیان زیاتر ھێزی چەکدارو میلیشیاتی تایبەت بە خۆیان ھەیە و ئاگربەسەکە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) و بەرەی نوسرە و ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی دی ناگرێتەوە و تورکیاش لە زمانی سەرۆک وەزیرەکەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەوانیش ھێزەکانی ھەپەگە و یەپەژە بە تیرۆریست دەناسن و دەست لە بۆمبابارانکردن و پرۆسە سەربازیەکانیان بەرنادەن , بێجگە لەوەی کە ھەموو ئەو لایانانە تێکەڵاوی جوگرافیان ھەیە و لەوانەیە لە کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا چەند ڕێکخراوێکی چەکداری جیاواز بوونیان ھەبێت و لە نەبوونی ھیچ میکانیزمێکی کاریگەر بۆ زێرەڤانی دۆخەکە بزانێت کێ پابەندەو ؟ کێ پێشێلکار ؟ بۆیە دەرفەت و ئومێدی درێژەکێشان و بەرقەرار بوونی ئاگر بڕ زۆر ئەستەمە بە بڕوای من .
ئەمانە لە لایەک لە لایەکی ترەوەھەرچەندە داعش تا ئێستە بێدەنگی ھەڵبژاردووە بەڵام ئەبو موحەمەد جۆلانی سەرۆکی بەرەی نوسرەی تیرۆریست کە ئاگربەسەکە ئەوان ناگرێتەوە لە لێدوانێکی دەنگیدا ئاگربەسەکەی بە شەرمەزاری و زەلیلی وەسفکرد و داوای لە گروھە تیرۆریستیەکان کە پابەند نەبن پێوەی و ئەمە بە ھەوڵێک دەزانێت بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد, لەلایەکی ترەوە جۆرج سەبرا جێگری سەرۆکی شاندی دانوسانکاری ئۆپۆزەسیۆنی سوریا لە جنێف وتی زەمینە ھیچ لە بارو گونجاو نیە بۆ درێژەکێشانی ئاگربەسە کە بە بوونی ڕووسیا لە پێگەی دوژمن و دادوەریش لە ھەمان کاتدا .
بەڵام لەلایەکی ترەوە ناکۆکی وململانێکان لە ئاستی دەرەوە خوێندنەوەی جیاواز ھەڵدەگرن ئەگەر لە پەیوەندیەکانی ڕووسیاو سووریا بڕوانین ھەست بە بوونی جیاوازی لە سەر ئایندەی سوریا وماوەی ڕاگوزەری و گۆڕانکاری لە پەیکەری دەسەڵات و پرۆسەی سیاسیدا دەبینرێت و بە تایبەتی لەم دواییە دا بەشار ئەسەد مەرسومێکی دەرکرد وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کۆتایی مانگی نیساندا ڕاگەیاند وەکو ھەنگاوێکی پێشگرتن بە خواستەکانی ڕووسیا بەڵام ھاوڕاو تەبان بۆ درێژەدان بە شەڕی تیرۆر وەلانانی ناکۆکیەکان .
ھەروەھا لە ھەمانکاتدا سەرچاوەکانی ھەوڵ باس لەوە دەکەن ئەمریکیەکان باس لە پلانی B دەکەن لە کاتی شکستھێنانی ئاگربەس لە سوریادا ئەو پلانەش بریتیە لە ئەگەری ناردنی ھێزی تایبەتی ئەمریکی زیاتر بۆ سوریاو زیادکردنی کۆمەک و یارمەتی سەربازی و لۆجستیکی بۆ ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریا و کەڵک وەرگرتن لە یارمەتی وڵاتانی تر لە چەک و جبەخانەو پێداویستیەکانی تر و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی دژە فڕین و ئارام بۆ ئاوارەکان و پاراستیان لە ھێرشەکانی ڕژێم .
بەڵام فەرەنسیەکان پلانی B بە گونجاو و لە جێ ی خۆی نازانن چونکە فەرەنسیەکان لەو بڕوایەدان ئەمریکیەکان نایانەوێت زیاتر بچنە ناو قوڕو چڵپاوی سووریاوە و ھەموو گرەوەکانیان لە سەر گۆڕینی ھەڵوێستی سەرۆکی ڕووسیا فلادیمێر پۆتینە .
بەڵێ ئێستا لە دوای ھەمووئەو گۆڕانکاری و پێشووە چوونانەی دۆخی سووریا ئاگربەسەکە پێناچێت ئیتر چەک پشوو بدات و نۆرەی دان وسان و گفتوگۆ و ڕێگا چارەی سیاسی و دبلۆماسی بێت بەڵکو ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن خۆ ئامادەکردن و سازدان وجۆشدان بێت بۆ خولێکی شەڕی خوێناوی وێرانکەری زیاتر چونکە شەڕی سووریا لە شەڕێکی ناوخۆیەوە گۆڕا بۆ شەڕێکی ئیقلیمی و لەویشەوە بۆ شەڕێکی جیھانی و لە کۆنترۆڵ دەرچووە لە ڕووی سیاسی و سەربازیشەوە .
بە ھەرحاڵ سیناریۆی دوای شکستھێنانی ئاگربەسەکە زۆرسامناک و خوێناوی و گورچکبڕ دەبێت کە ھەر لە ئێستاوە فڕۆکە جەنگیەکانی عەرەبستانی سعودیە لە بنکەی ئەنجەرلیکی تورکیان و دەڵێن بۆ شەڕی داعش ھاتوون بەڵام ھەندێک لە چاودێران لە بڕوایەدان کەلە ژێر ئەو پەردەیەدا ئامانجی تر ھەیە ئەویش دابەشکردنی جوگرافی سوریایە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سوونەیە لە ڕقەو دێر زور و حەسەکە کە درێژدەبێتەوە تاوەکو مووسڵ.
دەمێنێتەوە سەرئەوەی ئایا ڕۆکێتەکانی ڕووسیالە جۆری s٤٠٠ بوار دەدەن ئەم نەخشە ڕێگایەی سعوودیە وتورکیا بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە ؟ ئایا ئەمریکا دەستەوەستان دەبێت لە ئەنجامی ھەر گۆڕانکاریەک ؟
ئایا شەڕێکی سعودی و تورکی لە گەڵ ڕووسیا بەرپا دەبێت یان شەڕێکی جیھانی ئەمریکی ڕووسی ؟
بێگومان ڕووداوەکانی ئایندە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.