نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەرچی فلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند لە دوای بەدیھێنانی زۆربەی ئامانجەکانیان بڕیاریدا زۆربەی ھەرەزۆری ھێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە ھەوڵە دیبلۆماسی و سیاسیەکانی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەری ئاشتی قەیرانەکە بەڵام ئەولێدوانە بۆ چاودێرانی دۆخی سووریا ناوچەکە بە گشتی جێگەی گومان و پرسیارە.
لە ھەمان کاتیشدا یەکەم جار نیە چ سۆڤیەتی جاران و ڕووسیای ئێستاش لە نیوەی ڕێگادا دۆستەکانیان بە جێبھێڵن ھەر لە دوای شەڕی جیھانی دووەمەوە ئەوەی لە گەڵ کوردو ئازەرەکان کردیان لە ئێران و دواتریش لە گەڵ ڕژیّمەکانی سەدام و قەزافی .
ئەگەرچی خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەو ھەنگاوە کتوپڕو لە ناکاوەی پۆتین بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لە سووریا دەکرێت کە تاچەند کاتژمێرێک پێش بڕیارەکە لایەنێکی ئامادەو کاریگەری ململانێکانی سووریا بوو لە لایەک ھەوڵی ناردنی چەندین لایەن و کەسایەتی کارای دە دا بۆ کۆنگرەی جنێف و لە لایەک چاودێری پێشێلکاریەکانی ئاگربەس و ھەوڵدان بۆ پابەند بوونی چەندین گرووپی چەکداری تر بە ئاگربەسەوە بوو ,
لە پڕ و دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لە گەڵ بەشار ئەسەد دا بڕیارەکەی ڕاگەیاندو زۆرێک لە چاودێران بڕیارەکە بۆ سەرھەڵدانی ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لە نێوان ڕژێمی سوریاو کرملین دا دەگێڕنەوە کە پێشتریش لە وتارێکی ترمدا ئاماژەم پیّداوە کاتێک بەشار ئەسەد لە مەرسوومێکدا وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە مانگی نیسانی داھاتوودا دیاریکرد کە ھەموو ھەوڵەکانی ئاشتی و دان و سانەکانی لایەنەکان وزلھێزەکانی جیھان و ناوچەکەی بێ ئاکام کرد ئیتر بە پێویستی نازانن کۆمەک و ھاریکاری ڕژێم بکەن ھەروەکو بە بە رچاوی ھەموو لایەکەوە ڕوونە ھێزەکانی ڕووسیا تەرازووی ھێزیان لە بەرژەوەندی ڕژێم گۆری لە چەند مانگی ڕابردوودا .
ھەروەکو ئەوەش ئاشکرایە چۆن لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەی ئاشتیەدا کە کاری بۆ دەکرێت ئێران کەفالەتی پابەند بوونی گروپە شیعیەکان و حزبوڵایە و ئەمریکاش کەفیلی وڵاتانی ناوچەکەیە کە پشتیوانی تاقمە چەکدارەکان دەکەن ڕووسیاش کەفیلی سووریایە بۆ پابەند بوون بە ھەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتیەوە .خاڵی گرنگیش لێدوانەکانی وەلید موعولیم ی وەزیری دەرەوەی سووریا و سەرۆکی شاندی دانووسانکاری ڕژێم بوو کە ووتی نە دیمستۆرا نە ھیچ کەسێکی تر بۆی نیە باسی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکات بۆ سووریا کە ئەمش تەواو پێچەوانەی خواستەکانی ھەموو لایەنەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریا بوو کە خوازیاری دەستەیەکی حوکمڕانی ڕاگوزەر بوون بە بێ ئەسەد .
لە لایەکی ترەوە پێدەچێت ڕووسیا پاراستنی ڕژێمی سووریا بۆ ئێران و حزبوڵا بەتەنیا بە جێ بھێڵێت ئەو بارە قوورسە بدات بە شانیاندا لە دوای ئەوەی ئێران قایل نەبوو بەو ڕێکەوتنە نەوتیە ی کە لە نێوان عەرەبستانی سعوودیەو ڕووسیا کرا بۆ دیاریکردنی ڕادەی فرۆشتنی نەوت بەڵام ئەوەش ئەو گومانەی ڕەواندەوە کاتێک ڕووسیا ڕێگر بوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە بڕیارێکی ئەمریکا بۆ پرۆتستۆکردنی تاقیکردنەوە بالیستیەکانی ئێران .
خوێندنەوەیەکی دی بۆ بڕیارەکە بارودۆخی ئابووری ڕووسیاو دابەزینی نرخی نەوت و کورتھێنانی بوودجەو داکشانی ڕادەی گەشە ی ئابووری بە ڕادەی ٣.٧% و پێشبینیەکانیش دەڵێن لە ٢٠١٦ خرابتر دەبێت کە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە بوودجەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بە ڕادەی ٥% کەم بکرێتەوە .
لە بەرامبەریشدا جنراڵ فیلیب بریدلۆف فەرماندەی گشتی ھێزەکانی ناتۆ لە دانیشتنێکی گوێگرتندا لە سەر بوودجەی بەرگری ڕایگەیاند لە کابیتۆل ھۆڵ لە واشنتۆن کە بە نیازن لیوایەکی تەواو ھێزی جەنگاوەر لە ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاو وڵاتانی بەلتیق و تەواو سنووری ڕووسیا بڵاوە پێبکەن , و لە ھەمان کاتیشدا بڵاوکراوەی ( میدیڵ ئێست بریفینغ ) کە کۆمەڵەی ڕاوێژکاری ڕۆژھەڵات بڵاوی دەکاتەوە ڕایگەیاند کە بنتاگۆن وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ھێواشی پرۆسەی نوێکردنەوەی ھەموو چەکە ستراتیجی و ئەتۆمی و سیستمەکانی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی دەستپێکردووەو ئامادەدەبن بەرامبەر ڕووسیا ھەروەھا بنتاگۆن ئامادەی دەربڕیووە کە ١٠ بلیۆن دۆلار لە دە ساڵی داھاتوودا خەرج بکات بۆ ھەمان مەبەست .
خوێندنەوەیەکی تر بۆ بڕیارەکەی پۆتین ئەوەیە کە ھەروەکو جون کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ئەگەری شکستھێنانی ئاگربەس و دانیشتنەکانی کۆنگرەی جنێف پلانی B و ئەڵتەرنەتیفی تریان دەبێت کە کۆمەکی زیاتر بە ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆن دەکەن و دوورنیە ئابڵووقەو سزای ئابووری زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا بە ھەرحاڵ ڕووسیا بە بیانووی لێدانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرە ھاتە سووریاوە و ئامانجەکەشی بەدی نەھات لە ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆنی میانەڕەویشی دا و زیاتر لە ٩ ھەزار گورزی ئاسمانی وەشاند ھەرچەندە لە سەر زەوی ھەندێک خاکیان لێسەنرایەوە بەڵام لە پرۆسەی سیاسی ھەرماون و لە جنێف ئامادەی دانیشتنەکانن و خوازیاری گۆڕانکاری سیاسی و وەرگرتنی دەسەڵاتن لە ڕژێمی ئەسەد ھەرچەندە ڕژێم خۆی لە داواکاریەکانیان دەشارێتەوەو بەڵام ئەوەی ڕووسیا بە دەستی ھێنا مانەوەی ڕژێمی ئەسەدە لە کاتی ئێستادا واتە درێژەکێشانی شەڕو تێوەگلانی ڕووسیا بەو قەیرانەی سووریا ونوقم بوونی لە قوڕاوی ئەو وڵاتەدا کە پێدەچێت پۆتین بەم ھەنگاوەی خۆی دەربازبکات لەو چڵپاوەی کە تێ ی کەوتووە.