کازیوە ساڵح 1-6
گەرچی میتۆد وفۆرمەکانی توندوتیژی بە شێوەی بەرفراوان شروڤەکراوە، بەڵام باسی وندوتیژی زیاتر لە ڕوانگەی توندوتیژی جەستەیەوە ئەکرێت ، کە توندوتیژی کەسییە. بنەمای توندوتیژی بە بۆچوونی من دەزگاییە و توندوتیژی جەستەیەش ئاکاری ژێر لقی یەک جۆرە لە توندوتیژییە دەزگایەکان . بە پێێ لێکۆڵینەوەکان دوو جۆر توندوتیژیە بوونی هەیە ، یەکێکی دەزگای ویەکێکی کەسی. بەڵام من پێم وایە کەسێکەش هەر دەزگاییە و بوونی توندوتیژی کەسی تەنها لە میانەی ڕێگەدانی دەزگاییەوەیە، واتە لە کەوتنی داوەریدا بەرهەم دێت.
هانا ئەرەنت ( ١٩٧٠) پێی وایە” توندوتیژی هیچ نیە جگە لە سیمایەکی دیارو بێ شەرمی هێماکانی دەسەلات”( ل.٣٥ ). ئەم پێناسەیەش هێمابەخشە بەوەی کە توندوتیژی هەڵگری فۆرمی جیاوازە، هێندەی جیاوازی و جۆری دەسەڵاتەکان. ئەم بابەتە ئەو ئارگیومەنتە ئەوروژینت کە زمانی دەسەلات جەندەری هەیە، هەرچی بێت جۆری دەسەڵاتەکە، سیاسی، کۆمەڵایەتی ، ئابوری، کولتوری وئاینی جەندەر تێدا چالاکە. هەر یەک لەم دەسەڵاتانە باس لە جەندەری زمان و زمانی جەندەر ئەکات. ئەم جەندرە زمانەوانیەی لێرەدا باسی دەکەم ئەو جەندەرە نیە کە ڕۆژئاوا لە ڕووی بە کارهێنانی سیفەتی زمانەوانیەوە بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێ باسی لێوە دەکات . بەڵکو زمانی کوردی دیالەکتیکی سۆرانی* تا ئاستێک یەکڕەگەزە لە کاتی گوزارشتکردن لە مرۆڤ بەڵام بۆ ئاژەڵ جیوازی نێر ومێ لە میانەی ناوەکە خۆی نەک پێشگر وپاشگر دەرئەکەوێت. ئەکرێت ئەمەش یەکێک لە سیفەتە باشەکانی زمانی کوردی بێت بە سەر هەموو ئەو زمانانەی کە ڕەگەزی نیڕ ومێ لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ جیا ئەکاتەو. بەڵام ئەم بابەتە دەخوازێت لە جەندەری ئەو سیما بێ شەرمەی دەسەڵات بنواڕێت کە بە بۆچوونی ئارەنت بەرهەم هێنەری توندوتیژیە.
جگە لەو لایەنە ڕوناکی ئەخاتە سەر چەند خاڵێک لە مەڕ شکستیەکانی دەربڕین لە نێو هەردوو کۆمەڵی ڕۆهەڵاتی و ڕۆژئاواییدا و ئەو دەستەواژانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت بە دەستەواژەی مردوو یان زمانی مردوو _بێ کەڵک بۆ بەکارهێنان ناوزەد ئەکەم . دواتر تێوەلکانی ڕەهندەکانی زمان و ڕەوشت بەرنبەر ژن ڕاڤە ئەکات وهەوڵئەدات دووفاقیەکانی بەرجەستەکردنی ڕەوشت ناو بنێت ‘ رەوشتی تیوری و ڕەوشتی پراکتیکی’ لە میانەیەوە دووفاقیەتی مامەڵەی مرۆڤایەتی بەرجەستە بکات لە نێو ئەو کۆمەڵانەی وەکو کورد خاوەنی تیوری زانستی نین لە سیستمی بەڕیوەبردندا ، لەم دووفاقیەشدا ژن دەکرێت بە قوربانی یەکەم. لە کۆتاییدا ئەم وتارە ئاماژە بەو دەستەواژە زمانەوانیانە ئەکات ئاژەڵی تیا ئەکرێت بە قوربانی و لە میانەیی ئەم دەستەواژانەشەوە ڕوون دەبێتەوە کە کۆمەڵی کوردی ژن و ئاژەڵی وەکو دوو بوونەوەری بێ بەها وبێ نرخ چوواندوە.
پێناسەی هەردوو چەمکی دەسەڵات و توندتیژی پارتریارکیە،لە گەڵ بیستنیدا نێر لە ئاوەزدا ئامادەیی هەیە،ئەمەش مانای ئەوەیە هەردوو چەمکەکە بەرگی جیاوازی جەندەری و پیاوانەی پۆشیوە. ئەمەش پەیوەندی بە توخمی وشەکانەوە نیە ئەوەندەی پابەندە بە و وزە نەریێیە دەسەڵاتی پەرتریارکی بە چەمکەکانی بەخشیوە. ئەو وزە نەریەیەش توخمی نێر خۆی نەبەخشیوە ، بەو بەڵگەی مناڵێک کە لە دایک ئەبێت نێر بێت یان مێ توخمێک نەریەیی نیە بەڵکو ئەرییە . بە بەخشین و لێسەندنەوەی دەسەڵات ئەبن بە دوو توخمی جیاواز و لایەک ئەخاتە چوارچێوەی پاسیڤ و لایەک ئاکتیڤ. بە دەستگرتنی توخمی نێر بە سەر بوارە سیاسی،ئابوری، کۆمەڵایەتی و کولتووردیەکاندا ئاراستەیەکی توندتیژیشی پێ بەخشیوە . چوون باوەڕم هاوتەریبە لە گەڵ ڕای ئەرەنت کە زانستی ‘بێژەزانی’ تێرمەنۆلۆجی هەر یەک لە دەسەڵات، هێز، زۆرداری، فەرمانەڕەوایی و توندتیژی دیاردەی جیاوازن، بەڵام لەوێدا یەکن کە یەک سەرچاوەیان هەیە. بوونی هەر یەک لەم تێرمانە لە بوونی ئاکارەکەدایە.
لەلایەک لە بەر هەر یەک لەو ئاکارە نێرانەن و چەمکەکانیش داهێنانی نێرن ، لە لایەکی دی، لە بەر ئەوەی ئەو هێزەی دەزگایە جەندەریە بەردەوام وایانبینیوە ژن بە کەڵکی سیاسەت ، وەرزش ، دەستەبەرکردنی هێزی دەزگای و ئەو کارانە نایەت کە پرۆفیشنالیزمی ئەوێت. لە کاتێکدا ئەزموون پێچەوانەی سەلماندووە وەکو کردار، بەڵام وەکو کولتوور باوەڕەکە جێگیرە چوونکە ژن بەرهەم هێنەری زۆرداری وتوندوتیژی نیە. لێرەدا باسی ڕێژەیی گشتی ئەکەین نەک تاکڕەو. توندوتیژی زمانەوانی ڕەگەزی نێر بەرانبەر بە ڕەگەزی مێ لە گاڵتەو نوکتەکانی مناڵییەوە دەست پێ دەکات بۆ زمانە زبرەکانی گەورەی و زمانە بکوژەکانی دەسەڵاتە تۆلیتاریەکان کۆتایی دێت . کەواتە زمان لە بنەمادا دەزگاییە ، لە دەزگەی خێزانەوە بۆ دەزگە و دەرگە گەورەکەی کۆمەڵگەو بۆ دەزگە داپلۆسێنەرەکان ڕژێم سەرکوتکارەکان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زمان دەزگەیەکە زیانە سایکۆلۆژیەکانی لە زیانە جەستەیەکانی زیاترە. کەواتە توندوتیژی جەستەیی کە لە میانەی توندوتیژی خێزانەوە زیاتر دێتە نێو گفتووگۆ سەبتایتڵی بابەتێکی گورەتر ووێنەیەکی بچووکی لکێنراوە بە دامێنی وێنە گەورەکەی توندوتیژییە.
ژمارەیەک چالەکەوان هەوڵ ئەدەن زمانەکە بگۆڕن، کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە بگۆڕن بە کۆمەڵێک دەستەواژەی دی کە هەمان واتا ببەخشن بەڵام لەرینەوەی بێ حورمەتی لە گوێدا کەمتر بێت. ئەمە ئەو ئاکارەیە من دژیم، پێم وایە لە چارەسەری ئەو بە ساڵاجووە نەشارەزا ئەچێت بۆ هەر ئازارێکی جەستەی دەچێتە دەرمانخانەی گەڕەک و داوای لێدانی دەرزێکی لێ ئەکات بە بێ ئەوەی لە سەرچاوەی ئازارەکە بگات و هۆکارەکانی چارەسەر بکرێت. من پێم وایە پێویستە دەزگاکە بگۆردرێت نەک وشەکان. گۆڕینی وشە و دەستەواژەکان هیچ لە کرۆکی کێشەکان ناگۆڕیت، کە دەزگاش گۆرا وشەکان لە بوونیشیاندا نائامادەن.باوەڕم بەو بۆچوونەی کارل ماکس (١٩٧٩) هەیە کە پێی وایە گۆڕینی زمان وەکو گۆڕینی یاساییە ، کاریگەری لە سەر فۆرم هەیە نەک ناوەرۆک، بەڵکو پیویستە کولتوور بگۆڕدرێت. بەڵام لە راستیدا کولتوور چەمکێکی فراوانە ، وێنەی چەترێکە سەرجەم هەمانەکانی ژیان لە ژێردا هەڵواسراوە و یەکێکێشیان زمانە. واتە زمانە بەشێکە لە دەزگایەکی گەورە تر. بەڵام ئەو دەزگا گەورەیەش چەند دەزگای دیکەی لە ناودایە کە بەڕێوەبردنی ژیانیان پێ سپێدراوە وهەر یەک لەو دەزگایانەش جەندەرایز کراون بە پێێ ئەو دەرهاویشتە توندوتیژانەی بەرهەمیان هێناوە ، ئەو ئاکارانەش پیویستی بە بەرهەمهێنانی زمانی توندتوتیژی وەکو هێز ، دەسەڵات ، زۆرداری ، داگیرکاری ، و ..تد هەیە ، ژن لە بەر ئەوەی بەرهەم هێنەری سەرەکیان نیە و هەر یەک لەو چەمکانە و زمان و هێمای دەسەڵات بە گشتی بە هەموو جۆرەکانیەوە جەندەرایز کراوە و بووە بە موڵکی یەک ڕەگەز. یەکڕەگەزێکەشی یەک مۆرکی دەزگایی بە زمان بەخشیوە ودوو مۆرکی توندوتیژی. لە سەرو هەموو لێکدانەوەکان، لۆژیک وئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ئەو توخمە گەرچی هەموو شەڕ و توندوتیژیەکان بەرهەم ئەهێنن بۆ کوشتنی یەک و بەڵام لە یەک مەسەلەدا یەککڕیزن ئەویش لە میتۆدی دژایەتێکردنیاندایە دژی دەسەلاتی ژن تەنانەت دەسەلاتە سروشتێ و بایۆلۆجێکەشی . لە هەموو ئەو پێگە دەزگایانەی پێشتر باسمکرد ، گەورەترین ترسی پیاو ئەوەیە دەسەلاتی بەرانبەر بە ژن لە دەست بدات، ئەمەش یەکڕیزی کردوون لە مەسەلەی دژایەتیکردنیان و ئەم یەکبوونەشیان جاریەکی دی کردوونی بە دەزگا لە ڕووی هێز وقەوارە و بۆچوون و جێگیرکردنی جەندەری زمان وتوندوتیژیەکانی.
سەرچاوە
• Hannah Arendt, On Violence ،New York: Harcourt, Brace & World, Inc., 1970), p. 35.
• Karl Marx, “On the Jewish Question,” The Marx-Engels Reader, ed. Robert C. Tucker, 2nd ed. (New York: W.W. Norton, 1978), esp. pp. 30-36.
* لێرەدا ئاماژەم بە سۆرانی کردووە چوون شارەزای دیالەکتیکە کوردیەکانی دی نیم.