(یه‌که‌مین خه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌یی کتێبی کورد،
خه‌ڵاتی دوکتۆر “برایم یۆنسی” و چه‌ند په‌یڤێک)
پاش چاوه‌ڕوانییه‌کی چه‌ندین هه‌یڤه ڕۆژانی 11 و 12ی جۆزه‌ردانی 2716(1395ی هه‌تاوی) له شاری “بانه”ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له هۆڵی جڤینی ئۆتێل “لاله”ی ئه‌م شاره یه‌که‌مین خه‌ڵاتی کتێبی کوردی به به‌شداریی ژماره‌یه‌کی فره له ڕۆشنبیرانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور به‌ڕێوه چوو. که‌ناڵه‌کانی هه‌واڵ و ڕاگه‌یاندن، هه‌واڵه گرینگه‌کانی هاوپێوه‌ند به‌م فێستیڤاڵه و ده‌سپێک و کۆتاییه‌که‌یان بۆ جه‌ماوه‌ر گوێزته‌وه. هه‌ر چلۆنێک بێت فێستیڤاڵی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی کتێبی کورد به هه‌موو خاڵه ئه‌رێنیی و نه‌رێنییه‌کانیه‌وه کۆتایی پێ هات. “شه‌وبۆ محهممهدیانی”، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌که‌مین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی کتێبی کوردی له ده‌سپێکی په‌یامه‌که‌ی بۆ ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ڵێت:” ئه‌ده‌ب ،جه‌نگی جێگیرکردنی جوانییه له‌م جیهانه سارده‌دا و هه‌وڵێکه بۆ پێناسه‌کردن و ڕێزنان له وێژه‌یه‌ک که تێیدا نووسه‌ر و خوێنه‌ر یه‌کێکن”. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مهه‌وێت تیشکی بخه‌مه سه‌ر و سووکه ئاوڕێکی لێ بده‌مه‌وه، ئاماژه‌دانه به چه‌ند خاڵێکی هه‌ستیار و گرینگ که که‌متر لایان لێ کرایه‌وه.
یه‌ک له‌و خاڵه هه‌ستیارانه، پشتگوێخرانی نوێنه‌ری چه‌ند جیلی ڕابردوو بوو که له به‌ینا و به‌ینی فێستیڤاڵ و په‌نێله‌کاندا ناڕه‌زایه‌تی ده‌یان ده‌نگی ئاماده‌بووی لێ که‌وته‌وه که مخابن ئه‌وه‌نده به هه‌ند وه‌رنه‌گیران. نه‌وه و جیلێک که سه‌رده‌می خۆی پێشڕه‌وی خه‌باتی چاندی له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا بووه و ئێستا له لایه‌ن توێژی به‌ناو زانستگهییهوه به هاسانی پشتگوێ ده‌خرێت. ئه‌م بانگهێشتنهکردن و ئاماده‌نه‌بوونه به دڵنیاییه‌وه به زیانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕووناکبیریی کورد ده‌شکێته‌وه و نه‌ریتێکی خراپ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو دهگرێزێتهوه که ئه‌ویش خه‌مساردی به‌رانبه‌ر نه‌وه‌ی ڕابردوو و قهدرنهزانبوونی نه‌وه‌ی پێشوویه که بێ سێ و دوو ئه‌م ئارێشه‌یه سبه‌ی به‌رۆکی خودی ئه‌م به ناو توێژه زانستگهیییه ده‌گرێته‌وه. وێڕای ڕێزم بۆ ئه‌م به‌ڕێزانه، به‌شێکی فره‌یان جگه له‌وه‌ی هه‌ڵگری بڕوانامه‌یه‌کی زانستگه‌یی بن، توانای نه‌خشاندنی نامه‌یه‌کی بێ هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی کوردییشیان نییه که‌چی بۆ هه‌موو کۆڕ و جڤین و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کوردی بانگهێشت ده‌کرێن و مایکبهدهستن. ئاماده‌نه‌بوونی زۆر نووسه‌ر و شاعیری پێشڕه‌وی کورد له‌م فێستیڤاڵه‌دا بۆ خۆ سه‌لـمێنه‌ری هه‌مان ڕاستییه.
درێژداڕی له په‌نێله‌کان له لایه‌ن خودی پێشکه‌شکاری په‌نێل و هه‌ندێکجار ده‌ورگێڕه‌کانی پهنێلهوه بڕستی له فێستیڤاڵه‌که بڕیبوو، به چه‌شنێک به‌داخه‌وه ژماره‌ی ئاماده‌بوو و به‌شدارانی زۆر له‌و په‌نێلانه بۆ سه‌د که‌س داده‌به‌زی. جگه له‌مه‌ش ده‌وری دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی له نێو پهنێلگێڕکاندا پرسێکی زه‌ق و به‌رچاو بوو که هه‌ر ئه‌مه‌ش مۆڵه‌ت و ده‌رفه‌تی ده‌رکه‌وتنی به ده‌نگی جیاواز نه‌ده‌دا چوونکه ئه‌ندامانی به‌شداری نێو په‌نێله‌کان ئه‌وه‌نده له یه‌که‌وه نزیک بوون که هه‌ستت به بوونی ده‌نگی جوایه‌ز نه‌ده‌کرد و زێتر مۆرکی ئه‌رێیان به‌سه‌ر ڕا و بۆچوونی یه‌کدییدا ده‌نا.
وهپشتگوێخستن و به نزم سه‌یرکردنی زۆر له‌و نووسین و وتار و کتێبانه‌ی که ڕه‌وانه‌ی خه‌ڵاته‌که کرابوون و به زمانداهێنانی ئه‌و پرسه له لایه‌ن لیژنه به ناو زانستییه‌کانه‌وه پێش دابه‌شبوون و ئاشکرابوونی ناوی وه‌رگر و براوه‌ی خه‌ڵاته‌کان، خاڵێکی نه‌رێنی دی نێو فێستیڤاڵه‌که بوو که له لایه‌که‌وه نیشانه بۆ لووتبه‌رزیی لیژنه‌ی پسپۆڕ و له‌و لاشه‌وه دڵئێشانی ئاماده‌بووانی لێ ده‌که‌وته‌وه؛ واته زۆر له‌و که‌سانه‌ی که کتێب و وتار و بابه‌تیان ڕه‌وانه کردبوو.
له په‌نێلی شێعر و لیژنه‌ی شێعریشدا هه‌ستت به ئاماده‌بوونی لایه‌نی جیاواز نه‌ده‌کرد و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه بۆ شێعری نها و ڕابردووی کوردی به ده‌وری یه‌ک بازنه‌دا ده‌سووڕایه‌وه. به واتایه‌کی دی من وه‌ک ئاماده‌بوویه‌کی ئه‌م فێستیڤاڵه و خوێنه‌رێکی به‌رده‌وامی شێعری کوردی، شتی نوێم له‌م به‌ڕێزانه‌وه به‌رگوێ نه‌که‌وت.
ئه‌م فێستیڤاڵه به هه‌موو خاڵه نه‌رێنییه‌کانیه‌وه، هه‌ڵگری کۆمه‌ڵه خاڵێکی ئه‌رێنیش بوو که نابێت پشتگوێ بخرێن. گردبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور له ده‌وری یه‌کدی و دوان و ئاخاوتن له‌سه‌ر پرسه هه‌ستیاره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ،هه‌لێکی زێڕین دێته ئه‌ژمار که له‌م جۆره فێستیڤاڵانه‌دا ده‌ڕه‌خسێت. ئاشنابوونی نووسه‌ر و ڕووناکبیرانی کورد به یه‌کتر و کۆڕه‌کانی به‌ینا و به‌ین و گوێزتنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کان بۆ یه‌کدی، له‌و خاڵه ئه‌رێنییانه دێنه ئه‌ژمار که له سایه‌ی ئه‌مجۆره فێستیڤاڵانه‌دا دێته دی.
یه‌کێکی تر له‌و خاڵانه‌ی گه‌ره‌ک (ده‌بێت) ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه که پێویست بوو بابه‌ت و نووسینه هه‌ڵبژێردراوه‌کان له دووتوێی نامیلکه یان کتێبێک‌دا خرابانه به‌رده‌ست به‌شداربووانی فێستیڤاڵه‌که‌وه تا شه‌رعییه‌ت و ڕه‌وابوونی زێتری به خه‌ڵاته‌که به‌خشیبایه. ئه‌مه‌ش هه‌ر به یه‌ک له لایه‌نه لاواز و نه‌رێنییه‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵه داده‌نرێت که هیچ په‌ڕتووک، وتار و بابه‌تێک به دیالێکته‌کانی دی زمانی کوردی جگه له کورمانجیی نێوه‌ڕاست، وه‌رنه‌گیرابوون. ئاماده‌نه‌بوونی ڕووناک‌بیری هه‌ر کامه له دیالێکته‌کانی دی زمانی کوردی، جۆرێک تاکڕه‌ویی دروست ده‌کات و له سه‌نگی فێستیڤاڵی له‌م چه‌شنه که‌م ده‌کاته‌وه که هیوا وایه بۆ ساڵانی دادێ، ئه‌م کهمایسییه قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه چوونکه کورد، خاوه‌نی یه‌ک زمانه و زمانی کوردییش به هه‌موو لق و پۆکانیه‌وه قورس‌تر و زه‌نگینتر ده‌بێت.
خاڵێکی دیکه که ڕاسته‌وخۆ به‌رۆکی به‌ڕێوه‌به‌ران ده‌گرێته‌وه و ڕووی ئه‌م په‌یڤه له‌وانه، ئه‌وه بوو که له حاڵێکدا زۆر ده‌مێکه خودی ده‌سته‌ڵاتی ئێران دانی به حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا ناوه و به فه‌رمی له هه‌رێم کۆنسوڵخانه‌ی هه‌یه و ڕۆژ له دوای ڕۆژ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێم چڕتر ده‌بێته‌وه به‌داخه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵه‌که خانمی به‌ناو ڕووناکبیر(شه‌وبۆ محهممهدیانی)، به زمانێکی زۆر کول و کاڵفامانه میوانانی هه‌رێم به میوانه ئێراقییه‌کان ناو ده‌بات که بۆ جڤین و فێستیڤاڵێکی ئه‌ده‌بیی کوردی، ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نامۆ و ناڕۆشنبیرانهیه و ئومێده کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیریی بۆ دادێ و داهاتوو به وشیارییه‌وه به‌رانبه‌ر به‌م گرینگه بجووڵێته‌وه.
به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌م نووسینه و یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی زێترین هه‌را و ده‌نگدانه‌وه‌ی لای کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیریی کوردی دروست کرد،سووکایه‌تی و بێڕیزیی گه‌وره نووسه‌ری ئێرانی “مه‌حموود دهوڵهتئابادی” له په‌یامه‌که‌ی بۆ فێستیڤاڵه‌که و ناوزه‌دکردنی کوردان به شۆڤێنیستبوون و، ئیشاره‌تدان به‌و خاڵه که “یۆنسی شۆڤێنیست نه‌بوو”،دێته ئه‌ژمار که ئه‌م پرسه بۆ خۆ له لایه‌که‌وه نیشانه‌ی خه‌مساردی و که‌مته‌رخه‌می به‌ڕێوه‌به‌ران و له‌و لاشه‌وه زاڵبوونی هزر و ئه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌ستبوون له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و بگره لای توێژی به‌ناو پێشڕه‌و و ڕووناک‌بیری ئێرانه.
مه‌حموود دهوڵهتئابادی که له نێو کورددا به نووسه‌رێکی پێشره‌و و ئازادیخواز داده‌نرێت و تا دێت ژماره‌یه‌کی زێتر له به‌رهه‌مه‌کانی ده‌کرێنه کوردی، مخابن به‌وپه‌ڕی بێویژدانییه‌وه کوردان به “شۆڤێنیست” تۆمه‌تبار ده‌کات و هه‌مان هه‌ستی ده‌مارگرژانه‌ی نێو ناخی زۆر به‌ناو ڕووناک‌بیری ئێرانی به‌رانبه‌ر زمان و چاندی کوردی بۆ هه‌مووان ده‌رده‌خات. ئه‌مه یه‌که‌مجار نییه نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی ئێرانیبهم چه‌شنه به‌رانبه‌ر خواست و داواکارییه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد دێنه ئاخاوتن و به زمانێکی به‌دوور له ڕێزنان بۆ سه‌ره‌تاییترین مافه‌کانی گه‌لی کورد قسه‌ی دڵیان دێننه زمان. ئه‌ویش به ناوی په‌یام بۆ فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتێکی ئه‌ده‌بیی کوردی که سه‌تی نه‌وه‌د و نۆی به‌شدارانی کورد و توێژی ده‌سته‌بژێری کوردن.
مه‌حموود دهوڵهتئابادی که ناوه‌ڕۆک و هه‌وێنی زۆر به‌رهه‌می کوردانی خۆراسانه و له ده‌ڤه‌رێکه‌وه چاوی له ڕووی ژین هه‌ڵدێنێت که کوردیش وه‌ک که‌مینه‌یه‌کی پشتگوێخراو تێیدا ده‌ژییت، ده‌بووایه به وردبینی زێتر و وشیاری فره‌تره‌وه قسه‌ی دڵی هێنابایه زمان. دهوڵهتئابادی که له نزیکه‌وه ئاشنا به ده‌رد و کوڵ و که‌سه‌ر و ژان و مه‌ینه‌تییه‌کانی گه‌لی کورده و خۆیشی به‌رده‌وام به‌ده‌ست نادادگهرییهوه ده‌ناڵێنێت و هاواری به‌رز ده‌کاته‌وه، ڕه‌وا نه‌بوو به‌و جۆره کاڵفامانه به‌رانبه‌ر کورد قسه‌ی کردبایه. ئه‌و کورده‌ی داوای مافه ڕه‌واکانی خۆی بکات، به‌رگریی و داکۆکیی له شوناس و ناسنامه‌ی خۆی بکات، ئه‌و گه‌له‌ی خاوه‌نی دیرۆکێکی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یه و به درێژایی مێژوو مافی بنپێ کراوه، ئه‌و میلله‌ته‌ی ده‌یه‌وێت وه‌ک گه‌لانی دی سه‌رزه‌وی خاوه‌نی کیان و ده‌سته‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر که‌س نه‌بووه و گه‌ره‌کیه‌تی ئاشتییانه له په‌نا هه‌موو نه‌ته‌وه و گه‌لانی ده‌ر و جیراندا بژییت، گه‌ر داوای ئه‌م مافانه بکات، ده‌بێت له لایه‌ن ڕووناک‌بیری وه‌ک مه‌حموود دهوڵهتئابادییهوه به شۆڤێنست ناوزه‌د بکرێت. ئه‌و کورده‌ی ده‌ستبه‌رداری چاند و فه‌رهه‌نگ و زمانی خۆی بێت و خزمه‌تی زمانانی سه‌رده‌ست بکات، به لای ئه‌م به‌ڕێزه‌وه ئیتر شۆڤێنیست نییه!! داخ و جه‌خار بۆ ئێمه‌ی کورد چلۆن به‌رانبه‌ر گه‌لان و نه‌ته‌وه‌کانی دی ده‌جووڵێینه‌وه که‌چی نه‌ک به لای خه‌ڵکی ئاسایی و ڕهشۆکهوه بگره به لای به‌ناو ده‌نگه دلێر و ئازادیخوازه‌کانی ئه‌م گه‌لانه‌وه ده‌بینه شۆڤێنست و هه‌زار ناو و ناتۆره‌مان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. هه‌ڵبه‌ت نابێت که‌مته‌رخه‌می خودی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ش به‌رانبه‌ر به‌م پرسه پشتگوێ بخه‌ین چوونکه په‌یامه‌که تۆمارکراو بوو و پێیان ده‌کرا یان بڵاوی نه‌که‌نه‌وه یانژی ئه‌و به‌شه‌ی که سه‌رانسه‌ر سووکایه‌تی و بێڕێزی به‌رانبه‌ر کورد بوو، ئیدیت و بقرتێنن.
باشه مه‌حموود دهوڵهتئابادی هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌رێکی به‌ناوبانگه و خودانی گه‌لێک به‌رهه‌می به‌پێزه، ئیتر بۆی هه‌یه بێڕیزیی به ناسنامه و شوناسی میلله‌تێک بکات و نابێت که‌س فزه بکات و لێی بێته ده‌نگ؟! ڕه‌خنه‌گرتنی ئێمه‌ی کورد و به‌رگری له شوناسی خۆمان ده‌بێته هه‌ستی ڕووت و ناسیۆناڵیستییانه و هی خه‌ڵکانی دی …؟! ئه‌و به‌ڕێزه گه‌ر مه‌زن بووایه پێش په‌یامه‌که، ورده زانیارییه‌کی له‌سه‌ر وێژه و ئه‌ده‌بی کوردی ده‌ست ده‌خست و پاشان په‌یامه‌که‌ی ده‌گوێزته‌وه. ئه‌مه ڕاستییه‌کی هه‌ژێنه‌ره له مێژساڵه خه‌ڵکانی دی بۆیان هه‌یه سووک و سانا به‌رانبه‌ر هه‌ر پرسێکی ئێمه‌ی کورد قسه‌ی خۆیان بێننه زمان که‌چی گه‌ر ئێمه هه‌مان قسه‌ی ئه‌وان به زمانی خۆ بدرکێنین، ده‌بینه نه‌ته‌وه‌په‌رست و هه‌زار ناو و ناتۆره‌ی دیکه‌مان ده‌ده‌نه پاڵ. ئه‌مه چیرۆکی گه‌لانی بنده‌ست و ئه‌و میلله‌تانه‌یه که ڕۆژگارێکی دوور و درێژه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێ نه‌دراوه به زمانی خۆ گوزارشت له تواناکانی خۆیان بکه‌ن و ته‌نانه‌ت جێی داخه زۆر به‌ناو ڕووناک‌بیری خودی ئه‌م میلله‌تانه‌ش له‌به‌ر هه‌ست به خۆکه‌مبینی و به نزم سه‌یرکردنی هه‌موو شتێکی خۆ، قسه‌ی ئه‌قڵییه‌ته زاڵه‌کان دووجاره ده‌که‌نه‌وه. دیاره ئه‌مه‌یان زۆر تاڵتره چوونکه کورد گوته‌نی ” دار هۆره‌ی له خۆی نه‌بێت، ناقڵیشێت”. به‌پێچه‌وانه‌وه ،به‌رگری زۆر نووسه‌ری کورد له شوناس و ناسنامه‌ی کوردیی خۆ با له ئاست گه‌وره‌یی دهوڵهتئابادی دا نه‌بن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆکار نووسه‌رانی مه‌زنی وه‌ک ئه‌م به‌ڕێزه، هه‌ر وا سووک و سانا قسه‌ی دڵیان نه‌هێننه زمان و پێش ئاخاوتن و گوێزتنه‌وه‌ی په‌یام، بڕێک سه‌رده‌مییانه‌تر زمانیان به په‌یڤین بکرێته‌وه و ئه‌و حه‌ق و مافه‌ی بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه و میلله‌ته‌که‌ی خۆ دایده‌نێن، هه‌مان مافیش بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی قایل بن که سیسته‌می تاکڕه‌ویی نێو وڵاتانی جیهانی سێیه‌م تووشی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی کردوون. ڕه‌نگه گه‌ر نووسه‌رێکی ئاسایی ئه‌و قسه‌یه‌ی هێنابایه زمان، ئه‌وه‌نده ده‌نگدانه‌وه و کاردانه‌وه‌ی لێ نه‌که‌وتبایه‌وه به‌ڵام ئه‌و چاوه‌ڕوانییه له نووسه‌رێکی وا مه‌زن نه‌ده‌کرا که به بێ ڕه‌چاوی هیچ شتێک به‌و جۆره بێته ئاخاوتن. نووسه‌رێک که بۆ خۆی به وردی ئاگاداری هه‌موو پرسێکی سه‌رده‌م و ڕابردووی ئه‌م هه‌رێمه‌یه. ئه‌مه هیچ له گه‌وره‌یی ئه‌و نووسه‌ره که‌م ناکاته‌وه که به‌رانبه‌ر به‌و په‌یامه نه‌زۆکه، په‌یامێک بڵاو بکاته‌وه و داوای لێبوردن له کوردان بکات. بڵێی خوێن و ڕه‌نگی میلله‌ت و زمانه‌که‌ی وی جوایهزتر له هیی ئێمه‌ی کورد بێت؟! با باڵای نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گرانی نه‌ته‌وه‌که‌ی من به قه‌د باڵای دهوڵهتئابادی به‌رز نه‌بێت به‌ڵام خۆ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه به زمانێکی سه‌رده‌مییانه قسه‌ی خۆمان بێنینه زمان. گه‌ر زمان و تۆره‌که‌ی ئێمه‌ی کورد به قه‌ده‌ر زمان و وێژه‌ی دهوڵهتئابادی له جیهاندا ناسراو نییه، ئه‌مه بۆ خۆی ده‌یان هۆکاری له پشتهوهوهیه و ده‌ره‌نجام و ئاکامی ئه‌و سته‌مه مێژوویییه دێته ئه‌ژمار که له‌م گه‌له چووه. ئیدی ئه‌و سه‌رده‌مه تێپه‌ڕی هه‌زار جۆره تۆمه‌ت و بوختان و ناحه‌قیی و سووکایه‌تی به شوناس و ناسنامه‌ی کوردی بکرێت و که‌س بۆی نه‌بێت به‌رگری له میلله‌ته‌که‌ی خۆی بکات و به‌رپه‌رچی بداته‌وه.
شیاوی ئاماژه‌پێدانه یه‌که‌مین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی کتێبی کوردی، خه‌ڵاتی دوکتۆر برایم یۆنسی ڕۆژانی 11 و 12ی جۆزه‌ردان له شاری بانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه چوو و براوه‌ی به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانیش خه‌ڵات کران.
بۆ وتن ده‌شێت “برایم یۆنسی” ساڵی 1305ی هه‌تاوی(1926) له “بانه” دیده‌ی له ڕووی ژیان هه‌ڵهێنا و ڕۆژی 19ی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1390ی هه‌تاوی(2012) له شاری “تاران”، کۆچی دوایی کرد و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی ته‌رمه‌که‌ی گه‌ڕێندرایه‌وه زێده‌که‌ی و له بناری “ئهربهبا”ی سه‌ربه‌رز و گۆڕستانی “سڵێمان به‌گ”ی بانه‌دا به خاکی نیشتمان سپێردرا. برایم یۆنسی خاوه‌نی پتر له 80 به‌رهه‌مه که به‌شێکی شاکاره جیهانییه‌کانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێڕاوه. هه‌روه‌ها خودانی ده‌یان به‌رهه‌م و نووسین به خامه‌که‌ی خۆیه‌تی و گه‌لێک کتێبی زهنگینیشی له‌سه‌ر دیرۆکی کوردان وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی فارسی. هه‌ر ئه‌وه‌نده ماوه‌ته‌وه بڵێم ئومێد ده‌کرێت ئه‌م خه‌ڵاته بۆ ساڵانی داهاتوو به‌رگێکی نوێتری بکرێته وه‌ر و له ڕووبه‌رێکی کراوه‌تر و به به‌شداری ڕۆشنبیرانی هه‌موو قۆناخه دیرۆکییه‌کان به‌ڕێوه بچێت.خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی دوکتۆر برایم یۆنسی یه‌که‌مین خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی کتێبی کوردییه له ئێران‌دا.
سه‌رنجێک: ئه‌م بابه‌ته هه‌ر دوابه‌دوای فێستیڤاڵه‌که نووسراوه که‌چی به‌داخه‌وه له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌میی خۆم، بڵاوکردنه‌وه‌ی دوا که‌وت. سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌کانی نووسینه‌که له ئه‌رشیڤی “لووتکه”دان.
جۆزه‌ردانی 2716(1395ی هه‌تاوی