دانا هەڵەبجەیی
07/03/2014
هەڵەبجە ئەبێتە پارێزگا یان نا؟،کەی و چۆن و کێ ئەیکا،، ئەمە پرسیارە گەرمەکانی ئێستای هەڵەبجە و دلسۆزانی گەلێکی بێ دەوڵەتە.
ئەگەر بکرێت چی، ئەگەر نەکرێت چی؟. کێ ئەیەوێت بکرێت و کێ نایەوێت؟. لەم چەند دێرەدا ئەمەوێت لە گۆشەنیگایەکی جوداوە ئەم بابەتە بجوڵینم، بەڵکو هەندێ وەڵام سەرەتاتکێ بکەن و گرێی کوێرەی ئەم دۆسیە بکرێتەوە.
هەڵەبجە و بەغدا
بەغدا لەگەرمەی شەڕی سونیدا لە ئەنبار و فەلوجە ، بە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرەکانی ڕیکلامێکی باشی بۆ حکومەتەکەی مالیکی کرد و تۆپەکەی هەڵدایە شەڕە تەواو نەبووەکەی پەرلەمانی عێراق. کە دوایی کرایە مەزادێکی ئاشکرا و تەلعەفەر وفەلوجەشی بە خۆیەوە ووروژاند. ئەوەندەی نەبرد قەیرانی داهات وموچە و بودجە و کێشەکانی هەرێم و بەغداشی چڕکردەوە، کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەڵەبجە کەوتە ژێرەوە و بە مایەی خۆیەوە ڕەوانەی ماڵی خۆی کرایەوە،.
هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان
لە ساڵی 1999 پەرلەمانی کوردستان بڕیاری بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەی دەرکردووە، وە هەر بڕیارێکیش کە پێش ڕۆخانی سەددام دەرچووبێت، یاساییە و ئەتوانرێت جێبەجێ بکرێت!، ئەی بۆ نەکرا یان ئەم بڕیارە بە تەنها بۆ نەکرا. ئەم هەویرەیان ئاوی زۆر کێشا و وەک نوقڵانە هەموو شانزەی سێیەک لێ ئەدرا بۆ میوانە ئازیزەکان. ئەوەبوو وەک دیارییەکی دەمبەستراو ڕەوانەی بەغدا کرا و شیرینییەکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق خواردیان. لە کاتیکدا ئەم بەپاریزگا بوونەی هەڵەبجە نە پێویستی بە بەغدا هەبوو، نە پێویستی بە پەرلەمانی عێراقە، بەڵکو ئەگەر بە گرنگ لە قەڵەم بدرایە، ئەوا حکومەتی هەرێم بە مەرسومێکی فەرمی هەرێمیی ئەیانتوانی ڕایبگەیەنن و توشی ئەم تۆپتۆپێنەش نەئەبوو.
هەڵەبجە و دەوڵەتی درواسێ
هەر لە درووستبوونی ئەم شارەوە ، تا ئێستا هەڵەبجە پەیوەندییەکی بەتینی سیاسی و بازرگانی و هامۆشۆی کۆمەڵایەتی هەبووە، هەڵەبجە ڕاستە سەر سنوورە ( خۆ بەصرەش هەروایە)، بەڵام سنوورەکەش هەمووی کوردنشینە و ئەگەر خێرێکی تێدا بێت، با پریشکێک بەر ئەو ئەوانیش بکەوێت. وە باوەڕ ناکەم ئێران وەک حکومەت نە دژی بێت ونە خۆێ تێدا هەلقوڕتینێت، لە کاتێکدا ئەبێتە هۆی چالاککردنی دوو مەرزی تری بازرگانی شۆشمێ و سازان و بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە.
هەڵەبجە و حیزبەکان
ئەمەیان لە هەموویان زیاتر حسابی بۆ ئەکرێت و هەڵەبجەیان لی بۆتە ئایە و مایەی بلانسە سیاسییەکانی خۆیان. ئەگەر هەر پارێزگایەک لە کوردستان، مۆرکی دەسەڵاتی حیزبێکی بەسەرەوە بێت، ئەی هەڵەبجە ئەبێتە پاروی چەوری کام حیزب؟!.
تۆ بڵێی بکرێتە ئیماراتێکی ئیسلامی و بەجیا وەک ئەوەی سەر بە ئەستیرەیەکی تر بێت، دوور بێت لە کەلتوور و سیمای حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەها و نۆرمە گشتییەکانی نەتەوەیەک؟.
ئەگەر هەڵەبجە ٣ قەزا داببڕێت لە سلێمانی و سلێمانی بچوک بکرێتەوە، کێ سووبەخش ئەبێت و کام حیزب زیانی لێ ئەکەوێت؟. ئەمە تا ئێستاش پەردەپۆش کراوە و مقۆمقۆی زۆری لە سەرە. کاری جدیشی بۆ ئەکرێت کە ئەم تای ترازووە لە بەرژەوەندی کام حیزبدا لاسەنگ بێت، گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیش زۆر جار قیروسیا لە نەتەوە و خەڵک و ستراتیژییە دووەرکانیش ئەکات.
ئەی چار؟؟
پێویست بەوە ناکات کەس کوڕی خۆی بکاتە قوربانی کچی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، کەواتە با قەزاکان ئازاد بن لەوەی کە سەر بە سلێمانی ئەمێننەوە یان دێنە سەر هەڵەبجە، چونکە بێ ئەوانیش هەڵەبجە بی کێشەی یاسایی ئەتوانرێت بکرێتە پارێزگا،.وە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕابگەیەنرێت بێ بەغدای عروبە.. .
ئەگەر هەڵەبجە ئاوی زەڵم و دەریاچەی سیروان ببێتە سنووری پاریزگاکەی ، وە تەنها هەورامانی هەبێت بە ناحیەی بیارە و خورماڵەوە، بە بڕوای من بنەما بازرگانی و گەشتوگوازر و کشتوکاڵەکەی خۆی دەپارێزێت.
ئیدی نە حیزبەکان و نە قەزاکان و نە پارێزگای سلیمانێش وەک حسابی بۆ کراوە ، زەرەرمەند ئەبن، وە نە ئەبنە کێشە و بەربەست بۆی، وە هەڵەبجەش خێراتر فریای گەشەپێدانی خۆی ئەکەوێت.
وە دوا چارەش ئەوەیە وەک کانتۆنێکی سەربەخۆ بکڕێتە شارێکی نمونەیی و سیمبولی ئاشتی و جینۆسایدی نەتەوە،(هەڵەبجەی بێ قەزاکان) وەک لە دنیا ئەم جۆرە کانتۆنانە هەیە و بوونەتە ئەزمونێکی سەرکەوتوی کارگێری و سیاسی. ئیدی ڕزگاری دەبیت لە بەندوبالۆرە سوواەکان، وخەڵکەکەشی ئاهێکی فێنک هەڵئەکەێشن.
لە دوایدا هەرکەس ولایەنێک ناتوانێت بیخاتە گەمە سیاسی و حیزبایەتییەکەی خۆی، وە هەڵەبجەش بە هەمەچەشنە ئایینی و زاراوەیی ئەبێتە نمونەیەکی جوانی قوربانیان و پێگە مێژوویەکەشی لە دەست نادات،،،،.
هەرچەند گەمە و کێشە سیاسییەکان لە زیادبووندا بن، هەڵەبجە پشکی یەکاڵاکەرەوەی بەر ئەکەوێت، وە ئەم شانزەی سێیەش نیازە باش و بەدەکان سەر ئاو ئەکەون!!. و هەڵەبجەش بی قەزا بێت… .