عەبدولغەفار عەبدوڵڵا : هاوڕێ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و هاوڕێم (ئەرسەلان عەبدوڵڵا) لەهەفتەی رابردوودا بەسەردانێک چووینە شاری سلێمانی، لەو سەردانەدا چەند ڕۆژنامەنووسێکی دۆست و هاوپیشە و چەند هونەرمەندێکی بەڕێزی ئەو شارەمان بینی. هەروەها یەکێک لەو تیپە هونەرییانەی کە هەر لە سەرەتاوە بەنیاز بووین لەو سەردانەدا بیانبینین، تیپی هونەری “ڕەنگاڵە” بوو.
زەنگێکم بۆ هونەرمەند (ماهیر حەسەن) لێ دا و دوای ئەحواڵپرسین، گوتی پێم باشە ئێوارە لە سەنتەری گەنجان یەکتر ببینن، سەرجەم هونەرمەندانی تیپ لەو کاتەدا لەوێن، پێم باشە ئەو شانۆگەریەی ئێستاکە نماییشی دەکەین و لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە بەردەوامە، ئێوەیش سەیری بکەن.
شانۆگەری (پارێزەرەکەی ڕەحمە) ناونیشانی ئەو بەرهەمە تازەیەی تیپی هونەریی “ڕەنگاڵە”ـیە، کە ئەمساڵ پێشکەشی دەکەن، کە چووین بۆ هۆڵی نماییش، حەشاماتێکی زۆر لە خەڵک لە بەردەم هۆڵەکە وەستابوون و ڕیزیان گرتبوو بۆ ژوورەوە، زۆربەی جەماوەر خێزان بوون، بە کۆمەڵ بۆ سەیری شانۆگەرییەکە هاتبوون.
کات (7:30) ئێوارە نماییشی شانۆگەرییەکە دەستی پێکرد، هەر لەگەڵ پەردەی یەکەم، جەماوەر بە دەم پێکەنین و چەپڵەڕێزانەوە هۆڵەکەیان گەرم کرد و خۆشی و شادییان لێ دەباری، ئەگەرچی حیوارەکان تاڕادەیەک دەکرا بەو شێوەیە نەبێت، بەڵام چونکە من ڕەخنەگرێکی بواری شانۆ نیم، ناکرێ هەڵسانگاندێکی پڕ بە پێستی خۆی، بۆ ئەو کارە بکەم، بۆیە ئەو بابەتە بۆ ڕەخنەگرانی بواری شانۆیی جێدەهێڵم.
لە هۆڵەکەدا لە تەنیشت نووسەری شانۆگەرییەکە بەڕێز (توفیق عەبدول) دانیشتبووم، بەر لە نماییشی شانۆگەرییەکەیش چەند پرسیارێکم ئاڕاستە کرد، بە تایبەتی لەسەر شێوازی داڕشتنی دەقی شانۆگەرییەکە پرسوباسمان کرد؟ لە وەڵامدا گوتی دەقەکە، هەڵقوڵاوی نێو خەم و ئازارەکانی ناخی خەڵکی وڵاتەکەی خۆمە، سەرجەم خەم و کێشە و گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەم وڵاتەم خستۆتە ڕوو، لە چوار چێوەی “کۆمیدیایەکی رەخنەیی”ـدا دەقەکەم داڕشتووە.
ئیتر دوای ئەوەی یەکەیەکەی دیمەنەکانی ئەو شانۆگەرییەم بینی، دیار بوو خەڵکی ئامادە بووی نێو هۆڵەکە، زۆریان لەلا جوان و سەرنجڕاکێش بوو، ئەگەرنا ئامادەبوونی ئەو جەماوەرە زۆرە، کە بە گوێرەی قسەکانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی تیپی هونەری “ڕەنگاڵە” ڕۆژانە زیاتر لە (350) کەس بە شێوەی بلیت دێنە هۆڵەکە و سەیری ئەو کارە دەکەن، دیارە ئەو رێژەیە ژمارەیەکی پێوانییە بۆ نمایشی هەر ڕۆژێک..
پەردەکانی شانۆگەرییەکە لە ماوەی (2) کاتژمێردا نمایش کرا، لە ماوەی ئەو دوو کاتژمێرەیشدا سەرجەم میوانانی ناو هۆڵەکە بە دەنگێکی بەرز پێدەکەنین و کۆنتڕۆڵی خۆیان پێ نەدەکرا، تەنانەت باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک هەبووبێت لەو ماوەیەدا پشکی زۆرترین پێکەنینی بەرنەکەوتبێ.
ئەوەی بووە جێگەی پرسیارە لە لای من، لەو سەردەمەدا کە زۆربەی شانۆکارە بەڕێزەکان، دەڵێن شانۆی کوردیی لە قەیراندایە، یان دەڵێن بینەر لە شانۆ تۆراوە، دەقی شانۆیی باشمان نەماوە، ئیتر دەیان قسەوباسی دی، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو بۆچوونەکانیان، باشە بۆچی تیپێکی هونەریی هەموو ساڵێک نماییشی کارێکی شانۆیی خۆی دەکات و بە شێوەی بلیت خەڵک پێشوازی لێدەکات و داهاتێکی زۆر چاکیش دەبێتە قازانج و سەرمایەی هونەرمەندانی بەشداربووی شانۆگەرییەکە؟!، کە بە پێی قسەکانی هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف) کە یەکێک بوو لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو شانۆگەرییە، هەموو سالێک نماییشی بەرهەمەکانیان لە (3) مانگ تێی پەڕاندووە، ژمارەی هەموو بلیتەکانیان ماوە، ئەو بەرهەمەی ئەم ساڵیان، کە ناوی (پارێزەرەکەی رەحمە)ـیە (10)ـمین بەرهەمی تیپەکەیانە، بەنیازیشن تا دوای جەژنی قوربان بە چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت و ئەو هونەرمەندە پێی وایە ئەمساڵ نماییشەکە لە سێ مانگ تێپەر دەکات.
منیش پێم وایە پەیام و ئاڕاستەکانی هونەر بە هەموو بەشەکانیەوە، ئیتر هەر لە (موزیک، گۆرانی، سینەما، دراما و شانۆ) دەبێ لە ناخی خەڵکەوە سەرچاوە بگرێ و دەبێ ببێتە زمانی خەڵک، بە تایبەتی “شانۆ”، کە مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا هەیە، بە تایبەتی لە وڵاتی ئێمەدا. سەردەمانێکی پێش ئێستا بە زمانی شانۆ ئازار و مەینەتییەکان دەخرایە بەرچاو و خەڵکیش هەمیشە خۆی دەبینیەوە لە ناخی دەقە شانۆییەکاندا.
ئەگەرچی بە ڕای هەندێک لە شانۆکاران، ئەو کارانەی تیپی هونەریی “ڕەنگاڵە” کە ساڵانە پێشکەشی دەکەن، بە سادەیی باسی لێوە دەکرێت و بە کارێکی بازرگانی چاوی لێدەکرێت، بەڵام (ماهیر حەسەن) لە بەرانبەر ئەو بۆچوونانەدا پێی گوتم، ئێمە هەموو ساڵێک ئەو کارە دەکەین، هۆڵی نماییش و ڕیکلامی تەلەڤزیۆن و هەڵواسینی پۆستەر لە بازاڕ و دابینکردنی کارمەندی چاودێریی هۆڵ، هەمووی لەسەر ئەرک و گیرفانی تیپەکەمانە، هەموو ساڵێکیش زۆرترین بینەر لە شانۆدا کۆ دەکەینەوە، کە واتە لەلای ئێمە شانۆ لەوپەڕی باشیدایە و ئێستاکەیش شانۆی کوردی لە لای من لە قۆناغی زێڕیندایە، چونکە شانۆکانمان جەماوەرین و لە ناخی خەڵکیشەوە سەرچاوە دەگرێ، ئیتر من و هاوڕێکانم ماوەی (10) ساڵە ئەو قەیڕانەمان چارە کردووە، ڕێزمان بۆ هەموو بۆچوونێکیش هەیە.
منیش و (ئەرسەلان)ـی هاوڕێی ئەو سەفەرەیشم، سەرمان سوڕمابوو لە کۆبوونەوەی ئەو جەماوەرە، لە کاتی گەڕان و سەردانی کردنمان بۆ بازاڕەکانی شاری سلێمانیش، لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا پۆستەری زۆر گەورەی ڕیکلامی ئەو شانۆگەرییە هەڵوسرابوو، دەنگوباسی ئەو شانۆگەرییە هەموو ئەو شارەی تەنی بوو.
خاتوو (ڕێزان فەرەج) یەکێکە لە ئەکتەرەکانی ئەو شانۆگەرییە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هەموو شەوێک میوانێکی زۆر دێنە هۆڵەکە بۆ بینینی شانۆیەکە، ئەوانیش ماوەی (2) کاتژمێر هەموو ئێوارەیەک نماییشی ئەو کارە دەکەنەوە، ئەو هونەرمەندە بوێرە سوپاسی ئامادەبوونی جەماوەر دەکات، هیوادارە بەرهەمەکەیان جێگەی ڕەزامەندییان بێت.
ئەو خاتوونە هونەرمەندە هەروەها دەیگوت: من بە بینی ئەو هەموو جەماوەرە جوانە دڵم زۆرخۆشە، چونکە هێشتا تروسکایەک ماوە بۆ ئەوەی بڵێین شانۆی کوردی هێشتا خاوەنی بینەری خۆیەتی.
هونەرمەند (کەمال چالاک) ئەویش، کە من نازناوی (چارڵی چاپڵنی) کوردانم پێداوە، کاتێک نۆرەی نماییشی ئەو دەهات لەسەر تەختەی شانۆ بە چەپڵەو پێکەنینەوە پێشوازیی زۆری لێدەکرا و ڕۆڵەکەیشی زۆر بەجوانی بەرجەستە کردبوو، دوای نماییشەکە گوتی زۆر ماندووم، بەڵام دوای نماییشەکە دەبینم ئەو جەماوەرە جوانە دەستخۆشیمان لێدەکەن و تا نیو کاتژمێر هۆڵەکە بە جێ ناهێڵن تاوەکو یەکەیەکە دەستخۆشیمان لێنەکەن، لە دوای هەر کارێکی هونەریدا، سەرمایەی هونەرمەند ئەو جەماوەرەیە کە بەدەستی دەهێنێت.
من دەستخۆشیم بۆ (تۆفیق عەبدول) نووسەری دەقی شانۆگەریی (پارێزەرەکەی ڕەحمە) هەیە، هیوادارم بەردەوامی هەبێت و لە قەیرانی نەبوونی دەقی خۆماڵیدا تا ڕاددەیەک ڕزگارمان بێت، هەروەها دەست خۆشی و ماندوو نەبوون لە یەکەیەکەی هونەرمەندانی بەشدار بووی تیپی هونەریی “ڕەنگاڵە” دەکەم، کە توانیویانە بەو شێوەیە کار بکەن و جەماوەرێکی زۆر لە خۆیان و بەرهەمەکانیان کۆ بکەنەوە.