زانا دڵشاد دزەیى : ناسلى بە وروژێنەرترین قوتابی هەڵکەوت زاهیر دەناسرێتەوە، ئەو تەنیا مانگێکە کلیپى گۆرانى (بەقسەم کە)ـى لەکەناڵەکان بڵاوکردۆتەوە، بەڵام راگەیاندنەکان پێشئەوەى گوێیان لەدەنگى ناسلى بێت، گرنگیەکى زۆریان پێداوە و تائێستا زۆرترین هەواڵى لەسەر بڵاوکراوەتەوە.
لەناو کچە قوتابییەکانى هەڵکەوت زاهیردا، تەنیا ناسلى خەڵکى هەولێرە، کە لەساڵى 1989 لەشارى هەولێر لەدایکبووە و لەتەمەنى منداڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەى خۆى کوردستانیان جێهێشتوە و ئێستا لەوڵاتى سوید نیشتەجێن، بەڵام روخسارى ئەو لەکچە کورد ناچێ، درێژ و ڕەشتارەى و چاو سەوزە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر وروژێنەرە، کە تەنیا یەک مانگ لەدەرکەوتنیدا لەهەموو شوێنێکى کوردستاندا باسى لێوە دەکرێ، هەر لەبەر ئەوەشە هەڵکەوت زاهیر گرنگیەکى زۆرترى پێداوە، یەکێک لەو گرنگیانەش، گۆرانییەکى بۆ شارەکەى ناسلى دروست کردووە، کە هەولێرە.
“نانا کوڕە سەیرى تۆ ناکەم.. گەر هەولێریى نەبى… لاچۆ من شووت پێناکەم”. ئەوە بەشێکە لەتێکستى گۆرانییەکە، کە ناسلى دیسانەوە بەشێوەیەکى زۆر وروژێنەر لەگۆرانییەکەدا خۆى دەرخستوە، هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر کە لەڕێگەى (ناسلی)ـەوە ئەو گۆرانییەى پێشکەش بەکوڕانى هەولێر کردووە، لەبارەى بیرۆکەى گۆرانییەکەش، هەڵکەوت دەڵێت “دیارە ژیان بەسەربردن لەهەر جێگایەک خاترانێک لەلات دروست دەکات، بەکارهێنانی ناوی هەولێر لەخۆشەویستی منە بۆ شارى هەولێر و دانیشتوانەکەى، دواتر هونەرمەند ناسلى خەڵکی هەولێرە و وەک تەنزێک بۆ بەکارهێنانی ڕەگەزی بەرانبەری، کوڕە هەولێرمان بەکارهێنا، تێکستەکەم نووسى، دواتر میلۆدیم بۆى دانا، بێگومان ناسلى خۆشی پێی خۆش بوو”. هەڵکەوت زاهیر ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، پێشتر بیرۆکەى دروستکردنى گۆرانییەکى لەمشێوەى هەبووە، دەڵێت “هەندێجار کار پێش وەخت لەبیرى مرۆڤ ئامادە دەبێ، هەندێجاریش کارەکتەری هونەرمەندەکە بیرۆکە دروست دەکات، بۆ نموونە کارەکتەری (دەشنێ) هەمیشە خۆلقێنەری باشە بۆ کارەکانی من، چونکە بۆ خۆی پڕە لەفەنتازیا”.
پاش نیوەڕۆى ڕۆژى 25/6/2010 لە نافورە تازەکەى دەڵالخانەى بازاڕى شارى هەولێر، خەڵکێکى زۆر کۆببوونەوە و بازنەیەکی فراوانیان دروستکردبوو، ناسلى گووتەنى “دەتگۆ زێڕەک کەتیە، ئەو هەموو عالەمە خڕببوونەوە”. ئەوە ناسلى بووە، لەناو بازنەى خەڵکەکەدا بە قات و پانتۆرێکى سپى، دانسى دەکرد و گۆرانى “نانا کوڕە سەیرى تۆ ناکەم.. گەر هەولێریى نەبى… لاچۆ من شووت پێناکەم”ـى کلیپ دەکرد، ئەو لەناو ئاپورەى خەڵک و لەبەرچاوى پێنج سەد پیاو لەگەڵ گۆرانییە (هەولێریی)ـەکەیدا خۆى بادەدا، ئەو ڕۆژە ناسلى وەک یەکەمین کچى کورد ناوى خۆى تۆمارکرد، کە لەناو بازاڕى هەولێر و تێکەڵ بەخەڵکانێکى سادە و دوور لەهونەر، گۆرانى گوت و دانسى کرد، لەو بارەیەوە ناسلى دەڵێت “سەرەتا کەمێک شەرمم کرد، دواتر راهاتم، کە تەواوبووم بەزەحمەت توانیم بچمە ناو سەیارەکە، خەڵکە زۆر زۆر بوون، هاتنە پێشەوە وێنەم لەگەڵ بگرن و دەیانویست قسەم لەگەڵ بکەن، لەکاتى کلیپکردندا کە گوێیان لە وشە و میلۆدیى گۆرانییەکە بوو، زۆر خۆشحاڵ بوون”.
عوسمان قادر تەمەن 28 ساڵە و لەبازاڕى دەڵالخانە قاتى پیاوان دەفرۆشێت، ئەو لەکاتى وێنەگرتنى کلیپەکەى ناسلى لەوێ بووە و دەڵێت “خۆى کچەکە زۆر جوان بوو، دانس و گۆرانییەکەش جوان بوون، وەڵڵا هەموو شتێکى ئەو کچە جوان بوون، هەر لەبەرئەوەش خەڵکەکە لێى کۆببوونەوە شتێکى زۆر جوان و سەیر بوو، چونکە لەکوردستان رووینەداوە لەناو بازاڕى هەولێر کچێک گۆرانى بڵێ و لەگەڵ خەڵکە تێکەڵ بێت و دانس بکات، لەهونەرى کوردیدا قەت شتى وا رووینەداوە، زۆر حەزدەکەم جارێکى دى ئەو کچە ببینمەوە و پێى بڵێم: بەڕاستى ئازاى، حەق وایە ئەو نافورە بەناوى ئەو کچە بکرێ”.
بێوار عەبدوڵڵا، 23 ساڵ، لەنافورە نوێکەى دەڵالخانە ئاوى خواردنەوە دەفرۆشێت و ئەویش دەڵێت “سەرەتا وامانزانى ئەو کچە ئینگلیزە، بەڵام کە گۆرانییەکەى گوت، ئینجا زانیمان کوردە، زۆر جوان دانسى دەکرد، ڕاستى هەموو ماندووبوونى ئەو ڕۆژى خۆم لەبیرچوو”، ئەو گەنجە کە زۆر حەزى کردووە وێنەى لەگەڵ بگرێ، بەڵام نەیتوانیوە، دەڵێ “خەڵکى زۆر کۆبوویەوە، نەیانهێشت لێى نزیک بمەوە، بەڵام ئافەرین بۆ ئەو کچە، لەناو چوار سەد پیاودا شەرمى نەکرد، هەم ئیشەکەى خۆى کرد و هەمیش دڵى ئێمەى خۆشکرد، وابزانم دەیگوت: کوڕى هەولێرى تامیان خۆشە”.
مام رەسووڵى 58 ساڵ، تەنیا لە دوورەوە دانسەکەى ناسلى بینیوە، دەڵێ لەبەر هات و هاوارى خەڵک گوێم لەگۆرانییەکە نەبوو، بەڵام کچەکە زۆر خوێن شیرین و بێشەرم بوو، مام رەسول ئەوەشى گوت “مادام ئەو کچە خەڵکى هەولێرە و کوڕێکى هەولێریشى دەوێت، من دوو کوڕى بێژنم ماوە، یەکێکیان حەلاقە و ئەویتریان قوتابیە، کامەى دەوێت پیرۆزى بێ و مارەبڕیان دەکەم”.
ئەو هەنگاوەى ناسلى لەکوردیدا ئەروا ئاسان نییە، بەتایبەت ئەو لەناو بازاڕێکدا سەماى کردووە، کە خەڵکانى کاسب و تەمەن جیاوازى تێدایە، هەربۆیە کە لەبەساڵاچوویەکى بازاڕەکەمان پرسى، ئەو کچەت بینى؟ رات چۆن بوو؟ ئەو بەتۆڕەییەوە گوتى “من قسە لەسەر مەوزوعێکى واناکەم، جاران هەولێر وانەبوو، ئێستا هەموو سنورێکى تێپەراندووە”.
تەنیا دیمەنێک لەکلیپى ئەو گۆرانییە لەماڵپەڕى فەیسبووک بڵاوبۆتەوە و زیاتر لە 700 حەوت سەد کوڕ دیکۆمێنتیان بۆى نووسیوە، کوڕێک بەناوى ئاریان فوئاد دیکۆمێنێکى بۆ ناسلى ناردووە و نووسیویەتى “سڵاو ناسلى خان.. ئەگەر ئەتو شانازى دەکەى مێرد بەکوڕێکى هەولێرى بکەى، من حازرم بەقوربان، هەولێری ئەسلم، لەبەرخاترى هەولێر جوابم دەوە”. لەوەڵامى ئەو پرسیارەى ئایا ناسلى لەواقیعدا دڵى بەکوڕێکى هەولێریى وەیە، ناسلى بەپێکەنینەوە، گوتى “تائێستا نا، بەڵام هەموو خەڵکی کوردستانم خۆش دەوێت و بەتایبەت خەڵکی شارەکەی خۆمم زۆر خۆش دەوێت، من منداڵی ئەو هەولێرەم”.
ئەو هەنگاوە ناسلى بەپشتیوانى و هاندانى مامۆستاکەى بووە، کە هەڵکەوت زاهیر دەیەوێ بەشێوەیەک تواناکەى ناسلى دەربخات، کە تەنانەت شەرمى بەردەم کامێرا لاداوە و بتوانێ لەناو چەندەها پیاو سەما بکات، وەک چۆن پیاوێکى بەتەمەن، وێڕاى ئەوەى دوو کوڕى خۆى پێشکەش ناسلى کردووە و دەشڵێ کچێکى بێشەرم بوو، بەڕاست ئەگەر هەڵکەوتێک نەبوایە، ناسلییەک لەسویدەوە دەهات لەناو بازاڕى هەولێر سەما بکات؟ هەڵکەوت زاهیر کە تێکست و ئاوازى گۆرانی (هەولێریى) بۆ ناسلى داناوە، دەڵێت “بۆ ئەو گۆرانییە زۆر دەستخۆشیم بۆ هاتووە و خۆشەویستیم بۆ خەڵکی هەولێر هەیە، خۆشحاڵم بتوانم دڵی گەنجانی هەولێر خۆش بکەم و ڕازیان بکەم، چونکە من لەشارەکەیان و لەخەڵکەکەی زۆر ڕازیم”.