وشیار ئەحمەد ئەسوەد: :بەر لەوەی لە دوایین ئەلبوومیدا گوێم لە “حەیران”ەکەی (ئەیووب عەل)ی بێت، چەندان بۆچوونم لەبارەیەوە بیست، زۆربەی بۆچوونەکان تێکدانی “حەیران” بوو لەلایەن ئەو هونەرمەندەوە، بێگومان نە دەربڕین و نە هیچ یەکێکیش لە دید و بۆچوونەکان لەسەر بنچینەیەکی هونەری نین کە بهێنی لە تەکیاندا بکەوینە دیالۆگەوە، بەپێچەوانەوە پێوەست دەبوون بەچێژی کەسییەوە، وێڕای ئەوەیش کە چێژ لای بیسەر یەک لە دیوە سەرەکییەکانە بۆ هەر کارێکی هونەری، بەڵام ناکەوێتە بۆتەی هەڵسەنگاندنی هونەرییەوە،
زۆر جار هەڵسەنگاندنەکان لە چێژدا لە ئەسڵی بابەت دوور دەکەونەوە، چونکە چێژەکان لە یەکتر جیاواز و یەکانگیر نابن، ئەمە جیا لەوەی لەناو هونەرمەندانی بوارەکەیشدا بۆچوون و دیدی جیاواز هەیە لە تێگەیشتنی مەقامەکان، بۆیە زۆربەی ئەوانەی خۆیان لە هونەری مەقام دەدەن، نەیانتوانیوە لە فۆڕمە لاساییکارەوەکەی دەریبێنن، یان یارییەکی نوێی لەتەکدا بکەن، بۆیە گوێبیستی هەر مەقامێک بن، ئەگەر دروست وەک ئەوە نەبێ کە پێشتر لەسەری ڕاهاتوون و بەشێوە لاساییکارەوەکە وەریانگرتووە، ڕاستەوخۆ ڕەتی دەکەنەوە، بۆیە لێرەوەیە تووشی کێشەیەلێک دەبین و لەکارە نوێیەکانمان دوور دەخەنەوە، ئەمەیشیان وەک لە نووسینەکانی پێشترمدا خستوومەتە بەر ئاماژەوە، پتر پێوەست دەبێت بەپیرۆزکردنی شتەکان، واتە پیرۆزکردنی مەقامەکان و شێوەگوتنیان.. بۆیە لێرەوە مەبەستمە بەکورتی لەبارەی ئەو کۆپلە “حەیران”ییە بدوێم کە (ئەیووب عەلی) پێمانی گەیاندووە.
بەر لە هەر شتێک (ئەیووب) نەهاتووە “حەیران”ێکی کامڵمان بۆ بڵێت تا ئێمە بتوانین هەڵسەنگاندنێکی دروستی بۆ بکەین وەک مەقامێکی سەرتاسەر لە ئەداکردنیدا، ئەو لە گۆرانییەکیدا کە بۆ هەولێری گوتووە و خۆشەویستیی خۆی بۆ شارەکە و سەنگی پایەتەختی کوردستان دەربڕیوە، ویستوویەتی چێژێکی ڕەسەن لە جەرگی شێوازە مەقامیی ناوچەکەوە بەرجەستە بکات، کە بەڕای من ئەمەیش یەک لە کارە دروستەکانیەتی و دەبوو بیکات، ئەگەر نا، ئەوە هەرگیز گۆرانییەکەی هەولێری ئەو چێژەی نەدەگەیاند کە ئێستا گەیاندوویەتی، هەولێریش کە بە”حەیران”ە ڕەسەنەکان دەناسرێتەوە، لە هونەری مەقامدا وەک ناسنامەیەکی شار و تەواوی دەڤەرەکەی لێ هاتووە، بۆیە کارکردن لەسەری هەڵوێستێکی ڕژدە لە پاراستن و گەشەپێکردنی ڕەسەنایەتی لە هونەری کوردیدا.. ئێوە بیهێننە پێش چاو و ناو گوێچکەتان ئەگەر (ئەیووب) گۆرانییەکی لەسەر پەیژەی مەقامی “بەیات” بگوتایە و پێوەست بووایە بەکەرکووکەوە، چەند جوانتر دەبوو لەگەڵیدا کۆپلەیەک مەقام یان چێژێکی مەقامی “ئای ئای” یاخۆ “قەتار”مان پێ بگەیەنێت؟ لەم نموونەیەشدا مەبەستم چێژی تاکەکانە لە ناوچەگەریدا، واتە لە هەر ناوچە و دەڤەرێکی ئەم کوردستانە بەپێی شێوازەکان چێژی جیاواز لای بیسەر و هەوادارانی مەقام و گۆرانی دروست دەبن، بۆیە ئەستەمە “حەیران”ەکەی (ئەیووب) وەک ئەوەی خۆی یان ئێمە دەمانەوێ لە دەڤەری هەورامان وەربگیرێ، چونکە لەوێدا ئەوەندەی چێژەکان دەکەونە بەر “سیاچەمانە” ناکەونە بەر “حەیران”، ئەدی خۆ (ئەیووب)یش گۆرانییەکەی بۆ هەولێر گوتووە، کەواتە دەخوازێ ئێمە لە دوو دیودا لەو بەرهەمە بڕوانین، دیوێکی کارکردنە لە سەر ڕەسەنایەتیی هونەری کوردی و هەوڵێک بۆ پاراستنی، دیوەکەی تریشی پیرە هەولێرەکەیە و دەهێنێ چێژی جەماوەرەکەی لەبەرچاو بگیرێت، وەک ئەوەی لە خانەقین “ئەڵوەن” و لە کەرکووک “ئەلڵاوەیسی” و لە سلێمانی “سەفەر” و لە بادینانیش “لاوک” و زۆری تر لەو شوێنانەدا سەرچاوەن.
من زۆر جار قسەم لە گوتنی مەقام بەشێوەی نوێ کردووە، دروستنەبوونی ئەو شێوازە گوتنەیە وایکردووە هونەری مەقام لەناو گەنجاندا تەریک بکەوێ، ڕاستە هەندێک هەوڵ لەکایەدان، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی زۆرترین دەنگەکان کاری لەسەر بکەن، ئەگەرچی کارێکی دروستە وەک بنەمایەک وەربگیرێ.. نموونەی زۆرمان لەبەردەستن، (عەدنان کەریم) لە هونەری مەقامدا هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە خۆی لە شێوازە لاساییکارەوەکە دوور بخاتەوە، بەڕاست دووریش کەوتووەتەوە، بۆیە لە هونەری نوێدا زۆرترین چێژ لە ئەدا مەقامییەکانی (عەدنان) وەردەگیرێت، (دیاری قەرەداغی) و (ماهیر محەمەد ئەمین)یش ئەو هەوڵانەیان هەبووە، لە دوایین ئەلبوومە مەقامییەکەی (لۆکە)یشدا دیسان هەوڵێکی لەو جۆرە دەبینین کە مەقام و میلۆدی ئاوێتە کراون، ئەمانە بەهایەلێکن دەهێنێ کاریان لەسەر بکرێ.. (ئەیووب عەلی)ش بەهەمان شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ مەقامەکاندا کردووە، ئەگەر وردتر سەرنج بدەین، لە زۆربەی ئەو ئەدا مەقامییانەی ئەیووب عەلی کردوونی، لە فۆڕمە لاساییکارەوەکە دوور کەوتووەتە و ئەدایەکی “ئەیووبییانەمان” دەداتی، من (ئەیووب) لە نزیکەوە ناناسم و لەگەڵیشی نەدوواوم تا لەبری ئەو توانای لێدوانم هەبێ، بەڵام ئەگەر ئەو بەدیوە هونەرییەکەی و بەمەبەست بەو شێوەیە کار لەسەر جوانکردنی مەقام بکات، بێگومان گەشبینمان دەکات، خۆ ئەگەر بەدیوەکەی تریشیدا تەنیا پێوەست بێت بەچێژی کەسی و گەمە دەنگییەکانی خۆیەوە، ڕەنگە لەمەیاندا چاوەڕوانی پتری لێ نەکرێ، بەڵام دیسان دەهێنێ بەچاوێکی گەورەترەوە لەو جوانکارییە دەنگییانەی بڕوانین کە ئاکام بەسوودمەندیی هونەری نوێی مەقام و مەقامی کوردی دەگەڕێتەوە.
“حەیران” هونەرێکی کۆنە، بۆچوونی جیاجیای لەبارەوە زۆرن و سەرچاوەیەکی دروستمان لە بەردەست نییە هەموومان بۆ مێژووەکەی لەسەری کۆک بین، زۆریشن ئەوانەی لەبارەیەوە دوواون، بەبۆچوونی من (غەفوور مەخمووری) دروستتر لەبارەیەوە دەدوێت، بەڵام دیسان هەموومان لە خاڵێکی هاوبەشدا کۆ ناکاتەوە و کۆکبوونێکی لەبارەوە دروست نەبووە.. مەبەستم نییە لە مێژووی “حەیران” بدوێم، ئەوەندەی مەبەستمە ئەوە بڵێم کە بەهۆی کۆنبوونیەوە بۆچوونی جیاوازی لەسەر دروست دەبێت، ئەمە نەک تەنیا بۆ “حەیران”، بگرە تەواوی مەقامە کوردییەکان دەگرێتەوە تەنیا “هیجران” نەبێت کە لقە مەقامییەکی نوێیە لەسەر پەیژەی “بەیات” و (عەلی مەردان) داهێنەریەتی.. کەواتە بۆ “حەیران”یش هەمان کێشەمان لە جۆرەکانی و تەنانەت ئەداکردنیشی بۆ دروست دەبێت، چونکە لای هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئێمە وا ڕاهاتووین “حەیران” و “سەردولکە” و جۆرەکانی تری “حەیران” وەک “مەجلیسی” و سەرچیایی”، هەریەک لەوان جۆرێک ئەدایان هەیە و ڕێگەپێدراو نین گەمەی نوێی هونەرییان لەگەڵدا بکەین، ئەمەیش دیسان بەشێواندنی پیرۆزییەکان و ڕەسەنایەتیی هونەری کوردی وەردەگیرێت کە بەبۆچوونی من بووەتە هۆکاری سەرەکیی چەقبەستووییمان.
(ئەیووب)یش کە “حەیران”مان بۆ دەڵێت، وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، ئەو نەهاتووە “حەیران”ێکی کامڵمان بۆ بڵێت تا داوای “مەجلیسی” یان “سەرچیایی” یان هەر جۆرێکی تری لێ بکەین، ئەو تەنیا چێژێکی “حەیران”ییانەمان پێ دەگەیەنێت بۆ جوانترکردنی میلۆدییەکەی هەولێر، کەواتە ئەو ویستوویەتی جوانکارییەک لە بەرهەمێکی گۆرانیی خۆیدا بکات و ئەمەیش مافێکی کەسی و هونەرییانەی خۆیەتی، بۆچوونەکان هەرچی بن، ئاکام ئێمە بۆچوونە هونەرییەکەی (ئەیووب) وەردەگرین، ئەگەر بمانەوێ هەڵسەنگاندنیشی بۆ بکەین، ئەوە ڕێگەپێدراو نین هەڵسەنگاندن بۆ “حەیران”ەکەی بکەین ئەوەندەی گۆرانییەکەی دەکەوێتە بۆتەی هەڵسەنگاندنەوە.. بۆیە بەدیتنی من ئەوەی (ئەیووب عەلی) لەو بەرهەمەیدا کردوویەتی، دەکرێ لەڕووی هونەرییەوە بەپوختترین گۆرانیی ئەلبوومەکەی بچوێنین کە توانیویەتی لە ڕێگەیەوە هونەرێکی تا ئاستێک جوانمان پێشان بدات.
ئەمە هەڵسەنگاندن نییە بۆ ئەلبوومەکە نوێیەکەی (ئەیووب عەلی)، ئەوەندەی کورتە هەڵسەنگاندنێکی گۆرانیی “هەولێر”ەکەیەتی لە بەرجەستەکردنی کۆپلە “حەیران”ییەکەیدا، چونکە بۆ بەرهەمەکانی تری ئەلبوومەکەی بۆچوونی تر هەن و ڕەنگە لە داهاتوودا خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین.