وشیار ئەحمەد ئەسوەد : زۆرن ئەوانەی ڕەخنەی نەرێنی ئاراستەی ڕەوتە هونەرییەکەی (هەڵکەوت زاهیر) دەکەن، هەندێکیان بەجێ و زۆربەشیان بێ جێ، زۆربەی ڕەخنەکانیش قسەکردنن لەسەر هونەری ڕەسەن و ناڕەسەن و بەراوردکردنیان لەنێو کارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە گەنجە.. هەموو ئەمانەیش دروست لەو شوێنەدا کۆ دەبنەوە کە (هەڵکەوت زاهیر) سووکایەتی بەڕەسەنایەتیی هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی دەکات و کارە ناڕەسەنەکانمان پێشان دەدات
لێرەدا پێویستیم بەوە نییە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بۆ چمکی هونەری ڕەسەن و ناڕەسەن بکەم کە زۆر جار لەبارەیەوە دوواوم، ئەمە جیا لەوەی نە بڕوام بەوە هەیە هەموو ڕەسەنەکان هونەری سوودمەند بن و نە بڕوایشم بەشێواندنی ڕەسەنایەتی هەیە لە بەکاربردنی ستایلگەلی جیاواز لە هونەری کوردیدا، واتە لە هەردوو دیودا بۆ ئەمڕۆی ڕەوتە هونەرییەکە پێویست و ناپێویست دەبینین و دەهێنی کاری ڕژدیشیان لەسەر بکەین، لەمەیشیاندا کە بەڕەهایی قسە لەسەر ناڕەسەنیی بەرهەمەکانی (هەڵکەوت) دەکرێ، شتێک نابینم جیا لە ئیرەیی، یان ململانێیەکی بێسەروبەری ناهونەرییانە، بەرامبەر بەڕەخنەکانیش تا ئێستا نەمزانیوە ڕەخنەیەکی زانستیی مەعریفی ئاراستەی کارەکانی ئەو هونەرمەندە کرابێت یاخۆ بەرهەمەکانی لە ئاراستەکردنی ڕەخنەکاندا پۆلێن کرابن و ڕەش و سپییان لەیەکتر جودا کردبێتەوە کە بەبۆچوونی من ئەمەیان تەنیا لە نەخۆشییەکانی ویژداندا خۆی دەبینێتەوە.. چونکە نە دەکرێ تەواوی کارە هونەرییەکانی (هەڵکەوت) لە لووتکەی تێکست و هونەری موزیک و میلۆدیدا بن و نە دەشکرێ تەواویان کاری ناڕەسەن و دژ بەڕەوتی هونەری کوردی بن و بکەونە دەرەوەی ئەو ڕەسەنایەتییەی تا ئێستا شیکردنەوەیەکی شیاویان بۆ نەکراوە، کەواتە هەریەک بەجۆرێک لە ڕەسەنایەتی دەڕوانێت و زۆربەشیان تەنیا لە میلۆدییە فۆلکلۆری و میللییەکاندا دەیخوێننەوە، چونکە ئەسڵەن ئەو گەنجە کار لەسەر هونەری کوردی بەستایلگەلی جیاواز دەکات کە ڕەنگە ئەمەیشیان بۆ ئەم قۆناغە بەئاسان هەرس نەکرێت، یان لانیکەم لای نەوەی پێشتر بەئاسان وەرنەگیرێت، ئەمە جگە لەوەی ئاساییە لەو پڕکاری و خێراییەدا بەرهەمگەلێک لەناو کارەکانیدا بەشیاو نەبینرێن، یان لانیکەم بۆ ئەم قۆناغە گونجان لەگەڵ ئەقڵەکاندا دروست نەکەن، چونکە وەک ئەوەی من چاودێریم کردووە، (هەڵکەوت) ئەوەندەی کار بۆ ئێستا دەکات، لەوەیش پتر کار بۆ داهاتوویەکی دوورتر دەکات کە دەهێنێ ئەم ڕیسکەی بەهەند وەربگرین و بەرزی ڕابگرین.
پێموانییە جیاکردنەوەی ڕەسەن و ناڕەسەن لە کارەکانی (هەڵکەوت زاهیر)دا ئەستەم بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ بەهادار یاخۆ بێبەهاکردنیان، بۆ ئەمەیشیان هەندێک جار بەدیقەت و شارەزایی و زۆر جاری دیکەیش بۆ توانج و شکاندنەوە لەبارەیانەوە دەگوترێ، بۆیە جەخت لەسەر پۆلێنکردن دەکەمەوە کە تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانین بەها دروستەکان لە هونەری ئەو هونەرمەندەدا ببینین.. لەوەش واوەتر ئەلبوومە مەقامییەکەی (لۆکە)ی گۆرانیبێژ بەنموونەیەکی زیندووی ڕەسەنایەتی لە کارە هاوچەرخەکان وەردەگرم کە لە ڕێگەی ئەقڵی (هەڵکەوت زاهیر)ەوە بەرجەستە بووە، بێگومان مەبەستیشم نییە بکەومە ناو شیکردنەوەی تەواوی مەقامەکانی ئەو خاتوونە هونەرمەندە کە بەبێ تێبینی تێناپەڕێت، ئەوەی مەبەستمە بەرپەرچدانەوەیەکی ڕەخنە نەرێنییەکانە بەرانبەر بەناڕەسەنیی کارەکانی (هەڵکەوت) وەک ئەوەی زۆری لەبارەوە گوتراوە، چونکە لە ڕێگەی گەمە مەقامییەکانی (لۆکە)وە بەزیندوویی ئەقڵە هونەرییە ڕەسەنەکەی (هەڵکەوت) دەخوێنینەوە.
ئەمە تەنیا داکۆکیکردن نییە لە هونەرمەند (هەڵکەوت زاهیر)کە تا ئێستا چەندان ڕەخنە و تێبینیم لەبارەیەوە بڵاو کردووەتەوە، بگرە داکۆکیکردنە لە ڕەوتێک و وەک پرەنسیپێک بوونی بەپێویست و شیاو دەبینم، (هەڵکەوت) و کارە هونەرییەکانی ئەوەیان تێپەڕاندووە تەنیا بەموڵکی کەسی خۆی وەریبگرین، یان ڕەوتەکە لە (هەڵکەوت) و چەند گۆرانیبێژێکی گەنجدا کورت بکەینەوە، ئەوەندەی ڕەوتێکە لە ئەقڵێکی نوێی هونەری موزیک و میلۆدیی کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە، کەواتە داکۆکیکردن لەو هونەرمەندە گەنجە، داکۆکیکردنە لە پرەنسیپەکانی وەک ڕەوتێکی نوێ لە هونەری کوردیدا، نەک تەنیا وەک کەسایەتییەکی ئاسایی لە ناوەندەکەدا لێی بڕوانین، چونکە ئەوەی لە کەتوارەکەدا دروست بووە خۆڕسکانە نییە، ئەوە کارکردنی زۆری لە پشتە و شەونخوونیی بەدواوە بووە و هاوکات کارێلێکن پلانی هونەرییان بۆ هاتووەتە داڕشتن.. کاتێکیش ئێمە بەستایلگەلی جیاواز لەسەر ئەو ڕەوتە ڕاهاتووین و تا ئاستێکی زۆریش میلۆدییەکانی (هەڵکەوت) لە دوورەوە دەناسینەوە وەک ئەوەی پێی ناسراوە، بۆیە کە هونەری مەقامی تێدا بەرجەستە دەکات، بەتایبەتیش دەنگە مەقامییەکان لە خاتوونێکەوە بێت، ئەمەیان جیا لە بەرزڕاگرتنی هونەری مەقام کە ساڵەهایە لێی ترازاوین، هاوکات بەرزڕاگرتنی ڕەسەنایەتیی هونەری کوردییە کە لەوەتەی (هەڵکەوت) هەڵکەوتووە، تیر و توانجی ناڕەسەنی لە کارە هونەرییەکانی دەگیرێ، بۆیە بەدیدی من جیا لە تەواوی کارە هونەرییەکانی دیکەی ئەو هونەرمەندە کە لە زۆرینەیاندا توانیویەتی ئافراندن بکات، ئەو ئەلبوومە مەقامییەی بۆ (لۆکە)ی ساز کردووە، لە دەرەوەی شیکردنەوە بۆ ئەدا و میانە و پەردە مەقامییەکان، بەبڕشتترین کارەکانی (هەڵکەوت) و (لۆکە) دەناسمەوە.
ئەو دوو هونەرمەندە لە دیوێکدا وەڵامێک بۆ ڕەسەن و ناڕەسەنیی هونەری گۆرانی و موزیک بەڕەخنەگرانیان دەگەیەنن، بەدیوەکەی دیکەشیدا وێڕای هەر کەموکوڕییەک لە پەردە و ئەدا مەقامییەکان، بەڵام هونەرێکی دانسقەی ڕەسەنی کوردییان پێمان گەیاندووە کە پێموایە لەمەشیاندا (هەڵکەوت) درەنگ کەوتووە و دەبوو زووتر ئەو پەیامەی بگەیاندایە.
لە هونەری مەقامدا 7 مەقامی سەرەکی هەن و ئەوانی دیکە لقەمەقامین و تەواویان زادەی ئەو 7 مەقامە سەرەکییەن کە زۆریان لەبارەوە دوواوم و پێموانییە پێویستیم بەجوینەوەیان بێت، بەڵام ئەوەی شوێنی سەرنجە (هەڵکەوت)یش لەو ئەلبوومەی (لۆکە)دا یاریی لەگەڵ 7 مەقامدا کردووە، ئەمەیش دیالۆگێکە لە نێوان مەقامە جیاوازەکاندا، ڕاستە ئەو 7 مەقامەی (لۆکە) چڕیونی تەوایان ناکەونە بەر مەقامە سەرەکییەکان و لە لقەمەقامییەکانیش دانەبڕاوە، بەڵام لێرەدا ژمارە ئەوەمان پێدەڵێت کە بەشارەزایی ورد و چڕەوە کار لەسەر مەقامەکان کراوە، ئەگەرچی گوتنەوەی مەقامەکان بەو شێوەیەی ئەو دوو هونەرمەندە پێیان گەیاندووین، ناکەونە بەر ئەدایەکی دروستی میانە و پەردە مەقامییەکان وەک ئەوەی لە ڕەسەندا هەن، هاوکات لەبەر ئەوەی (لۆکە) گۆرانیبێژە و مەقامبێژ نییە، بۆیە تا ئاستێک ئەدایەکی لاساییکارەوەی مەقامەکانمان لە گوتنەوەی هونەرمەندانی کۆن و پێشتردا دەداتێ، ئەوەی جودای دەکاتەوە تەنیا بەکاربردنی وردە میلۆدییەکانی (هەڵکەوت)ە لە ئەدا مەقامییەکاندا، ئەمە وێڕای سەرنجمان لەسەر درێژدادڕی لە تەقسیمە موزیکییە مەقامییەکان کە ڕەنگە ئەوان بۆ دەرچوون لە شێوازە لاساییکارەوە کۆنەکە بەکاریان بردبێ.
پێموایە هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی لە هونەری سترانی کوردیدا سنوورێکی دیاریکراومان لە ستایلەکان هەیە و زۆریشن ئەو هونەرمەندانەی لەو سنوورەدا خۆیان لە قاڵب داوە، ئەگەر بەکاربردنی ستایلگەلی جیاوازیش لە ستایلە کوردییەکان پێوەر بێت بۆ ڕەسەن و ناڕەسەن و بەرهەمەکانی (هەڵکەوت زاهیر)ی پێ بێنینە هەڵسەنگاندن، ئەو ئەلبوومە مەقامییەی (لۆکە) زیندووترین وەڵامە بۆ هەموومان کە ئەقڵی (هەڵکەوت)ی لە پشتە، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ گوتنەوەی مەقام لەگەڵ تێکستە کوردییەکاندا بەهەر ئەدا و لە هەر مۆرکێکدا خۆی بنوێنێ، دەکەوێتە بەر کارە هونەرییە ڕەسەنەکان، بێگومان ئەمە جیا لە شێوازە لاساییکارەوەکەی (لۆکە) کە لە هەندێک لە مەقامەکانیدا پێشانمانی دەدات، چونکە (لۆکە) بەهەر ئەدایەک لەنێو ئەو تێکستە کوردییانەدا مەقامەکانی پێشان بدایە، پێمان نەدەکرا بیخزێنینە نێو کارە ناڕەسەنەکان، وەک پێشتر هەڵسەنگاندنم بۆ کردووە و لێرەیشدا دیسان جەخت دەکەمەوە کە سروشتی دەنگی (لۆکە) فاکتەرێکی کاریگەری پێشاندانی ڕەسەنایەتییە لە هەر میلۆدییەک و بەهەر ستایلێک، دیارە ئەگەر گەمەکانیشی بکەونە بەر ئەداکردن و گوتنەوەی مەقام، ناکرێ بەهیچ پێوەرێک لەو ڕەسەنایەتییە بترازێ کە زۆر جار توانج ئاراستەی خۆی و مامۆستاکەی دەکرێ.
ڕاستیتان دەوێ (هەڵکەوت)یش وەستایەکی باشی هەڵبژاردنی دەنگەکانە، بۆیە دەنگی (لۆکە)ی بۆ ئەو ئەدا مەقامییانە هەڵبژاردووە.. من نامەوێ ناوی قوتابییەکانی ئەو هونەرمەندە بەنموونە وەربگرم کە پێموایە زۆربەیان دەرەقەتی ئەدای مەقامی نایەن و هەندێکیشیان پتر گۆرانیبێژ و نواندنکارن وەک لەوەی دەرەقەتی تەواوی گەمە هونەرییەکانی سەرجەم میلۆدییەکان بێن کە ئەمەیان بۆ مەقامەکانیش ئەستەمتر دەبێتەوە، بەڵام بۆ کەسایەتییەکی وەک (لۆکە) بێگومان سروشتە دەنگییەکەی ڕێگەیەکی فرەوانتری لە بەردەم (هەڵکەوت) کردووەتەوە کە بتوانێ لە دەنگەکانی دیکە ئاسانتر کاری مەقامیی لەسەر بکات، ئەمە جیا لەوەی هەڵبژاردنی دەنگی مێیینە بۆ ئەداکردنی مەقام وێڕای ئەوەی داهێنانێکی نوێ نییە و لە هونەری کوردیی کۆندا نموونەگەلمان هەن لە خاتوونە لاوکبێژەکان، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە و لەم سەردەمەدا یەک لە پێویستییەکان بوو و ئەو دوو هونەرمەندە کردیان، بۆیە دەڵێم ئەگەر (هەڵکەوت) شتێک وردتر لەو مەقامانەدا کاری لەسەر دەنگی (لۆکە) بکردایە، نەماندەتوانی جیاوازییەک ببینین لە نێوان (لۆکە) و (فەریدە)ی مەقامبێژی عێراقی کە ئەو ڕێچکەیەی بەتایبەتمەندی وەرگرتووە، ئەمە نەک بەو واتایەی (لۆکە)یش وەک (فەریدە) مەقام بکاتە تایبەتمەندیی دەنگی خۆی، چونکە ئەو گۆرانیبێژە نەک مەقامبێژ، بەڵام (فەریدە) وێڕای ئەوەی بەگۆرانی دەستی پێکرد، لە دواییدا هونەری مەقامی کردە تایبەتمەندی و ئێستایش تاکە مەقامبێژی عێراقییە لە دەنگە مێیینەکاندا کە وایدەبینمەوە (هەڵکەوت)یش دەیتوانی لە هونەری کوردیدا داهێنانێکی لەو جۆرەمان لەنێو تواناکانی قوتابییەکانیدا پێشان بدات، بۆ ئەمەیشیان دەنگی (میرا) زیندووترین نموونەی تواناکانی دەنگە کە بەئاسان لەنێو ئەستەمترین مەقامیشدا بەسەرکەوتوویی بەرجەستە دەکرێ و کەچی تا ئێستا (هەڵکەوت) کاری لەسەر نەکردووە.
لەبەر ئەوەی هەر مەقامێک لە چەند میانە و پەردەیەکی مەقامی پێک دێت و بەیاسا و ڕێساکانی خۆی کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە تەنیا لە ئەداکردن و شێوەگوتندا دەتوانین ئەدا عەرەبی و تورکی و فارسییەکان لە یەکتر جیا بکەینەوە، بۆ کەسێکی وەک (لۆکە)یش لەبەر ئەوەی دەنگێکی دروست کوردییە، بەهەر شێوەگوتن و ئەدایەک مەقاممان بەرگوێ بخات، بەشێوەی لاساییکارەوە یاخۆ جۆرێک لە نوێکردنەوە، ئەو ناتوانێ لە ڕەسەنایەتی لا بدات و بخزێتە نێو شێوازەکانی ترەوە، واتە ئەوەی (لۆکە) لە ئەلبوومە مەقامییەکەیدا بەئێمەی گەیاندووە، هونەرێکی دروست ڕەسەنی کوردییە، کەچی ماوەیەکە ئەو ئەلبوومە بڵاو بووەتەوە و کەسیش قسەی لەسەر نەکردووە کە دڵنیام ئەگەر تۆمارکردنەکەی بکەوتایەتە بەر یەک لە میلۆدییە تەڕەب یاخۆ ئەرەبێسکەکانی (هەڵکەوت)، ئەودەم دنیایەک دەمودووی لەبارەی شێواندنی ڕەسەنایەتییەوە لەلایەن نەیارەکانیەوە لەبارەوە دەکرا.. ئەدی لێرەوەیە باس لە زیندوویی یان مردوویی ویژدانەکان دەکەم، ئەمەیان حاڵەتێکی دەروونیی سەیری لای نەیارانی هونەرەکەی (هەڵکەوت) دروست کردووە کە ڕێگەیەکی بێ گەڕانەوەیان گرتووەتە بەر و بەباش و خراپیش دەڵێن خراپ.. بۆیە جەخت دەکەمەوە، وێڕای ئەوەی سەرنج و تێبینیم لەسەر چەندان بەرهەمی هونەریی (هەڵکەوت زاهیر) هەیە لەو کارانەی بۆ گەنجەکانی کردوون، هاوکات ناکرێ بەهونەرمەندێکی گەنج و نوێخوازی کوردی نەبینین، ئەوەی ئەویش لە ڕەوتە نوێیەکەدا کردوویەتی، جیا لەوەی ڕیسکێکە و خۆی هاوشان کردووە و کاری ڕژدیشی بۆ دەکات، هاوکات توانیویەتی جۆرێک لە گۆڕان یان نوێبوونەوەمان پێشان بدات کە وایدەبینمەوە هونەری کوردیی هاوسەردەم پێویستی پێیەتی.. ئەو لە ئەلبوومە مەقامییەکەی (لۆکە)دا گەمەیەکی لەگەڵ ڕەسەنایەتیی کوردی کردووە، ڕاستیتان دەوێ هەرگیز پێموانییە (هەڵکەوت) ئەوەندەی لەگەڵ میلۆدییە ڕیتمدار و ئەدلیبەکاندا ئاسوودەیە، ئەوەندە ئاسوودەیی لەگەڵ هونەری مەقامدا هەبێت، بۆیە پێموایە ئەوەی کردوویەتی وەڵامێکە بۆ هەمووان، واتە لەو ڕێگەیەوە دەیەوێ پێمان بڵێ زۆربەمان دەزانین کار لە ڕەسەنایەتی بکەین، بەڵام گرنگتر جۆری کارکردنە لەسەر ئەو ڕەسەنایەتییە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستامان.. وەک زۆر جاریش قسەم لەبارەوە کردووە، ئەو هەڵوێستەی (هەڵکەوت) دروست ئاوێتەکردنی ڕەسەنایەتی لە هاوچەرخیەتییە، بۆ ئەمەیشیان ئەگەر بەکورتیش بێ، بەڵام کاری ڕژدی لەنێو مەقامەکاندا کردووە بەوەی میلۆدیی ئاوێتە بەئەدای مەقامی کردووە، من ناڵێم (هەڵکەوت) یەکەمین کەسە ئەو کارەی کردبێ، بەر لەویش کاری لەو جۆرە هەبوون، بەڵام ئەو ویستوویەتی وەڵامێکی نوێخوازانە و بێگرێ و هاوکات بێ گرژبوونەوە بەوانە بگەیەنێ کە وەک نەیارانی کارە هونەرییەکانی لەبارەیەوە دەدوێن.
ڕەنگە ئەو ئەلبوومە مەقامییەی (لۆکە) لەلای جەماوەی هونەردۆست یان هەوادارانی دەنگی ئەو خاتوونە بەئاسان وەرنەگیرێ و ئەوەندەی گۆرانییە ڕیتمدارەکانی جەماوەری نەبن، هۆکارەکەشی بێگومان بۆ چەقبەستوویی هونەری مەقام لەم سەردەمەدا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەو دوو هونەرمەندە لەو ئەلبوومەدا کردوویانە، بەئەرشیفی هونەری مەقام دێتە سپاردن و ئەو بوارەی بۆ داهاتوو پێ دەوڵەمەند دەکرێ، کەواتە وێڕای هەر کەموکورتییەک لە ئەدا و پەردە و میانە مەقامییەکان، کارکردن لەسەریان لەخۆیدا بەشیاو و هاوکات بەپاراستنی ڕەسەنایەتیی هونەری کوردی دێتە خوێندنەوە.
من ئەگەر شیکردنەوە لەسەر یەک بەیەکی مەقامەکانی ئەو ئەلبوومە بکەم، بێگومان زۆر هەڵدەگرێ لەبارەیەوە بیخەمە ڕوو، وەک پێشتریش ئاماژەم پێ دا بێ سەرنج و تێبینی تێناپەڕێت، بەڵام ئەوەی لیرَەدا بەگرنگم زانی و دەیهێنا بیخەمە بەر بایەخەوە، خودی کارکردنەکەیە لەسەر هونەری مەقام ئەوجا بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان بێ، چونکە ئێمە لە هونەری (هەڵکەوت زاهیر)دا ڕانەهاتووین ئەو تەرزە کارانە ببینین، کە ئێستایش بەخۆی و هەڵبژاردنی دەنگە ڕەسەنە کوردییەکەی (لۆکە)وە بەجووتە پێشانمانی دەدەن، چیی دیکەمان جیا لە ستایش و دەستخۆشی پێ نامێنێتەوە بۆیانی بنێرین.