حه‌سه‌ن جودی : حه‌یران شێوازێکی ره‌سه‌نی هونه‌ری سترانبێژی میللییه و به‌شێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی که‌له‌پووری کوردییه. سروشت و پێکهاته‌ی هونه‌ری حه‌یران تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی پێداوه و له‌هونه‌ره میللییه‌کانی دیکه‌ی جوداکردۆته‌وه و هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌شی وایکردووه که به‌نه‌مری و زیندوویی بمێنیته‌وه و تا رۆژگاری ئه‌مڕۆ وه‌ک یه‌کێک له جۆشدارترین هونه‌ری میللی کوردی چه‌شه و چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه
شاره‌زایانی حه‌یران به‌گشتی ده‌قی حه‌یران به په‌خشانه شیعر، یان شێوازێکی تایبه‌تی شیعری ئازاد له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و له رووی سه‌رواشه‌وه سێ سه‌روای خۆی هه‌یه که بریتییه له: سه‌ربه‌ند، ناوبه‌ند و دوابه‌ند. ئه‌مه‌ش له‌ڕووی ده‌قه‌وه حه‌یران له لاوک و به‌یت و به‌سته و سیاچه‌مانه و هۆره و جۆره‌کانی دیکه‌ی سترانبێژی جودای ده‌کاته‌وه. شاره‌زایانی بواری مۆزیکی کوردیش ئه‌وه‌یان ده‌ستنیشان کردووه که حه‌یران زیاتر له‌سه‌ر په‌یژه‌ی مه‌قامی به‌یات ده‌گووترێت و زۆر که‌م به په‌یژه‌ی مه‌قامی دیکه‌ی ده‌چڕدرێت. که ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر حه‌یرانی سنووردار کردووه، به‌ڵکو وایکردووه له‌هه‌موو جۆره‌کانی دیکه‌ی سترانبێژی و ده‌نگبێژی جودا ببێته‌وه و له‌هیچ شتیکی دیکه نه‌چێت. هه‌روه‌ها حه‌یرانیش وه‌ک هه‌ر ژانرێکی دیکه‌ی سترانبێژی ده‌کرێ به نۆته‌ش بنووسرێته‌وه و بخوێنرێته‌وه.
باسوخواسی سه‌ره‌کی حه‌یران ده‌ربڕینی راز و نیاز و هیوا و حه‌سره‌ته‌کانی نێوان کوڕه‌تیمه حه‌یران و كچهتیمه حه‌یرانه، یان بڵیین گێڕانه‌وه‌ی کورته چیرۆکێک یان هه‌ڵوێسته‌یه‌ک یان گفتوگۆیه‌کی نێوان کوڕه‌تیمه حه‌یران و كچهتیمه حه‌یرانه که ئه‌ڤینداری یه‌کترن و به‌هۆی دووری نێوانیانه‌وه یان به‌هۆی به‌ربه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌وه ناتوانن به‌یه‌ک بگه‌ن و به مرازی دڵی خۆیان بگه‌ن. زۆر که‌م له‌حه‌یرانه‌کان چیرۆکێکی درێژ له‌خۆوه ده‌گرن. هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م به‌ندی حه‌یرانه‌کان یان له‌سه‌ر زمانی کچه‌تیمه حه‌یرانه یان کوڕه‌تیمه حه‌یرانه، یان له‌نێو خودی حهیرانهکهدا گفتوگۆی نێوان هه‌ردووکیان به‌یه‌که‌وه هه‌یه. واتا حه‌یرانبێژ چ ژن بێت یان پیاو، یان روو له که‌سه حه‌یرانبووه‌که‌ی خۆی ده‌کات و حه‌سره‌ت و داواکانی خۆی بۆ باس ده‌کات، یان روو له گوێگرانی خۆی ده‌کات و باس له حه‌یرانبووه‌که‌ی خۆی ده‌کات. واتا حه‌یرانبێژ به‌رده‌وام یان به راناوی (ئه‌من) چیرۆک و به‌سه‌رهاتی ساتێکی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌ڤینداره‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه، یاخود به ڕاناوی (ئه‌تۆ) روو له که‌سه حه‌یرانبووه‌که‌ی ده‌کات. بۆیه حه‌یرانبێژان زۆر که‌م له حهیرانهکانیاندا چیرۆک و باسوخواسی که‌سێکی دیکه ده‌گێڕنه‌وه. زۆر که‌م له حه‌یرانه‌کاندا باسوخواسی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایینی تێدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. مخابن ماوه‌یه‌که چه‌ند حه‌یرانبێژێک له‌چوارچێوه‌ی ئه‌قڵییه‌ت و به‌رنامه‌ی ره‌وتی ئیسلامی سیاسی‌دا، هه‌وڵده‌درێت حه‌یران له جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆکی راسته‌قینه و رۆمانسیانه‌ی خۆی دووربخرێته‌وه و باسوخواسه ئایینیه‌کانی تێوهدهئاخنرێت و به فۆرم و ئاوازی حه‌یران رووپۆش ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش جۆرێکه له شێواندنی که‌له‌پووری ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌گشتی و حه‌یران به‌تایبه‌تی. ئه‌گه‌رنا هه‌موو ئایین و ئایینزایه‌ک به‌گوێره‌ی هزر و رامانی خۆی ئاواز و هونه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیشی هه‌یه و چ پێویست ده‌کات هانا وه‌به‌ر شێواندنی به‌شێک له که‌له‌پوورێکی ره‌سه‌نی وه‌کو حه‌یران ببرێت؟
به‌ڵام حه‌یران له‌ڕووی زمانی ده‌ربڕینه‌وه؛ به شێوه‌زارێکی زۆر ساده و ساکاری ئه‌و هه‌رێمه‌ی که لێی له‌دایک ده‌بێت ده‌رده‌بڕدرێت و به ئاوازێکی زۆر ناسک له‌قوڕگی حهیرانبێژهوه چریکه‌ی دێت و کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر گوێگرانی خۆی ده‌کات. ده‌کرێ ئه‌و راستییه گرنگه بخه‌ینه‌ڕوو که؛ شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یران گوند و لادێکانه و تایبه‌ته به چین و توێژه‌کانی ژێره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و هونه‌ری خه‌ڵکی جووتیار و سه‌پان و باخه‌وان و هه‌ژاره و هیچ په‌یوه‌ندی به چینی سه‌ره‌وه و باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵگاوه نییه و به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش گوزارشت له راز و نیازی کوڕه ده‌ره‌به‌گ و ئاغا و میره‌وه ناکات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له مه‌جلیسی کۆشک و دیوه‌خانی به‌گ و ئاغایانیش ده‌گووترێت، ئه‌وا سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ کاریگه‌ری و ئاستی هونه‌ری حه‌یران و حه‌یرانبێژان ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوون و رایه‌ی که سه‌رچاوه‌ی به‌شێکی حه‌یران ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ناو مه‌جلیسی کۆشک و دیوه‌خانانی به‌گ و ئاغایان. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه له راستییه‌وه نزیک بووایه ئه‌وا ناوه‌رۆک و باسوخواسی حه‌یرانیش له‌ساده‌یی و مراز و راز و حه‌سره‌تی ئه‌ڤیندارانه‌ی کاره‌کته‌ری کوڕه‌تیمه حه‌یران و کچه‌تیمه حه‌یران ده‌گۆڕدرا و له‌جێی ئه‌مه‌دا باس هه‌ر باسی شانوشه‌وکه‌ت و جوامێری ئاغا و به‌گ و میران ده‌بوو. ته‌نانه‌ت زۆرێک له‌و حه‌یرانانه‌ی له‌ناو جه‌رگه‌ی شاریشه‌وه سه‌ریانهه‌ڵداوه، مۆرکی ساده‌یی و مراز و رازه‌کانی گوندێتی پێوه دیاره. هه‌ڵبه‌ته پێکهاته‌یه‌کی گرنگی حه‌یران وه‌سفی سروشت و جوگرافیایه و له‌زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حه‌یرانه‌کاندا وه‌سفی سروشتی گوند و ده‌شت و چیا و ره‌ز و باخ و کانی و مه‌زاره‌کانی هه‌رێمه‌که له‌خۆوه ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر باسی شاریش بکات، ئه‌وا وه‌ک شوێنی رووداو و به‌سه‌رهاتی ناو حه‌یرانه‌که نییه، به‌ڵکو زیاتر وه‌کو ئه‌وه‌یه کوڕه‌تیمه حه‌یران چووبێته شاری ناوبراوه‌وه، یان نیازی چوونه شارێکی هه‌بووبێت ناوی شاره‌که دێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر باس له جۆره‌کانی حه‌یران بکرێت ئه‌وا ناکرێ حه‌یران بۆ حه‌یرانی سه‌رچیایی و حه‌یرانی مه‌جلیس و دیوه‌خانان دابه‌ش بکرێت. ئه‌م پۆلینکردنه له‌گه‌ڵ سروشت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی حه‌یراندا ناگونجێت. چونکه ناکرێت حه‌یران به‌شێکی له سه‌رچیاکان و به‌شێکیشی له نێو مه‌جلیس و دیوه‌خاناندا سه‌ریهه‌ڵدابێت. ئه‌م پۆلینکردنه نه پۆلینکردنێکی ته‌واو جوگرافییه و نه پۆلینکردنێکی ته‌واو جڤاکییه. ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر بگووترابا؛ حه‌یرانی سه‌رچیایی و حه‌یرانی ده‌شتایی، یان بگووترابا؛ حه‌یرانی مه‌جلیسی و ده‌ره‌وه‌ی مه‌جلیسان، هێشتا له‌ڕووی لۆژیکی پۆلینکردنه‌وه راستتر ده‌بوو. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر ناکرێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌یرانبێژ به‌ده‌نگێکی به‌رز حه‌یرانه‌که‌ی ده‌چڕێت بهحهیرانهکهی ئه‌و بگووترێت حه‌یرانی سه‌رچیایی و ئه‌وه‌ی به ده‌نگی نزمیش بیچڕێت پێی بگووترێت حه‌یرانی مه‌جلیسی، ئه‌مه له‌کاتێکدا ده‌کرێ هه‌مان ئه‌و حه‌یرانه‌ی له‌سه‌ر چیا گووتوویه‌تی، له ده‌شتایی و ته‌نانه‌ت له‌ناو مه‌جلیسی دیوهخانانیشدا به‌ده‌نگێکی به‌رز بیڵێته‌وه و گووتراوهتهوهش.
له‌راستیدا له خودی حه‌یران و ده‌قی حه‌یراندا هیچ ئاماژه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی وه‌ها نابینریت که ئه‌م حه‌یرانیان بۆ سه‌رچیا و ئه‌و حه‌یرانیان بۆ نێو مه‌جلیسان ئاماده‌کراوه، چونکه شوێنی راسته‌قینه‌ی حه‌یران بۆخۆی ناخی حهیرانبێژهکهیه، کاتێکیش که حه‌یرانبێژ حه‌یرانه‌که‌ی له ناخ و هزری خۆیدا ئافراندوویه‌تی هیچ حیسابێک بۆ شوێنی گووتنه‌که‌ی ناکات. هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیش نییه که حه‌یرانبێژان به‌و حیسابه حه‌یرانیان ئافراندبێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌وردی بڕوانینه ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژه و رستانه‌ی له‌حه‌یراندا زۆر به‌کراوه‌یی ده‌رده‌بڕدرێن، که ره‌نگه له‌گه‌ڵ دابونه‌یتی داخراوی مه‌جلیسی دیوه‌خاناندا نه‌گونجێت.
بۆیه ئه‌و پۆلینکردنانه‌ی تاکو ئێستا بۆ جۆره‌کانی حه‌یران کراون، کورتیان هێناوه و نه‌توانراوه، وه‌کو پێویست سروشت و تایبه‌تمه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی حه‌یران ئاشکرا بکرێت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه پێویست ده‌کات که لۆژیک و شێوازی دیکه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌له‌پوورناسی بۆ پۆلینکردنی جۆره‌کانی حه‌یران به‌کاربهێنرێت، که له‌گه‌ڵ سروشتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حه‌یراندا یه‌کانگیر ببێته‌وه، ئیدی ئه‌م پۆلینکردنه چ له‌ڕووی ده‌ق و ناوه‌رۆکه‌وه بێت، یان له‌ڕووی ریتم و ئاواز و په‌یژه‌ی مه‌قامه‌وه، یان له‌ڕووی وێنه‌ی شیعریی و وه‌سف و ئاستی هونه‌رییه‌وه، یان له‌ڕووی شوێن و هه‌رێمی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر حهیرانێکهوه بێت. ئه‌وه‌ی گرنگه له پۆلینکردن و ده‌ستنیشانکردنی جۆر و فۆرمه‌کانی حه‌یراندا تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی حه‌یران بخرێته‌ڕوو و سیحر و ئیستاتیکای حه‌یران و کاریگه‌رییه‌کانی زیاتر ئاشکرا بکرێت.
ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه سه‌رله‌نوێ حه‌یران و پێکهاته‌کانی شرۆڤه بکرێت، ئه‌وا ده‌توانرێت ئاسانکاری ئه‌وه‌مان بۆ بکات که له‌ڕووی کهلهپوورناسییهوه مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یران و جوگرافیای بڵاوبوونه‌وه‌ی حه‌یرانیش ده‌ستنیشان بکرێت و کاریگه‌ری هه‌رێمه‌کان له‌سه‌ر حه‌یران و کاریگه‌ری حه‌یرانیش له‌سه‌ر که‌له‌پووری هه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌یه‌کدا ببنیریت. به‌مه‌ش ده‌کرێ که‌له‌پوور و فۆلکلۆری میللیی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردیش باشتر بناسرێت. چونکه تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی روون و یه‌کلاییکه‌ره‌وه مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یران و پێداویستی ده‌رکه‌وتنی له‌و کاته‌دا نه‌خراوه‌ته‌ڕوو. ناکرێ وه‌ک هه‌ندێک بۆچوون و را بیربکرێته‌وه که پێیان وایه؛ ته‌مه‌نی حه‌یران سه‌ده‌یه‌ک یان دوو سێ سه‌ده بێت، ئه‌مه له‌کاتێکدا له‌ڕووی ناوه‌رۆک و فۆرم و زمانی ده‌ربڕینه‌وه پێده‌چێت ره‌گێکی قووڵی مێژوویی هه‌بێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قۆناخه‌ی که هێدی هێدی به‌هۆی دابونه‌ریت و باوه‌ڕییه کۆنه‌پارێز و غهوارهکانهوه، په‌یوه‌ندییه سۆزدارییه‌کانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری تاهاتووه به‌رته‌سک کراوه‌ته‌وه و له‌ئاکامی ئه‌و چه‌پاندن و فشارانه‌ی خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه هونه‌ری حه‌یران وه‌ک پێهه‌ڵگرتنێک ئه‌و سنووربه‌ندی و کۆتگیرییهی به‌زاندووه و وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌کی هونه‌ریانه به راشکاوی و بێ په‌رده باسی ئاستی په‌یوه‌ندییه سۆزدارییه‌کانی نێوان کوڕه‌تیم حه‌یران و کچه‌تیم حه‌یران کردووه، یان مراز و رازیان ئه‌وه‌بووه که به‌و ئاسته بگه‌ن که له‌حه‌یراندا گوزارشتیان لێیکردووه.
ئه‌م روانینه کۆمه‌ڵناسییه؛ ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشان ده‌کات که حه‌یرانبێژ له‌هه‌ردوو ره‌گه‌زدا هه‌بووه و ته‌نانه‌ت زیاتر به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌شکێته‌وه که حه‌یران زیاتر به‌رهه‌می راز و مرازی خه‌فه‌کراوی ژن بووبێت تا له‌وه‌ی گوزارشت له‌وه‌ی پیاو بکات. ته‌نانه‌ت زۆرێک له‌و حه‌یرانانه‌ی پیاوانیش ده‌یچڕن، پڕن له داخوازی و حه‌سره‌ته‌کانی ژنان، که گوایه کچه‌تیم حه‌یران به کوڕه‌تیم حه‌یرانی وه‌ها و وه‌های گووتووه. ته‌نانه‌ت زێده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بگووترێت؛ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی زۆرێک له حه‌یرانه‌کان ژن و راز و ئه‌ڤیندارێتی ژنه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که حه‌یران تاڕاده‌یه‌ک مۆرکی ژنانه‌ی پێوه دیاره. پاشان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی قۆناخه‌کانی باڵاده‌ستی پیاوسالارێتیدا تاهاتووه پیاوانیش داخوازی و راز و حه‌سره‌ته‌کانی خۆیان تێوه ئاخنیوه و تێکه‌ڵی راز و نیازه‌کانی ژنان بووه، که دابونه‌ریت و باوه‌ڕییه کۆنه‌پارێزه‌کان خه‌فه و چه‌پاندوویانه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌و حه‌یرانانه‌ی که‌وا حه‌یرانبێژانی ژن ده‌یچڕن تایبه‌تن به خودی ژنانه‌وه و وه‌ک شێوازێکی لاواندنده‌وه و سه‌ردولکه و شیوه‌نگرتن له کۆڕ و مه‌جلیسی ژناندا گووتوویانه.
لێره‌وه په‌یوه‌ند به مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یرانه‌وه، ده‌کرێ له‌میانه‌ی شرۆڤه‌کردنی ئه‌و باس‌وخواس و ته‌وه‌ره سه‌ره‌کییه‌ی که‌وا له خودی حه‌یراندا به کراوه‌یی و بێپه‌روا له‌ده‌وریدا ده‌خولێته‌وه، بزانین که مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی حه‌یران ره‌گێکی قووڵی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی خۆی هه‌یه، که شیمانه ده‌کرێ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردن و زیاتربوونی قۆناخ به قۆناخی فشار و چه‌پاندنه‌کانی دابونه‌یتی داخراو و قهدهخهکار بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه سۆزدارییه‌کانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز، به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ر ره‌گه‌زی ژن، له‌گه‌ڵ خۆیدا وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک چریکه‌ی حه‌یرانی ئافراند بێت و تا فشار و کۆتگیرییه‌کان زیاتر ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه، حه‌یرانیش وه‌ک جۆره یاخیبوون و پێهه‌ڵگرتنێک له‌به‌رامبه‌ر به‌و دابونه‌ریته، تاهاتووه په‌ره‌یسه‌ندووه و لق و پۆپه‌ی لێبۆته‌وه و جۆر و شێوازه‌کانی زیاتر بووه، تاهاتووه سیحر و کاریگه‌رییه‌که‌یشی زیاتر بووه. ئیدی وه‌ک هونه‌رمه‌ندی حه‌یرانبێژی مه‌زن حه‌سه‌ن سیساوه‌یی ده‌ڵێت:”
حه‌یران تشته‌کی گه‌له‌ک غه‌ریبه، ئینسان دری پێده‌کرێته‌وه“.
ئه‌وانه‌ی له هونه‌ری حه‌یرانیان کۆڵیوه‌ته‌وه را و بۆچوونی جیاوازیان سه‌باره‌ت به شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یران هه‌یه. هه‌ندێک هه‌رێمی هه‌ولێر و هه‌ندێکی تریش هه‌رێمی موکریان به کانگای سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یران ده‌زانن. هه‌ندێکیش زۆر به‌رته‌سکتر ده‌ڕوانن و چه‌ند گوندێک یان ناوچه‌یه‌کی زۆر بچووک ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و به زێدی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یرانی داده‌نێن. به‌ڵام له‌راستیدا وه‌ک چۆن سیاچه‌مانه له هه‌رێمی هه‌وراماندا سه‌ریهه‌ڵداوه و په‌ره‌یسه‌ندووه و زیاتر تێنه‌په‌ڕیوه و هه‌ورامان جوگرافیای ره‌سه‌نی سیاچه‌مانه‌یه و به‌شێوه‌زاری هه‌وارمی ده‌چڕدرێ. ئیدی ناکرێ لهههوارامانیشدا ده‌ستنیشانی گوندێک یان ناوچه‌یه‌کی بچووکی هه‌ورامان بکه‌ینه کانگای سیاچه‌مانه، ئه‌وا حه‌یرانیش له کوردستاندا جوگرافیایه‌کی خۆی هه‌یه؛ که ئه‌و جوگرافیایه به‌شێوه‌یه‌کی لاکێشه‌یی سنووری هه‌رێمی موکریان و هه‌رێمی هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه و به‌و شێوه‌زاره ده‌چڕدرێ که تاڕاده‌یه‌ک شێوه‌زاری هاوبه‌شی هه‌ردوو هه‌رێمه‌که‌یه. ره‌نگبێ هاوشێوهزاریش هۆکارێک بووبێت بۆ په‌ره‌سه‌ندنی حه‌یران له‌هه‌ردوو هه‌رێمی هه‌ولێر و موکریان. هه‌روه‌ها ده‌کرێ له‌قۆناخێکدا، به‌گوێره‌ی بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌وه، هه‌رێمێکیان له‌هه‌رێمه‌که‌ی دیکه زیاتر تێیدا حه‌یران په‌ره‌یسه‌ندبێت و له هه‌رێمه‌که‌ی تردا هه‌مان بارودۆخ له‌ئارادا نه‌بووبێت و پاشان به پێچه‌وانه که‌وتبێته‌وه و له‌هه‌رێمه‌که‌ی دیکه‌دا ده‌رفه‌تی پێشکه‌وتنی حه‌یرانی تێدا زیاتر بووبێت. بۆیه ناکرێ له‌ڕوانگه‌یه‌کی ناوچه‌گه‌ریانه، یان له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌رابردوویه‌کی نزیکدا یاخود له ئێستادا حه‌یران له‌هه‌رێمێکی دیاریکراودا ده‌رفه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی بۆ ره‌خساوه، ئیدی بگووترێ؛ کانگای حه‌یران فلان هه‌رێمه.
راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که پێویسته به‌دواداچوونی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی حه‌یران و قۆناخه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی بکرێت و حه‌یران له هه‌موو رووێکه‌وه بناسرێت. بۆ ئه‌مه‌ش پێویست ده‌کات په‌یمانگای تایبه‌تی بۆ لێکۆڵینه‌وه له هونه‌ری سترانبێژی و ده‌نگبێژییه میللییه‌کان به‌گشتی بکرێته‌وه و بۆ هه‌ر یه‌ک له هۆره، سیاچه‌مانه، گه‌لۆ و به‌یت، لاوک و مه‌قامه‌کان به‌شی تایبه‌تی دابمه‌زرێت، به‌هه‌مان شێوه به‌شی تایبه‌تی حه‌یرانیش دابمه‌زرێت و هه‌وڵبدرێت تۆمار و ئه‌رشیف بکرێن و خوێندنگای تایبه‌تی و به‌شی تایبه‌تی له په‌یمانگا هونه‌رییه‌کاندا بۆ فێربوونی حه‌یران بکرێته‌وه و که‌ناڵه رادیۆیی و ته‌له‌فیزیۆنه‌کانیش شانبه‌شانی بواره‌کانی دیکه‌ی هونه‌ر و که‌له‌پوووری میللی کورد، گرنگی تایبه‌تی به حه‌یران بده‌ن و وه‌ک سامانێکی به‌هاداری که‌له‌پووری میللی و نه‌ته‌وه‌یی ببینرێت و بپارێزرێت.
حه‌سه‌ن جودی