وشیار ئەحمەد ئەسوەد: هەریەک بەجۆرێک لە هەنگاوەکەی موژدین دەڕوانێت و قسەی منیش تەنیا لەسەر کەسی موژدین نییە، ئەوەندەی قسەکردنە لەسەر ڕەوتێک کە ماوەیەکە لە هونەری نوێی کوردیدا سەری هەڵداوە.. لەوەتای دژ بەئەقڵە کۆنخوازەکان داکۆکیم لە هەڵوێستەکەی موژدین و ئەو ڕەوتە کردووە کە پێموایە پێوەستە بەهونەری هاوچەرخی کوردییەوە،
دەیان نامە گەیشتوونە ئیمێڵەکەم و لە هەندێکیاندا جنێوباران کراوم و هەندێکیش ستایش و دەستخۆشی.. بەدڵنیاییەوە سوپاسی ئەوانە دەکەم کە هاوهەڵوێستن و لەوانەیش ناڕەنجێم کە بەجنێوەکانیان تەسکینیی دڵی خۆیان دەدەن، چونکە دڵنیام لە دیوێکدا زۆریان حەز لە دیتنی موژدینەکانە، بەدیوەکەی دیکەیشدا دڵنیاترم کە بۆ داهاتوویەکی نزیک شوێنی ئەو بۆچوونانەی ئێستایان لەق دەبن.. ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەبارەیەوە بدوێم، وەڵامێکە بۆ هەمووان، هاوکات قسەکردنە لەبارەی دەرچوون لە چەقبەستوویی گۆرانی و موزیکی کوردی، بەرامبەر بەوەیش پێم باشە بەچەند کورتە ئاماژەیەک لەبارەی بۆچوونەکانی ئەو بەڕێزانە بدوێم کە لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “هەولێر”دا لەم پرسە و هەڵوێستەکەی موژدین دوواون.
(شاهۆ تەیب) یەک لە دەرهێنەر و گەنجە ئەقڵ جوانەکانی بواری کلیپسازیی ئێستایە، بۆیە بۆچوونەکانیشی تا ئاستێکی ئەولاتر بەهەند وەردەگیرێن، چونکە لانیکەم ئەو لە نزیکەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هونەرمەندەکاندا دەکات، ئەمە جیا لەوەی بەپێی زانیاریی من کلیپەکانیشی مایەی تێڕامان و زۆرینەیان لە کارە ئەرێنییەکانن، بۆیە بۆچوونەکانی ئەو لەبارەی موژدینەوە لە دیوێکدا بەشیاو دەبینم و رەنگە گرتەی ناپێویستی تێدا بێت، بەڵام ئەوەی گرنگترە کاک شاهۆ ئەو شێوازە خۆدەرخستنەکەی موژدینی ڕەت نەکردووەتەوە، بەپێچەوانەوە ئاماژە بەوە دەدات کە “هەنگاوەکەی موژدین زۆر گەورەیە و لە ئێستادا هەزم ناکرێت، ڕەنگە لە داهاتوویەکی دووردا ئەمە ئاسایی بێت”، ئەمەیش دروست ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو دەرهێنەرە بڕوای وایە بۆ داهاتوو ئاسایی دەبێت، کەواتە هەڵوێستەکە جۆرێکە لە سەرکێشی و دەهێنێ کاری لەسەر بکرێت.. من لەسەر ئەم بۆچوونە ناوەستم، چونکە هەمیشە جەختم کردووەتەوە کە لە ئێستادا تەواوی کۆمەڵگە ناتوانن ئەم ڕەوتە هەرس بکەن، ئەگەرچی ئەوەیش شاراوە نییە کە خەریکە دەبێتە هونەرێکی جێگیر، بەڵام کاتێک کاک شاهۆ دەڵێت “من بەو کەسانە دەڵێم ئەگەر ئارەزووی هونەری دەرکەوتنت هەیە و دەنگت باش نییە و نەشازە، دەتوانیت کاری نواندن لە فیلمدا بکەیت، یان مۆدێلی فاشیۆن بکەیت”.. لێرەوە پێموایە کاری ئێمەمانانە ڕوونکردنەوە بڵێین، چونکە موژدین لە گۆرانیی کوردیدا یەک لە دەنگە سازەکانە، بەتایبەتیش ئەو گۆرانییەی “لە ژووری تەنیایی خۆما” کە لە ڕیتمێکی “سلۆ”یە و دەکەوێتە سەر پەیژەی مەقامی “بەیات”، لەوێدا ئەو خاتوونە سۆزێکی ناوازەی گۆرانییەکی دروست ڕەسەنی کوردیمان پێ دەگەیەنێت، واتە موژدین وەکو دەنگیش لە دەنگە ناشازەکان نییە، بگرە پتر لە دەنگە ناوازەکانە کە لە گۆرانیی کوردیدا کەمتر بەو جۆرە دەنگە ئاشناین، واتە ئەو خاتوونە لە ڕووی هونەرییەوە خاوەنی دەنگێکی شیاو بەگۆرانییە و ڕەنگە توانای گەمەکردنی لەگەڵ چەندان ستایلی گۆرانیدا هەبێت، بەڵام ئەوەی تووشی بۆچوونە جیاوازەکانمان دەکات، چێژی هونەرییە نەک هونەرەکە خۆی، چونکە ئاساییە من و کاکە شاهۆ هەریەکەمان بەجۆرێکی جیاواز لەوی دیکە چێژ لە دەنگەکان وەرگرین، ئەمەش ناکەوێتە بەر هەڵسەنگاندنێکی دروست هونەرییانەوە، بۆیە بەدیتنی من ئەگەر ئەو خاتوونە تەنیا مەبەستی خۆدەرخستن و دەرکەوتن و ناسین بووایە، پێموانییە چ پێویستییەکی بەسەرکێشی بووایە بۆ دەرکەوتن، چونکە لە ڕێگەی دەنگ و هەڵبژاردنی تێکستی باش و بەرجەستەکردنی لە میلۆدییەکی نوێدا، وەک خاتوونە هونەرمەندێک ئاسان دەناسرا، وا دەزانم زۆریشن ئەوانەی هاوشانی موژدین لەو ڕەوتە کار دەکەن، لە کاتێکدا توانا دەنگییەکەیان لە ئاستی موژدین نییە و کەچی بەفرەوانیش ناسراون.بەلامەوە نامۆ نییە کلیپەکەی موژدین بەو شێوە فرەوانە بکەوێتە بەر ڕەخنە و دژایەتییەوە، پێموانییە تەنانەت بەلای خۆیشیەوە نامۆ بێت و خۆی بۆ جنێوبارانەکان ئامادە نەکردبێ، چونکە زۆربەی ئەوانەی دژایەتیی دەکەن، تا ئێستا باسی هونەریان نەکردووە و دیوە هونەرییەکەی ئەو بەرهەمەیان وەرنەگرتووە، واتە ئەوان تەنیا جەستەی موژدین دەبینن نەک هونەرەکەی، کەسێکیش تەنیا لە ڕوانگە جەستەییەکەوە سەیری ئافرەت بکات، گومان نییە لەوەی تەنیا بەدیوە سێکسییەکە لێی دەڕوانێ و هەر ئەو هەستەشی دەبزوێت، بۆیە ناتوانێ لە سۆزانییەک واوەتر سەیری بکات، بەڵام بۆ کەسێک دیوە هونەرییەکەیشی لە سەیرکردندا هاوشان بکات، دیتنی هونەرێکی ناوازە لە گۆرانییەکەی موژدینی لەلا ئەستەم نابێت، کەواتە کێشەی ئێمە لە دیتن و نەدیتنی هونەرە نەک ئەوەی موژدین تا چەند جەستەی پێشان دەدات… ئەدی زۆر سەیرە! من بەسەرنجی وردەوە چەند جارێک لە گۆرانییەکەی ئەو خاتوونە ڕامام، دەنگ و تێکست و میلۆدییەکەی لێ بترازێ، شتێکی دیکەم دەست نەکەوت بمبزوێنێ، ئەمەیش تەنیا لەبەر ئەوەی وەک هونەر بەرهەمەکەی دەخوێنمەوە، چونکە ڕاستیتان دەوێ هەرکەسێک چاوی تەنیا بەجەستەوە گرێ بدات، چ گومان نییە لەوەی دەیان ماڵپەڕی جەستە جوانەکانی ئاسان دەکەوێتە بەردەست.. بۆیە ئەوەی ئێستا هەڵایەکی دروست کردووە و ناوی لێ نراوە “کلیپە نیمچە ڕووتەکەی موژدین”، تەنیا کۆنخوازەکانن پێی دەوێرن، بۆ ئێمەمانانیش ئەو تەرزە بۆچوونانە وەک نوکتە دەبنە مایەی پێکەنین.
من وەک چاودێر و شارەزایەک قسە لەسەر هونەر دەکەم، بۆیە پێویستیم بە لە نزیکەوە ناسینی موژدین نییە، بەدیدی من ئەگەر بمانەوێ دیوە هونەرییەکەی ئەو بەرهەمە تاوتوێ بکەین و شیی بکەینەوە، دەهێنێ کەسانی شارەزای بوارەکە لەبارەیەوە بدوێن، مەبەستم لەبارەی تەواوی توخمەکانی گۆرانییەکە نەک جەستەی گۆرانیبێژەکە، چونکە شارەزایانی بوارەکەی لێ بترازێ، کەسانی دیکە بەزۆری لە جەستەوە دەچنە ناو بەرهەمەکەوە نەک لە سەرنجی ورد بۆ بەرهەمەکە بچنە قووڵایی تێکست و پاشان میلۆدی و دەنگ و سیناریۆ لە کلیپ و جەستەی ئەکتەر یاخۆ گۆرانیبێژی نواندنکار.. ئاخر هەڵەی گەورە لێرەدایە، ڕاگەیاندکارێک خۆی ئافرەت بێت و کەچی بەشێوەیەک لە ئافرەت بدوێت و جەستەی نیمچە ڕووتی موژدین لە گۆرانییەکدا ناو بنێت “هەمەجییەت”، ئەمە ئەوپەڕی کۆنگەرایی و تەسکیی بیرکردنەوەیە “وێڕای ڕێزی زۆرم بۆ کەسیی ئەو خاتوونە ڕاگەیاندکارە”.
من لە مێژە دەزانم وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریدا داماو و هەژارە و چەندان جاریش لەبارەیەوە دوواوم، ئاخر ئەو خاتوونەیش کە بەو شێوە زەقییە تەنیا لە ڕوانگەیەکەوە هێرشی بێڕەحمانە دەکاتە سەر موژدین، بەناوی شارەزا لە بواری ڕاگەیاندن خزاوەتە وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە.. من دەزانم ئەو خاتوونە بێژە بووە، ئەوەیش دەزانم تا ئاستێک بێژەرێکی دیاریش بووە، ئەوەیش ناخەمە بەر بایەخەوە تا چەند شارەزای بواری ڕاگەیاندنە، چونکە ڕاگەیاندن فرە لق و پۆیە، بەڵام بەکارەساتی دەبینم کەسێک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ناونیشانی شارەزای ڕاگەیاندنی پێ بەخشرابێ، بەو شێوە زەقی و تەسکبینییەوە لە هونەری هاوسەردەم بڕوانێ، ڕەنگە ئاسایی بێت ئەو گۆرانییەکەی موژدین بەهونەر نەزانێ و چێژیش لە دەنگی نەبینێ، ئەوەش ئاساییە پێچەوانەی بۆچوونی موژدینی لە چمکی خۆڕووتکردنەوە هەبێت، بەڵام ئەوەیان ئاسایی نییە داوا بکات ڕێگە لەو دیاردەیە بگیرێت و بڵێت “هەندێک ئافرەتی وەکو موژدین دەگەڕێنەوە بۆ هەمەجییەت و لادان لە بەها مرۆڤایەتییەکان”.. دواتریش دەڵێت “ئایا ئەو پیاوانەی دەستخۆشی لەو کلیپەی موژدین دەکەن، ڕێگە بەدایک و خوشک و خێزانەکانی خۆیان دەدەن بەهەمان شێوە دەربکەون”.. ئەمەیان وردبوونەوە دەخوازێ، کە بێگومان تەنیا وەڵامێک نییە بۆ ئەو خوشکە بەڕێزەمان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بگرە من لێرەوە وەڵام ئاراستەی هەمووان دەکەم.
بەر لە هەر شتێ هەرکەسێک لە هەڵسوکەوتی کەسیی خۆی ئازادە، لەوەش واوەتر هەر کەسێ لە دەربڕینی بۆچوونەکانی ئازادترە، بەڵام هیچ کەسێک ئازاد نییە ڕێگە لە ئازادیی تاکەکان بگرێت، بۆ بواری گۆرانی و بوارەکانی دیکەیش لە هونەردا، دیسان کەسەکان ئازادن و بەرامبەر بەوە کەناڵەکانیش ئازادن چ بەرهەمێک دەوەشێنن یان نایوەشێنن، بەڵام ڕێگەگرتن لەو ڕەوتە مافی کەس نییە و حکوومەتیش ئەو کارە بکات دەکەوێتە بۆتەی داخراوییەوە.
بەلامەوە سەیرە باسی ئەوە بکرێ کێ ڕازی یان ناڕازییە ئەندامانی ماڵباتەکەی خۆی ئەوە بکات کە موژدین کردوویەتی، ئەم بۆچوونە سووا و کۆنبینییە تەنیا ئەوە دەگەیەنێ موژدین و خاتوونە هونەرمەندەکانی دیکەیش کە لەسەر ئەو ڕەوتە کار دەکەن، وەک قارچک و دۆمەڵان لە زەوی هەڵتۆقیون، ئەدی خۆ ئەو خاتوونە بەڕێزانە هەموویان خاوەنی برا و باوک و کەسوکار و ماڵباتن، واتە هەریەکەیان پیاوێلێکیان لە پشتە و پێموانییە کەسیان لە کونە دیوارەوە دەرچووبن و لە دنیا کوردییەکە دابڕابن.. ئەگەر مەبەستیش لە داکۆکیکردن لەوان کەسانی وەک ئێمەمانان بگەیەنێت کە وەک نووسەر و چاودێری بوارەکە بۆچوونەکان دەخەینە ڕوو، دیسان پرسیارەکانی بەرانبەرەکانمان هەرچەندی بڵێی بێواتا و سفر دەبنەوە، لەبەر ئەوەی دەربڕینەکان لە خۆیاندا دەبنە هەڵگری پرەنسیپ، ئەوجا ئەگەر ئەو کەسانە ڕەگەزی مێ لە خێزانەکانیاندا بوونی هەبێ یان نەبێت.. (بەتایبەتیش بۆ کەسێکی وەکو من کە تەواوی ئەندامانی ماڵباتەکەمان لە هەردوو ڕەگەز نووسەر و هونەرمەندن)، بۆیە هەریەک لەو خاتوونانە ئەگەر هونەرێکی هاوسەردەمیان پێ بێت و پێشانمانی بدەن، لە زۆر ڕوانگەوە دەبنە خوشک و کچ و خۆشەویستی ئێمە، کەواتە (موژدینەکان) لە هەموو ئەو ماڵباتانەدا شوێنیان دەبێتەوە کە بڕوایان بەهونەری هاوچەرخ و سەردەم هەیە و وەک پرەنسیپێک پاڵپشتییان دەکەن و کاریان بۆ دەکەن، بۆیە ئەو جۆرە پرسیارە شل و شاوە تەنیا لە کۆنخوازییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک بۆچوونی ئەقڵیی مەعریفی بۆ هونەر و تێگەیشتن لە هونەری نوێ… کێشەی گەورەی ئێمە لەوێدایە زۆرن ئەوانەی چمکی شەرەف تەنیا بە ئەندامانی جەستەی ئافرەت دەبەستنەوە، زۆر پرەنسیپی دیکە لە دەست دەدرێت بەرامبەر بەپاراستنی ئەو ئەندامانەی جەستە لە دیتن و پەنجە خستنەسەر، بەڵام لە دیدگەی منەوە چمکی شەرەف ئەوەندەی پێوەستە بەمامەڵەکردن بەجەستەی ئافرەت لە پشتەوەی پەردەکانەوە، پێوەست نابێت بەپێشاندانی هونەری مۆدێرنی کوردی.. وێرانکردنی شەرەف ئەوەندەی پێوەستە بەگەندەڵیی دارایی و کارگێڕی و خیانەتکردن لە نیشتمان، پێوەست نابێت بەسەمای خاتوونە هونەرمەندانی ئێمەوە.. من وا دەزانم ڕاستوێژی و پێشاندانی هونەری نوێ و هاوشانکردنی لەگەڵ هونەری میللەتانی دیکەدا، شەرەفێکی گەورەی ئەو خاتوونە هونەرمەندانەیە کە بەهونەری کوردییان بەخشیوە، نەک لەپای هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامێکی هونەری لەلایەن موژدینەکانەوە، هەوڵ بۆ لەکەدارکردنی شەرەفی کەسییان بدرێت کە لای ئێمەمانان ئەوپەڕی شەرەفە، بەڵام شەرەف بەواتا دروستەکەی پێوەستە بەهەموو بەها مرۆییەکان نەک تەنیا ئەندامانی جەستەی ئافرەت.
من لە ڕێگەی “یوتوب”ەوە گوێبیستی بووم لە دیمانەیەکدا موژدین پەیامە ڕاستینەکەی بۆ دایکی دەنێرێت و دەڵێت “دایەگیان ئەو هەنگاوەی من ناومە بۆ بەجیهانیبوون ناومە و بۆ مرۆڤایەتی دەیگەیەنم، هیوادارم لای تۆ هیچ ئازاربەخشێک نەبێ، هەرچەندە دەزانم و هەستی پێ دەکەم ئەو هەموو ڕەخنانەی لێم دەگیرێن لەسەر ئەم بابەتە لەوانەیە ئازارت بدات، بەڵام ئەوەیش بزانە کەسێک کە داهێنان بکات، بێ ئەوە نییە ڕەخنەشی لێ بگیرێت، چۆن من بیرم فراوانە و لایەنی دەروونیی خۆم ڕاگرتووە، هیوادارم بتوانم کەمێک لەو ئازارەت بەو تێگەیشتنە پێ بگەیەنم و لێت کەم بکەمەوە و تۆیش هەندێک خۆڕاگر بیت و ئەم داهێنانەم بەکەم نەبینی”.. ئاخر هەرکەسێک تۆزقاڵێک لە پەیامەکەی موژدین بۆ دایکی ورد بێتەوە، ئاسان دەتوانێ ئەوە بدۆزێتەوە کە لەلای ئەو هونەرمەندە خۆڕووتکردنەوە تەنیا بەدیوە سێکسییەکەی لە پێشاندانی جەستەدا کۆ نەبووەتەوە، هەربۆیە جەخت لە بیر فراوانیی خۆی دەکاتەوە و باس لە ڕاگرتنی لایەنی دەروونیی دەکات.
لێرەوە دەهێنێ نموونەی زیندووی دیکە وەربگرین.. هەموو ئەوانەی بوێرییان لە دەرخستنی هونەرەکەیان تێدایە، لە هەر قۆناغێکدا بەجۆرێک لە جۆرەکان دژایەتی کراون، بەر لە دەنگۆی کلیپەکەی موژدینیش دنیایەک ڕەخنە ئاراستەی قوتابییەکانی هەڵکەوت زاهیر کرا، بەر لەوانیش لەیلا فەریقی و ئەوانی دیکەیش بێبەش نەبوون لەو ڕەخنە بێبنەمایانە، بەڵام لە بەردەوامیدا هونەرمەندێتیی خۆیان لە هونەرێکی هاوسەردەمدا جێگیر کرد و بووەتە ڕەوتێک و نایەتە وەستان.. من لە بیرمە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا هەمان ئەو ڕەخنانە ئاراستەی خاتوونە هونەرمەند (دکتۆرە بەلقیس دۆسکی) کرا کە ئەودەم بەناوی (ژیان ئەحمەد)ەوە گۆرانیی دەگوت، بەڵام ئەوەتا دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، (ژیان ئەحمەد) لە بەرگێکی دیکەدا بەردەوامیی هەیە و هاوکات بێبەش نییە لە ڕەخنەباران.
بەدەر لە هەموو ئەوانەیش، من زۆر جار وەک فێرگەیەکی هونەریی نوێ لە بواری میلۆدی و کارکردن بۆ گەنج باسی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرم کردووە، مەبەستم ئەو ڕەوتەیە کە زۆرترین دژایەتی کراوە، بەڵام بەردەوامییەکەی کردوویەتییە کەتوارێک هەرگیز نایەتە فەرامۆشکردن، واتە ڕەوتێکە بەردەوامیی دەبێت.. ئەقڵی موژدینیش لەبەر ئەوەی لەو ڕەوتەوە نزیکە، بۆیە دەهێنێ ئەو خاتوونە تەنیا نەهێڵرێتەوە، ئەو پەنجانەی هەڵکەوت کە دەکەونە بەر میلۆدیی خاتوونەکانی نزیکی خۆی، خۆزگە بەر موژدینیش دەکەوتن.