وشیار ئەحمەد ئەسوەد : نووسینی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن لەبارەی بەرهەمەکانی عەدنان کەریمەوە ئاسان نییە، نەک لەبەرئەوەی تێگەیشتنمان بۆ گۆرانی و میلۆدییەکانی ئەو هونەرمەندە ئەستەم بێت، بێگومان هەریەکەمان لە ئاستێکدا دەتوانین پەی بەکارەکانی بەرین، واتە هەریەکە و بەپێی تێگەیشتنی خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات، بگرە ئەستەمییەکەی لەوێدایە ئەو هونەرمەندە بەجۆرێک ڕۆ چووەتە ناو خەڵکەوە، پێم وانییە کەسانێکی هێشتبێتەوە ئامادەییی خوێندنەوەی ڕەخنە یاخۆ ئاماژەدان بەخاڵێکی نەرێنییان لەبارەیەوە هەبێت، ڕاستیتان دەوێ ئەمەش لایەنێکی تری سەرکەوتنەکانی عەدنانە لە ڕەوتە هونەرییەکەیدا، ئەگەرچی مەرجیش نییە خزمەتی ڕژدی بکات، چونکە کاتێک ئێمە دەتوانین لە خزمەتی هونەرمەندێکدا بین، ئەگەر بوارمان بۆ هەڵسەنگاندنە هونەری و ڕەخنەیییەکان بۆ بهێڵێتەوە، ئەمەش نەک بەو هۆیەی خۆی ئامادەییی ڕەخنەگرتن و خوێندنەوەی ڕەخنەی لەبارەوە نەبێت، بەپێچەوانەوە من وا تێدەگەم ئەو گەیشتووەتە ئاستێکی ڕۆشنبیریی وا کە ئاسان درک بەدیوە ئەرێنییەکەی ڕەخنەکان بکات.
کە دەڵێم ڕەخنە و هەڵسەنگاندن، ئەمە بەو واتایە نییە بەدوای کۆمەڵێک خەوش بگەڕێین و بەخورتی زەقیان بکەینەوە، چونکە بەڕاست عەدنان لە هونەری گۆرانی و موزیکی کوردیدا کەمترین خەوشی بەردەکەوێ، کەواتە ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە پتر بۆچوونە جیاوازەکانە وەک لەوەی ئاماژەدان بێت بەکەموکوڕییەکان، پێم وایە بۆ بۆچوونە جیاوازەکانیش ئەگەر بکەوینە دیالۆگێکی هێمنانەوە، پتر لە هەر کەس و لایەنێکی تر، خزمەتی ڕژدی عەدنان کەریم دەکەین کە لە ئێستەدا بووەتە یەک لە ستوونە توند و کۆڵەگە پتەوەکانی گۆرانیی کوردیی سەردەم.. کێشەی ڕژدی ئێمە لەگەڵ تێگەیشتنی زۆرترین ڕێژەی هونەرمەندانە لە ڕەخنە، بێگومان لەوەدا مەبەستم کەسی عەدنان نییە، بەڵام وەک ئاماژەم پێ دا هونەرمەندانی ئێمە پرۆسەی ڕەخنە تەنیا لە خاڵە نەرێنییەکاندا دەبیننەوە نەک هەڵسەنگاندنی ڕژدی کارەکان و پەیبردن بەتەواوی دیوەکانی بەرهەمە هونەرییەکان، بۆیە نووسینی ڕەخنەیی لە بارەیانەوە ئاسان وەرناگیرێت، ئەمەش پتر هونەرمەندانی بواری موزیک و گۆرانی و زۆر جار شانۆیش دەگرێتەوە، لە کاتێکدا هیچ لایەنێکی ڕۆشنبیری و تەواوی لایەنەکانی تری پێوەست بەداهێنان گەشە ناکەن ئەگەر پرۆسەی ڕەخنەیان لەتەکدا هاوشان نەبێت.. کەواتە لێرەوە دەهێنێ بەنووسینی ڕژد و لە دەرەوەی پیاهەڵدان، هاوکات بەهەندێک ڕێنوێنی و داواکارییەکانمان لە هونەرەکەی خۆشەویستتری بکەین.
وا دەزانم عەدنان کەریم لە مێژە ئەوەی تێپەڕاندووە پێویستی بەموجامەلە تەڕ و تازەکان بێت، پێم وایە بەشانوباڵ هەڵدانیش بۆ ئەو وەک گێڕانەوەی نوکتەیە، ئاخر لە زۆربەی ماڵە کوردانی هەر پارچەیەکی کوردستان گوێت لەو دەنگە دەبێت، مەبەستم ئەوەیە لێرە بەدواوە ئەو هونەرمەندە ئەوەندەی پێویستی بەڕەخنەی ڕژدە لەسەر بەرهەمەکانی، کەمتر پێویستی بەسینگ دەرپەڕاندنە کە پێم وانییە ئەویش ئەوەندە حەزی لەم بەیت و بالۆرەیە بێت، بۆیە ئەگەر ئێمەیش پێمان وابێ ئەو یەک لە بەتواناترین دەنگەکانی گۆرانیی کوردییە، هاوکات ئەگەر داوای پتری لەو بوارەدا لێ دەکەین، دیسان دەهێنێ لە هەڵسەنگاندنەکاندا نەکەوینە دۆخی پیاهەڵدانەوە.
ئەمە یەکەمین جارم نییە لەبارەی ئەم هونەرمەندەوە دەدوێم، وا دەزانم لە چەند نووسینی پێشتردا وەک فێرگەیەک لە گۆرانیی کوردی ناویم بردووە، کە دەشڵێم فێرگە، شتێکی پترم لە سەنگی خۆی نەداوەتێ، ئەو لە بوارێکدا کاری ڕژدی کردووە و وەک باشوەستایەک خۆیمان پێ دەناسێنێ، بەر لەو چ کەسێکی تر خۆیان هاوشان نەکردووە، واتە ئەوەی لە دنیا تایبەتەکەی گۆرانی و دەنگ و ئەدای عەدناندا هەیە، بەتەنیا خۆی دروستی کردووە نەک ئیلهامبەخشی فێرگەیەکی تر بێت، ئەمەش وا دەکات وەک فێرگەیەکی سەربەخۆ سەرەتاتکێ لەگەڵ موزیک و گۆرانیی کوردی بکات.
ئێمە لە باسکردنی فێرگەدا پێویستیمان بەبوێرییەکی زۆر نییە، چونکە لە هونەری گۆرانی و موزیکی کوردیدا ژمارەیەک فێرگەمان هەن، بەڵام ئەوەی عەدنان لە فێرگەکانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئێمە لە هەڕەتی گەنجیی کارە هونەرییەکانیدا وەک فێرگەیەک دەیخەینە بەر ئاماژەوە، چونکە لای ئێمە وا باوە هونەرمەند کە کۆچی دوایی دەکات، دوای خۆی وەک فێرگە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا جیا لە عەدنان فێرگەی تریشمان لەو بوارە هونەرییە و بوارەکانی تریشدا هەن، بەڵام هەڵبژاردنەکانی عەدنان لە پەیبردن بەدیوە ناوازەکانی گۆرانی و میلۆدیی کوردی خۆی دەبینێتەوە.
ئەم هونەرمەندە سەرەتاکانیشی ئاسایی نەبوو، بێگومان ئەمە جیا لە گۆرانیی (دەسماڵێ) کە دەکەوێتە بەر میلۆدییە میللییەکان، ئەو لە دواتردا تەواوی ئەو میلۆدییانەی کاری لەسەر کردوون، بەمیلۆدییە ناوازەکان لە سەردەمی خۆیاندا هەژمار کراون.. نەک تەنیا میلۆدی، بگرە لە ئەداکردنیشدا هەمان ناوازەییی پێ دەبەخشین، ئەگەر وردتریش سەرنج بدەین، تا ئەم دەمەش عەدنان لە ئەدای گۆرانییەکانیدا تا ئاستێکی زۆر هەمان چێژە سەرەتایییەکانی خۆیمان پێ دەگەیەنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو هونەرمەندە لە بەراییی کارەکانیدا بەتۆکمەیی دەستی پێ کرد، کەواتە لە کارە هونەرییەکانیدا قۆناغی هەرزەییی نەبینیوە، بەپێچەوانەوە وەک دەنگێکی کامڵ دەرکەوت و لە بەردەوامیدا کامڵتریش بووەوە.. بەلای منەوە ئەمەیە وا دەکات ئێمەمانان لە هەموو کەسێک پتر ڕەوتەکەی بخەینە بەر باری سەرنجەوە، چونکە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە سەردەمانەیەی قۆناغە دنیاگەرایییەکەدا کە کاریگەریی زۆری لەسەر ڕەوتە هونەرییەکەی گۆرانی و موزیکی کوردیش هەبوو، عەدنان چ وەک موزیک یان میلۆدی و هەڵبژاردنی تێکستیشدا، توانی لەگەڵ جوانییەکانی دنیاگەری لەناو موزیکی کوردیدا هەڵبکات، زیندووترین نموونەشمان گۆرانییەکانی (هاوسەرە ئازیزەکەم – وەک ڕۆژانی ڕابردوو) و ئەوانی پاشتریشن، ئەوە ڕەوتێک بوو نەک تەنیا عەدنان، بگرە زۆر گۆرانیبێژ و موزیکژەنی تریش کاریان لەسەر کرد و هەریەکەشیان بەجۆرێک سەمایان لەگەڵ ڕەوتەکەدا دەکرد، لەوانە (بەهجەت یەحیا و بورهان مەجید) و دوای ئەوانیش (دیاری قەرەداغی و ماهیر محەمەد ئەمین) و چەندانی تر، ئەگەرچی هەریەکەیان لە شێوازێکی جیا لەوی تر کارەکانیان پێشانمان دەدا، بەڵام کاری هاوچەرخانەیان کردبووە پرەنسیپێک لە بەرهەمە هونەرییەکانیان، لەوەش واوەتر لە نێویاندا بەهجەت یەحیا لەسەر ستایلێکی دیاریکراودا خۆی جێگیر کرد، ئەو جێگیربوونەش وایکرد لە دوای گۆرانییەکانی (نیشانەی پیری – دەروێشی ئەشق – کۆڕی ئەمشەو) و ئەوانی تریش کە هەریەک لەو گۆرانییانە دەنگدانەوەی گەورەیان لە ناو جەماوەر و کۆڕە هونەرییەکەشدا دروست کرد، بەڵام لەوە واوەتر تەواوی کارە هونەرییەکانی بەهجەت یەحیا خولانەوە بووە لە هەمان بازنەدا، ئەمەیە وا دەکات ئێمە نەتوانین هەڵسەنگاندنی جیاواز بۆ هیچ یەکێک لە بەرهەمە نوێیەکانی بەهجەت بکەین، چونکە لەو ستایلە کارکردنەیدا ئەو هونەرمەندە گەنجە هەرچیمان بۆ بکات، تەنیا پێشاندانی ئاستی ئەو گۆرانییانەیە کە بەنموونە هێنامنەوە، واتە لەو کاتەوە تا ئێستایش ئەگەر بمانەوێ هەڵسەنگاندن بۆ بەهجەت بکەین، دەبێ دابەشی بکەینە سەر دوو قۆناغی جیاواز، قۆناغێکیان لە گۆرانییە پایزییەکەیەوە تا (سۆزی شەوێک) دەست پێ دەکات، لە قۆناغی دووەمیشدا بەگۆرانییە سۆفیزمەکانی بەکۆتا دێت، کەواتە بەهجەت ئێستا لەناو گێژەنی سۆفیزمدا خۆی گرمۆڵە کردووە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە دەزانین توانا دەنگییەکەی زۆر لەوە پترە لەسەر ستایلێکی دیاریکراو بمێنێتەوە، بێگومان ئەویش یەک لە سەنگە گەورەکانی گۆرانیی کوردییە بۆیە وەک نموونە کەوتووەتە بەر قەڵەم.. لێرەوەیە دەهێنێ عەدنان کەریم ڕاچڵەکێنین، چونکە عەدنانیش خەریکە هەمان شێوە کارکردن دەکاتە پرەنسیپ، بێگومان بەجیاوازیی ستایلەکانیان، ئەوەی دەیبینین ماوەیەکی کەم نییە عەدنان لەسەر ئەو ستایلە کارکردنە وەستاوە کە ئێمە لە سەرەتادا وەک داهێنانێک لێمان وەرگرت، ئەویش یارییەکی هونەرییانەی میلۆدییەکانیەتی لەسەر تێکستە کلاسیکەکان.
ئەوەی بەلای منەوە نامۆیە، زۆربەی هونەرمەندانی ئەم بوارە تا ئێستە شکڵە دروستەکەی کلاسیکیان لە کارە ئەفرێنەرەکان نەدۆزیوەتەوە، یان بەدروستی کاریان لەسەر نەکردووە، لەوەیش ڕاستتر لێی نەگەیشتوون، بۆیە زۆر جار کلاسیک و هونەری میللی و فۆلکلۆر لەلایان تێکەڵ بەیەکدی دەبن، تا ئێستەش لای ئێمە کلاسیک بەفۆڕمە کۆنەکەی لە قاڵب دەدرێت و کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو میلۆدییانەی لەسەر تێکستە کلاسیکەکان کاریان لەسەر کراوە، شێوازە میللیگەراکە تێناپەڕێنن، یان دەخزێنە نێو میلۆدییە باو و سادە و سوواوەکانەوە، دەگمەنن ئەو میلۆدییانەی لە تێکستی کلاسیکەوە لەدایک دەبن و ئاوێتە بەموزیک و ستایلە سەردەمییەکان دەکرێن، بۆیە بەدیدی من دەخوازێ بەر لە دەستبردن بۆ تێکستە کلاسیکەکان و ئاوێتەکردنیان بەمیلۆدیی کوردی، ئەرکی دانەری میلۆدی و دەنگبێژیشە چەمکە سەردەمانەکە هەرس بکات و پاشان بەناوی مۆدێرنەوە یارییان لەگەڵدا بکات، نەک تەواوی فەلسەفەکانی شاعیرە کلاسیکییەکان تێپەڕێنی و تەنیا وەک کێش و سەروای شیعری لە تێکستەکانیان بڕوانێ کە دەکرێ میلۆدیی حازربەدەستی بۆ پێک بهێنرێت.
ئاخر ئەم هونەرمەندە لێرەوە خۆی لە هەموو ئەوانی تر جیا کردووەتەوە و بەئەقڵێکی هونەریی کراوەتر کارەکانی لەو ستایلەدا کردووە، واتە لە سەما هونەرییەکاندا ئەو هونەرمەندە بەمامۆستایەکی داهێنەری ئەو ستایلە هەژمار دەکرێت و ئەمەیان لای ئێمە یەکلا بووەتەوە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیخەمە بەر ئاماژەوە، ئەو پرسیارەیە (ئایا هەموو توانا هونەرییەکانی عەدنان کەریم لەم ستایلە نوێیەدا کۆ بوونەتەوە، یان دەکرێ ئەمەش جێبێڵێت و بەشوێنێکی نوێتر بگات؟).
بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی “وەفایی” کە دووبارە یاریکردنی عەدنانە لەگەڵ کلاسیک، ئەو بەڕێژەیەکی زۆر هەمان ئەو جۆرە کارانەی کردبوو، بۆیە گۆرانییەکانی “وەفایی”ش بەئێمەمانان نامۆ نەبوون، واتە چاوەڕوانی ئەو ستایلە گۆرانییەمان لە عەدنان دەکرد کە خەریکە بەشێوازە (عەدنانی)یەکە دەناسرێتەوە، بەڕاست من وای دەبینمەوە جوانییەکانی هەر هونەرمەندێکیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە جار لە دوای جار جەماوەرەکەی یان هۆگرانی دەنگەکەی چاوەڕوانی پتر و جیاوازتری لێ بکەن و ئەویش ویستەکانیان بۆ دابین بکات، بەتایبەتیش ئەو نوخبەیەی جگە لە چێژوەرگرتن لە سۆزەکانی، بەچاوی ڕەخنەوە دیوە هونەرییەکەشی وەردەگرن.. بۆ عەدنانیش بەهەمان شێوەیە، چونکە جیا لەوەی ئەو هونەرمەندە بەو شێوازەی خەریکە بەجێگیری کاری لەسەر دەکات و هەوادارانیشی بەچاوی عەجەبەوە لێی دەڕوانن، بەڵام ئەوەش دەزانین توانا هونەرییەکەی ئەو زۆر لەوە پترە کە لە “وەفایی”دا پێشانی داوین.. با واز لە چەپڵەڕێزانی جەماوەر بێنین، چونکە ئەگەر تەنیا وەک سۆزیش دەنگی عەدنان وەربگرین، بەهۆی ئەوەی دەنگێکی دروست نوێی کوردانەیە و هاوکات کۆمەڵە یارییەکی نوێ لە ئەدای ئەودا بەدی دەکەین، ئەمە وا دەکات چەپڵەڕێزانی جەماوەر بەردەوامیی هەبێت و ڕەنگە تا مەودایەکی دوورتریش ڕێگە ببڕێت، ئەمەیان پتر پێوەستە بەچێژی هونەرییەوە کە یەک لە توخمە ورووژێنەر و کاریگەرەکانە لە هونەری گۆرانیدا، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لەم هەڵسەنگاندنەدا، پتر دیوە هونەری و توانا شاراوەکانی عەدنانە، توانای شاراوەش بەو واتایەی زۆری تر لەلای ئەو شک دەبرێ کە تا ئێستە پێی ئاشنا نەبووین، من ناڵێم ئەو چاوچنۆکیمان لە پێشاندانەکاندا لەگەڵ دەکات، چونکە داهێنانەکانی ئەوەی ترازاندووە بەچاوچنۆکی بناسێنین، بەپێچەوانەوە ئەو یەک لە هونەرمەندە هەرە دڵکراوە و سەخی تەبیعەتەکانە لەگەڵ بیسەرانیدا، بەڵام ئەوەی ئێمە بەڕوونی هەستی پێ دەکەین، ئەو توانا فرەیەیە کە لای ئەو کۆ بووەتەوە و جارێ کاری لەسەر زۆر لایەن نەکردووە کە دەتوانێ بیکات، ئەگەر بڵێم ئەو درک بەتوانا شاراوەکانی خۆی ناکات، ڕەنگە زێدەبێژیم کردبێ، چونکە یەک لە جوانییەکانی عەدنان کەریم ئەو سەلیقەیەیەتی کە لە ڕۆشنبیرییە هونەرییەکەیدا خۆی کردووەتە خاوەنی، واتە ئەو درک بەشتەکان دەکات، پێم وایە بەئاسانیش ڕەخنەکان وەردەگرێت، بۆیە دووری نابینم بەو بەرنامەیەی ئێمە پێی ئاشنا نین کار بۆ داهاتووی خۆی بکات، لێرەشدا خۆشەویستیی ئەو هونەرمەندە وامان لێدەکات ئەگەر بەشەلەشەلیش بێت، هەوڵ بدەین هەندێک لە توولە ڕێگەکانی لەگەڵدا ببڕین، واتە ئەگەر وردە سەرنجمان لەسەری هەبێت، بەبوێرییەکی پترەوە بیخەینە بەرچاو کە پێم وایە ئەگەر سوودمەند نەبێت لێی، بێگومان زیانمەندیش نابێت، کەواتە دەهێنێ ئێمەیش بەسەرنج و تێبینییەکانمان خۆمان لە دنیای هونەریی عەدنان و (گەمە عەدنانییەکان) نزیک بکەینەوە.
ئەمانە دروست بەو واتایەی عەدنان لە “وەفایی”دا کۆمەڵێک جوانکاریمان پێشان دەدات کە هەموومان چێژی لێ وەردەگرین، واتە ئەو توانیویەتی لەڕووی چێژەوە نیشانەکان لە هەست و نەستی ئێمەدا بپێکێت، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت چەمکی داهێنان لەگەڵ جوانکارییەکاندا جیاواز بێت، وا دەزانم ئەو لە “وەفایی”دا جوانکاریی کردووە.. لێرەوە مافی ئێمەیە وەک ئاشقانی دەنگی ئەو هونەرمەندە، لەوەی ئاگەدار بکەینەوە کە ئێمە کارکردنیمان لەسەر کلاسیک لێ وەرگرتووە و بۆ هونەری کوردیش جۆرێکە لە دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی داهێنانەکان، بەڵام ئەوەش دەزانین کە گەنجینەکەی عەدنان زۆر لەوە پتری تێدایە و چاوەڕوانی دیتنی دەکەین، بۆیە جوانتر دەبێتەوە ئەگەر تەنیا لەسەر ئەم ستایلە نەوەستێ و بەکاری ڕژدتر و داهێنانی نوێترمان ئاشنا بکات.
ئەگەر بمانەوێ لە هەڵسەنگاندنەکاندا وەک داهێنەرێک عەدنان کەریم بخەینە بەر ئاماژەوە، بێگومان پەنجەدانانی لەسەر خاڵەکان پێ دەوێت، لەبەر ئەوەی داهێنانی ئەو هونەرمەندە تەنیا لەو چێژەدا نییە کە لە ڕێگەی دەنگە بەسۆزەکەیەوە پێمان دەگات، زۆرن ئەوانەی لە دەنگدا خاوەنی سۆزی باڵان، بەڵان نەیانزانیوە چۆن لە ڕێگەی ئەو سۆزەوە کاری نوێ و ئەفرێنەرانەمان پێشان بدەن، کەواتە داهێنان ناکەوێتە بەر جۆری دەنگ ئەوەندەی پێوەندیی بەگەمە هونەرییە سەردەمانەکەوە هەیە، ڕەنگە هەندێک هونەرمەندی دەگمەن هەبن داهێنانەکان بەر لە کارەکانیان بکەوێتە بەر دەنگیان، ئاخر جگە لە کارە پڕ بایەخ و ناوازەکانی مەزهەری خالقی، هاوکات ئەو هونەرمەندە باش دەزانێ چۆن داهێنان لە دەنگە ناوازەکەیدا دروست بکات، بەڵام نموونەی وەک مەزهەریش لە گۆرانیی کوردیدا دەگمەنە، بۆیە من ناتوانم هەردوو دەنگی عەدنان و مەزهەر لە تای تەرازوویەکدا هەڵسەنگێنم، ڕاستیتان دەوێ عەدنان جیا لە سەما دەنگییەکان کە پێی دەناسرێتەوە، ئەو لە هەڵسوکەوتی لەگەڵ تێکستە کلاسیکەکان و بەرجەستەبوونی میلۆدییەکانی لەو تێکستانەدا گەیاندوویەتیە ئاستی داهێنان کە ئەمەش دنیایەک هەوراز و نشێوی دەهێنێتە پێش، بەڵام ئەوەی تا ئێستە ئێمە بینیومانە، ئەو کەسێکی بوێر بووە و شانی داوەتە بەر ئەستەمی و سەختییەکان.
عەدنان دوای یارییە هونەرییەکانی لەگەڵ میلۆدییە هاوسەردەمەکان، دابڕانێکی کورتی دروست کرد، دوور نییە ئەو دابڕانەش پێوەندیی بەو ساتەوەختانەوە هەبێ کە کوردستانی جێ هێشت و لە سوێد گیرسایەوە، لەمەیاندا ناهێنێ بیخەینە بەر تانەوە، چونکە ئەو دواتر بەگەنجینەیەکی پڕترەوە خۆی پێشان داینەوە، ئەگەر بڕیار بێت داهێنانەکانی پێوەست بەو گەنجینەیە بن، من دەڵێم ئەو لە گۆرانییەکانی (ئەڕۆی ئۆغر – پایز بوو باران نم نم دەباری – چاوی مەخمووری) و ئەوانی تر وەک داهێنەرێکی ڕەزاسووک خۆی پێ ناساندینەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە کارکردنی لەسەر ئەو ستایلە و بەو شێوە دروستەی خۆی خاوەنداریەتیی کرد، وەک ناوێکی دیاری هونەری موزیک و گۆرانیی کوردی خۆی لەنێو تێکستە کلاسیکەکاندا بەرجەستە کرد، لە هەموو ئەمانەشدا مەبەستم ئەوەیە بۆ یەکەمین جار عەدنان کەریم بوو لەو ئاستە بەرزەدا گەمەی هونەریی هاوچەرخی لەگەڵ تێکستە کلاسیکەکاندا کرد، لەوەش بەدواوە ئەو هونەرمەندە هەرچیمان بۆ بکات، تەنیا جوانکارییە لەو ستایلە گۆرانییە نەک داهێنان، چونکە عەدنان وەک داهێنان لە سەرەتای کارکردنی لەسەر ئەو ستایلە نیشانەکانی پێکا و توانی خۆی بهاوێتە ئەرشیفی داهێنانەکانی هونەری گۆرانیی کوردییەوە، هەموو ئەوانی تریش گەمەی دووبارەکردنەوەی ئەو داهێنانەن، یان ڕتووشکردنی هەندێکی ترن بەمیلۆدیی جیاواز لەوانی تر، بۆیە ئەوەی ئێستە کاری لەسەر دەکات، دەکرێ وەک گۆرانیی نوێ و جوانکاری لێی وەربگرین، نەک داهێنانێک بەناوی تێپەڕاندنی قۆناغێک و دروستکردنی قۆناغێکی تر، کەواتە ئەگەر ئەم هونەرمەندە تا ماوە و مەودایەکی دوورتریش لەسەر هەمان ستایل کار بکات، کارەکانیشی لە هەر ئاستێکدا بن، دەچنە بۆتەی جوانکارییەکانەوە و داهێنانەکەی پێشتری تێناپەڕێنێ، خەمی ئێمەش لەوێدایە، چونکە گومانمان نییە لەوەی وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، توانای هونەریی عەدنان لەوە پترە کە لە “وەفایی”دا پێشانی داوین.
ئەم بۆچوونە کەمکردنەوە نییە لە جوانییەکانی ئەلبوومی “وەفایی”، چونکە ئەگەر “وەفایی” بخەینە بۆتەی هەڵسەنگاندنەوە، عەدنان توانی بەبەرهەمەکانی ئەو ئەلبوومەی زۆرترین چێژ بەبیسەرانی بگەیەنێت، واتە لە بەرهەمهێنانی ئەو ئەلبوومەدا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت، هاوکات جیا لە بەخشینی چێژ، نوێکاریی ڕوون لە هەندێک لە گۆرانییەکانی دەبینین کە پێشتر کاری لەسەر نەکردوون، بەتایبەتیش لە کارە هاڕمۆنیکییەکاندا، بۆ ئەمەیان دەتوانین گۆرانیی (خەندەی گوڵ) وەک نموونە وەربگرین کە تراکی دووەمی ئەلبوومەکەیەتی، لەوێدا کارێکی هاڕمۆنیکیت لە پشتی دەنگەکانەوە گوێ لێ دەبێت، لە گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندەدا کەمتر لەسەر ئەو تەرزە کارانە ڕاهاتووین، واتە شتێکی نوێمان گوێ لێ دەبێت، ئەمە جیا لەوەی لە “وەفایی”دا عەدنان جوانترین گەمەی لەگەڵ مەقامەکاندا کردووە.. یەک لەو شتە باوانەی ئێمە لە گۆرانیی کوردی و لەلای گۆرانیبێژەکانمان هەستی پێ دەکەین، ئەوەیە هەر گۆرانیبێژێک جیا لە شارەزاییی ژمارەیەک لە مەقامەکان، هاوکات پێوەستیی پتری دەکەوێتە سەر مەقامێک، واتە لە مەقامێکی دیاریکراودا دەتوانێ زۆرترین چێژ بەبیسەر بگەیەنێت، بەڵام ئەمەیان لەلای عەدنان نەکەوتووەتە بەر بایەخەوە کە بەبۆچوونی من ئەویش جوانییەکی تری هونەرەکەیەتی، لە گۆرانییەکانی ئەلبوومەکەیدا ئەو تەرزە کارانە دەبینین، گۆرانیی (ڕیشەی دڵ) کە تراکی یەکەمی ئەلبوومەکەیەتی و دەکەوێتە سەر پەیژەی مەقامی “بەیات” عەدنان بەکورتە مەقامێکی “قەتار” شادمان دەکات، ئەو هونەرمەندە ڕاستە لەدایکبووی کەرکووکە، بەڵام پەروەردەی دەڤەری گەرمیان نییە و مەقامەکەش دروست پێوەستە بەگەرمیانەوە، بۆیە دەرچوون لە ناوچەگەریەتی و پەیبردن بەو مەقامە ئاسان نییە، ئەمەش نوێکارییەکی تریەتی، ئەگەرچی دەکرا بۆ جوانترکردنی کارەکەی بەهەمان تێکستەکەی “وەفایی”ی شاعیر مەقامەکەی بەرگوێ بخستینایە، هاوکات جیا لە “قەتار”، جوانتر دەبوو ئەگەر لە کۆپلەی دووەمی گۆرانییەکەیدا “بەرزەقەتار-خاوکەر”ەکەشمان پێ بگەیەنێت، لەبەرئەوەی “قەتار” دەکەوێتە سەر پەیژەی “بەیات” و “خاوکەر”یش لەسەر پەیژەی مەقامی “حیجاز”ە، بۆیە لەو کاتەدا ئەستەم نەدەبوو گۆڕانکاری لە مەقامەکانیش بکات و بەمەش جۆرێک لە ناوازەیی بەبەرهەمەکەی ببەخشێ، کە دەڵێم ئەمەیان بۆ عەدنان ئەستەم نییە، چونکە ئەو لە گۆرانیی (خەندەی گوڵ)دا دروست ئەو کارەی لە گۆڕانکارییە مەقامییەکاندا کردووە، لەوێدا گەمەیەکی هونەری لەگەڵ هەردوو مەقامی “نەهاوەند” و “حیجاز”دا دەکات، کەواتە ئەم جۆرە کارانە بەو نامۆ نین.
ئەو گەمە مەقامی و گۆڕانکارییانەی لە “وەفایی”دا عەدنان پێمانی ئاشنا دەکات، هونەرێکی نوێ نییە لە گۆرانی و مەقامی کوردیدا، زۆرن ئەو هونەرمەندانەی لە کۆنیشدا ئەو کارانەیان لە ئەدا مەقامییەکاندا کردووە، بەڵام عەدنان گەمەکانی لەناو بەستەکاندا بەرجەستە کردووە، ئەوەیان لە گۆرانیی (هیجری تۆ)شدا گوێبیست دەبین، بەڵام لەوێدا تەنیا لەسەر گۆڕانکارییە مەقامییەکان نەوەستاوە، بگرە هەمان ئەو گەمەیەی لەگەڵ ڕیتمەکانیشدا کردووە، ئەو بەپەیژەی “هومایۆن” دەست پێ دەکات، بەڵام لە کۆپلەی دووەمیدا دەگوازێتەوە سەر ڕیتمی “گەڕیان” و مەقامی “حیجاز”، لە کۆتای کۆپلەی دووەمیشدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر هەمان مەقامی سەرەکیی گۆرانییەکەی کە “هومایۆن”ە، بەدرێژاییی ئەو گۆرانییە سەمایەکی مەقامی لە نێوان “حیجاز” و “هومایۆن”دا دەکات.
یارییە مەقامی و ڕیتمییەکانی ئەم هونەرمەندە لە زۆربەی گۆرانییەکانی ئەلبوومەکەیدا بەرجەستەن، تەنانەت میلۆدییە فۆلکلۆرییەکەشی بەسادەیی جێ نەهێشتووە، ئەو لە گۆرانیی (لەرزانێ) کە شیعری مەولەوی و وەلی دێوانە و میلۆدییەکەشی لە خانەی فۆلکلۆردایە و لەسەر ڕیتمی “هێوە” کاری بۆ کراوە، دیسان گەمە لەگەڵ “نەهاوەند” و “حیجاز”دا دەکات.. بەڵام لە گۆرانیی (ناڵەی بولبول)دا یارییەکی تر دەکات، ئەویش هاتوچۆیەکی خێرایە بەناو تێکستەکە کە هی (وەفایی)ی شاعیرە، عەدنان لەم گۆرانییەدا خۆی بەدێڕ لە دوای دێڕی تێکستەکە نابەستێتەوە، گۆرانییەکە لە کۆتا بۆ ناوەڕاست و پاشان بۆ سەرەتا دەست پێ دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە هەر دێڕێکدا شاعیر گرێدراوی تەواوی دێڕەکانی تری شیعرەکەیە لە چمکی خۆشەویستیی مەحبووبەکەیدا.
وەک گوتم عەدنان کێشەی لەگەڵ مەقامە جیاوازەکاندا نییە کە میلۆدییان لەسەر دروست دەکات، ئەمەیان دیوێکی ترە و لەسەری وەستاین، بەڵام کاتێک گۆرانیی (ئەم دڵەم) بەدوای گۆرانیی (ناڵەی بولبول) لە ئەلبوومەکەیدا دێنێ، دەبوو لە ڕیزبەندیی گۆرانییەکانیدا حیسابی بۆ جیاوازی یاخۆ وێکچوونی پەیژە مەقامییەکان بکردایە، چونکە (ئەم دڵەم)یش هاوشێوەی (ناڵەی بولبول) دەکەوێتە سەر پەیژەی “نەهاوەند”، ئەمە جیا لەوەی لە جۆر و شێوەی میلۆدییەکەشدا هەردوو گۆرانی هاوشان و هاوئاست دەبن، لێرەشدا چێژی هاوشێوە بەبیسەر دەبەخشن، لە کاتێکدا لە گوێگرتن لە ئەلبوومی گۆرانی یاخۆ شارایەک لە گۆرانی، بیسەر پێویستی بەجیاکردنەوە و جیاوازی لە وەرگرتنی چێژ دەبێت، دەکرا لە ڕیزبەندیی گۆرانییەکانی ئەو ئەلبوومەیدا دووری یان وێکچوونی پەیژە مەقامییەکانی لە میلۆدییەکاندا بەهەند وەربگرتایە.
قسەم لەسەر گۆرانیی (نەشئەی بادە) نییە و هەر ئاماژەیەکیش جوینەوەی بۆچوونەکانی پێشتر دەردەخات، بەڵام بەتایبەتی گۆرانیی (یادی جاران) لەسەروەستانی ڕژدی پێ دەوێ، ئەو گۆرانییە لەسەر ڕیتمی خێرا “دەهۆڵی” و یارییەکی نێوان هەردوو پەیژەی “دەشت” و “بەیات”ە.. من لە زۆر نووسینی پێشترمدا ئاماژەم بەوە داوە کە زۆربەی هونەرمەندانی ئێمە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەلبووم بەزۆرترین گۆرانی دەدەن، ئەمەیان ڕەنگە بۆ ژمارەیەکی زۆریان کە لە ئاستێکی ڕۆشنبیریی وادا نین ئیرەیییان پێ بەرین، ئاسایی بێت و هاوکات زۆر گوێ بەڕەخنە و حەزەکانی جەماوەریش نەدەن، بەڵام بۆ کەسایەتییەکی وەک عەدنان کەریم دەهێنێ چڕتر لەبارەیەوە بدوێین، چونکە بەپێی ئەو ئاستەی تا ئێستە لە بەرهەمەکانیدا پێشانی داوین، هەرگیز ناتوانم باوەڕ بەوە بکەم تەنانەت خۆیشی (یادی جاران) بەهاوشانی بەرهەمەکانی تری بناسێنێت، چونکە جیا لە نمایشکردنی میلۆدییەکی تەقلیدی و سادە، دەنگە ڕاستینەکەی خۆی لێ ون کردووین، من بۆچوونی زۆر کەسی ترم لەمبارەیەوە وەرگرتووە، ئەمەش بەو هۆیەی نەک بۆچوونەکەم پێوەندیی بەچێژی کەسیمەوە هەبێت، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکان ئەو بەرهەمە بەهاوشانی بەرهەمەکانی تری نابینن.. ئەدی گۆرانیی میللی و فۆلکلۆری، بەتایبەتیش لە ڕیتمە خێراکان، هونەرێکی جیاوازە لەو ڕێوشوێنە هونەرییانەی کە عەدنان گرتوویەتیە بەر، ئێمە تەنانەت ئەگەر (دەسماڵێ)ش لە یادەوەریماندا مابێت، پتر بۆ قۆناغەکەی دەگەڕێتەوە کە ئەودەم زۆربەی گۆرانییەکان ئاسانتر لە ئێستە دەکەوتنە سەر زاران، بۆیە ناکرێ (دەسماڵی) لەگەڵ (یادی جاران)دا بخەینە بەراوردەوە، چونکە ئەودەم جیا لە ئاستی عەدنان خۆی، قۆناغەکەش لەو دەنگەی قبووڵ دەکرد.. ئەمەیان تەنیا کێشەی عەدنان نییە، زۆرن ئەوانەی لەو بۆتەیەدا کاریان کردووە، مەرجیش نییە دواجار بەرهەمەکەیان لە یادەوەریی خەڵکدا بمێنێتەوە، بۆ نموونە کە ناسری ڕەزازی گۆرانیی (بەرزی بەرزی)ی بڵاو کردەوە، بەشێوەیەکی فرەوان کەوتە سەر زاران و بووە یەک لە گۆرانییە میللییەکانی سەردەم، کەچی هەمان ئەو هونەرمەندە لە دوا ئەلبوومیدا کاری لەسەر ڕیتمێکی تری خێرا “دەهۆڵی” کردووە، چەندی بڵێی ئەو بەرهەمەی لە تەواوی بەرهەمەکانی تری دوور خستووەتەوە، ئەمە لە ئاستێکدا ئەو گۆرانییە لە هیچ شوێنێک جێگەی نەبووەوە، هۆکارەکەشی نەزانین و نەداریی ڕەزازی نەبوو، تەنیا پەلەکردن ئەو گۆرانییەی پێ خستە پەراوێزەوە و نەبووە بابەتێک لای خەڵک.. بۆ ئەمەیان دڵنیام (یادی جاران)یش وەک گۆرانییەکی ئەلبوومەکەی عەدنان دەکەوێتە هەمان تەنگژەوە، ئەوەی لە (یادی جاران)دا وەک هونەرێکی ناوازە و قبووڵکراو دەردەکەوێت، تەنیا ئاوێتەکردنی ئەو ئەدا مەقامیی “دەشت”ەیە کە لە گۆرانییەکەدا بەرجەستە بووە، نەک لەبەرئەوەی خۆی ئەدایەکی ناوازەی مەقامەکەی کردبێ، بگرە پتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لای ئێمە نەبووەتە دۆخێکی ئاسایی ئەدای مەقام ئاوێتەی ڕیتمی خێرا “دەهۆڵی” بکرێت، بەڵام عەدنان ئەمەی کرد، بۆیە ئەم بەرهەمە دەکرێ لە ڕێگەی ئەو جوانکارییەوە بەگۆرانییەکی جیا لەو گۆرانییانە وەربگرین کە لەلایەن گۆرانیبێژانی ترەوە لەسەر ڕیتمی دەهۆڵیدا کاریان بۆ کراوە، بەڵام وەک میلۆدی، نەک تەنیا هاوشانی میلۆدییەکانی تر و ئەدای عەدنان نابێت، بگرە لەنێو تەواوی گۆرانییەکانی ئەلبوومەکەدا لاکەلاک دەکات.
هەموو ئەمانە بۆچوونن و دژەبۆچوونیش قبووڵ دەکەن، بەڵام ئەوەی لای من بەگرنگ دەبینرێت، وەرگرتنی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکانە لای کەسی عەدنان کەریم، چونکە ئەوەی کار لەسەر ڕێوشوێنە هونەرییەکان و گەمە ستایلییەکان دەکات، عەدنان خۆیەتی نەک ئێمە، بۆیە جەخت دەکەمەوە، ئەم هونەرمەندە تا ئێستە توانیویەتی لە ئاستێکی باڵای داهێنانەکاندا خۆیمان پێشان بدات، بەڵام بەپێی ئەلبوومی (وەفایی)، پێ دەچێ بیەوێ لەسەر هەمان ستایل درێژە بەکارەکانی بدات، ئەمەش وا دەکات ئێمە تەنیا چێژ لە دەنگ و جوانکارییەکانی لە هونەرەکەیدا لێ وەربگرین نەک داهێنانی پتر و نوێ.. بۆ ئەوەی عەدنان لە ئێستا باڵاتر ببینین، دەهێنێ بۆ داهێنانی نوێتر ڕێنوێنیی بکەین، وەک لە (نامەکەی نالی بۆ سالم)دا بەجوانترین داهێنانەکانی موزیک و میلۆدی و دەنگ و ئەدای ئاشنا کردووین، ئێمە لە ڕووی جوانیی هونەرەکەیەوە ئەو کارەی ئەومان بەشاکار وەرگرتووە، کە تا ئێستەاش لەبارەیەوە نەدواوین ڕەنگە هەر خەوشێک بێ لە خۆمانەوە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە بۆ عەدنان ئەستەم نییە ئەویش تێپەڕێنێ و بەدانسقەترمان ئاشنا بکات، چونکە هەموومان کۆکین لەسەر توانا فرەکەی ئەم هونەرمەندە، بۆ نموونە پێم وانییە بۆ ئەو ئەستەم بێ کار لەسەر چامە شیعرێَکی یەک لە شاعیرە باڵاکانی کورد لە شیعری نوێخوازدا بکات، زۆریشمان وەک نموونە لەبەردەستن کە دنیایەک موزیک و میلۆدیی جوان لەنێو وێنە و ڕیتمە شیعرییەکانیاندا بەرجەستەن، کەواتە بۆ عەدنانێکی پێگەیشتوو و قاڵ لە بوارەکەی خۆی، لە پەیبردن بەو تەرزە کارانە چ ڕێگری و ئاستەنگێکی ناکەوێتە پێش، بۆ ئەو ئەستەم نییە هەمان ئەو نامەیەی (نالی) کە بە(سالم)ی گەیاند، چامەی شاعیرێکی نوێخوازیش بگەیەنێتە یەک لە هاوشانەکانی، چونکە بەڕاست ئەوەی لە نامەکانی شاعیرە کلاسیکەکاندا وەک هونەرێکی باڵا پێی گەیاندووین، دیسان گەمەکردنیەتی لەسەر هەمان ستایل کە خۆی و ئێمەیش لە سەرەتای کارکردنی لەو ستایلە بەداهێنانمان قبووڵ کردووە، بۆیە من دەڵێم بەپێچەوانەوە ئەو دەتوانێ لەسەر ستایلگەلێکی تریش داهێنان ئەنجام بدات، کەواتە پێویستیی بەم لەسەروەستانە نییە، ئەوەی لە گەمەکانی لەسەر تێکستە کلاسیکەکان ماوەیەکی زۆرە پێشانمان دەدات، ئێمە وەک هونەرێکی باڵا لێمان وەرگرت، دەمێنێتەوە چیی تری لە هەگبەدایە وەک داهێنانی نوێ پێشانمانی بدات؟… تا قیامەت چاوەڕێی دەست و قامەتین.