بەدواداچوون: کارزان گلی : گۆرانیبێژ (زەکەریا عەبدوڵڵا) گۆرانییەکی گۆرانیبێژی کۆچکردووی شاری کەرکووک (هابە) لە ئەلبوومە تازەکەی بە ناوی (ساقییە بادەم بۆ تێکە) دەڵێتەوە و ئاوازەکەیشی بە ناوی خۆیەوە دەکات. (دوڕنە دوڕنە) یەکێکە لە گۆرانییە بە خۆش و بە ناوبانگەکانی (هابە) و لە ساڵی 1979 بڵاوی کردۆتەوە، بەڵام (زەکەریا) لە ئەلبوومە تازەکەیدا کە ناوی (لاپەڕەی سپی) لێناوە،
ئەو گۆرانییەی هابەی بە شیعرێکی دیکە بە ناوی (ساقییە بادەم بۆ تێکە) دەڵێتەوە و لەسەر بەرگی ئەلبوومەکەیش نووسیویەتی ئاوازی ئەم گۆرانییە (زەکەریا عەبدوڵڵا)، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم گۆرانییە (هابە) گوتویەتی.
(وشیار ئەحمەد ئەسوەد) کە ڕۆژنامەنووسێکی دیاری بواری هونەرییە و جگە لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی لە ساڵانی حەفتایەکان وەکوو گۆرانیبێژیش ناسرابوو و شارەزییەکی باشی لە بواری هونەری گۆرانیدا هەیە و هەر خۆیشی ئەم بابەتەی لە هەفتەنامەی “هونەر” وروژاند، دەربارەی ئەم گۆرانییەی (هابە) کە (زەکەریا) ئاوازەکەی بە ناوی خۆیەوە کردووە گوتی: “لەبەر ئەوەی لە شاری کەرکووکدا نەتەوەی تورکمان عەرەب و کورد و مەسیحی بەیەکەوە دەژیان و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا نەبوو، لە ڕووی کلتووری و فەرهەنگییەوە تێکەڵاوییەکی زۆرمان دروست کردبوو، من بۆ خۆم لەو ساڵانەدا چەندین گۆرانی تورکمانیم چڕیوە و گۆرانیبێژە تورکمانەکانیش گۆرانی کوردییان دەگوتەوە. بیرمە لە ساڵی 1979 بوو ئەلبوومێکی (هابە) بڵاو کرایەوە بە ناوی (دوڕنە دوڕنە) کە سەدایەکی زۆری نایەوە لەو سەردەمەدا و لە هەموو شوێنێک ئەو گۆرانییە لێ دەدرا، بۆیە کاتێک گوێم لە ئەلبوومە تازەکەی (زەکەریا) گرت و گۆرانی (ساقییە بادەم بۆ تێکە)ـم گوێ لێ بوو زانیم ئەو گۆرانییە (هابە) گوتویەتی، بەڵام بەداخەوە (زەکەریا) نووسیویەتی ئاوازی خۆم.”
بۆ ئەوەی زیاتر زانیاری لەسەر ئەو گۆرانییە بزانێن، ئەو ئەلبوومەی (هابە)ـمان لە یەکێک لە تۆمارگەکانی شاری کەرکووک بە دەست کەوت و بە دوای ئەوەدا گەڕاین، تا بزانین ئاوازی گۆرانییەکە کێ دایناوە، سەرەتا خاوەنی یەکێک لە تۆمارگەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کەوا ئاوازی گۆرانییەکە (عیزەدین نیعمەت) دایناوە، پەیوەندیمان بە (عیزەدین)ـەوە کرد و ئەویش لە لای خۆیەوە قسەکەی پشتڕاست کردووە و گوتی: “ئەو ئاوازە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە و من دامنەناوە، من بە دەنگی (هابە) گوێم لێ بووە جا نازانم پێشتر گوتراوەتەوە یان نا.”
(ئەسوەد) دەربارەی ئەوەی خاوەنی ڕاستەقینەی ئاوازی (دوڕنە دوڕنە) کێیە دەڵێت: “من تەنیا بە دەنگی هابە گوێم لەو گۆرانییە بووە، جا نازانم پێشتر وتراوە یان نا، بەڵام ئەوەی باسی ئێمەیە، (زەکەریا) خۆی کردووە بە خاوەنی ئەو گۆرانییە و لە بنەڕتیشدا وا نییە، ئەو گۆرانییە لەسەر پەیژەی مەقامی سەبا و ڕیتمی جۆرجینا وتراوە و زەکەریا هاتووە مەزهەبی گۆرانییەکەی بردووە، ئەوەیشی گوێی لە گۆرانییەکەی هابە بێت دەزانێت، کە گۆرانیی (ساقییە بادەم بۆ تێکە)ـی زەکەریا ڕێک گۆرانی (دوڕنە دوڕنەیە).”
(ئەسوەد) لە شوێنێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، کەوا ناتوانین بڵێین زەکەریا ئەو گۆرانییەی دزیوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە نەستەوە هەیە، ڕەنگە پێشتر گوێی لێ بووە و نەیزانیوە ئەو گۆرانییەی گوێ لێ بووە، گرنگ ئەوەیە ئەو گۆرانییە موڵکی (هابە)ـیە.”
لەبەر ئەوەی (هابە) خاوەن جەماوەرێکی بەرچاو و ناوبانگێکی باشی هەبوو لە (کەرکووک)ـدا گۆرانییەکانی هەمیشە لەسەر زاری خەڵک بووە و لە ئەکلەنجە و ئاهەنگەکاندا دەیگوتەوە و ئێستایش زۆرترین ئەلبوومی (هابە) لە تۆمارگاکانی کەرکوک دەفرۆشرێت و چەندین گۆرانیبێژیش هەیە تاکوو ئێستایش گۆرانییەکانی هابە دەڵێنەوە دیارترینیان گۆرانیبێژ (ئایدن جامچی) بوو، کە زۆربەی گۆرانی و مەقامەکانی هابەی دەگوتەوە، بۆیە کاتێک لە تۆمارگە پرسیاری ئەو گۆرانییەی هابەم کرد، هەموویان لەبەریان بوو و بە دەنگ بۆیان دەوتمەوە، کاتێکیش پرسیم من تەنیا گۆرانی (دوڕنە دوڕنە)ـم پێویستە، خاوەن تۆمارگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەلبوومەکانی هابە هیچی تراک تراک نییە، ئەو ئەلبوومی (دوڕنە دوڕنە)ـی زیاتر لە سەعاتێکە و لە دەقەی 8ـەوە ئەو گۆرانییە دەڵێت تا دەقەی 25 و لە نێوان ئەو ماوەیەشدا چەند مەقامێک دەڵێت.”
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، ماوەیەکە گۆرانیبێژان فێربوونە ئاوازی کەسێکی دیکە بە ناوی خۆیانە دەکەن، بۆ نموونە (هەردی سەلاح) لە ئەلبوومە تازەکەیدا گۆرانییەکی (ئیمرا)ـی گوتۆتەوە بە ناوی (دەڕۆی) و نووسیویەتی ئاوازی خۆم، کە لە بنەڕەتدا ئیمرا لە ساڵی 2004 ئەو گۆرانییەی چڕیوە و هەر خۆیشی ئاوازی بۆ داناوە.
ئاگادارتان دەکەینەوە، کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو گۆرانییەی (هابە)ـتان بۆ بڵاو دەکەینەوە بە ناوی (دوڕنە دوڕنە).