زۆر لەو هونەرمەندانەى، کە لەو راپۆرتەدا رووبەڕووى ئەو پرسیارە دەبوونەوە، کێ ڕابەرى شانۆى کوردییە؟ بۆچى تائێستا شانۆکارێک لەناو کورددا نازناوى ڕابەرى پێ نەبەخشراوە؟ هەندێک لەبەر هەستیارى بابەتەکە ئامادەنەبوون قسە بکەن، چونکە بەبڕواى ئەوان “ئەوە بابەتێکى ئێجگار ئاڵۆزە” و هێشتا تەواوى شانۆکاران کۆک نین لەسەر ئەوەى، کە کەسێک یان چەند کەسێک وەک ڕابەرى شانۆى کوردى دەستنیشان بکەن.
ڕابەر کێیە و بەکێ دەگوترێ ڕابەر؟ هونەرمەند (ئەحمەد سالار)، کە یەکێک لەدیارترین شانۆکارەکانى کوردە، واپێناسەى ڕابەر دەکات “ڕابەر ئەو کەسەیە، کە کۆمەڵێک خەسڵەتى تێدا کۆبۆتەوە، ئەو خەسڵەت و بەرهەمانە کاریگەریان هەبێت لەبزوتنەوەى شانۆى ئەو گەلە، بەلاى منەوە ئەو کەسەى کە توانیویەتى لەهەمەجۆرى بوارەکانى وەک مامۆستا و مەشقدادەر، وەک نووسەرى شانۆیى و دەرهێنەر و ئەکتەر، وەک کار لەسینۆگرافى، وەک پەیداکردنى جەماوەرى گەورە و دروستکردنى ستایلى تایبەتى بۆ شانۆکەى، ئینجا بەردەوامى و نەپسانى، کە چل ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوە دەتوانرێ پێى بگوترێ رابەڕى شانۆ”.
لەبەرامبەر ئەوەشدا هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان، کە رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لەبزوتنەوەى شانۆ لەهەولێر، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە چەند پێوەرێکى زانستى هەن بۆ دەستنیشانکردنى ڕابەر، گرنگترینیان لەوانەى کە ئەو دەڵێت “یەکەم: تەمەنى هونەرى و بەردەوامبوونى بەدیکۆمێنتى باوەڕپێکراو. دووەم: ئەزموونى ئەو کار و بەرهەمانەى، کە بوونەتە وێستگە لەبزاوتى شانۆى کوردى. سێیەم: هەڵسەنگاندن بەراپرسى جەماوەر و دیکۆمێنتى بیستراو و بینراو و بڵاوکراوە. چوارەم: رادەى کاریگەرییەکانى ئەو کەسە لەخۆشکردنى زەمینەى پێشکەوتن، هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵایەتى و گەیاندنى کەلتورێکى رەسەن و پڕ بەهاى مرۆڤایەتى. پێنجەم: رەچاوکردنى رادەى کاریگەرى لەدروستکردنى مێژوو بۆ ناودارانى ئەو بزاوتە، بەناو و دیکۆمێنت. شەشەم: رادەى خۆبەخشکردن و بەرگەگرتنى لەپاراستنى پاکى و بێ لەکەیى بەرهەمەکانى، وەک هەگبەیەکى پیرۆز بۆ مێژووى میللەتەکەى. حەوتەم: هەڵسەنگاندێکى ورد بۆ ئاستى شارەزایى و زانیارى و پاشخانى مەعریفى و ئەدەبى و تێگەیشتنى مێژووى نەتەوەکەى”.
لەهەندێ وڵاتى عەرەبیدا چەند شانۆکارێک ناونیشانى ڕابەرى شانۆیان پێبەخشراوە، وەک (جۆرج ئەبیەز) و (خەلیل قەبانی) و (حەقى شبلى) زۆرجاریش (یوسف وەهبى) بەرابەرى شانۆى عەرەبى ناوى هاتووە. بەڵام ئەگەر باس لەڕابەرى شانۆى کوردى بکەین، وەکو شانۆکاران ئاماژەى بۆ دەکەن کە هەریەک لە ئەحمەد سالار و تەلعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان باشترین نموونەن بۆ ئەو ڕابەرایەتییە.
خەریکە تەمەنى شانۆى کوردى دەچێتە سەدەیەک، کە یەکەم شانۆگەرى کوردى لەساڵى 1921 بەناوى سەڵاحەدینی ئەیوبی لەقوتابخانەی ئەربیل ئولا لەهەولێر نمایشکرا، بەڵام تائێستا کەسێک وەک ڕابەرى شانۆى کوردى دەستنیشان نەکراوە.
کە باس لەشانۆى کوردى دەکەین، ناکرێ بەسەر ناوى تەلعەت سامان تێپەڕین، کە زۆرجار لەلایەن شانۆکارەکانەوە گوتراوە “شانۆى هەولێر واتا تەلعەت سامان”. خۆرى سامان لەساڵى حەفتاکانەوە هەڵات، ئەو جگە لەکارى دەرهێنان، یەکەم شانۆکارى هەولێر بوو، کە دەقى شانۆیى نووسیوە، ئەوانەش لەتوخمە بنچینەییەکانى ڕابەرایەتین. تاکە شانۆکارێکى هەولێر بووە، کە توانیوێتى لەپێشکەشکردنى زۆرترین شانۆ و جۆرى شانۆگەرییەکانیدا، مونافەسەى ئەحمەد سالارى هاوپیشەى خۆى بکات، کە لەنوسین و دەرهێنانى خۆیدا سى شانۆگەرى پێشکەش کردووە و یەکەم شانۆگەریشى بەناوى نەفرەتلێکراو لەساڵى 1969 لەبەغدا نمایشکرد، هەروەها لەسیناریۆ و دەرهێنانى خۆیدا نۆ زنجیرە دراماى پێشکەش کردووە، کە بەرچاوترینینان (کەوەکانى قەرەچوغ) و (سێ کەللە پوچ).
هونەرمەند ئەحمەد سالار لەساڵى 1984 تیپى (شانۆى سالار)ـى لەسلێمانى دامەزراند و هونەرمەند تەلعەت سامانیش بە هەشت ساڵ لەدواى ئەو، لەساڵى 1992 تیپى شانۆى (سامان)ـى لەهەولێر دامەزراند، بەڵام سامان نەیتوانى لەو ئاستە هونەرییە باڵایەى خۆیدا بەردەوام بێت و لەئەحمە سالار بباتەوە، وەک رەخنەگرێکى شانۆیى ئاماژەى بۆ دەکات “ئەو ساڵانێکى زۆرە لەکارى هونەرى کشاوەتەوە، بەبێ ئەوەى ئاماژە بەهۆکارەکەى بکات”.
هونەرمەند ئەحمەد سالار، هیچ کەسێک لەشانۆى کوردى لەخۆى لەپێشتر نابینێ، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، کە هەموو پێوەرەکانى ڕابەرایەتى تێدا جێگربووە، گوتیشى “لەهەموو بوارەکانى شانۆدا بەیەکسانى کارم کردووە، وەک نووسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، هەروەها پەروەردەکردن و پێگەیاندن، ئینجا کردنەوەى پەیمانگا و چەندین تیپ لەسەردەمى قوتابیمەوە تائەمڕۆ، کارەکانیشم ڕەنگدانەوەیان هەبووە، لەبەرئەوە لەناو گەلى کورددا کەس لەپێش خۆمەوە نابینم”. ساڵى 1967 سالار یەکەم شانۆگەری بەناوى (کاوەى ئاسنگەر) لەنوسین و دەرهێنانى خۆى لەبەغدا نمایشکرد.
بەڵام هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات کە “ئێمە خاوەن بزاوتێکى شانۆیى سەرەتایین، ئەو هەوڵانەش لەبیستەکانى سەدەى پێشوو تاڕاپەرینى 1991 خۆبەخشانە و پاڵنەرى هەستى نەتەوەیى بووە”، سەباح عەبدولڕەحمان هیچ مەنتقێکیش نابینێ بۆ دەستنیشانکردنى کەسێک وەک ڕابەرى شانۆى کوردى “لەکاتێکدا کورد خاوەن زمانێکى ستاندەرى شێوەزارى ئەدەبى و هونەرى نەبووە”، ئەو هونەرمەندە ئەوەش دەخاتە سەر قسەکانى خۆى کە “پێشنیارکردنى ڕابەرێک بۆ شانۆى کوردى، وەک ئەوەیە، کە موختارێک بۆ هەرچوار شارەکەى هەرێم هەڵبژێردرێت، لەکاتێکدا لەو سەردەمەى عەولەمە و ئەنتەرنێتدا رەنگە بۆ گەڕەکێکیش موختار پێویست نەبێ”.
هونەرمەند رووپاک عەبدولقادر یەکێک لەئافرەتە دیارەکانى شانۆى کوردییە و لەتەمسیلى (لاس و خەزال) رۆڵى خەزالى بینیوە، ئەو لەساڵى 1982 دەستى بەکارى هونەرى کردووە. رووپاک پێیوایە هیچکام لەدەرهێنەرەکان نەیانتوانیوە ئافرەت بهێنە سەر شانۆ و پاشان پەروەردەیان بکەن، دەشڵێت “مامۆستا سەعدون یونس لەدەورووپشتى خۆى چەند ئافرەتێکى هێنا و ئیشى خۆى پێکردووە، ئەو ئافرەتانە نەیانتوانى لەگەڵ دەرهێنەرەکانى تریش بەشدارى بکەن، کاک سەباح عەبدولڕەحمان و تەلعەت سامانیش بەهەمانشێوە، هیچیان نەبوونە مەشقدادەر”، رووپاک عەبدولقادر، کە یەکەم کارى لەگەڵ هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان بووە و دەڵێ زۆرم حەزدەکرد مامۆستا سەباح بەردەوام بووایە، رووپاک گلەییشى لەو کارانە هەیە، کە لەم ساڵانەى دواییدا هەریەک لەسەباح عەبدولڕەحمان و سەعدون یونس پێشکەشیان کرد، هەر لەبەرئەوە دەڵێت “ئەحمەد سالار بەڕابەر دەزانم”.
موحسین محەمەد رەخنەگرێکى شانۆییە و دانبەوە دادەنێت، کە ئەحمەد سالار لەسلێمانی نەوەیەکى نوێى لەبوارى شانۆدا دروستکرد و لەشانۆگەرى (نالى و خەونێکى ئەرخەوانی)ـیەوە دەستى بەتۆمارکردنى سەرکەوتنەکانى کرد و گوتى “لەساڵى 1980 لەسلێمانى پەیمانگاى هونەرە جوانەکان دامەزرا، ئەحمەد سالار لەوێدا بووە مامۆستا و بەحوکمى ئەوەى هونەرمەندێکى ئەکادیمى بوو، رۆڵێکى کاریگەرى بینى و نەوەیەکى باشى دروستکرد”، ئەو رەخنەگرە شانۆییە ئەوەش ناشارێتەوە، کە ئەحمەد سالار و تەلعەت سامان جێى سەرنجى ئەو بووینە، لەبەرئەوەى هەردووکیان تێکستیان نووسیوە، تەلعەت سامان لەبوارى ریالیزم و مێژوو، ئەحمەد سالاریش لەبوارى داستان، موحسین محەمەد لەبارەى ئەحمەد سالارەوە دەڵێت “لەلاى ئەحمەد سالار کەلوپەلەکانى کورد گرنگن، وەک دەف و گۆچان و چەکوش و چەندین شتى تر، بۆ نموونە کاتێک کەلوپەلى کوردى فڕێدەدران و ماڵى کورد ئەنفال دەکرا، ئەحمەد سالار جارێکى دى ماڵى کوردى لەسەر شانۆ زیندوو دەکردەوە و دەهات هێزێکى ترى دەدایەوە کەلوپەلەکانى کوردى”، موحسین محەمەدى شانۆکار نایەوێت بڵێ ئەوە ڕابەرى شانۆى کوردییە، بەڵام دەڵێت “لەشارى هەولێر تەلعەت سامان ڕابەرى شانۆییە”.
کاتێک ئەو پرسارە رووبەڕووى وەلید مەعروفى شانۆکار کرایەوە، کێ بە ڕابەرى شانۆى کوردى دەزانى؟ ئەو بەبێ وەستان و دوودڵى وەڵامی دایەوە و گوتى “من ڕابەرم و شانۆى هەولێریش لەسەر سێ کوچکەى قەڵا و منارە و وەلید مەعروف وەستاوە، چونکە ڕابەر ئەوەیە، کە شانۆ دروست بکات، من پەیمانگاى هونەرە جوانەکانم دروستکرد لەسەر بودجەى خۆم”، وەلید مەعروف، کە تائێستا یەک شانۆگەرى کردووە بەناوى (کارەسات)، ئەو کەسانە بەڕابەرى شانۆ نازانێت کە بە “قسەى ناشرین چاو لەقوتابییەکانیان سوور دەکەنەوە”، چونکە ئەو پێیوایە ئەو جۆرە کەسانە هەن و خۆشیان بەڕابەر دەزانن.
هونەرمەند ئەحمەد سالار، جگە لەوەى کە لەهەشت فیلمى سینەمایى و سى دراما بەشدارى کردووە، نزیکەى 131 بەرهەمى شانۆیى هەیە، ئەو ئاماژە بەناوى ئەو کەسانەش دەکات، کە خۆى پەروەردەى کردوون و گوتى “دەتوانم بڵێم کامەران رەئوف، کە یەکێکە لەهونەرمەندە باشەکان و من دروستم کردووە، هەروەها دەیانى وەک ئەرسەلان دەروێشم دروست کردووە، لەخانمەکانیش سەلیمە فەهد و گەلاوێژ محەمەد خەلیل و خەرمان هیرانی و کۆمەڵێکى ترم دروست کردووە”.
بەپێى زانیارییەکانى (سڤیل) هونەرمەند تەلعەت سامان بەدەر لەپیاوەکان، لەهەولێر زۆرترین ئافرەتى دروستکردووە، کە لەهەردوو رەگەز بریتین لە “فەرهاد شەریف، خەلیل یابە، غازى غەفوور، شێرزاد پۆلیس، عوسمان ئەحمەد، ئەکرەم مولوود، شوکروڵڵا شێخانى، موئەیەد فەقێ، نەوزاد رەمەزان، جەوهەر فیتەر و قاسم عەزیز، پەیمان بەکۆک، موحسین محەمەد، شەوقیە شەوکەوت، چیمەن کاوێس، ئازادە جەلال، ئاواز مەحمود، رۆژهەڵات مەحموود، ئاشتى عەبدولکەریم، حەیات سلێمان، بەلقیسە عەبدوڵڵا”.
هونەرمەند ئەحمەد سالار حەز بەوە دەکات، نازناوى ڕابەر یاخود راگرى شانۆى کوردى پێ ببەخشرێ، بۆیە ئەو نازناوەى هەڵبژاردووە، چونکە ئەو دەڵێ “وشەى ڕابەر بێ یان راگر، نازناوێکى گەورە و جوانە، چونکە رەنگە کۆمەڵێک هونەرمەندى گەورەى کورد هەبن، بەڵام ڕابەر تایبەتمەندییەکى زیاترى تێدایە، بەڵام بەداخەوە ئاراستەکە واناڕوات”.
هونەرمەند تاریق ئاکرەیى شانۆکار، کە ماوەى چەندین ساڵە لەشارى هەولێر نیشتەجێیە و هەر لەو شارەشدا دەستى بەکارى هونەرى کردووە، دەڵێ “ئەو ناوانە سەردەمانێک ڕابەرایەتى تیپەکانى خۆیان کردووە، واتا ڕابەرایەتى ئەو خەڵکانەیان کردووە، کە لەناو تیپەکەى خۆیاندا بوون، بەڵام ئەوە نابێتە ڕابەر، لەبەرئەوەى یەکێک لەوانە نەیانتوانى ڕابەرایەتى هەموو بزوتنەوەى شانۆ بکەن لەکوردستاندا، من ناویان دەنێم پێشەنگ”، بەڵام ئاکرەیى دەڵێ تەلعەت سامان لەئەحمە سالار پێشەنگترە.
هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان دێتەوە سەر باسەکەى و ئەوە ئاشکرا دەکات، لەتەمەنى خۆیدا ئاواتى ئەوەى خواستووە، کە دەزگایەکى شانۆ هەبوایە و خەمى دەستنیشانکردنى رابەرانى شانۆى بگرتایە ئەستۆ، بەڵام ناوبراو سەفوەت جەراح بەمامۆستا و ڕابەرى خۆى دەزانێت، گوتى “من بەشبەحاڵى خۆم سەفوەت جەراح بەمامۆستا و ڕابەرى خۆم دەزانم، کە لەساڵى 1961 لەشانۆگەرى (هەر دەژیت) منى وەک ئەکتەر بردۆتە سەر شانۆى هۆڵى گەل لەشارى هەولێر، بۆ ماوەى سێ رۆژ نمایشکرا”.
هیوا سوعاد بەڕێوەبەرى شانۆ لەهەولێر، هەموو پێوەرەکانى ڕابەرایەتى لەهونەرمەند ئەحمەد سالاردا دەبینێ و تەلعەت سامانیش بەهونەرمەندێکى سست وەسف دەکات، گوتیشى “مامۆستا ئەحمەد سالار تائێستا بەردەوامە و لەنوێبوونەوە دایە، کاریگەرى هەبووە بەسەر رەوتى شانۆ و ناساندنى شانۆ بەبینەران، هەروەها لەکارى ئەزمونگەریدا کارى بەرچاوى کردووە، هەمیشە کارەکانى وەک ئەزموونى نوێ دێنە بەرچاوم، بەڵام مامۆستا تەلعەت سامان ساڵانێکە لەکارى شانۆیى زۆر سستە، لەبەرئەوە ئەحمەد سالار لەپێشتر دەبینم بۆ ڕابەرى شانۆ”.
بەڵام هونەرمەند بەدیعە دارتاش، کە لەسەردەمانێکى زووەوە شانۆى وەک پیشەى خۆى هەڵبژاردووە و لەڕێى شانۆوە قوربانى زۆرى داوە و سەرەکیترینیان شوونەکردنەکەیەتى، کە چەند جارێک رایگەیاندووە شانۆ هاوسەرى ئەوە، هیچ کەسێک لەوانە بەڕابەرى شانۆ نازانێ و هونەرمەندێکى دیکەى هەڵبژاردووە و دەڵێت “وشەى ڕابەر بەهیچ لەوانە نابەخشم، چونکە پێش ئەوانە، کەسانێکى دى کاریگەریان زۆرتر بووە، لەسەردەم و بارودۆخێک، کە کەس نەیزانیوە ناوى شانۆ چییە، ئێمە دیراسەمان کردووە، بەڵام ئەوانەى کە پێش ئێمە دیراسەیان نەبووە و لەبارەى شانۆوە رۆشنبیرییەکیان نەبووە، ئینجا هەڵساون بەکارى شانۆیى، رەنگە ئەوانە حەقى ڕابەرایەتیان هەبێت، من هونەرمەند فوئاد رەشید بەڕابەرى شانۆى کوردى دادەنێم، ئەو یەکەم کەس بووە، کە لەشانۆى کوردى رۆڵى کاریگەرى هەبووە لەدروستکردنى بینەرى شانۆ”. دارتاش لەساڵى 1972 بۆ یەکەمجار لەشانۆگەرى رۆڵى بینیوە و سەردەمى ئەوکاتى ئیشکردنى بەزێڕینى دەبینێت، بۆیە ڕابەرەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ هونەرمەندێکى ئەوکاتە.