وشیار ئەحمەد ئەسوەد: ئەگەرچی ئەو هەمان قیت و قۆزییەکەی سەردەمی گەنجیی لەدەست نەداوە، بەڵام کە لە دوورەوە لێی دەڕوانی، هەست دەکەیت کەسایەتییەکی وشکەڵە و کەمدووە، بۆیە هاوڕێتیکردنی بەئاسان نابینیت.. کاتێکیش لێی نزیک دەبیەوە و دەیدوێنێت، بەڕاست خۆت یاغنیش دێتە بەرچاو، چونکە (یەشار شەوکەت) کە من لێرەدا هەر بەشێوەزارە میللییەکە بە”یەشار مشکۆ” ناوی دەبەم، هێندە هێمن و سەنگین و خۆشمەشرەبە، لە کاتی گفتوگۆدا چەندی بڵێیت بەئاسان دەخزێتە دڵانەوە.. من لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارم (ئومێد ئەنوەر)دا سەردانیم کرد و مەبەستم بوو بۆ (ئاکانیوز) دیمانەیەکی لە تەکدا ساز بکەم،
لە چایخانەکەی تەنیشتی “تۆمارگەی مشکۆ” بەرامبەر بەقەڵاتی هەولێر دانیشتین، دوای سین و جیمێکی زۆر، هەستم بەکەمتەرخەمیی خۆم کرد بەرامبەری، چونکە لەو ماوە دوور و درێژەی کە هەڵسەنگاندنی هونەری لە بواری موزیک و گۆرانیی کوردی و تورکمانی دەنووسمەوە، کەچی سەیرە لەنێو ئەو سەدان نووسینەی تا ئێستە بڵاوم کردوونەتەوە، هێندە کەمتەرخەم بووم و ئەو جگەرگۆشەیەی (مشکۆ)ی گەورە هونەرمەندم نەخستووەتە بەر قەڵەم.. ئاخر خۆ جوانییەکانی (یەشار) تەنیا لەوێدا نییە کە کوڕی ئەو هونەرمەندە باڵایەی تورکمان و کوردیشە، چونکە (یەشار) خۆیشی خاوەنی هەمان باڵاییە لە هونەری گۆرانی و مەقام و هەروەها “خۆریات”ی تورکمانیدا، تەنانەت لەنێو هونەرمەندانی تورکماندا وەک مامۆستایەک دەناسرێتەوە، بۆیە دەبوو لەبارەیەوە بدوێین.. دەی نەچووە بچێ، وا لێرەدا هەوڵ دەدەم بیخەمە بەر ڕۆشناییەوە.
بەدیدی من، لەنێو تەواوی هونەرمەندانی نەوەکەی خۆی، (یەشاری مشکۆ) تاکە هونەرمەندی گۆرانیبێژی تورکمانی بوو کە لە ساڵانی هەشتاکاندا بەگۆرانیی “ئالی قرلسن” هەنگاوێک پێش نەوەکەی خۆی کەوتەوە، مەبەستم ئەوەیە بەر لە (یەشار) و تۆمارکردنی ئەو گۆرانییەی، میلۆدیی تورکمانی ئاستە میللی و ڕۆژهەڵاتییە باوەکەی پێشتری تێنەپەڕاندبوو، واتە تەواوی هونەرمەندانی بواری گۆرانیی ئەوکات لە لاساییکردنەوەی نەوەکانی پێش خۆیان نەترازابوون، بەڵام (یەشار) چ لەڕووی تێکست و چ لەڕووی میلۆدی و تەنانەت موزیکیشەوە، گۆرانیی تورکمانیی گەنجی دروست کرد، کەواتە دەکرێ نوێکردنەوە و گەنجبوونەوەی گۆرانیی تورکمانی و دەربازکردنی لە فۆڕمە تەقلیدییەکەی، لەو بەرهەمەی (یەشار)ەوە بخەینە بەر باس، بێگومان ئەمەیش پێوەستە بەئەقڵی گەنجەوە کە ئەم هونەرمەندە لە هونەری گۆرانیی تورکمانیدا بەچۆپیکێشی دەناسرێتەوە، سەیر لەوەدایە (یەشار) بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ ئەو بەرهەمەدا کرد کە لەلایەن نەوەی نوێ و تەنانەت نەوەی پێش خۆیشیەوە بەبەرهەمی دانسقە و قبووڵکراو وەربگیرێت، خۆ ئەگەر بێینە سەر باسی ململانێی نەوەکان، دەبوو ئەم هونەرمەندە تووشی دنیایەک ململانێی بێسەروبەریش ببووایەتەوە، بەڵام ئەو پێچەوانەکەی بۆ سەلماندین، بەبۆچوونی منیش سەرکەوتنەکەی (یەشار) لەو گەنجکردنەی گۆرانیی تورکمانیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو نوێگەریی لە نێوان دوو نەوەدا کرد، واتە بەسۆزی نەوەکەی پێش خۆی، هەوڵی دا گۆرانیی تورکمانی لە قۆناغەکەی خۆیدا جوانتر بکاتەوە، ڕاستیتان دەوێت مافی خۆیەتی ئەو قۆناغە بەزێڕین و ئەو بەرهەمەیش بەداهێنان لە هونەری گۆرانیی هاوچەرخی تورکمانی بچوێنین، بەپێی شارەزایی و ئاگایی خۆمیش لە گۆرانی و خۆریاتی تورکمانی، پێموایە دوای (یەشار) تاکە کەسێک کە لەسەر ئەو ڕەوتە کاری کردبێ، هونەرمەند (عەلی عەبدولکەریم) بوو لە کەرکووک گۆرانیی “دیە بیلمرەم”ی تۆمار کرد، ئەو گۆرانییەیش لە سەردەمەکەی خۆیدا یەک لە هەرە جەماوەریترین گۆرانییە تورکمانییەکان بوو، بەڵام (عەلی) کاریگەرییەکی ئاشکرای (یەشار)ی لەسەر بوو، ڕەنگە ئەمەیش بۆ نزیکیی ئەو دوو دەنگە لە یەکتر بگەڕێتەوە، بەڵام (عەلی عەبدولکەریم) نەیتوانی بەردەوام بێت و پاش ماوەیەکی کەم خۆری ئاوا بوو، ڕاستیتان دەوێ دوای ئەویش شکم نەبردووە چ هونەرمەندێکی تری تورکمان لە نوێگەریدا کاری کردبێت، ئەگەر گەنجێلێکیش لە هەولێر خۆیان لە قەرەی ئەو تەرزە گوتنە دابێت، گومانم نییە لەوەی لە ژێر کاریگەریی ڕەوتەکەی (یەشاری مشکۆ)دا بوون.
من کە لەگەڵ (یەشار)دا کەوتمە دیالۆگەوە، هەندێک شتی شاراوەم لا ئاشکرا بوو کە لە ڕاستیدا وەک عەجەبێک لێیان دەڕوانم، بۆیە بەگرنگی دەزانم لێرەدا بەڕژدی لەبارەی سەرەتاکانی ئەم هونەرمەندەوە بدوێم.. وەک خۆی بۆی باس کردم، (یەشار) لەدایکبووی ساڵی 1950یە، هاوکات لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لەگەڵ (مشکۆ)ی باوکی و محەمەد ئەحمەد ئەربیلیدا دەنگی گۆرانیگوتنی هەڵبڕیوە، کەواتە دەستپێکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1965، ئەمەیان بۆ دەستپێکردنی کاری هەر هونەرمەندێک ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، وەک (یەشار) باسی دەکرد، کاتێک ویستوویەتی گۆرانی بڵێت، لە ئاهەنگێکدا مەقامی “لەپاش مەرگم”ی گوتووە کە لە بەرهەمە باڵاکانی باوکیەتی، کەچی (مشکۆ) پێی گوتووە “ئەگەر دەتەوێ گۆرانی بڵێیت، لاسایی کەس مەکەرەوە و هەوڵ بدە ڕێچکەیەک بۆ خۆت بدۆزەرەوە”.. ئاخر جێی خۆیەتی بەعەجەبەوە لەو هەڵوێستەی (مشکۆ) بۆ جگەرگۆشەکەی بڕوانین، چونکە هەموو دەزانین هەمیشە باوکان و بەتایبەتیش لەو سەردەمەدا کە دروست ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بووە، شانازییان بەوە دەکرد کوڕەکانیان لە مەجلیسدا لاساییان بکەنەوە و شوێنی باوکەکان ون نەکەن، کەچی (مشکۆ) پێچەوانەی ئەو بنەما کۆن و باوەی نوواندووە، نەک هەر نەیویستووە کوڕەکەی لاسایی بکاتەوە، بگرە هانی نوێبوونەوەی داوە بۆ دۆزینەوەی ڕێچکەیەک، ئەمەیش واتە دۆزینەوەی خۆی، نەک خولانەوە لە دەوری داهێنانەکانی باوک، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هونەرمەندی گەورەمان (مشکۆ) لەو سەردەمەدا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی نوێ و گەنجانە بووە، بەبڕوای من ئەو ئامۆژگارییەی ئەویشە بووەتە هاندەر کە (یەشار) هەوڵی نوێبوونەوە بدات، کەواتە دەکرێ بڵێین بەشێک لە داهێنان و جوانکارییەکانی (یەشار) دەکەوێتە بەر ئەقڵە هونەرییەکەی (مشکۆ)وە.
(یەشار) جیا لەوەی مامۆستایەکی گەورەی بواری مەقام و خۆریاتی تورکمانییە، هاوکات ئاوازدانەر و خۆریاتنووسیشە، هەروەها دەیان میلۆدیی بەگۆرانیبێژە تورکمانە گەنجەکان بەخشیوە، خاوەنی دانانی دەیان خۆریاتیشە، وەک خۆی دەیگوت ئەگەر کۆیان بکاتەوە، ڕەنگە خۆریاتەکانی لە دوو کتێبدا جێگەیان ببێتەوە، بەبڕوای من کە تا ئێستا ئەمەی نەکردووە، تەنیا لە تەمەڵییەتی، ئەو پێیەوە دیارە ئەوەندەی بایەخ بەگۆرانی و بەرنامە هونەرییە ڕاستەوخۆکانی تەلەڤزیۆن دەدات، کەمتر بیری بۆ دانانی کتێبی تایبەت بەخۆریات دەچێت، لە کاتێکدا هونەری تورکمانی پتر لە میلۆدییەکان پێویستیی بەبڵاوکردنەوەی خۆریاتەکانە، چونکە “خۆریات” کە توخمێکە لە مەقام، بەڕەسەنترین لایەنی بواری گۆرانی و موزیکی تورکمان دادەنرێت.. ئەو جیا لەمانە پێشکەشکارێکی بەتوانای بەرنامە هونەرییە ڕاستەوخۆکانی تەلەڤزیۆنی تورکمانییە، کە لە ڕێگەیەوە دەیان گەنجی بەتوانای ئەو بوارەمان پێ دەناسێنێت.
ئەوەی لە دانیشتنەکەمدا لەگەڵ (یەشار) نیگەرانی کردم، ئەو پەراوێزخستنەیە کە خۆی تێدا دەبینێتەوە، ئەگەر لەگەڵ ئەم هونەرمەندە بکەویتە دیالۆگەوە، دنیایەک موعانات هەڵدەڕێژێت، ئەو کە (مشکۆ) بەکۆنترین دەنگبێژی هەولێر دەزانێت کە لە ڕاستیدا بۆ ئەمەیان زێدەڕۆیی نەکردووە، هاوکات خۆی وەک جگەرگۆشەی ئەو هونەرمەندە و نەوەکانیشی بەهونەرمەند و ڕۆشنبیر دەبینێت، بۆیە لە پەراوێزکەوتنەکە نیگەران دەبێت، زۆربەی نیگەرانییەکەی لە دیوە هونەرییەکەدایە، هەر لە تۆمار و کلیپکردن، تا دەگاتە بایەخدان بەبژێویی ژیان و زۆری تر، بەڵام من لێرەدا تەنیا نیگەرانییەکی ئەو هونەرمەندە دەگێڕمەوە.. بەڕاست (یەشار) هەقدارە لایەنی پێوەندیدار ڕەخنە بکات لەوەی لە کۆڕ و کۆبوونەوە گرنگ و فراوانەکاندا پشتگوێ دەخرێت و ئاگاداری ناکەنەوە، ئاخر ئەوان لە ماڵباتە هونەرییە ناسراوەکانی پیرە هەولێرن و بەشێکی گرنگ و کاریگەرن لە مێژووی نوێی ئەم شارە، بۆیە کاتێک دەبینێت هونەرمەندان سەردانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاخۆ هەر بەرپرسێکی باڵای تر دەکەن و کەسیش ئەوی لە بیر نەبووە و خراوەتە پەراوێزەوە، بێگومان نیگەران دەبێت، ئەدی (یەشار) خۆی بەخاوەنی مێژوویەکی پڕ لە داهێنان دەزانێت، بۆیە بەلایەوە مایەی سەرسوڕمانە لەو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانەدا دەیان کەسی ئارەزوومەندی هونەر دەبینێت و کەچی زۆر لە داهێنەرانیش لە بێئاگاییدا فەرامۆش کراون.. (یەشار) گوتی “کاتێک لە ماڵەوە بووم و لە تەلەڤزیۆن بینیمان هونەرمەندان سەردانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمیان کردووە، منداڵە بچووکەکەم لێی پرسیم (ئەی بابە بۆچی تۆیش نەچوویت لەگەڵیان؟) منیش گوتم دیارە ئەوانەی سەرپەرشتیی سەردانەکەیان کردووە ئێمە بەهونەرمەند نازانن.. بەڕاستیش ئەوەم بەبیر هاتەوە کە لە ئەستەمترین قۆناغەکانی دۆزی کورد لە کوردستاندا، (مشکۆ)ی باوکم گۆرانیی بۆ (بارزانیی نەمر) گوتووە، کەچی ئێستا خەڵکی تر دەبرێنە پێش و ئێمەمانانیش پەراوێز دەخرێین.
بێگومان قسەوباس لەبارەی جوانییەکانی (یەشار مشکۆ)وە بێ کۆتایە، لەبەر ئەوەی ئەم هونەرمەندە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی گۆرانی و مەقام و خۆریاتە، ئەوەی منیش لێرەدا پتر مەبەستمە، تەنیا بەسەرکردنەوەیەتی و وەک ئەمەکێک بەدیارییەکی هونەریی دەزانم بەرامبەر بەمێژووە هونەرییە بێگەردەکەی.
مانشێتەکان
* (یەشاری مشکۆ) تاکە هونەرمەندی گۆرانیبێژی تورکمانی بوو کە لە ساڵانی هەشتاکاندا بەگۆرانیی “ئالی قرلسن” هەنگاوێک پێش نەوەکەی خۆی کەوتەوە.
* (مشکۆ) بە(یەشار)ی کوڕی گوتووە “ئەگەر دەتەوێ گۆرانی بڵێیت، لاسایی کەس مەکەرەوە و هەوڵ بدە ڕێچکەیەک بۆ خۆت بدۆزەرەوە”