شنه پێنجوێنی هۆڵه‌ندا : بوونی دراما‌و به‌رده‌وامی گرنگه بۆ هه‌موو کۆمه‌لگایه‌ك . هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی به‌رده‌وام بوون ، هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی زۆر ده‌رده‌که‌وێت . تا له‌ئه‌نجامدا ره‌خنه‌و پرسیار دروست ببێت و له ئاکامدا خزمه‌ت به هونه‌ری دراما بکات. کاتێک ده‌رهێنه‌رێک دهگهرێێ به‌شوێن ده‌قێکدا وپه‌سه‌ندی ده‌کات ده‌بێ پلانێکی دارێژراوی هه‌بێ و بزانی چؤن و به‌چ شیوه‌یه‌ک و به چ رێگایه‌ک سوودی لێ وه‌ربگریت . هه‌روه‌ها روانین (روئیا) ی خۆی ودارشتنهوهیهکی سه‌رتاسه‌ری بۆ بکات تا بتوانی بیگونجێنی له‌گه‌ل بارودوخی نەتەوەو کلتوور و جۆگرافیای خۆیدا . ئەگەر دەقەکە بیانی بێت ! دواتریش ، به‌رجه‌سته کردنی ئه‌و په‌یامه‌ی که تۆ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستته به بینه‌رو کۆمه‌لگای بلێیت. ئاشکرایه بوونی دراما باشتره له‌نه‌بوونی . به‌ڵام ئه‌مه‌ش ناکاته ئه‌وه‌ی دراما له قاوغه کلاسیکیه‌که‌یدا بمێنێته‌وه . که‌ته‌نها گێرانه‌وه‌ی سه‌رده‌مێک یان جێگه‌یه‌ك بێت که له‌رابردوودا رووی داوه . ده‌بێت واز له باوه‌کان بهێنێت و بگه‌رێ به‌دوای ئه‌و نهێنیانه‌ی که په‌یپێ نه‌براون ونهوتراوه. ده‌بێ کاری ره‌خنه‌گرتن بێ له واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی وسریالیهت و ……هتد . که ئه‌مانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی ژیان پر ماناتر بکه‌ن . هه‌روه‌ها شۆرشێک بێ بۆ به‌ره‌و پێش چونی دراما و خۆلقاندنی داهێنان .
داهێنان بریتیه له لوتکه‌ی ده‌ربرین وئاراسته کردنی به‌رهه‌مه‌که به‌ره‌و لوتکه‌ی چێژ، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا رێزگرتنه له بینه‌ر، کات، شوێن، کۆی ده‌ربرینه‌کانی ئه‌کته‌ر.
تازه‌گه‌ری که‌شێکی ئیستاتیکیه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هزرو چێژی بینه‌ر.
بۆ خۆی هه‌لبژاردنی ده‌قێکی سه‌رکه‌وتوو به‌شێکی گرنگی کاره هونه‌ریه‌که ده‌گرێته ئه‌ستۆ . ده‌کرێ بابه‌تی باش ببێته هۆی سه‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌که‌و که‌م و کورتی و هه‌ڵه‌کانی ده‌رهێنان بشارێته‌وه و پێجه‌وانه‌که‌شی راسته.که ده‌کرێ دهرهێنانێك که له‌ئاستی هونه‌ری به‌رزدا بێت و په‌ڵه‌ی سینارێۆکه بشارێته‌وه وس
هرکهوتوبێ به‌ڵام بهداخهوهنامهکانی ئه‌شره‌ف له‌هه‌ردوو کۆلهکهکهیدا لاواز بوو هه‌ر بۆیه ناچیته قالبی درامایه‌کی خوازراوه‌وه.
دراما به‌مانای ناکۆکیه‌کانی ژیان دێت و بێسنوورە وهه‌رکات ئه‌م دیارده‌یه نه‌ما ، ژیان ده‌وه‌ستێت . به پێی تازه‌گه‌ری ، هه‌ر ده‌قێك وه‌ڵام بۆ مانای ژیان له‌ده‌ست بدات ، مردوه . ده‌بێ ئه‌و دۆخه هه‌لگری پرسیاره مهعڕیفیهکان بێت بۆ مرۆڤایه‌تی.
نامه‌کانی ئه‌شره‌ف بەرهەمی کوردستان تیڤی یه‌و ده‌رهێنانی لوقمان غه‌ریبه . له‌رووی بابه‌ته‌وه ده‌قاو ده‌ق له کتێبی ( برایم زهبوکی) که بریتیه له کۆمه‌لێ چێرۆك وه‌رگیراو ، که به‌رهه‌می چیرۆك نووسی به‌ناوبانگی تورك ( عه‌زیز نه‌سین) ه 1915 -1995
ئه‌م نوسه‌ره زیاد له 100 کتێبی نووسی وه 17 شانۆنامه‌ی نوسیوه . به‌رهه‌مه‌کانی بۆ زیاتر له 30 زمانی جۆراو جۆر وهرگێڕدراوەتەوە . به‌هۆی فره‌لایه‌نی وبهرفراوانیانهوه بوونه‌ته جێی ی سه‌رسورمان وبه‌هۆی گشتگیری بهرههماکنیهوه خوێنه‌رێکی باشی بۆ خۆی په‌یدا کردوه . زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ری سوری( یاسرلعهزمه) وه کراوه به‌کۆمه‌ڵێ کورته درامای ته‌له‌فزیۆنی به‌ناوی ( ئهلمهرایا ) که هه‌مویان به شێوه‌یه‌ک کۆمێدی کریتیکە لە ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و گیر‌و گرفته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان . کە به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو تۆمار کراوه.
به بۆچوونی من نامه‌کانی ئه‌شره‌ف له گێژه‌نگی هه‌موو ئه‌و کهلهبهرو بۆشاییه لە نەبوونی میتۆد‌و توخمه هونه‌ری ومهعریفیهکانهوه ده‌نالێنێ . هه‌ر بۆیه ناچمە نێو هه‌موو ورده‌کاریه‌کانه‌وه . به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی گشتی چهندسهرنج و پرسیار ده‌خه‌مه بەر دەم : بابه‌ت ، ، کاره‌کته‌ره‌کان و په‌یوه‌ندی نێوانیان ،کات، جێگه، ریتم وبه‌رده‌وامی ، ته‌کنیك، فه‌زا، نواندن،ئێکسسوارات و راکوارو مونتاژو جل‌و به‌رگ، موزیك.
* گه‌ر له رووی بابه‌ته‌وه سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین .
وه‌ك ده‌بینین نوسراوه ، نامه‌کانی ئه‌شره‌ف . سینارێۆ و ده‌رهێنانی : لوقمان غه‌ریب و سوود له برایم زهبۆك وه‌رگیراوه . من پێم وایه ده‌بێت به ئه‌مه‌که‌وه باس له‌م به‌رهه‌مه بکرێ . خوێنه‌ر ده‌توانی کتێبی برایم زهبۆك بخوێنێته‌وه تا بۆی ده‌رکه‌وێ لوقمان غه‌ریب نه‌یتوانیوه ته‌نانه‌ت له ده‌قی کتێبه‌که ده‌ربچیت . وه‌ك خۆی هێناویه‌تی به بێ جیاوازی زه‌مه‌ن وشوێن و روانینی نوێی ده‌رهێنان . ئەیتوانی وه سوود له‌خه‌تی درامیهکهی وه‌ربگرێ . به‌ڵام که ش و هه‌وایه‌کی خۆماڵیانه‌ی به‌به‌ردا بکات و زۆر وردبینانه کاری تێدا بکات . بۆ نموونه ، ئایا له‌م درامایه‌دا به‌ره‌ی خێر‌و به‌ره‌ی شهر کێیه؟هه‌رچه‌نده له‌کۆتای دراماکه گرنگ نیه کێ سه‌رکه‌وتووه بگره ده‌بێ وه‌ڵامه‌کان بۆ بینه‌ر دابنرێ و راڤه‌یان بکات. ئایا توانیویه‌تی جیاوازی چینایه‌تی که له‌و سهردهمهداههبووه به‌رجه‌سته‌ی بکات ؟ .که‌ی ئه‌وه رووی داوه؟ کوێخاو قائیمقام و سه‌رۆکی شاره‌وانی به‌و ده‌سه‌ڵاته رهایهی بویانه له‌گه‌ل مسگهروخهڵكی ئاسایی‌دا پێکه‌وه خواردن و خواردنه‌وه‌یان هه‌بێت وگۆرانی بلێن و شه‌و سه‌ر گه‌رم بکه‌ن ؟ ئه‌وه‌نده سه‌لیقه‌ی نه‌بووه(( ئۆلوجان))و ((سووجهن)) دوو دێێ ی تورکیان له کاتێکدا ئه‌و باس له کوردستان ده‌کات بێئاگایه لێێ ی. راسته هه‌وڵێکی سه‌ره‌تای دراوه به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته خواست وپێویست له‌سه‌ر درامای کوردی بگره هه‌ر ساوایه..
*ده‌ست نیشانکردنی کاره‌کته‌ره‌کان وپه‌یوه‌ندی نێوانیان .
گه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه ئه‌وا ده‌بینین له‌م درامایه‌دا خێزان وپه‌یوه‌ندیه‌کان زۆر لاواز بوون،وه یان بوونی منداڵ که به‌رده‌وامی و هیواو دوارۆژ ده‌گه‌یه‌نێت پێگه‌ی نه‌بوو،دابه‌شکردنی کاره‌کته‌ره‌کان ، ئه‌شره‌ف که رۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌بوو له‌م درامایه‌دا زۆر به‌روونی هه‌ستت به فێڵبازی و ده‌ست برینی ده‌کرد ، چ لای بینهروچ لای خه‌لکی درامه‌که،که مه‌ودای به گرێ وچنین نه‌دابوو تا خولیای به‌رده‌وامی لای بینه‌ر دروست بکات. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کاره‌کته‌ره‌کانی تر که بریتی بوون له مسگه‌ر،قاله‌ی قه‌ساب، فاڵچی، و باوکی نه‌وزاد……هتد . رۆژانه به‌بێ ئیش .وکارلهناو چاخانه‌که‌دا زۆربه‌یان به‌یه‌ك جۆر جل وبه‌رگه‌وه له ده‌ست پێکردنی دراماوه تا کۆتایی ده‌بینران . هه‌ندێ کاره‌کته‌ری زیاده به بێ ده‌ستنیشانکردنی رۆڵیان له‌م درامایه‌دا.
دهستنیشانکرندێكی ناشاره‌زایانه بۆ به‌رگ دروهکان . پشان درابوو درومانی جلی کوردی بوو، چاکه‌ت وپانتۆڵ ، جل و به‌رگی پۆلیس،… هتد. ئایا تا ئێستاش شتی وا به‌دی ده‌کرێ؟
رۆڵی عومه‌ره فه‌ندی که نموونه‌ی خهلکانێكی کراوه‌و پێشکه‌وتوخواز و سه‌ر به‌لایه‌نێكی چه‌پ ؟ئایا توانیبووی خۆی له‌گه‌ڵ خه‌لکه ئاساییه‌که جیا بکاته‌وه؟ یان بتوانێت رۆڵی له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری هه‌بێت؟ یان فاڵچی وعومه‌ره فه‌ندی له‌یه‌ك ئاستی بیرکردنه‌وه‌دا بوون؟
رۆڵێ مامۆستا که نیشانه‌ی زانست وزانیاری وفێڕکردن بوو که‌نموونه‌ی بهرههلستکارێكی هێمنانه‌ی ده‌نواند جیا له خه‌لکه ساویلکه‌که . ئایا توانی بوونی خۆی وزانستهکهی بسه‌لمێنێت ؟ کۆتایی مامۆستای به‌چ درامایه‌ك برد؟
*ده‌ست نیشان کردنی کات .
ئایا مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ر چی بوو له ده‌ست نیشانکردنی ساڵه‌کانی 1930- بۆ 1950؟ په‌یامی دهرهێنهرله میانه‌ی ئه‌م درامایه‌وه چی یه بۆ گەڕانەوە بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ؟
به پێێ به‌کار هێنانی هه‌ندێ له‌و که‌ل وپه‌لانه کە پەیوەندیی به وزهمهنهوه نه‌بوو . تەنانەت گه‌ر ده‌رهێنه‌ر ویستبێتی بڵێ ئه‌و زه‌مه‌ن و ئه‌وکاته نیه ، ئه‌وه‌ش هه‌له‌یه‌کی تره . چونکه له چ سه‌رده‌مێكدا ئێمه ئاومان له‌ناو (گۆزه و جامی گل) دا خواردۆته‌وه ؟! یان به‌کارهێنانی دراوەکه ( عانه ) ! هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ش روون نیه جارێك دیناره جارێك ورده‌یه . به‌بێ رهچاوکردنێكی وردبینانه ،بۆ ئه‌و یه‌که‌یانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پێبناسرێته‌وه. که بە ڕای من له‌وه‌شیاندا سه‌رلێشێواوی وتێکهڵهیهك ده‌بینرێ .
یان پرسیارێكی تر بۆ ئه‌و کاته‌ی هه‌لبژارد؟
له کاتێكدا نه‌یتوانیوه به‌شیوه‌یه‌کی سهرکهوتوانە ئەو سه‌رده‌مه به‌رجه‌سته بکات . بۆ نموونە : زۆربه‌ی جل و به‌رگه‌کان، شوێنی کوچه‌و شه‌قامه‌کان،گه‌رم وگوری بازار‌و چاخانه‌کان، مسگەری بێ درگا . یان شیوازی خۆ گۆرین وستایلی قژو مکیاژ .
*لۆکه‌یشن جێگه .
تێکه‌ڵاویێک لە لۆکەیشن یان ( شوێن ) که نازانی ئه‌مه دێه یان لادێێ یان شاره یان شارۆچکه . هه‌ر چه‌نده له بنه‌ره‌تدا لهدهقهکهشدا وا هاتووه . به‌ڵام ده‌بوو ده‌رهێنه‌ر هه‌ستی به‌وه بکردایه‌و خۆی یه‌ك لا بکردایهوهو هێڵی روونی خۆی هه‌بوایه . ئەوە راستە کە کورد بە داخەوەوە ئارشیڤی نییە یان کەمە یان کۆ نەکراوەتەوە . به‌ڵام تەنانەت ئەگەر دەرهێنەر پێ وا بووە کە بەرجەستە کردنی ئەو کات و زەمەنە لە بواری ئارشیڤەوە ، ئەستەمە ، بۆ ئەو کاتەی هەڵبژاردووە ؟! بۆ خۆی تووشی کێشەیێک دەکات کە بگرە نەتوانێت بەرسیڤی بۆی هەبێت . !
*ریتم و به‌رده‌وامی
بینه‌ر هه‌ستی به بیزاریه‌کی زۆر ده‌کرد له دوباره وسێباره بوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان . چوون ریتمی بابه‌ته‌که هه‌ر له‌ده‌ستپێكی دراماوه تاکۆتایی هه‌ر یه‌ک تهوهرهبوو . ئالوگۆر و چنین و گرێ یان بردن به‌ره‌و ترۆپک له‌م کاره‌دا هه‌ستی پێنه‌ده‌کرا .
*لایه‌نی ته‌کنیکی.
نه‌بوونی کاری ته‌کنیکی ، وه‌ك بینیمان کامێرا نه‌یتوانی گرته‌ی جوان بگرێت و( شاروۆۆ کرێن ) به‌کار بهێنێ و جۆرێک له وێنه‌مان پشان بدات که ده‌رخستنی به‌مه‌به‌ست وخوازراو بۆ دورو نزیکی که‌سایه‌تیه‌کان و شوێنه‌کان بێت . یان بتوانێ یاری بهگرتهکان بکات وهه‌ست بهگۆرران بکه‌ی بە گشتی کامێرا جوڵه‌ی پێوسیتی نه‌بوو . دانرابوو له‌لایه‌کی ژورهکهوهو گرته‌کانی ده‌گرت. ده‌ستنیشان کردنێکی نه‌گونجاو بۆ لۆکه‌یشنه‌کان له رووی ئه‌ندازیاری وبیناسازیهوه . بۆ نموونه دوکانی مسگه‌ر له کولانه کۆتر ده‌چوو، چاخانه‌که به‌راستی له‌هه‌موو شت ده‌چوو ، ته‌نها چاخانه نه‌بێت . ده‌رگای هاتنه ژوره‌وه‌ی له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌یدا بوو . سیمای چوونه ژوره‌وه‌ی گه‌رماوێكی بۆ بینه‌ر ده‌نواند .
*نه‌بوونی رووپهر یان فه‌زا.
جێی ی خۆیه‌تی من لێره‌دا تیشک بخه‌مه سه‌ر زۆربه‌ی به‌رهه‌مه کوردیه‌کان که له‌به‌ر نه‌بوونی فه‌زای پێویست ولۆکهیشنی گونجاو ، نەبوونی کەرەستەی تەکنیکی باش و زۆر شتی تر ، نه‌توانراوه ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته بهێنرێته دی . ماڵی ئه‌شره‌ف له‌به‌ر نه‌بوونی فه‌زا هه‌ستت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌شره‌ف نه‌ده‌کرد . مسگه‌ر خانە ، دوکانی به‌رگ دروهکان.ماڵی کوێخا، قائیمقام، شه‌قام…….هتد.
فه‌زا بۆ خۆی زاره‌وه‌یه‌کی نوێیه‌و ئێسته بووه‌ته زانست . له ئه‌نجامی بایه‌خ پێدانی له‌هه‌موو بواره‌کاندا وەک : شانۆ، دراما، فیلم، موزیك، شیوه‌کاری،بیناسازی ، جوانی، فه‌لسه‌فی ….. هتد . فه‌زا ته‌نها بهرووپهر یان پانتایی ناو نابرێت . بهلکوسهیرکردنێکی فیزیکی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ندازیاریشی هه‌یه و له‌سه‌ر ئاستی زمانیش به‌های خۆی هه‌یه .
لای زانای ئه‌مریکی ئیدواردهال بوه به‌زانستی بونیاد واته زانستی (علم آلمکان). به‌تایبه‌تی له شانۆدا بایه‌خی ته‌واوی پێدراوه.
له‌به‌ر نه‌بوونی ئه‌م فه‌زایه ، له دراما کوردیه‌کاندا ، زۆرجار هه‌ست به کاردانه‌وانه‌ی کارهکتەرهکان و شوێنه‌که ناکه‌یت . وون بوونی هه‌موو دهسهڵاتەکان هه‌ر له رۆڵی کاره‌کته‌ره‌کان ، گه‌وره‌ی وده‌سه‌لاتی شوێنه‌که ، گرته‌ی گشتی و ته‌کنیکی، به‌کارنه‌هێنانی ئامێره پێشکه‌وتوه‌کان، ورده‌کاریه‌کانی لۆکه‌یشن ، هه‌ر له‌هه‌ست نه کردن به ئارامی ، خۆشی، گه‌رانه‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌کانه ، ……هتد. یه‌کێ له‌و نموونه‌شمان له‌م درامایه‌دا، دوکانی ئه‌مینی بازرگانه، چاخانه‌که یه کە نه‌توانرا بوو ئه‌و گه‌رم وگوری و قهرهبالغیهی ناو چاخانه‌یه‌ك یان بازرگانێك پشان بدرێت . نه‌بوونی فه‌زای پێویست هه‌ستێکی دژواری لای بینه‌ر دروست کرد که نه‌یده‌توانی فه‌زای وه‌همی به‌رجه‌سته بکات وبه‌ره‌و دنیای بیرکردنه‌وه‌ی به‌رێت و چێژی لێوه‌ربگرێ.
*فه‌زای نواندن .
گه‌ر ووچانێکیش له‌سه‌ر فه‌زای نواندنیش بده‌ین له‌م به‌رهه‌مه‌دا، ده‌بینین ههنگاوێکی باشی لای هه‌ندێکیان نابوو خاوه‌ن ئه‌زموونه‌کان به‌داخه‌وه پێچه‌وانه‌که‌یان سه‌لماندبوو . به‌تایبه‌تی ماهر حه‌سه‌ن ده‌یتوانی رۆڵی خۆی زۆر له‌وه باشتر ئه‌نجام بدات . چوون زیادهرهوییهک(موبالغه) به‌تایبه‌تی به چاوو برۆیه‌وه بوو له کاتێکدا ئاشکرایه نواندنی به‌ر کامێراپێویستی به‌و هه‌موو زیاده رەوییه نیه . چوون زۆر نزیکه له بینه‌ره‌وه هه‌موو ورده‌کاریه‌کان ده‌بینرێ وده‌بێته هۆی بیزار ی . ده‌کرا له رێگه‌ی چاوه‌وه زۆر هێمنانه هه‌موو ئیمائهتهکان به بینه‌ر بگه‌یه‌نێت ئه‌مه‌ش جۆرێکه له فه‌زا نواندن . هه‌روه‌ها جۆرێك له‌یاری به بینه‌ریش بکردایه . یان هزری وه‌رگری بجولاندایه وتهفرهی بدایه که ئایا ئه‌م کابرایه به‌راست کابرایه‌کی خراپه یان نا؟
هه‌ندێک له کاره‌کته‌ره‌کان زۆر جار ده‌وه‌ستان له‌سه‌ر رۆڵه‌که‌یان تا قسه بکه‌ن واته نه‌چوبونه ناو رۆڵهکهوه
( ته‌قه‌موس) یان نه‌کردبوو هه‌ر بۆیه ئه‌و نواندنه‌ی ده‌م و چاویان جیاوازی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌ی ده‌یان کرد. هه‌روه‌ها خوشكی ئه‌شره‌ف ، به‌رده‌وامی پێکه‌نینی به قسه‌کانی ماهر ده‌هات که ئه‌مه وامان لێده‌کات بپرسین ئایا نواندن لای ئێـمه ئه‌مه‌یه؟
* راکواروئێکسسوارات و و مونتاژ وجل وبه‌رگ وهه‌ڵه‌ی رێزمان
راکوار. له گرته‌یه‌کدا جلێكی له‌به‌ردابوو . که وه‌لامی ده‌دایه‌وه ، ده‌بوو بهجلێكی تر. له‌یه‌ك کاتدا که ئه‌مه هه‌له‌یه ، له زۆربه‌ی دیمه‌نه‌کاندا دووباره ده‌بوه‌وه .. ئێكسسوار له‌م درامایه‌دا نه‌یتوانیبوو جێگیر ببێ، بۆ نمونه له زۆربه‌ی زنجیره‌کاندا گۆزه‌و جامی گڵی ئه‌و خواردنه‌وه‌ی پشان ده‌دا، به‌ڵام بێئاگایانه له هه‌ندێ گرته‌دا په‌رداخی ستیل و له شاییه‌که‌ی عومه‌ره فه‌ندیدا سینی و په‌رداخ و سوراحی شوشه ده‌بینرا، ئایا ئه‌مه گونجاندنه؟ بێئاگای له مونتاژ چه‌ندین گرته‌ی پاش وپێش کردبوو . بۆ نمونه مسگه‌ر ده‌لێ ئه‌مرۆ 5 دینارم په‌یدا کرد . وه‌للا ئه‌شره‌ف 4دینار‌و نیوی لێسه‌ندم . نیو دیناری دا به‌خۆم . دوای ئه‌وه ده‌ڵێ : ده ئه‌و چوزانێ من چه‌ندم په‌یا کردوه خۆم شتێكی تر دهلێـم . تێکه‌ڵه‌یه‌ك له پۆشێنی جل و به‌رگی کۆن و نوێ .یان ئه‌وئایه‌ته‌ی که به‌هه‌ڵه نوسراوه بۆ کۆچی دوای جوانه مه‌رگ ( به‌هادین) که ئه‌مانه ئه‌و په‌ری بێئاگای ده‌سه‌لمێنێت.
و زۆر وردەکاری تر کە بە ڕاستی شیکردنه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت بۆ باس کردنیان . بەس ئەوەندە به‌سه کە بڵێم : ژیانی ئێمه‌ی کورد بهرابردو و ئێستامانه‌وه هه‌ر هه‌مووی درامایه ، کێشه‌یه ، ناکۆکیه ، خۆشیه، گیروگرفته هه‌ر له‌رووی رامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی، خۆشه‌ویستی. ئابووری ، ئایینی ،…… هتد . هه‌روه‌ك چؤن له زۆربه‌ی وولاتانی جیهان ژیانی ساده‌ی رۆژانه‌یان ده‌کرێ به زنجیره‌و لهکهناڵهکانداپهخش ده‌کرێت . بۆ نموونه له ووڵاتی هۆله‌ندا بۆ ماوه‌ی 20 ساڵه به‌به‌رده‌وامی زنجیره درامای
(goede tijden slechte tijden(
له‌یه‌کێك لهکهنالهکاندا به‌ناوی ( ئار تی ئێڵ 4) لێده‌درێت رۆژانه بۆ ماوه‌ی 25 خولهك . تا وای لێهاتووه ئه‌کته‌ره‌کان ده‌ژین له‌گه‌ڵیدا و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی ژیانیان . من نامه‌وێت به‌راوردی بکەم لە گەڵ کوردستاندا . به‌ڵكو مه‌به‌ستی من ته‌نها ئه‌وه‌یه بپرسم ئایا ئێمه‌ش ناتوانین ژیانی رۆژانه‌ی خۆمان به هه‌موو خۆشی و ناخۆشێهکانمانهوه بکەین به‌ده‌قی درامی وله‌گه‌ڵ ئاواێزان بوونی موزیکێكی ره‌سه‌نی کوردی که‌هه‌موو ئه‌و سیمایانه‌ی که کلتورو بونمان ده‌سه‌لمێنێت ئه‌نجامی بده‌ین و بتوانین هه‌نگاوێكی تری به‌هه‌واری چؤڵی دراما بده‌ین؟
*فه‌زای موزیك.
جار جاره موزیکێکی تورکی بوونی هه‌بوو .له‌جیاتی موزیکی شیرینی کوردی و گه‌رانه‌وه مان بۆ ئه‌و سهردهمانهو یادکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌یان مامۆستای گۆرانی کوردی و ئاوازی کوردی. که ئه‌مه‌ش جۆره تێرامانێكی لا دروست کردین”
په‌یامی ده‌رهێنه‌ر له‌م درامایه. *
په‌یامی ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌یه،گوایه ده‌سه‌ڵات و میلله‌تی کورد ئه‌وه‌نده گێل ونه‌فام و دوروو و خراپ بوون به رابردوو ئێستامانه‌وه؟ که یه‌کێکی وه‌ك ئه‌شره‌ف یاری به‌هه‌موو ئه‌قلیه‌تی تاکه‌که‌نی کردوه‌و هه‌ل په‌رست بووه له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تی وجنسیهکانیدا هه‌موو رێگه‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ی گرتۆته به‌ر . . . !؟
په‌یامی منیش بۆ ئه‌م درامایه ئه‌وه‌یه به‌گشتی نه‌یتوانی خزمه‌ت به ره‌ووتی هونه‌ری دراما بکات وهه‌نگاوێکی تازه بنێت . هه‌روه‌ها من رووی ده‌می گا زندهکانیشـم ته‌نها بۆ ده‌رهێنه‌ری ئه‌م درامایه نیه به‌ڵکو هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانیش به‌تایبه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی هه‌موو ژیانیان له نواندن و کاره هونه‌ریه‌کاندا به‌سه‌ر بردوه، ئایا ئه‌و هه‌موو که‌م و کوری و دژواری و تێکهلهیهیان به‌م درامایه‌وه نه‌بینی؟ پرسیارێكیان له‌لا دروست نه‌بوو؟ تابتوانن به هاوکاری له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رو ستافی دراماکه‌دا تێبینی وراڤهیهکی سه‌رده‌میانه بکه‌ن تا بتوانن به هه‌موو لایه‌ك ئه‌فراندن بێننه ئاراوه؟
ئه‌فراندن که‌شێکی تازه‌گه‌ریه نه‌ك کاری گه‌رم کردنه‌وه‌ی تێکست بێ وفرۆشتنهوهی کۆن به نوێ بێت.
له کۆتاییدارێزم بۆ نوسه‌ری ئه‌م ده‌قه هه‌یه‌که ( عه‌زیز نه‌سین)ه چوون هیچ نه‌بێت خزمه‌تی به میلله‌تی خۆی کردوه . به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ ئێمه‌ی کورد زۆر بێئاگایانه هه‌وڵی چه‌سپاندن وزیندو کردنه‌وه‌ی کلتورێکین که تائێسته‌ش پێوه‌ی ده‌ناڵێنین هه‌ر بۆیه هه‌لبژاردنی بابه‌تێك که شیاو بێت بۆ دراما ، هونه‌ره‌و ده‌رهێنه‌ریش لێی ی به‌رپرسیاره.
سه‌رچاوه‌کان به سوپاسه‌وه؛
زنجیره درامای نامه‌کانی ئه‌شره‌ف 1-
برایم زهبۆك ؛* نوسینی عه‌زیز نه‌سین وه‌رگێرانی سعید یحیی 2-
* نوسینی بورهان قه‌ره‌داخی ; ره‌وته نوێگه‌رییه‌کانی شانۆی جیهانی 3-
سیما له شانۆدا؛ سیمای شانۆ‌و دراما؛ * نوسینی سه‌لاح جه‌لال 4-
هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تر له گۆڤار‌و رۆژنامه‌کان5-
blogsimages.skynet.be/images_v2/002/535/747/2… -6
شنه پێنجوێنی