خاتوو ئانا زیگەرس نووسەرێکى ئەڵمانیەء بە ئەدیبَکى پێشوەختى ئەدەبیاتى کۆمۆنیستىء چینى کرێکار دەژمێردرێت. ئەو یەکێکە لەو ژنانەى کە لەڕێگەى ئەدەبیاتەوە توانى ئاڵاى بەرگرى کردن بەرزبکاتەوە، بەئیمان بە کۆمۆنیزمء بە تۆڵەکردنەوە لە زەمەنى خۆى واتا لەدژى فاشیزم ء بۆرجوازى تێبکۆشێت. ئانا ڕێزو خۆشەویستیەکى لە ڕادەبەدەرى هەبووە بەرامبەر بەشۆڕشگێڕانى کۆمەڵایەتى تەنانەت یەکێک لەبەرهەمەکانى خۆى پێشکەش کردوە بە ( یاخیبوانى پاش شۆڕشى ئۆکتۆبەرى یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو ). ئانا لە دروشمێکیدا ئەڵآ(( پێویستە یادء بیرەوەریء ئازارء ئەشکەنجەى جەنگاوەرانى ستەم دیدەو بێسەرو شوێنکراوى شۆِرش، جێگەى تایبەتى هەبێت لە دنیاى ئەدەبیاتء هونەرداو نەمرى پێببەخشرێت)).
ئانا لەبەرهەمەکانیدا داکۆکى لە کەسانى بێبەشکراو لەسەرەتاییترین مافەکانى مرۆڤایەتى دەکات ، واتا ئەوکەسانەى کە کەوتونەتە ژێرگوشارى زەبرء ستەمەوەء بەرگرى کردن لە دژى فاشیزمء دیکتاتۆریەت. زۆربەى نووسینەکانى باس لەم شتانە دە;ات: ڕێزى مرۆڤ ، گەشبینى، ئومێد، خۆشەویستى بۆ نیشتیمان، سروشت، وەلاْ،، پەروەردەى گونجاوى مرۆڤەکان، ئایدیاڵى سۆسیالیستى، دادپەروەرى، یەکێتى، پەیوەستەگى بە جیهانى بزوتنەوەى کۆمۆنیزم و ئازادى. ئەو لە جیهانى نامرۆڤایەتىءفاشیزمء دیکتاتۆریەتدا، بەرهەمى پێشکەوتنخوازء ئومێدبەخشى نوسیوەتەوە.
ئانا بەناوبانگترین نووسەرى ژنی سەدەى بیستەمى ئەڵمانیایە و یەکێکەلە شۆڕشگێڕەکانى بزوتنەوەى فیمێنیستى لە وڵاتانى خۆر هەڵاتء نووسەرێکى میللى ئەدەبیاتى سۆسیالیستى وڵاتەکەى خۆى بووە. ئەو یەکێک بووە لە ژنە کۆمۆنیستەکانء نووسەرى قوتابخانەى ئەدەبى ڕیالیزم ئەڵمانیا. لەژێرکاریگەرى تیۆرى جۆرج لۆکاش دا دەربارەى ڕیالیزمى سۆسیالیستى، بەرهەمێکى لە دژى فاشیزم خوڵقاند. هەروەها ئانا خوڵقێنەرى کتێبى (( خاچى حەوتەم))ە لەدواى کۆتایى هاتنى جەنگ.
ئانا زیگەرس لەنێوان ساڵەکانى 1900تا 1983 ژیانى بەسەر بردووە. باوکى دوکانى شوێنەوار فرۆشى هەبووە. ئانا لە زانکۆ مێژووى هونەر، فەلسەفە، هونەرو ئەدەبیاتى چینى خوێندوە. ئەوجولەکە پەرەست بووەء بابەتى کۆتایى نامەى دکتۆراکەى دەربارەى جولەکەء یەهودیەت لەسەر بەرهەمەکانى وێنەکێش (ڕامبرانت) نووسیوە. لە ساڵى 1928دا بووە بەئەندامى پارتی کۆمۆنیستى وڵاتەکەى. هەروەها بەهۆى بەهێزبوونى نازیەکانەوە بۆ ماوەیەک زیندانى کراوە. ئانا لەدواى ئازادبوونى لە زیندان بەهۆى ڕووبەڕووبوونەوەى بەمەترسى، لە ڕێگەى فەرەنساوە خۆی گەیاندووەتە مەکسیک، چونکە هەم جوولەوە و هەم کۆمۆنیست بووە. ئەو سەرەتاى موتاڵاکردنى بە ئەدەبیاتى داستانى جیهانى دەستپێکرد لەنموونەى بەرهەمى فەرەنسى، ڕوسى و ئەڵمانى. ئانا پاش گەڕانەوەى بۆ ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات، ئەوسەردەمە بووبە بەڕیوەبەرى یەکێتى نووسەران لە نێوان ساڵەکانى 1952_1978دا و سەرپەرشتیارء بەڕێوەبەرى یەکەمى یەکێتیی نووسەرانى ئەڵمانیاى خۆرهەڵات بووە.
ئانا جگە لە خەڵاتى ئاشتى ستالین، دووجار خەڵاتى ئەدەبیاتى میللى ئەڵمانیاى خۆرهەڵاتى بەدەست هێناوە. بەرهەمەکانى ئانا زیگەرس بریتین لە: ڕۆمان، چیرۆک، وتار. هەندێک لەوانە وەک: خاچى حەوتەم_ ترانزێت_ شۆڕشى ماسیگران_ کوژراوە گەنجەکان نامرن!_ هێزى هەژاران_ سێ ژن لەدوورگەی هایتى_ دیدارى هاوسەفەر_ سەفەرى دەریایى_ هاوڕێیەتى_ نانو خوێ_رزگاربوون_ بڕیار_ گوزەرێک بەناو مانگى شوباتدا_ گەڕان_ دوورگەی مردووەکان_ ئاوى ڕاستەقینە_ چاوپێکەوتنى خۆش، لەگەلڕ چەند وتارێکیشدا.
ڕۆمانى خاچى حەوتەم نازناوى سرودى شۆڕشگێڕانەء بەرگرى کۆمۆنیستى لێنراوە. ئەم ڕۆمانە لەگەلڕ چیرۆکی ترانزێت لەم دوایانەدا کراوە بەفلیم. هەروەها کتێبى هاوڕێکان نازناوى وێنەى شەهیدانیان لێناوە، چونکە پێشکەشى کردبووبە: یاخیووە سەرنەکەوتوەکانى پاش شۆڕشى ئۆکتۆبەر! ڕۆمانى ترانزیت گوزارشت دەکات لە جیهانى ترس، دڵە ڕاوکآ، گرفتارى، پوچى بۆرجوازەکان. هەروەها ئەم سێ کتێبەشى: گەڕان_ کچێکى مردوو_ ترانزیت_ بەگوزارشت لە ژیاننامەى نووسەر خۆى دادەنرێت.ڕۆمانى چاوپێکەوتنێکى خۆش کە تیایدا کافکا و گوگول و هۆفن بەشێوەیەکى خەیاڵى دیدارى یەکتر ئەکەن ناوى ئەفسانەى لێنراوە.
******
سایتى: هنر و ادبیات
******
داواى لێبوردن لەخوێنەرانى بەڕێز دەکەم کە ئەم بابەتە پێشتر بەهەڵە واتە (پاکنووسەکەیم نەناردبوو) لەچەند سایتێکى تردا بڵاو کردۆتەوە کە چەند هەڵەیەکى چاپى تێدایە.