سیامەند هادی
رووخانی پردە بچکۆلەکەو پڕکردنەوەی ئەو شیوە دورودرێژەی ماڵەکانی گەڕەکی دەکرد بەدوو بەشەوە، هەموو گەڕانەوەیەکی بۆ شوێنەکانی رابردوو لەلا ئاڵۆزکردبوو. هاتنی کۆمەڵێک ماڵی دەوڵەمەند بۆ ئەو گەڕەکەو بنیاتنانی چەندین خانووی نوآ لەشوێنی خانووە کۆنەکان لەلایەکەوەو، جێدەستی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەلایەکی دیکەوە، بەتەواوی سیمای شوێنەکانی لە یادەوەریی ئەودا کاڵکردبۆوە.
ئەو هەرگیز نەدەگەیشتە ئەو بڕوایەی شەقامە قیرتاوکراوەکەی ئێستای گەڕەکی لە کۆڵانە چاڵوچۆڵەکەی شوێنی یاریکردنی مناڵیی پێباشتر بێت! هەرگیز تەماشاکردنی چۆلەکەیەکی سەر ستارەی نەترکراوی ئێستای لا جوانتر نەبوو، لەو چۆلەکەیەی کە جاران بەسەر گوێسەبانەی خانووە قوڕەکانەوە دەیبینی!.
لە چاوگێڕانێکی خێرادا بەتەواوی هەستیکرد یادەوەرییەکانی بوون بەژێر شەقامی قیرتاوکراوو خانووە بەرزو خۆشەکانەوە. ئەم گەڕانەوەیەی بەهەمانشێوەی کەسێک دەهاتە بەرچاو، کاتێک دەگەڕێتەوە سەر گەڕەکێکی خاپوورکراو. هیچ جیاوازییەکی لە نێوان بنیاتنان و خاپوورکردندا نەدەبینییەوە. ئەگەر خاپوورکردن لەگەڵ خۆیدا روانین و یادەوەرییەکان زیندەبەچاڵ بکات، ئەوا بەهەمانشێوە زۆرجار بنیاتنانیش هەمان کار بەئاکام دەگەیەنێت! ناکرێت بەهیچ شێوەیەک راکردن بەسەر پردێکی بچوک و لەرزۆکدا، هەمان هەستی راکردنمان بەسەر شەقامێکی قیرتاوکراودا بداتآ. مەحاڵە هاژەی رۆیشتنی ئاوی شیوەکە، لە وڕەوڕو دەنگەدەنگی سەیارەی سەر شەقامە قیرتاوکراوەکە خۆشتر نەبێت!.
دوای ئەوەی لە تەماشاکردنێکی بەپەلەدا چەند روانینێکی بەبیری خۆیدا هێنا، بەنیازی شکاندنی ئەو سەرسامبوونەی ئارەزووی پرسیارکردن لە مێشکیدا دنەی دەدا، بەڵام پرسیار لەکآ بکات؟ زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا لەم گەڕەکەدا نیشتەجێن، رەنگە ئەم نەیانناسێت و ئەوانەشی ماونەتەوە لە ئێستادا ئەم هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نەماوە. هەر بۆیە بەخێرایی گەیشتە ئەو بڕوایەی بیرۆکەی پرسیارکردن لە مێشکی خۆی دەربکات و پرسیار لە هیچ کەسێک نەکات. دەربارەی چی پرسیار بکات؟ هەموو شتێک بەڕوونی لەبەرچاوەو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی بەسیمای شوێنەکانەوە دیارە، بەتەواوی وەڵامی پرسیارەکانیان لەنێو خۆیاندا هەڵگرتووە.
لە چاوگێڕانێکی خێرادا هەستی بەدابڕانێکی گەورە دەکرد لە نێوان خۆی و ئەو گەڕەکەی چەندین ساڵی تەمەنی تیادا بردبووە سەر. گۆڕانکارییەکان ماوەی ئەوەیان نەدەدا بەدەزوولەیەکیش خۆی بەشوێنێکی بچوکی ئەو گەڕەکەوە گرێبدات!.
هەر لەسەرەتاوەو ئەوکاتەی بۆ یەکەمینجار دوای چەندین ساڵ دابڕان تەماشای سەرسوچی کۆڵانەکەی کرد، هەستیدەکرد ناتەواوییەک لە دیمەنی کۆڵانەکەدا دێتە بەرچاوی. سەرەتا پەی بەو ناتەواوییە نەبرد، بەڵام دواتر بیریکەوتەوە کە عەمودە خوارەکەی سەرسوچی کۆڵانەکە لابراوەو لە جێگەی ئەو عەمودێکی نوێی لێدانراوە. ئەو دیمەنەش چەندین یادەوەریی لەنێو خۆیدا دەسڕییەوە. ئێستاش بەباشی لەبیرێتی لە شەوێکی باراناویدا کوڕە سەرخۆشەکەی ماڵی (مام سمایل)ی دراوسێیان بەسەیارەیەکەوە بەخێرایی خۆی بەو عەمودەدا کێشابوو. بۆ بەیانی ئەم کاتێک چووبوو بۆ قوتابخانە ئەوکاتە بەڕووداوەکەی زانیبوو، چونکە ئەو لەکاتی رووداوەکەدا نووستبوو. هەرکەسێک تەماشای سەیارەکەی بکردایە پێی سەیردەبوو ئەو کەسەی لەنێو سەیارەکەدا بووە لەکاتی ئەو رووداوەدا هیچی لێنەهاتبێت!.
ئەم سەرسوڕمانی خۆی دەربارەی ئەو رووداوەو بەزیندوویی مانەوەی کوڕەکەی (مام سمایل)ی بەڕستەیەکی دایکی دەڕەواندەوە کە دەیگوت (دیارە ئەو کوڕە ئەجەلی نەهاتووە!). هەرکاتێک عەمودە خوارەکەی ببینیایە، وێنەی کوڕەکەی (مام سمایل)ی دەهاتەوە بەرچاوو هەرکاتێکیش کوڕەکەی دەبینی عەمودە خوارەکەی بیردەکەوتەوە. لابردنی ئەو عەمودە بەتەواوی رووداوەکە لەبەرچاو وندەکات و رەنگە ئێستا خەڵکی گەڕەک ئەو رووداوەیان لەیاد نەمابێت.
ماڵی (مام سمایل) تووشی رووداوی سەیر دەبوون و خەڵکی گەڕەکیش زۆربەی کات باسی بەسەرهات و رووداوەکانی ماڵی (مام سمایل)یان دەکرد. ئەم هەندێک لەو رووداوانەی دەهاتەوە یاد، بەڵام سەرلەبەری بەسەرهاتەکانی بەتەواوی لەیاد نەمابوو. نەیدەتوانی تانوپۆی سەرجەمی کارەسات و رووداوە سەیرەکانی ئەو خێزانە پێکەوە گرێبدات.
ئێوارەیەکیان کوڕێکی (مام سمایل)-لەو کوڕەی گەورەتر بوو کە خۆی کێشابوو بەعەمودەکەدا- بیری نەماوە لە چ شوێنێک بووە، لەگەڵ کوڕێکدا بووە بەشەڕی و دەیانگوت حەوت گوللەی ناوە بەکوڕەکەوە! کتوپڕ پۆلیس دەستگیریان کردووەو پاش ماوەیەک بەنێو گەڕەکدا بڵاوبۆوە کە بیست ساڵیان حوکمداوە. وایاندەگێڕایەوە شەش گوللەیان بەر شوێنی ئەوتۆ نەکەوتوون و ئەگەر حەوتەمین گوللەیان نەبوایە رەنگە ئەو کوڕە نەمردایە. دەیانگوت گوللەی حەوتەم بەر دڵی کەوتبوو!.
کاتێک بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆیشت و بەئاسانی دەچووە ئەمبەرو ئەوبەری کۆڵانەکە، بەتەواوی هەستی بەنامۆبوونێکی لەڕادەبەدەر دەکرد. چونکە جاران جگە لە دوو سآ مەتری بەردەم ماڵەکان، ئیدی ناوەڕاستی کۆڵانەکە شیوێکی پێدا دەڕۆیشت و دەبوو بۆ پەڕینەوە بگەڕایتایەتەوە سەرسوچی کۆڵانەکەو بەسەر پردە بچوکەکەدا بڕۆیشتیتایەتە ئەوبەر. قیرتاوکردنی ئەو کۆڵانە تەپوتۆزی هاوین و قوڕوچڵپاوی زستانی لەبیرەوەریی ئەودا کاڵدەکردەوە. لە رۆیشتن بەسەر قیرتاوی کۆڵانەکەدا، وەک یادەوەرییەک بۆ خۆڵە وردەکەی جاران دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی شەوێکی-بەهار بوو یان هاوین بەباشی لەبیری نەمابوو-بیرکەوتەوە. ئەم لەگەڵ چەند مناڵێکی هاوڕێیدا لە کۆڵانی پشتەوەی کۆڵانەکەی خۆیان یارییان دەکرد، لەناکاو قاووقیژ لە کۆڵانی خۆیانەوە بەرز بۆوە، بەڕاکردن خۆیان گەیاندە کۆڵانەکەی خۆیان و تەماشایانکرد ئاگر لە ماڵی (مام سمایل)ەوە بەرز دەبێتەوە. خەڵکی گەڕەک بەخێرایی خۆڵی کۆڵانەکەیان دەکردە سەتڵ و تەشت و قاپەوەو دەیانبردو دەیانکرد بەسەر ئاگرەکەدا. ئەگەرچی ئاگرێکی گەورە لە حەوشەی ماڵی (مام سمایل) کەوتبۆوە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکەکە توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە.
دەیانگوت دوو دەبە بەنزین بووە سوتاوە. ماڵی (مام سمایل) وایاندەگێڕایەوە دەبەیەکیان کونبووەو بەنزینی لێڕۆیشتووەو ئەوان پێیان نەزانیوە. کوڕێکیان-ئەو کوڕەی خۆی کێشابوو بە عەمودەکەدا-ئەو شەوە لە حەوشە جگەرەی داگیرساندووە، کاتێک دەنکە شقارتەکەی بەئاگرەوە فڕێداوە، بەنزینە رژاوەکەی سەر کۆنکرێتی حەوشەکە سوتاوەو دواتر هەردوو دەبەکە گڕیان گرتووە. ئەو رووداوە لەوەدا دەبووە جێگەی سەرسوڕمان کە لەگەڵ ئەو ئاگرە گەورەیەدا، تەنها دە مەتر سۆندەی لولکراوی تەنیشت دەبەکان نەبێت، هیچ شتێکی دیکە نەسوتابوو! ئەو دوای چەند ساڵێک تێپەڕبووون بەسەر رووداوەکانی گەڕەکدا، بیری لەو رۆژانە دەکردەوەو حیکایەتەکانی ماڵی (مام سمایل)ی پێکەوە کۆدەکردەوە. دەنا لەسەردەمی مناڵیدا بەپەرشوبڵاوی رووداوەکانی دەبیست و ئەوکاتەش زۆر گرنگی بە بەسەرهات و رووداوەکان نەدەدا.
لە تەماشاکردنی سیمای ئێستای کۆڵانەکەدا هەستیدەکرد هەموو یادەوەرییەکان لەگەڵ نوێکردنەوەی گەڕەکدا کاڵبوونەوەو بەتەواوی بوونەتە پاشماوەیەکی خاپوورکراو. ئەگەرچی بەوردی سەرنجی ئەو کەسانەی دەدا کە بەوێدا تێدەپەڕین یان لەدەرگای ماڵەکانەوە دەهاتنە دەرەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەیدەتوانی رووخساری ئەو کەسانە بەنزیکیش بباتەوە سەر سیمای ئەو کەسانەی لەسەردەمی مناڵیی ئەودا لەو گەڕەکەدا نیشتەجێبوون.
لەڕوانینێکی خێرادا وای بەخەیاڵداهات ئەگەر یەکێکیش بدۆزێتەوەو بیناسێت، لەو بڕوایەدا نەبوو بتوانێت پێکەوەگرێدانێک لە نێوان ئێستاو مناڵیدا دروستبکات. لە بیرکردنەوەیدا گەیشتە ئەوەی هەموو دیمەن و حاڵەتە هەنووکەییەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زەمینەی تایبەتی خۆیان لەدەستدەدەن و دابڕانەکان بەهەڵزنان بەکاتدا هەلومەرجی جارێکی دی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان هەڵدەوەشێننەوە. یەکدی بینینەوەی دوای دابڕانێکی زۆر بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، وەک ئەوەی لەڕابردوودا هەبووە، چونکە کۆمەڵێک بەسەرهات و بابەتی باسلێنەکراو لەو دابڕانەدا بۆشاییەکی ئەوتۆ دروستدەکەن، کە پڕکردنەوەیان ماوەیەکی زۆری دەوێت.
رەنگە زۆر کەس بەنوێبوونەوەو گۆڕانکارییەکانی ئەو کۆڵانە ئاسودە بن، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە زۆربەی یادەوەرییەکانی رابردووی کۆڵانەکەی لەگەڵ خۆی هەڵلوشی. چیدی کەس پرسیار لە هۆکاری خواربوونەوەی عەمودەکە ناکات. کآ دەزانآ لەو کۆڵانەدا پردێک هەبووە بۆ پەڕینەوە؟ کەس پرسیاری ئەو هێڵە قوڕاوییەی سەر دیوارەی ماڵەکانی کۆڵانەکە ناکات، کە لافاو درووستی کردبوو. ئەو
نوێکردنەوەیە پرسیارەکان دەکوژێت و سەرەداوی چەندین حیکایەت لەنێو خۆیدا وندەکات!.
سەرسوچی کۆڵانەکە هەرگیز سیمای ئەوکاتەی پێوە دیارنییە کە بەیانییەکی زوو خەڵکی گەڕەک بەهۆی کەوتنی تەرمێکەوە لەوێدا کۆبوونەوە. دوای چەندین ساڵیش کاتێک ئەو دەیڕوانییە سەرسوچی کۆڵانەکە، بەکتوپڕی وێنەی تەرمەکەی ئەو بەیانییەی دەهاتەوە بەرچاو.
ئەو بەیانییە کۆتایی مانگی نیسان بوو، لەبیری نەماوە سەعات چەند بوو، لە ماڵەوە هاتە دەرەوەو دەیویست بچێت بۆ قوتابخانە. کۆبوونەوەی کۆمەڵێک خەڵک بەشێوەیەکی بازنەیی ئەوی پەلکێشکرد بۆ شوێنی کۆبوونەوەکە. ئەگەرچی تەنها بۆ ماوەی پێنج دەقە لە تەرمەکەی روانی، بەڵام بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەو دیمەنە لە مێشکیدا چەسپی. هەموو جارێک دەیگێڕایەوەو دەیگوت:
(تەرمەکە کوڕێکی گەنج بوو، کراسێکی سپی و شەرواڵێکی رەشی لەبەردابوو. پێڵاوەکانی رەش و گۆرەوییەکانی سپی بوون. تاکی چەپی پێڵاوەکەی لەنزیک خۆیەوە کەوتبوو. سەری بەڵای راستدا ئاوڕی دابۆوەو دەستی راستی خستبووە سەر دڵی. بەشێکی کراسەکەی دەتگوت لە خوێن هەڵکێشراوە. دەیانگوت بەچەقۆ کوژراوە. دواتر سەیارەیەکی پۆلیس هات و تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان برد). بەپێی باسکردنی خەڵکی گەڕەک و راپرسییەکانی پۆلیس زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکبوون کە ئەو کوڕە لە شوێنێکی دیکە کوژراوەو تەرمەکەیان هێناوەو لەوێدا فڕێیانداوە. ئیدی دوای ئەوە چەندین حیکایەت و بۆچوون دەربارەی هۆکارو چۆنێتی کوشتنی ئەو کوڕە لەنێو خەڵکی گەڕەکدا سەریهەڵدا. تاکو چەندین مانگیش روانینی نوآ دەربارەی ئەو رووداوە دەبیستراو، جگە لەچەند بۆچوونێکی لەخۆوە نەبێت، کەس بەتەواوی نەیزانی ئەو کوڕە لەسەرچی کوژراوە. هەندآ کەس دەیانگوت ئەوانەی ئەو کوڕەیان کوشتووە، ویستویانە بیهێننە ئێرەو تەرمەکەی فڕێبدەنە شیوەکەوە، بەڵام بەهۆی پەلەکردنی ئەوەی نەبادا کەسێک بیانبینێت لەسەرسوچی کۆڵانەکە دایانناوە. یەکێک دەیگوت سەروچاوی لەسەرخۆش دەچوو. هەندێکی دیکە دەیانگوت لەسەر مەسەلەی ئافرەت کوشتوویانە. ئێستاش بەتەواوی لەبیری ماوە کە لەسەروبەندی رووداوەکەدا دایکی دەیگوت (ئەگەر دوژمنی نەبووبێت، بۆچی کوڕێکی وا گەنج دەکوژرێت!). هەر ئەو رووداوەش بوو وایکرد باوکی پاش ماوەیەک بڕیاریدا ئەو گەڕەکە بەجێبهێڵێت!.
ماوەی نیو سەعات دەبوو بە کۆڵانەکەدا هاتوچۆی دەکردو دەچووە ئەوسەری کۆڵانەکەو دەگەڕایەوە. بەهۆی کتوپڕیی هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەرتاپای شوێنەکەوە دیاربوون، تاکو ئەوکاتەش بیری خانووەکەی جارانی خۆیانی نەبوو. خانووەکەی ئەمان کەوتبووە سەرسوچی راستی کۆڵانەکەوەو کۆڵانێکی تەسک بەتەنیشتیانەوە بوو، هاتوچۆیەکی زۆری بەسەرەوەبوو، هەربۆیە پردێکی بچوک لەسەر شیوەکە دروستکرابوو. کاتێک لە گەڕانەوەیدا لەوسەری کۆڵانەکەوە تەماشای سەرسوچەکەی کرد، بینی هەردوو خانووەکەی سەرسوچی راست و چەپی کۆڵانەکە لابراون و شەقامێکی فراوان لەشوێنی کۆڵانە تەسکەکەوە درێژبۆتەوە. ئەمەش بەشێوەیەکی دیکە تووشی دڵتەنگیی کرد.
لەسەرەتای سەردانەکەیدا وای بەخەیاڵدا دەهات بینینەوەی هاوڕێیەکی مناڵیی رەنگە زۆر دڵخۆشی بکات و بتوانێت پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئێستاو رابردوویدا گرێبداتەوە، بەڵام دوای ئەو ماوە کورتەی لەکۆڵانەکەدا بەسەریبرد، گەیشتە ئەو بڕوایەی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو پەیوەندییە لەنێوان ئێستاو رابردوویدا درووستبکاتەوە. رەنگە بتوانێت لەگەڵ هاوڕێیەکیدا چەند بیرەوەرییەکی مناڵیی زیندوو بکەنەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت درێژە بەو پێکەوەبوونە بدات. ئەو شوێن نەیتوانی یادەوەرییەکانی زیندوو بکاتەوە، ئیدی چۆن خەڵک دەتوانێت ئەوکارە بەئاکام بگەیەنێت؟ راستە بەبینینی ئەو شوێنانە هەندێک یادەوەریی مناڵیی بەخەیاڵیدا تێدەپەڕن و گۆڕانکارییەکان ناتوانن بەتەواوی وێنە تەڵخەکانی بیرەوەریی ئەو بسڕنەوە، بەڵام وێنەکان تەنها بەیادەوەریدا تێدەپەڕن و بەهیچ شێوەیەک نابنە پردێک بۆ بەستنەوەیەکی رۆحی ئەو بەشوێنەکانەوە.
لەو خەیاڵانەدا بەکتوپڕی هەموو ئەو قسانەی بیردەکەتەوە کە باوکی دەربارەی گوندەکەیان بۆی دەگێڕانەوە. ئەو هێشتا لەدایک نەبووبوو باوکی گوندەکەی خۆیانی بەجێهێشتبوو. لەوکاتەشەوە ئیدی هیچ ئیشێکی وای نەکەوتبووە گوندەکەیان تا سەردانی بکات. ئەو جگە لەوەسف و باسکرنەکانی باوکی، بەهیچ شێوەیەک گوندەکەی خۆیانی نەدیبوو. باوکی زۆربەیکات باسی دڵگیری و خۆشیی گوندەکەیانی دەکردو پێیوابوو خۆشترین کاتی تەمەنی ئەو چەند ساڵە بووە کە لە گوندەکەی خۆیان بەسەری بردووە. کاتێک ئەو لە باوکی دەپرسی بۆچی لەوکاتەوەی بەجێیهێشتووە تەنها بۆ جارێکیش سەردانی گوندەکەیانی نەکردۆتەوە، باوکی هەموو جارێک لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەیگوت (ئەو گوندە لەسەردەمی ئێمەدا زۆر خۆش بوو، بەڵام ئێستا گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر سروشت و خەڵکەکەیدا هاتووە!). تا ئەوکاتەی تەماشاکردنی گەڕەکەکەی خۆیان، هەرگیز پێشتر لەو قسەیەی باوکی تێنەدەگەیشت دەربارەی نەگەڕانەوەی بۆ گوندەکەیان. ئەگەر ئێستا هەمان پرسیار ئاراستەی ئەویش بکەن دەربارەی گەڕانەوەی بۆ گەڕەکەکەیان، ئەوا جگە لەهەمان وەڵامی باوکی ناتوانێت هیچ شتێکیتر بڵێت!.
خۆیشی بەتەواوی نەیدەزانی هۆی چییە لەکاتی چاوگێڕان بەکۆڵان و گەڕەکەکەی خۆیاندا، بەکتوپڕی هەموو ئەو بەسەرهاتانەی بیردەکەوێتەوە کە باوکی لەکاتی خۆیدا دەربارەی گوندەکەیان دەیگێڕانەوە. باوکی زۆربەی کات وەک دروستکردنی ساتێک بۆ پێکەنین باسی خێزانێکی گوندەکەیانی دەکرد، کە پێیاندەگوتن ماڵی (مام حەسەن)، خۆیشی بەدەم گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانەوە زۆر پێدەکەنی. ماڵی (مام حەسەن) جگە لەوەی بەسەرهاتی ژیانیان پڕبوو لە پێکەنین و گاڵتەجاڕیی، بەڵام لەسەردەمی خۆیدا ئەو شێوە تەماشاکردنەی درووست نەکردبوو.
باوکی بەسەرهاتی زۆری دەربارەی ماڵی (مام حەسەن) دەگێڕایەوە، بەڵام ئەو چەند رووداوێکی لەو بەسەرهاتانە لەیاد مابوو. باوکی زۆرجار ئەوەی دەگێڕایەوە کە جارێک کوڕێکی (مام حەسەن) بە تراکتۆرێکەوە خۆی کێشاوە بە دیواری پشتەوەی ئاشی گوندەکەیانداو رووخاندوێتی. ئەگەرچی بەچەند رۆژێک دوای رووداوەکە دیوارەکەیان چاککردبۆوە، بەڵام خەڵکی گوندەکە دوای ئەو رووداوە ئاشەکەیان ناونابوو (ئاشە رووخاوەکە). ئەگەر یەکێک دەربارەی ناوی ئەو ئاشە پرسیاری بکردایە، دەبوایە رووداوەکەیان بۆ بگێڕایەتەوە! هەندێجار رووداوە تراژیدییەکانیش لە گێڕانەوەدا شێوەیەکی کۆمیدی وەردەگرن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە تێدەپەڕێت بەسەر رووداوەکەدا، چونکە تێپەڕبوونی کات و کۆکردنەوەی بەسەرهاتەکانیان لەیەک ساتدا، وایدەکرد ئەو شێوە سەیرکردنە دروستبکات. لەبەرئەوە زۆربەی بەسەرهاتە تراژیدیەکانیش دوای چەند ساڵێک لەکاتی گێڕانەوەیاندا دەبنە بەسەرهاتی کۆمیدی. هەربۆیە باوکی بەپێکەنینەوە ئەوەی دەیگێڕایەوەو دەیگوت (رۆژێکیان کوڕە گەورەکەی مام حەسەن- لەو کوڕەی گەورەتربوو کە بەتراکتۆرەکەوە خۆی کێشابوو بە دیواری ئاشەکەدا- لەسەر نۆرە ئاوی زەوییە کشتوکاڵییەکەیان لەگەڵ کوڕێکی گوندەکەیان دەبێت بەشەڕیان و بێڵێک دەکێشێت بەسەریداو دەیکوژێت. ئیدی هەڵدێت و نە خەڵکی گوندەکەو نە ماڵی مام حەسەنیش نازانن بۆ کوآ دەچێت!).
باوکی لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کات باسی کارەسات و نەهامەتی و برسێتی سەردەمی مناڵیی خۆی دەکرد، بەڵام بەهەموو شێوەیەک ئەو سەردەمەی رابردووی لەلا خۆشتربوو. لە کۆتایی هەموو باسکردنێکی رابردووشدا دەیگوت (جاران چۆن بوو، ئێستاش چۆنە!). باوکی جیاوازییەکی گەورەی هەستپێدەکرد لەنێوان ژیانی خەڵکی سەردەمی مناڵی و سەردەمی پیرێتی خۆیدا. هەموو جارێک بۆ رۆحی هاوکاریی خەڵکی ئەو سەردەمە رووداوێکی ماڵی (مام حەسەن)ی دەگێڕایەوەو دەیگوت (شەوێکیان کوڕێکی مام حەسەن-ئەو کوڕەی بەتراکتۆرەکەوە خۆی کێشابوو بەدیواری ئاشەکەدا- بە چرایەکەوە نازانم چ ئیشێکی هەبووە چۆتە گەوڕی ئاژەڵەکانەوە، کاتێک هاتۆتە دەرەوە چراکەی لەبیرچووەو پاش ماوەیەک ئاگر لە گەوڕەکەوە بەرز بۆتەوە. لەماوەیەکی کورتدا خەڵکی گوندەکە کۆبوونەتەوەو ئاگرەکەیان کوژاندەوە. دەیانگوت رەنگە یەکێک لە ئاژەڵەکان خۆی کێشابێت بەچراکەداو چراکەش کەوتۆتە سەر ئەو کۆمەڵە کایەی لەسوچێکی گەوڕەکەدا کۆکرابۆوە. دیارە ئاژەڵەکان لەگەڵ گڕتێبەربوونی کاکەدا بەپەلە خۆیان قوتارکردووەو هاتوونەتە دەرەوەی گەوڕەکە. جگە لە گوریسێک هیچ شتێک لە گەوڕەکەدا نەسوتابوو!).
لە گێڕانەوەی ئەو رووداوەدا ئەوەی بەلای باوکییەوە گرنگبوو، کۆبوونەوەی بەپەلەی خەڵکی گوندەکە بوو لەماوەیەکی کورتدا. باوکی هەموو جارێک لە باسکردنی ژیانە سیحراوییەکەی گوندەکەیاندا وەک ئەوەی بەر لە پرسیارێک بگرێت، دەیگوت (ئەگەر کوشتنی ئەو ژنە نەبوایە کە تەرمەکەیان لەنزیک ماڵی ئێمەوە فڕێدابوو، هەرگیز نەدەهاتینە شار!). وایدەگێڕایەوە کە ئێوارەیەکی کۆتایی مانگی ئەیلول بووە، کاتێک خەڵکی گوندەکە لە ئیشوکار گەڕاونەتەوە بۆ نێو گوندەکە، لەسەر ئەو رێگەیەی ماڵەکانی گوندەکەی دەکرد بەدوو بەشەوە، تەرمی ژنێکیان بەرچاوکەوتووە. باوکی ئەگەرچی زاتی ئەوەی نەکردبوو بۆ ماوەیەکی زۆر تەماشای تەرمەکە بکات، بەڵام دەیگوت (ئێستاش دیمەنی ئەو ژنە بەتەواوی لە خەیاڵمدایە!). هیچ کەسێک لە خەڵکی گوندەکە ئەو ژنەی نەدەناسی، هەربۆیە بۆ رۆژی دواتر تەرمەکەیان ناشت. تاکو ماوەیەکی زۆریش کەسوکاری نەدۆزرایەوە. بەبآ ئەوەی کەسێک پێشتر ئەو ژنەی ناسیبێت، یان هیچ زانیارییەکی دەربارەی هەبووبێت، پاش ماوەیەک چەندین حیکایەت لەسەر ئەو ژنە درووستکرا. باوکی دەیگوت (ئەو رووداوە بووە هۆی خەمێکی گەورە بۆ باوکم و ئیدی نەمانتوانی لەو گوندەدا بمێنینەوە، چونکە بەبەردەوامی تەرمەکەمان دەهاتەوە بەرچاو!).
لە گێڕانەوەی ئەو رووداوەدا بەتەواوی هەست بەوەدەکرا دیمەنی تەرمی ئەو ژنە کاریگەرییەکی گەورەی لەلای باوکی بەجێهێشتبێت، هەربۆیە هەمووجارێک دوای گێڕانەوەی رووداوەکە دیمەنی تەرمەکەی بەوردی باسدەکردو دەیگوت (تەرمەکە ژنێکی تاڕادەیەک بەتەمەن بوو، وەک ئەوەی خۆی بۆ ئیشوکار ئامادەکردبێت، کراسێکی رەش و شەرواڵێکی سپی لەبەردابوو. پێڵاوەکانی سپی و گۆرەوییەکانی رەش بوون. تاکی راستی پێڵاوەکانی لەولای خۆیەوە کەوتبوو. تەرمەکە لەسەرپشت فڕێدرابوو، سەری بەلای چەپدا ئاوڕیدابۆوەو دەستی چەپی خستبووە سەر دڵی. بە هیچ شێوەیەک خوێن بەلاشەیەوە نەدەبینرا، تەنها ملی سور ببۆوە، لەوە دەچوو خنکێنرابێت!).