بە هۆی ئەو ئازادییە ڕۆژنامەوانییەی کە لە کوردستاندا هاتۆتەئاراوە، شەقامی لای ڕۆژنامەفرۆشەکان بە هۆی زۆریی و بۆریی بڵاوکراوەکانەوە گیراوە. (کەس نەڵێت ئازادی نییە)، ئەوە نییە هەر ڕۆژنامەیە و گۆڤار و ویبسایتە دێتە مەیدان و بە ئارەزووی خۆیان بابەت و “ڕاپۆرتی شیکاری!” بڵاو دەکەنەوە و دەنووسن. بڵاوکراوە هونەرییەکان، کە ئێستا وەکو (تۆڵکە و کەنگەر)ـی بەهاران پەیدا بوونە، هەر بەڕاستی بوونەتە (فاڵتۆخانە)، ئەوەندە زۆرن، خەڵک نازانێت کامەیان بخوێنێتەوە. زۆربەی ئەوانەی بێ ئیشن (لەگەڵ ڕێزم بۆ هەندێکیان)، خەریکی دەرکردنی گۆڤار و بڵاوکراوەی هونەریین، هەردەمیش یەکەم ژمارەیان، بۆ ئەوەی ” بتەقێتەوە” و ناووبانگ پەیدابکات، دوو بابەت دەجوونەوە، ئەویش (کێشەی نێوان هەردوو هونەرمەند زیاد ئەسعەد و زەکەریا) کە تا ئێستا کەم کەس هەیە ڕاستییەکەی بزانێت، یان بابەتی (نەگەڕانەوەی زیاد ئەسعەد بۆ کوردستان).
ئەوەی جێگەی گاڵتەجاڕییشە، هەندێک لەو کۆلکە بەناو ڕۆژنامەنووسانەی کە تەمەنیان هێشتا هی ئەوە نییە وێنەیان لەسەر بابەت، لە بڵاوکراوەکاندا دابنرێت، بۆ ئەوەی ناووبانگ پەیدا بکەن و (بەرپرسانی هونەریی) بیانناسن، دێن هەواڵی ناڕاست و بێ بنەما و بێ لێدوانی دروست، لەسەر هونەرمەندێکی وەکوو (زیاد ئەسعەد) بڵاودەکەنەوە، کە دەزانن جەماوەرێکی زۆری هەیە و بە دوای هەواڵی تازەیدا وێڵن، زۆر جاریش کاری ئەو بەناو ڕۆژنامەنووسانەیش بۆ شکاندنی هەیبەتی ئەو هونەرمەندە بووە و بە دەستی خەڵکی دیکەشەوە بووە.
وەکوو ئاماژەیشمان پێدا، بە هۆی زۆریی بڵاوکراوەکانەوە، ئەزمەی ڕۆژنامەنووس و کادیری ڕاگەیاندنی هونەرییە و هەر کەسێک بێ ئیش بوو، دەتوانێت جێگەی کار لە (زۆربە)ـی ئەو بڵاوکراوە هونەرییانەدا بۆ خۆی بکاتەوە.
بۆ نموونە بەم دواییە گۆڤارێکی هونەرییم بەرچاو کەوت، کە دیارە تازە شین بووە، بابەتێکی لەسەر زیاد ئەسعەد بڵاوکردبووەوە، کە سەر تا پای زانیاریی هەڵە و نادروست بوو، ناویشی نابوو “ڕاپۆرتی شیکاری” وەکوو لاسایی کردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە شیکارییانەی کە هەندێک بڵاوکراوەی سیاسی بەم دواییە بڵاوی دەکەنەوە، کە جگە لە زانیاریی موخابەراتی و هەڵدانەوەی قەتماغەی برینەکان، هیچی دیکە نییە.
جا ئەو (ڕاپۆرتە شیکارییە)، کە دەربارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد و کێشەکانی لەگەڵ زەکەریا بوو، پشتی بە لێدوانی یەک دوو برادەر بەستبوو، کە دوور و نزیک (ئێستا) پێوەندییان بە (زیاد)ـەوە نییە و ئاگایان لەو هونەرمەندە دووردەستە نییە، هەر بۆیە ئەو زانیارییانەی کە بە بڵاوکراوەکەیان دابوو، هیچی ڕاست نەبوو. برای ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەیش، کە دیارە خۆی ماندوو نەکردووە، بیری بۆ ئەوە نەچوو بوو، کە هەوڵ بدات بە لای کەمەوە لەگەڵ کەسێکی نزیکی (زیاد) قسە بکات، بۆ نموونە هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) کە برایەتی، یان دایکی زیاد، کە لە ژیاندایە و لە هەولێر نیشتەجێیە، دوو کەسەکەیشی قسەیان لە بارەی (زیاد)ـەوە کردووە، لە ساڵانی زوودا لێی نزیک بوون، ئێستا ئاگایان لێی نییە و زانیاری هەڵەیان لە بارەیەوە گوتووە.
یان ماوەیەک لەمەوبەر گۆڤارێکی (حکوومی) دیمانەیەکی تەزوویری لەگەڵ زیاد ئەسعەد ئەنجام دابوو، کە زیاد ئاگای لێ نییە، ئەم کارەیش بە دوو مەبەست کرابوو، لە دیمانەکەدا (لە زمانی (زیاد)ـەوە بە شان و باڵی کەسێکدا هەڵدراوە)، کە پێشتر هاوڕێی زیاد بووە و ئێستا پێوەندییان لاوازە، هەر ئەو کەسەیش لەگەڵ بەناو ڕۆژنامەنووسەکە، دیمانەکەیان داڕشتووە، دووەمیشیان بۆ ئەوەی گۆڤارەکە تۆزێک ڕەواج پەیدا بکات، چونکە بازاڕی نییە و مانگانەش فەردەیەک پارە بوودجەکەیەتی.
(زیاد ئەسعەد) هونەرمەندێکی گەورەیە و داهێنانی گەورەی لە بواری هونەریی گۆرانیگوتندا کردووە و پێویست ناکات باسی بکەین، بەڵام ئەو، کەسی لە پشت نییە و لە کوردستانیش نییە، ئەگینا لێرە بووایە دەیتوانی بە هەزاران دۆلار وەکوو سزا، بەسەر ئەو بڵاوکراوانەدا بسەپێنێت، کە زانیاری نادروستی لە بارەوە بڵاو دەکەنەوە، خۆزگەیش بڵاوکراوە هونەرییەکان ڕێزی زیاتریان لە هونەرمەندە داهێنەرەکانی نموونەی زیاد ئەسعەد دەگرت، نەوەک هەردەم نان و پیاز بە ژیانی تایبەتییانەوە بخۆن.