بۆ ماوەی ساڵیک دەبێت کۆمەڵەی دۆستانی کتێب ( کۆدۆک) دامەزراوە گرنگی بە کتێب و خۆشەویستکردنی کتێب لای خەڵک و خوێنەر و بڵاوکردنەوەی کەلتوری خوێندنەوەدەدات و گەنجان و بەهرەمەندان بە کتێب خەڵات دەکات و چەندین کارو چالاکیی جۆراوجۆریان لە سنوورەکەی خۆیان ئەنجامداوە و کتێبخانەی گەرۆکیان هەیە وکتێب ئاشنا دەکات بە خەڵکی گوندەکان و ئەو شوێنانەی کتێبخانەیان لێ نیە، بۆ ئەم مەبەستە دیمانەیەکمان لە گەڵ ( حەسەن مستەفا )سەرۆکی کۆدۆک کرد تا ئاشنامان بکات بە کارو چالاکیەکانی کۆمەڵەکە.
ئا / یاسین برایم _ رواندز
لە سەرتادا حەسەن مستەفادەربارەی ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵەی دۆستانی کتێب (کۆدۆک) وتی”بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێشینە ء سەرەتاکانى راگەیاندنى گروپێک بەناوى گروپى کتێب، کە لە 1111 ى پارساڵ رامانگەیاند. ئەو گروپەى کە هەمان ئەرک ء ئامانجەکانى ئەم کۆمەڵەیەى ئێستا واتا کۆمەڵەى دۆستانى کتێب (کۆدۆک) ى لەخۆ گرتبوو. سەرەتا ئەم گروپە لە کۆمەڵێک کەسى خەمخۆر بۆ بوارى رۆشنبیرى لە سنورى قەزاى رواندز پێکهات، ئامانجە سەرەتایی ء نزیکەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیرى گەنجان ء پەرەپێدانى کولتورى خوێندنەوەیە لە دەڤەرەکەمان ، ئەمەش لەڕێى کتێبەوە مەیسەر دەبێت.. واتا بەتەوەرگرتنى کتێب کارەکە ڕایى دەبێت. سەرەتا پێویستیمان بەوە بوو کەوا کتێب خۆشەویستکەین لەلاى خەڵکەوە، ئەمەش بە دابینکردن ء خستنە بەردەستى خوێنەرانەوە، یان لەهەوڵى بەدەستهێنانى خوێنەر دابووین، بۆ ئەم مەبەستە ستافێکمان لە گروپەکە پێکهێنا بۆ گەڕان بە تەواوى فەرمانگەکانى سنورى شارەکەماندا ء لەگەڵ فەرمانبەران کەوتینە راوێژ ء گفتوگۆکردن لەسەر ئەم مەسەلەیە، مەبەستى سەرەکیشمان ئەوەبوو بتوانین لەنێو ئەم توێژە گرنگەى کۆمەڵگاکەمان بازنەى رۆشنبیرى پێکبهێنین ء بیر ء ڕا بگۆڕینەوە، هانیان بدەین تا بکەونە پشتى کارەکانمان، جا ئەمە بە هاوکارى ماددى بێت یان مەعنەوى. دەتوانم بڵێم لەم یەکەم هەنگاوەماندا سەرکەوتووبووین بەوەى گەشبینییان پێبەخشین بۆ ئایندەى کارەکەمان. هەر ئەم هەنگاوەش بوو کۆمەڵێک ئەندامى دڵسۆز پەیوەست بوون بە گروپەکەوە، کە ئێستا کەسانى هەڵسوڕاو ء پەرۆش ء دڵسۆزى بوارەکەن. بەو مانایەى لەم گەڕانەدا ئەوانە کۆبوونەوە کە ئەهلى ئەم کارەن. لەگەڵ پەیوەستبوونى ئەم کەسانە بۆ گروپەکە، بەرنامەڕێژى زیاتر کرا بۆ پەرەپێدان ء فراوانترکردنى پانتایى کارەکانمان.
هەروەها بەئەرکى خۆمانى دەزانین کەوا کتێب ء گۆڤار بکڕین یان کۆیانبکەینەوە ء بیانبەخشین بەوانەى ئارەزووى خوێندنەوە دەکەن. یان بیانگەیەنینە ئەو کتێبخانانەى کە لە قووتابخانەکان پێکهێنراون، تا لە ڕێیەوە بگات بەدەستى ئەو خوێندکارانەى ئارەزوویان بۆ خوێندنەوە هەیە. هەروەها لە ئامانجماندا هەیە کەوا خوێندکارە یەکەمەکانى سنورى شارەکەمان بە کتێب خەڵات بکەین، بەڵکو ئەم بەخشینى کتێبە ببێتە سەرەتایەکى باش بۆ دروستکردن یان دامەزراندنى کتێبخانە لە ماڵەکاندا. هەروەها زۆر مەبەستمانە هاوکارى کتێبخانەکانى دەڤەرى رواندز بکەین بە کۆکردنەوە ء بەخشینى کتێب پێیان. لەم پێناوەدا هاوکارییمان بەخشیوە بە کتێبخانەى گوندى گەرەوان. هەروەها مەبەستمانە کتێبخانە لە گوندەکانى دەڤەرى رواندز دابمەزرێنین ء وەک دەستپێکێکیش بە هاوکارى خەمخۆران ء رۆشنبیرانى شارەکەمان توانیمان کتێبخانەیەکى خنجیلانە لە گوندى ئاکۆیان دابمەزرێنین ء ئەندامێکى دەستەى دامەزراندنى (کۆدۆک)یش بکەین بە سەرپەرشتیارى کتێبخانەکە تا ئەوانەى تر رادێن لەسەر کارەکە. هەروەها وەک ئامانجێک بۆنە ء جەژنى نەتەوەیى ء نیشتمانییەکان لە پڕۆژەکەماندا ئاماژەیان پێکراوە ء بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاومان ناوە ء لە تەواوى بۆنە ء جەژنەکانى رابردوو یادەکانمان بەرزڕاگرتووە ء بەشداریمانکردووە. هەروەها زۆر مەبەستمانە منداڵ ء مێردمنداڵء لاوانى گوندەکانى سنورى قەزاکەمان ئاشنا بکەین بە خوێندنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش شێوازى تایبەت بەخۆمان گرتەبەر ء تا ئاستێکى باشیش تێیدا سەرکەوتین. ئەویش بە پێکهێنانى کتێبخانەى گەڕۆک بوو بۆ گوندەکان. واتا کتێبخانەمان دروستدەکرد ء بە ئۆتۆمۆبیلەکانمان بەو گوندانەدا دەگەڕاین کە دەمانخستە نێو چوارچێوەى بەرنامەى کارەکانمان ء کتێبمان بەپیر خەڵکەکەوە دەبرد ء بە شێوەى ئیستیعارە ( شێوەى کاتى) پێماندەدان. واتا دواى ماوەیەک لێمان وەردەگرتنەوە تا گوندێکى تریش بتوانێ سود لە کتێبەکان وەربگرێ. یەکێکى تر لە ئامانجەکانمان کە دەتوانم بڵێم ئامانجى ستراتیژى ئێمەیە ئەویش پێکهێنانى ئینسکلۆپیدیایەکى تایبەت بە شارى رواندزە، کە بەشێکى کەمى کارەکانمان دەستپێکردووە ء سەرەتایەکمان بۆ داناوە. بەڵام ئەمە کارێکى هەروا ئاسان نیە ء دەکرێت وەک کارێکى درێژخایەن لێى بڕوانرێت.
دەرباەرەی ئەوەی کە وەک کۆمەڵێکی خۆبەخشن کارەکان رادەپەرێنن چالاکیەکان ئەنجام دەدەن ، وتی”بۆ قسەکردن لەسەر ئەو کارانەى کۆدۆک لەماوەى یەک ساڵدا بە ئەنجامیگەیاندوون، بێگومان دەبێت لەڕووى جۆر ء تێچوونەوە پۆلینکارییەک بکەین. بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتاى چالاکییەکانمان دەبینین بەوکارانە دەستمانیپێکردووە کە کەمترین بڕى تێچوونیان هەبووە، تا بتوانین بە پشت بەخۆبەستنەوە کارەکان بەسەرکەوتن بگەیێنین. دواتر وردە وردە هەنگاومان بۆ ئەم کارانە هەڵێناوە کە کەمتر رەچاوى تێچوونى پارەمان کردووە، ئەمەش بۆ دوو هۆکارى دەگێڕمەوە: 1- ئامانجى کارەکە بە بنەماگیراوە. 2- پاڵپشتیى دڵسۆزان بۆ کارەکە زیادى کردووە. بە واتا، لەگەڵ زیادبوونى کار ء چالاکییەکانى کۆدۆک، دۆست ء لایەنگریش زیادیکردووە. خۆشبەختانە ئێستا کۆدۆک زۆرترین دۆست ء لایەنگرى بۆ خۆى پەیداکردووە لەو کەسانەى کە لە جۆرێتى کارەکانمان تێدەگەن ء هەست بە ماندووبوون ء شەونخوونى کارەکانمان دەکەن ء ئەنجامەکانیش باشترین سەنگى مەحەکن. ئەوەى بۆتە جێى سەرنجیش لەلایەن خەڵکییەوە، لە تەواوى کارەکانماندا داهێنانى تازە بەدیدەکرێت ء زۆر خۆمان لە لاساییکردنەوە دوورخستۆتەوە.
پ دەربارەی گرنگی دەدەن بە کتێب و کەلتوری خوێندنەوەو بواری رۆشنبیری ، حەسەن مستەفا تیشکی خستە سەرو وتی: “وەکو لە وەڵامى یەکەمدا باسمکرد لەلاى ئێمە کتێب تەوەرە، چونکە کتێب مەعریفە بەرهەمدێنێ… هیچ کۆمەڵگایەک نەیتوانیوە بێ کتێب پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێ. هەر کتێبە دەروازەکانى عەقڵ بەڕووى داهێنان ء شارستانێتى دەکاتەوە. هەر کتێبە بەسەر ئەفسانە ء خورافیاتەکاندا زاڵبووە. ئەوەى لەم سەردەمەشدا زۆرە کتێبە، بەڵام کتێبیش نابێت بە هەڵواسراوى ء خەوتوویى بمێنێتەوە لەنێو رەفەکاندا ء گەردەکانى تۆزءخۆڵ سیماکانیان بشارێتەوە. بۆیە ئەگەر ئێمە عەوداڵى رۆشنبیرییەکى گشتى بین، دەبێت لەسەرەتادا ئاشنایەتیمان پەیداکردبێت لەگەڵ کتێبدا. بێگومان دەبێت لەو کتێبانەش خۆ بخزێنینە ناو باوەشى خوێندنەوە کە لەگەڵ زەوق ء سەلیقەمان دەگونجێت. تا لە یەکەم هەنگاودا دووچارى هەڵزەقینەوە ء دوورکەوتنەوە نەبینەوە. ئەم یەکەم هەنگاوە.. یەکەم کتێب نانە باوەشە زۆر گرنگە. هەر ئەم هەنگاوەیە ئاسۆکانى بەردەممان رووناک دەکاتەوە.. ئایندەمان گەشتر دەکات.”
دەربارەی دامەزراندنی کتێبخانەی گەڕۆک کە کتێب بە پیر خەڵکی گوندەکان دەباتخوێنەر بە کتێب ئاشنا دەکات وتی:” بیرۆکەى کتێبخانەى گەڕۆک یەکێکە لە بیرۆکە هەرە جوان ء پڕبایەخەکان کە ئێمە پێى هەڵساوین. مەبەستیش لێى ئاشناکردنى کتێب ء گۆڤارە بە لاوان ء خوێنەرانى گوندە دوورە دەستەکان یان راستتر بڵێین ئەوانەى کتێبخانەیان لێدوورە… کتێبخانەمان ئامادەدەکرد بە جۆرەها بابەت ء رێژەیەکى گونجاو لە کتێب ء گۆڤار ء بەپیر خەڵکەکەمانەوە بردووە تا سودى لێببینن. تا ئێستا پێنج گەشتى هاوشێوەمان بۆ پێنج شارەدێ ء گوند لە سنورى قەزاى رواندز بردووە. واتا کتێبمان بەپیر خەڵکەوە بردووە تا بیبەن ء بۆ ماوەیەکى گونجاو بیخوێننەوە ء سودى لێببینن. ئەو گەشتانەشمان بە ناوى کەسایەتییە دیارەکانى بوارى رۆشنبیرى ناوناون، تا ئێستا دەرفەتمان هەبووە کەوا گەشتەکان بەناوى هەردوو رەحمەتى( عەلى مەکتەبە ء حوسێن حوزنى موکریانى ) ناوبنێین، ئەمەش بۆ ئەو خزمەتە دیارەى ئەو دوو کەڵە پیاوە دەگەڕێتەوە کە لەم بوارەدا بە خەرجیانداوە. لە گەشتەکانى ترى لەپێشمان ناوى تر دێت، کە لەم بوارەدا خزمەتیان بە کولتورى رۆشنبیرى کردووە.
دەربارەی ئەو کارو چالاکیانەی لەماوەی ساڵێکی تەمەنیاندا ئەنجامیان داوە بەم شێوە تیشکی خستە سەر کارەکانیان وتی” رەنگبێ جێى تێڕامان بێت کەوا کۆدۆک توانیوویەتى لە ماوەى یەکساڵى تەمەنیدا دەیان چالاکیى جۆراوجۆر بە ئەنجام بگەیەنێت، بەو مەرجەى کە بەشێکى زۆرى چالاکیەکان لە ڕووى ماددى ء ماندووبوون ء ئامادەکردنەوە کەوتبنە ئەستۆى ئەندامەکانى. وەک دەرفەتێکیش پێمان باشە لەم چاوپێکەوتنەدا ء لەڕێى هەفتەنامەئازیزەکەتانەوە چالاکییەکانمان بخەیەنەڕوو، تا دۆستانمان پێى بزانن ء ئاگاداربن لە کار ء چالاکییەکانمان، بەڵکو لەڕێیەوە ببنە دۆستى کۆدۆک ء هاوخەممان بن لە سەرخستنى ئەم پڕۆژە رۆشنبیرییە.
یەکەمین چالاکیمان لە جەژنى سەرى ساڵى 2010 دا دەستپێدەکات، کەمەراسیمێکمان رێکخست ء بەئاهەنگى مۆسیقا ء گۆرانیى ءخوێندنەوەى شیعر کۆمەڵێک لاومان داوەتکردن ء ئەو ئامانجەى خۆمان بۆى سازدابوو بەدەستمان هێنا ء کۆمەڵێک لاومان بە کتێب خەڵاتکردن. هەروەها لە 42 دا لە پێشبڕکێیێکى نێوان خوێندکارانى ئامادەیى کچان ء کوڕانى ڕواندزدا بەشداریمانکرد، وەک خەڵات کتێب بەسەر خوێندکارانی بەشداربوو دابەشکرا. هەروەها ڕۆژى (2632010) لە (ڕۆژى جیهانیی شانۆ)دا کۆمەڵێک ئەکتەرى شانۆییمان بە کتێب خەڵاتکرد، کە شانۆگەریی (حەشارگە)یان لە (هۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی پاشای گەورە)دا نمایشکرد. ڕۆژى(2242010) هونەرمەندان (زرار محەمەد) ء (تەیب موعتەسیم) ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، لە ڕواندز پێشانگایێکى هاوبەشیان کردەوە، کە کۆمەڵێک وێنەى ئەرشیفى کەسایەتی و شاری ڕواندزی لەخۆ گرتبوو. ڕۆژى (2442010) بە بۆنەى (ڕۆژى جیهانیی کتێب)، لە بارەگاى (کۆمەڵەى هونەر ء وێژەی کوردی- لقی ڕواندز)دا، لە مەڕاسیمێکى شایستەدا (24) ڕۆژنامەنووس ء هونەرمەند ء ئەکادیمى ء شاعێرى لاوی شارى ڕواندزى بە کتێب خەڵات کرد. ڕۆژى (1)ی ئایاری 2010 بەبۆنەى جەژنى کرێکارانى جیهان و بەرزڕاگرتنی ئەم جەژنە، لە مەڕاسیمێکى ڕێزلێناندا لە بارەگای (سەنتەری لاوانی ڕواندز)دا (26) فەرمانبەر ء کرێکار ء کاسبکارى شارى ڕواندزى بە کتێب ء تابلۆ ء جلوبەرگ خەڵات کرد. رۆژى (1952010) لەیادى ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی (1987)ی شارى ڕواندز، بەدوو چالاکی بەشداری لە (ڤیستیڤاڵی شاری رواندز)دا کرد. یەکەمیان: کردنەوەی پێشانگایێکى هاوبەش لەلایەن هونەرمەندان (زرار محەمەد ء تەیب موعتەسیم ء هێمن ئیبڕاهیم) ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر،کە وێنە و ئەرشیفى دیکۆمێنتى تایبەت بە شەهید ء ئەنفالکراوەکانى ڕاپەڕینەکەی شاری ڕواندزی لەخۆگرتبوو. دووەمیان: لەلایەن بەڕێز (حەسەن مستەفا)وە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، سیمینارێک لەسەر هۆکار ء دەرەنجامەکانى ڕاپەڕینى ساڵى (1987)ى شاری ڕواندز پێشکێشکرا. ڕۆژى (162010) بە بۆنەى (جەژنى جیهانیی منداڵان)، گوندەکانى دۆڵاکۆى بەسەرکردەوە کتێب و گۆڤاری منداڵان ء کەلوپەلی هونەری بە دیارى پێشکێش بە منداڵە چاوگەشەکانى ئەو گوندانە کرد. ڕۆژى (1172010) کۆمەڵەى دۆستانى کتێب، یەکەمین کتێبخانەى گەڕۆکى دروستکرد، لە گەشتێکیدا بە ناونیشانى گەشتی کەسایەتی ناسراوی شاری ڕواندز (عەلى مەکتەبە) گوندى (دەرگەڵە)ی سەر بە شارۆچکەی (وەرتێ)ی بەسەرکردەوە و کە چەندین کتێب و ناونیشانی جۆراوجۆری بە خەڵکی گوندەکە ئاشناکرد. ڕۆژى (2172010) کۆمەڵەى دۆستانى کتێب، لە درێژەى چالاکییەکانیدا گەشتێکی دیکەی کتێبخانەى گەڕۆکى بە ناونیشانى گەشتی (عەلى مەکتەبە) بۆ گوندی (بەرزێوە) ئەنجامدا، کە چەندین کتێب و بڵاوکراوەی جۆراوجۆری بە گەنجان و خوێندکارانی گوندەکە ئاشناکرد. ڕۆژى (582010) کۆمەڵەى دۆستانى کتێب، گەشتێکی دیکەی کتێبخانەی گەڕۆکى بە ناونیشانى گەشتی (عەلى مەکتەبە) بۆشارۆچکەی (وەرتێ) کرد. کە نێزیکەى (600) کتێب ء گۆڤارى جۆراوجۆرى خستە بەردەستى خوێنەرانى ئەم شارۆچکەیە. ڕۆژى (2182010) کۆمەڵەى دۆستانى کتێب، لە درێژەی گەشتەکانیدا، کتێبخانەى گەڕۆکی (عەلی مەکتەبە)ی گەیاندە گوندی (ئاکۆیان)، نێزیکەى (1100) کتێب ء گۆڤارى جۆراوجۆرى لەخۆگرتبوو و خستیە بەردەستى خوێنەرانى ئەم گوندە. ڕۆژى (2692010) کۆمەڵەى دۆستانى کتێب، لە پێنجەمین گەشتی کتێبخانەی گەڕۆکدا، گەشتێکی دیکەی بە ناونیشانى گەشتی رۆشنبیر ء مێژوونووسی ناودار (حوسێن حوزنى موکریانى) بۆ گوندى (خانەقا) سازکرد. نێزیکەی (450) کتێب ء گۆڤارى جۆراوجۆرى لەخۆگرتبوو و خرانە بەردەستى خوێنەرانى گوندەکە. بەخشینی کتێب وەکو خەڵات لە هەشت بەرنامەى (دەنگى شاعێران)دا لە ڕادیۆى ئازادى– سۆران. بەخشینى (تەفسیرى قوڕئانى پیرۆز) بە مزگەوتەکانى (وەرتێ ء خانەقاء ئاکۆیان ء دەرگەڵە ء بەرزێوە). ڕۆژی (10102010) کۆمەڵەى دۆستانى کتێب، بە هاوکاری ڕۆشنبیران و دڵسۆزان کتێبخانەیێکی لە گوندی (ئاکۆیان)ی سەر بە شاری ڕواندز کردەوە، کە نێزیکەی (1200) کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوەی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە، لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکانی کتێبخانەکە. ڕۆژی (4112010) لە بارەگای سەنتەری ڕۆشنبیری ڕواندزدا، کۆمەڵەی دۆستانی کتێب، (40) فەرهەنگی (ئینگلیزی-کوردی) بەسەر (40) قوتابیی کچدا دابەشکرد، کە لە خولی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەشداریانکردبوو، خولەکەش سەنتەری ڕۆشنبیری ڕواندز ڕێکیخستبوو. ڕێکەوتی (8112010) کۆمەڵەی دۆستانی کتێب، لە کتێبخانەی گوندی (ئاکۆیان) خولێکی فێرکردنی (کۆمپیوتەر) ی بۆ کۆمەڵێک گەنجی گوندەکە کردەوە، شایەنی باسە ئەمە یەکەمین خولە کە لەم گوندەدا دەکرێتەوە. ڕێکەوتی (11112010) کاتژمێر (9:30) بەیانی کۆمەڵەکەی دۆستانی کتێب لە هۆڵی ناوەندی چالاکی و پێگەیاندنی لاوانی ڕواندز، بە ئامادەبوونی لایەنی حکومی و حزبی ژمارەیێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و کەسایەتییانی شاری ڕواندز و سۆران و هەولێر، لە یەکەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنیدا، دیدارێکی (ئەدەبی – هونەری) بۆ (وێنەی فۆتۆگرافی، لێکۆڵینەوە، چیڕۆک، شیعر)، لە ژێر ناونیشانی (سەرخستنی ئینسکلۆپیدیایێکی تایبەت بە شاری ڕواندز، ئاسوودەمان دەکات) ڕێکخست.
لە بەرنامەکانی دانی بەیانی دیدار دیدارەکانی: (محەمەد عارف) بۆ وێنەی فۆتۆگرافی و دیداری (محەمەدی مەلا کەریم) بۆ لێکۆڵینەوە و دیداری (شێرزاد حەسەن) بۆ چیڕۆکەکان بەڕێوەچوون.
دوای نیوەڕۆش دیداری (نەزهەت ڕواندزی) بۆ شیعر بەڕێوەچوو، بەشداربووانی دیداریش بابەتەکانیان پێشکێش بە ئامادەبووان کرد، لە کۆتایی دیدارەکەشدا خەڵات و سوپاسنامە بەسەر (یەکەم و دووەم و سێیەم)ی دیدار دابەشکران.
دەربارەی پرۆژەی ئایندەی کۆدۆک وتی”
نزیکترین کارى بەردەستمان، نمایشکردنى پێشانگایەکى وێنەى ئەرشیفیى – فۆتۆگرافییە، لە شارەکانى هەولێر- سلێمانى- کەرکوک- دهۆکە. هەروەها کارکردنە بۆ دامەزراندنى کتێبخانەیە لە شوێنانى ترى سەر بە قەزاى رواندز، وەک داخوازیش خەڵکى شارەدێى وەرتێ داواکارن کەوا هەماهەنگییان بکەین بۆ دامەزراندنى کتێبخانەیەک، بەڵام لەبەر ئەم چالاکییانەى دوایى نەمانتوانى لەگەڵیان ء لەگەڵ بەڕێوەبەرى ناحیە دانیشتن بکەین ء رەزامەندى ئەوان وەربگرین ء دەست بەکاربین.ئەوەى لە هەمووانیش گرنگتر بەلاى ئێمەوە هەنگاهەڵێنانە بەرەو دامەزراندنى ئینسکلۆپیدیایێکى تایبەت بە رواندزە. دیارە کارەکان زۆرن، بەڵام نامانەوێت هەڵپە بکەین ء کارێک ناکەین ئەگەر سەرەتا بە باشى بیرى لێنەکەینەوە ء بەتەواوى خۆى بۆ ئامادەنەکەین.
لە دواپرسیاردا دەربارەی داوکارییەکانی کۆدۆک وتی” ئومێدەوارین لایەنى بەرپرس هەڵسەنگاندنى هەبێت بۆ ئەو کارانەى لە رابردوودا ئەنجاممانداون ء کارئاسانیمان بۆ بکات ء وەک کۆمەڵەیەکى فەرمیى بناسرێین تا زیاتر دەستمان واڵاببێت ء ئەو کار ء پڕۆژانەى لە بەرنامەماندا هەن بتوانین جێبەجێیان بکەین. هەروەها رووى دەممان هەمیشە لە خەڵکى رۆشنبیر ء خەمخۆرى دەڤەرەکەمانە بۆ بەپیرەوە هاتنى پڕۆژەکانمان. چونکە دڵنیام هیچ نوخبەیەک لە نێو کۆمەڵگا ناتوانێ بەبێ پشتگیرى هاووڵاتیان پڕۆژەکانیان سەرکەوێ. بۆیە پاڵپشتى جەماوەرى خۆمان بە گرنگ دەزانین ء داواکارین وەک چۆن لە پڕۆژەکانى رابردوو درێخیان نەبووە بۆ داهاتووش لە پشتى کارەکانمان بن. جا ئەو پاڵپشتیکردنە مەرج نیە پاڵپشتى ماددى بێت، ئەوەى بەلامانەوە گرنگە لەڕووى مەعنەوەییەوە هاوکارمانبن.”